قەیرانی تیگرای لە ئەسیوپیا: سۆشیالیزم یان بەربەریزم!

لە کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٤ ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠، سەرۆک وەزیرانی ئەسیوپیا (ئابی ئەحمەد ) لەسەر تەلەفزیۆنی فەرمی حکومەت دەرکەوت و باری نائاسایی بۆ ماوەی شەش مانگ لە هەرێمی تیگرای(Tigray) ڕاگەیاند. بە پێ‌ی قسەکانی ئابی گوایە هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی تیگرای بە هێرشکردنە سەر بنکەیەکی سەربازی لە میکێللی (Mekelle ) پایتەخت و شارۆچکەی دانشا(Dansha)، و کوشتن و بریندارکردنی چەندین سەرباز پەیمانشکێنی و خیانەتیان کردووە. ئەم ڕاگەیاندنە بووە هۆکاری زنجیرەیەک ڕووداو کە لەدواین جاردا لەوانەیە ببێتە هەڵوەشاندندوەی ئەسیوپیا خۆی لەگەڵ پاشهاتەکانی بۆسەر وڵاتانی قۆچی ئەفریکاش.


سەرچاوە

هەر پاش ماوەیەکی کەم بە دوای لێدوانەکەیدا، هێزەکانی ئاسمانی ئیسیوپیا دەستیان بە زنجیرەیەک بۆردوومان لە دەوروبەری مێکیللی کرد و هێزەکانی پیادەڕەوی سوپاش لەسەرتاسەری وڵات بەرەو ناوچەکانی تیگرای بەڕێکەوتن. هەر لەو کاتەوە حکومەتەکەی ئابی چەند پایەداری تیگاریانی لە پۆستەکانی حکومەت پاکژکردۆتەوەو سەرگەرمی ڕێکخستنی میلیشیا ئیتنیکییەکانە بۆ پەیوەستبوون بە جەنگەوە. وەک ئاماژەیەک بە پاشهاتەکانی ئەم ناکۆکییە لە سەر ئاستی ناوچەیی ڕاستەوخۆ سودان سنورەکانی لەگەڵ ئیسیوپیا داخست. دەستپێکردنی شەڕ هەر لەسەرەتاوە بۆ سەرۆکوەزیران بە باشی نەچەرخا لەگەڵ ئەوەی هێزەکانی لە هەفتەی یەکەمی شەڕەکەدا گورزی کوشندەی بەرکەوتووە. لە ئەنجامی ئەمەشدا تەنها پاش پێنج ڕۆژ سەرۆکی سوپا، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و وەزیری دەرەوەی لەسەر کارەکانیان دوورخستەوە. سەرۆکوەزیرانی ئیسیوپیا کە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە بۆ ساڵی ٢٠١٩ پەیگیرانە پێداگرە لەسەر بەردەوامبوونی شەڕ " تا ئەو کاتەی کە شورای سەربازی بە پێ‌ی یاسا ڕێکئەخرێتەوە". هەموو هێڵەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندیگرتن لە ناوچەکە بڕا و ڕاگیراون و ناوچەی دژە فڕینیشی بەسەردا سەپێنراوە.

جەنگی چاوەڕواننەکراو؟

جێگری سوپاسالار ( بیرهانو جوولا) لەسەر تەلەفیزۆنی فەرمی رایگەیاند کە" وڵات دووچاری جەنگێکی چاوەڕواننەکراو بووەتەوە"، هەروەها "وڵاتەکەمان لە جەنگێکەوە تێوەگلاوە کە هەرگیز نەیویستووە. ئەم جەنگە شەرمهێنەرە. هیچ دەرئەنجامێکی نییە. خەڵکی تیگرای و گەنج و هێزەکانی ئاسایشی نابێت بە هیچ شێوەیەک لە سەر ئەم جەنگە بێدەرئەنجامە بکوژرێن. ئیسیوپیا وڵاتی ئەوانە".

زۆرکات ئاماژە بەوە ئەکرێت کە ڕاستییەکان قوربانی یەکەمی جەنگن! ئەم جەنگە چەند مانگ لەمەوبەر پلانی بۆ داڕێژراوە. هیچ شتێک دەربارەی ئەم جەنگە "چاوەڕواننەکراو" نییە. سەرباری بانگەشەکانی سەرۆکوەزیران کە هێزە سەربازییەکانی کەوتوونەتە "کەمین"ەوە و" پەلکێشی جەنگ کراون"، بەڵام ئامادەسازییەکان وهەروەها دواین قوڵبوونەوەی گرژییەکان پێشتر پلانی بۆ داڕێژراوە. جوڵەی هێزەکانی سوپای فیدراڵیی لە ئاستێکی بەربڵاودا بەرەو باکور چەند ڕۆژ پێش لێدوانە شەڕانگێزییەکان ڕاپۆرت کراون. پرسی ئەوەی کە کێ یەکەمجار تەقەی کردووە پێوانەیەک نییە بۆ لێکدانەوەی جەنگەکە. لە کاتێکدا لە هەندێ قۆناغی دیاریکراودا بیانوویەک ئەدۆزرێتەوە بۆ بەڕەوانیشاندانی سەرەتای ناکۆکییەکە. پرسیاری ڕاستەقینە کە پێویستە وەلامی بدەینەوە ئەمەیە: بەرژوەندییە ماددی و چینەکانی بەشداربوو تیایدا کامانەیە؟

فیدراڵیزمی ئیتنیکی

تیگرای ناوچەیەکی خەڵکی (تیگرایان)ەکانە کە لە ٦%ی دانیشتوانی ئەسیوپیا پێکئەهێنن کە زیاد لە ١١٠ ملیۆن هاوڵاتییە. سەرباری کەمی ژمارەی ئەم کەمینەیە، سیاسییەکانی ئەم گروپە ئیتنیکییە لانی کەم بۆ ماوەی سێ دەیە چێژیان لە دەسەڵات و کاریگەرییەکی ناڕێژەیی لەسەر حکومەتی فیدراڵی وەرگرتووە.

پاش شەڕکردن لەگەڵ ڕژێمی سەربازی (Derg)[ حکومەتی سەربازیی کاتیی ئیسیوپیای سۆسیالیست] کە ئەسیوپیای لە ساڵەکانی ١٩٧٠ و ١٩٨٠دا بەێوە ئەبرد، بەرەی ڕزگاری گەلی تیگرای (TPLF)وەک سەرۆکی هاوپەیمانێتییەک کە دەسەڵاتی گرتە دەست لە ساڵی ١٩٩١دا دەرکەوت، ئەو کاتانەی کە ڕژێمی سەربازیی ڕووخا. لایەنەکانی دەسەڵات چوونە "فیدراسیۆنێکی ئیتنیکی"یەوە لە ژێر ئەو بانگەشەیەی کە ئەم هاوپەیمانێتی‌یە ڕێگا لە هەڵوەشاندنەوەو لەتبوونی ئەسیوپیا ئەگرێت. هاوپەیمانێتییەکە بە بەرەی شۆڕشگێڕی دیموکراتی گەلی ئیسیوپیا(EPRDF) ئەناسرێت لە چوار پارتی سەرەکی سیاسی پێکدێت وبە شێوەیەکی بەربڵاو بەسەر هێڵە ئیتینیکی و جیۆگرافییەکاندا دابەشبوون، ڕێڕەوێکی فیدراڵیانەی گرتە بەر و هێزی بە ناوچەکانی ئەسیوپیا دا. بەڵام هاوپەیمانێتی‌یەکە دەستی بەسەر هەموو دامودەزگاکانی دەسەڵاتدا گرت و کەوتنە سەرکوتکردنی هەموو ئۆپۆزیسیونێکی سیاسی. لە کاتێکدا کە حکومەتێکی ناوەندی هەیە بەڵام لایەنە پێکهاتووەکانی بەسەر ئیتینیکەکاندا دابەشبوون، ئەم سیستمە ڕێ‌ی بە دەسەڵاتدارانی سیاسی لە ئەسیوپیا دا کە دەسەڵات تەنها لە دەستی کەمینەیەکدا بهێڵنەوە.

میلیس زەناوی(Meles Zenawi)، وەک تیگاریانێک ئەسیوپپای لە ساڵی ١٩٩١ تا کاتی مردنی لە ٢٠١٢ بەڕێوەبرد. ئەم ماوەیە هاوشان بوو لەگەڵ شکۆفەو گەشانەوەیەکی ئابوری بە ڕابەری دەوڵەت کە ڕێگای بە لایەنەکانی دەسەڵات دا بۆ ئارامڕاگرتنی بارودۆخەکە بۆ ماوەیەک. ئەم گەشە ئابورییە زۆرە کە بە خەرجدانی نرخێکی زۆر هاتە بەرهەم. بووە هەڵڕشتنی سامانێکی زۆر بۆ گیرفانی دەوڵەمەندەکانی دانیشتووی پایتەخت ( ئەدیس ئەبابا). هەروەها شارەکەش لەژێر سەرمایەگوزارییەکی مەزنی وڵاتی چیندا بە خێراییەکی زۆرەوە گەشەی بە خۆوە بینی، کە بووە بێزاری و ڕقهەستانی کەمینە ئیتنیکیەکانی تری کەنارخراو لە ناوچەکانی تر. ناڕەزایەتی گەورە لە شارەکانی نیشتەجێبووی گەلی ئۆرۆمۆ(Oromo) لە ساڵی ٢٠١٥ سەریانهەڵدا بەڵام داواکارییە دەستبەجێکانی ناڕەزایەتییەکان "دژ بە دەست بەسەرداگرتنی زەوی و زارەکان" بوونە هێنانە پێشەوەی چەند داخوازی سیاسی بەربڵاوتر وەک ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و داواکردنی مافی زیاتر بۆ گەلی ئۆرۆمۆ کە بە ڕێژەی ٣٤% ی دانیشتوانی ئەسیوپیا یەکەمین گەورەترین کەمینە پێکئەهێنن.

ناڕەزایەتییەکان بەناو گەلی ئەمهارا (Amhara) شدا بڵاوبووەوە کە دووەمین گەورەترینی کەمینەی ئەسیوپیا پێکئەهێنن. ناڕەزایەتی و سەرهەڵدانەکان بوونە لاوازکردنی بەرەی هاوپەیمانی (TPLF) و ڕووکردنی ئابی ئەحمەد ( Abiy Ahmed) لە گەلی ئۆرۆمۆ ڕووەو نوسینگەی سەرۆکوەزیران لە ساڵی ٢٠١٨. هەر پاش ماوەیەکی کەم لە دەسەڵات گرتنە دەستی ئابی ئەحمەد پۆستەکانی دەسەڵات لە گروپی ئیتنیکی تیگرای پاککرانەوە و بە چەند تۆمەتی گەندەڵی و تێکدانی ئاسایشی وڵات دەستگیر و زیندانی کران، ئەم کردەوانە بوونە سەرهەڵدانی قڵشتی گەورە لە نێوان ناوچەی تیگرای (Tigray) و حکومەتی فیدراڵیی.

هۆکاری ڕاستەوخۆ

ناکۆکی بەردەوام کە ماوەیەکی زۆرە لە نێوان حکومەتی فیدراڵیی و لایەنی دەسەڵاتدار لە تیگرای هەیە، ماوەی چەند مانگێکە ڕووی لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژتر کردووە. وابڕیار بوو لە وڵاتەکەدا هەڵبژاردنی نیشتمانی بەڕێوە بچێت بەڵام بە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بڕیاریدا کە دەنگدان دوابخرێت بۆ دوای کۆتایهاتنی حکومەتەکی ئابی ئەحمەد لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠. لە وەڵامدانەوەی ئەم هەنگاوەدا پارتی دەسەڵاتدار دەسەڵاتەکانی خۆی بەکارهێنا لە پەرلەمان بۆ درێژکردنەوەی ولایەتی ئابی ئەحمەد بۆ کاتێکی نادیار. ئۆپۆزسیۆن ئەم هەنگاوەی ئۆرۆمۆیان بە قۆرخکردنی دەسەڵات لە قەڵەمدا. ئێستا بڕیار لای بەڕێوەبەرانی وڵاتە کە چ کات بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەدەن و تا کەی ماوەی حکومەتەکەی ئابی درێژ ئەکەنەوە. هەستی بەرپەرچدانەوە لە لایەن ئەو حزبانەی کە نوێنەرایەتی هەردوو گەلی ئۆرۆمۆ و تیگارییەکان ئەکەن بە هەمان ڕاددە توند بوو کاتێک کە پێشنیارکرا سەرۆکوەزیران بچێتە حکومەتێکی هاپەیمانییەوە بۆ دابەشکردنی دەسەڵات تا ئەو کاتەی هەڵبژاردنی داهاتوو ئەنجام ئەدرێت. بەلام ئابی بە هەلێکی زێڕینی زانی تاکو پلانە بەرخوازییەکانی خۆی بەرێتە پێش، ئەو بیرۆکەی تری هەبوو.

شۆڤێنیزمی نەتەوەیی کە لەلایەن زۆرێک لە سەرکردەی ناوچە جیاوازەکانەوە ڕەدئەکرایەوە. بەڵام لە مانگی جونی ٢٠٢٠ بە تیرۆرکردنی گۆرانیبێژی ناسراوی ئۆرۆمۆییەکان و چالاکوانی سیاسی هاچالو هوندێسا (Hachalu Hundessa) گەیشتە ترۆپک. لەگەڵ توندبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان حکومەتی ئابی دەستیکرد بە دەستگیرکردنی چەند کەسایەتی ئۆپۆزیسیۆن بە تاوانی تێکدانی نائارامیی وئاگرخۆشکەری توندوتیژی ئیتنیکی. ئابی ئەم دەرفەتەی قۆستەوە بۆ توندکردنەوەی گوشارەکانی بۆ سەر ڕکابەرەکانی لەهەموو نەتەوەکانی تر، تەنانەت ئەو ئۆپۆزسیۆنانەی کە لە هەمان نەتەوەی ئۆرۆمۆش بوون.

بەم شێوەیە هەڵبژاردنەکان تا ساڵی داهاتوو دواخران، بەڵام تیگرایانەکان(Tigrayan) درێژکردنەوەی سەرۆکایەتی ئابی ئەحمەد‌یان ڕەدکردەوە و بەردەوامبوون لە هەڵبژاردنە ناوچەییەکانی خۆیان لە مانگی سێپتەمبەردا. دەرئەنجامی ئەم هەنگاوەش ئەوەیە حکومەتی فیدراڵی لە ئەدیس ئەبابا حکومەتی ناوچەیی بە فەرمی ناناسێت ولە بەرامبەریشیدا حکومەتی ناوچەیی تیگرای بە هەمان پێودانگ حکومەتی فیدراڵی بە فەرمی ناناسێت. بەم شێوەیە حکومەتی فیدراڵیی بۆ فشارخستنە سەرخستنە سەر دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بودجەی تایبەتکراویان بە هەرێمی تیگرایان ڕاگرت کە بە " حکومەتی ساختە" ناوزەدی ئەکەن. ئیتر لێرەدا بەدوا زۆر ڕوون بوو کە قۆناغێک لە پێکدانانی چەکدرایی ڕوو ئەدات.

بەرخوازییەکانی ئابی ئەحمەد

ئابی ئەحمەد نوێنەرایەتی بەشێکی هەڵبژاردەی دەسەڵاتداری ئۆرۆمۆ ئەکات. ئەم سەرۆکوەزیرانە گەنجە ئەندامێکی تا ئەوپەڕی بەرخوازی بۆرژوازییە. تێڕوانینەکانی لە چڕکردنەوەی دەسەڵات و یەکگرتنی وڵاتدایە لە ڕێگای بەهێزکردنی حکومەتی ناوەندی فیدراڵیی و لاوازکردنی حکومەتە خۆجێییەکانی هەرێمەکان. ئابی پێ‌ی وایە کە فیدراڵیزمی ئیتنیکی زنجیرێکە کە وڵات لە دواکەوتوویدا ڕائەگرێت و ئامادەی ئەوەیە کە بەسەر هەر ئیحساساتێکی نەوەتەوەییدا زاڵ بێت تا بە ئامانجەکانی بگات. بەڵام تیگرای وگروپە ئیتنیکییەکانی تر بە ڕاشکاوانە بەرهەڵستی ئەم تێڕوانینەی ئەکەن.

لەتێڕوانینی بۆرژوازی ئیسیوپیادا ئابی سەرکردەیەکی "ڕیفۆرمیستە". ئەیەوێت ڕێڕەوی سروشتیانەی کارکردنی سەرمایەداری ئیسیوپیا هەڵگەڕێنێتەوە. بەڵام ڕیفۆرمە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتییە دڵخوازەکانی پێویستی بەوە هەیە کە حکومەتی ناوەندی دەسەڵاتی زیاتر هەبێت. تا ئەو دەرئەنجامە، ئابی هەستاوە بە تواندنەوەی چەند پارتی ئیتنیکی لە ساڵی پاردا لە پارتە نوێ‌یەکەی بە ناوی پارتی بەختەوەریی ئیسیوپیا. بەئامانجی دوورخستنەوەی ئەسیوپیا لە سیاسەتی ئیتنیکی، نزیک خستنەوەی لە جۆرێک فیدرالیزمی سکیولار.

ئامانجی کۆتایی ئابی دامەزراندنی ئیسیوپیایەکی بەهێزی بێ ڕکابەرە لە ڕۆژهەلاتی ئەفریکا. هەر لە کاتی هاتنە سەر دەسەڵاتەوە دوو ساڵ لەمەوبەر، چەند ڕیفۆرمێکی بەربڵاویی لە ڕاستای گەیشتن بە ئامانجەکانی دەستپێکرد، کە یەکەم ئامانج مەبەستی بە ناوەندیکردن و یەکگرتنی وڵاتە. بۆ کارکردنی چڕ لەسەر ئەم ئامانجە بۆ ماوەیەکی کاتیی ناکۆکی درێژخایەنی لەگەڵ ئیریتیریا کۆتایی پێهێنا و ڕۆڵی ناوبژیوانی لە ناکۆکییە هەرێمیەکانی چەند وڵاتی وەک سودان و باشووری سودان، جیبوتی، کینیا، و سوماڵ گێڕا، هەر ئەمە بووە هۆکاری بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە ساڵی ٢٠١٩.

وەک بەشێک لە سەنترالیزەکردنی دەسەڵات لە ئیسیوپیا ساڵی پار پارتی بەختەوەریی دامەزراند، کە ئەندامانی هاوپەیمانێتی دەسەڵاتداری پێشووی تێدایە - جگە لە تیگرای - هاوشان لەگەڵ ئیتنیکە دوورخراوەکانی پێشوودا. ئەو کاتانەی کە وێنای ئاشتیخوازانەی چاکسازیی ڕوو بە دەرەوە پیشان ئەدا،ئابی بێبەزەییانە هەستا بە چەوساندنەوەی ڕکابەرەکانی لە ئیسیوپیا. سەرکردەکانی دەستگیرکردن و سەدان کەسی لە ئۆپۆزسیۆن لە سەرجەم ئیتنیکە جیاوازەکان قەتلوعام کرد.

بەرەی دیموکراتی شۆڕشگێڕ(EPRDF) کە هاوپەیمانێتی چوار پارتی دامەزراوی ئیتنیکی‌یە و گەورەترین ناوچەکانی ئیتنیکەکان پێکدێنێت، لە لایەکی ترەوە، پارتە نوێ‌یەکەی پارتی بەختەوەریی، دەزگایەکی یەکێتی‌یە و هیچ نوێنەرایەتییەکی فەرمی و دامەزراوەیی کۆمەڵە ئیتنیکییەکانی تێدا نییە کە نمایشی لێدانێكی ڕادیکاڵانەیە لە ئاشتی نێو نەتەوەکان کە ناوەندی یەکلاکردنەوەی سیاسییانەی پێشووتر بوو. ئەم هەنگاوە بێویژدانانەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەرەی (EPRDF) و دامەزراندنی پارتی بەختەوەریی لە جێگەیدا نەک هەر بووە بێزاری و توڕەیی بەرەی تیگرای (TPLF) بەڵکو بازنەی ئۆرۆمۆو زۆرێک لە دانیشتوانی گوێڕایەڵی باشووریشی گرتەوە.

دامەزراندنی پارتی بەختەوەریی تەنها خواستێکی ئابی نەبوو بە پارتێکی تازەی شوێنکەوتووی خۆی بەڵکو هاندراوبوو بە ئامانجی پێداویستی بردنە پێشەوەی پلانە بەرخوازییەکانی. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە،پێویستی بە لاوازکردنی دوو هێزی بەربەست هەبوو لە بەردەمیدا کە ئەوانیش بەرەی تیگرای و ئۆپۆزسیۆنە ئرۆمۆییەکان بوون بە تایبەت بەرەی ڕزگاری ئۆرۆمۆ (OLF).

بەرژەوەندییەکانی ئیمپریالیزم

لە پشت ئەم ڕووداوانەوە بەرژەوەندییە گرنگەکانی ئیمپریالیزم گرمۆڵەبوون. بە درێژایی دەیەی ڕابردوو بە شێوەیەکی بێئەندازە ئیسیوپیا وابەستەی سەرمایەگوزاری چین بووە. بانکی هێنان و ناردنە دەرەوەی چین بڕی ٢،٩ملیار دۆلاری لە کۆی ٣،٤ ملیار دۆلاری خستووەتە خزمەتکردن بە پرۆژەی هێڵی ئاسنینی بەستنەوەی ئەسیوپیا بە جیبۆتی، کە هاوکاری ئەم وڵاتە دوور لەکەناری دەریایە ئەکات بگات بە بەندەرەکان. جگە لەوەی کە سەرمایەگوزارییەکانی چین ڕۆڵێکی کاریگەرانەی بینیوە لە ڕێگای خێرای ٦ هێڵیی ( پرۆژەی ٨٠٠ ملیۆن دۆلاریی)، هەروەها سیستمی هاتووچۆی ژێرزەوی میترۆ و باڵەخانەی هەوربڕ کە لە هێڵی ئاسمانی ئەدیس ئەبابادا ئەدرەوشێنەوە. جگە لەوەی پکین نیوەی قەرزە دەرەکییەکانی ئیسیوپیا پێکئەهێنێت. ئیسیوپیا لانی کەم ١٣،٧ ملیار دۆلاری لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ تاکو ٢٠١٨ لە چین قەرز کردووە.

چین فەندی دارایی مێگا-پرۆژەی لە بەنداوی وزەی کارەبا بە ئاو تا باڵەخانە هەوربڕەکان کردووە. ئێستاش کە ئیمپیرالیزمی ڕۆژئاوایی لەو کاتەوەی بۆ بەدەستهێنانی دەرفەتی قازانجی گەورە لە ئیسیوپیا ڕابووە، بەڵام هەوڵەکانی ئابی ئەحمەد بۆ بە تایبەتکردنی کۆمپانیاکانی کەرتی گشتی و کەمکردنەوەی بارگرانییەکانی قەرزی وڵات کار لە سەر گۆڕینی داینەمیکی هێز لەو وڵاتە ئەکات. لە لایەن خۆیەوە ئابی ئامادەسازی ڕووبەڕووبوونەوەی چینی دژ بە ڕۆژئاوا کردووە بۆ سوود وەرگرتن لە کێبڕکێ‌ی نێوان چین و ڕۆژئاوا بە ئامانجی ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری زیاتر و کەمکردنەوەی وابەستەیی بە چینەوە.

لە دیسەمبەری ٢٠١٩دا ئەسیوپیا شرینقەی ٩ ملیار دۆلاری لە لایەن سندوقی نەختینەی نێونەتەوەیی و بانکی جیهانییەوە وەرگرتووە. هەڵڕشتنی ئەم پارە نەختینەیە لەوانەیە هەوڵی ١٥ ساڵەی باڵادەستیی چین بشێوێنێت. لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەدا سەرمایەگوزاری ئەسیوبی-ئەمریکی و سەرۆکی فەندی (Fairfax) زەمیدینە نێگاتوو(Zemedeneh Negatu) ڕایگەیاند کە " پێدانی ئەم بڕە پارەیە ڕووبەڕووبوونەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوایە لە بەرامبەر چین لە یەکێک لە گرنگترین وڵاتە سیاسی وئابورییەکانی ولاتانی ئەفریکا بە شێوەیەکی زۆر ئاشکرا ". ئەم قەرزەی سندوقی نەختینەی نێونەتەوەیی یەکەمین قەرزە لە دوای زیاتر لە دەیەیەک بۆ ئیسیوپیا. هەروەها بڕەکەش یەکێکە لە بەرزترین ئاستی هاوکارییە داراییەکان کە لە ژێر یاساکانی قەرزکردندا پێشکەش ئەکرێن.

بەشی بنەڕەتی ئەجێندای ئابی هەوڵدانێکی چاکسازیی مۆدێلی ئابوری وڵاتەکەیە بە سەرمایەگوزاری مەزنی حکومەتەوە. وەک بەشێک لەم هەنگاونانە، سەرۆکوەزیران خۆی بە کەسانی تەکنۆکراتی پەروەردەی -ڕۆژئاوایی شارەزا لە کاروباری نێونەتەوەیی بە ئامانجی زیادکردنی سەرمایەی تایبەتی و بە تایبەتکردنی کەرتە گرنگەکانی وەک بازاڕی پەیوەندیکردن تەنیوە. ئیتر ئەوە ڕوونە کە لە گۆشەی بەرژوەندخوازی وڵاتانی ڕۆژئاواوە بایەخی پێئەدرێت، بە تایبەت لە دواین بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیدا. ئەم بایەخپێدانە هەنگاوێکی زۆری بڕیوە لە ڕێڕەوی هێنانە پێشەوەی وێنای لەسەر شانۆی جیهانیی. لە میدیاکانی ڕۆژئاوادا بووتە پۆستەری منداڵی" ئەفریکای مۆدێرنی پڕ لە وزەماتەی ئابوریی". خەڵات و گرێبەستە بەسوودەکانی قەرز بەسەردیدا ئەبارێنن.

چاکسازییەکان دەرفەتێک بۆ کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان ئەڕەخسێنێت تا سەرمایەگوزاری لە ئیسیوپیا بکەن سەرباری ئەوەی کە پەیوەندی ئیسیوپیا و چین وەرئەچەرخێنێت. لە لێدوانێکیدا لە دیسەمبەری ٢٠١٩ لە ئەدیس ئەبابا بەسترا زۆر لەوە زیاتر ڕۆیشت و ڕایگەیاند کە مەرجەکانی قەرزکردن لە چین بوونەتە هۆکاری شێواندنی ئابوری ئیسیوپیا.

" هەندێک هەن کە ئەڵێن کە ئێمە قەرزی زیاتر ئەخەینە سەر قەرزی کەڵەکەبووی وڵاتەکە ، بەڵام قەرزکردن لە سندوقی نەختینەی نێونەتەوەیی و بانکی جیهانی وەک قەرزکردن لە دایک وایە. ئەوەی کە زیان بە ئیسیوپیا ئەگەیەنێت بریتییە لە قەرزکردن لە کۆمپانیای تر و وڵاتانی تر. بۆنمونە، ئیسیوپیا قەرزکرد بۆ دامەزراندنی هێڵی ئاسنین بەڵام داوای لێکرا کە قەرزەکەی بداتەوە پێش تەواوکردنی بیناسازیی پرۆژەکە" وەک ئاماژەدانێک بەپرۆژەی هێڵی ئاسنینی نێوان ئەسیوپیا و جیبۆتی کە لا لەیەن چینەوە پاڵپشتی ئەکرێت.

کۆمپانیا ئەمریکی و ئەوروپیەکان ڕیزیان بەستووە. لە مانگی دیسەمبەری ٢٠١٩ ئابی ئەحمەد چاوی بە سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئورسولا ڤان دەر لاین (Ursula von der Leyen) کەوت. مانگێک پێشتر چاوی بە ئادەم بولەر (Adam Boehler) سەرۆکی جێبەجێکاری دامەزراوی گەشەپێدانی دارایی ئەمریکا کەوت، بەشی سەرمایەگوزاری لە حکومەتی ئەمریکا، و ڕایگەیاند کە " واشنتۆن ئامادەیە بۆ سەرمایەگوزاری ملیارەها دۆلار لە وڵاتی ئەسیوپیا".

ئەم سەردانانەی پلەباڵاکان ئاماژەن بە چوونەسەری بەرژەوەندی وڵاتانی ڕۆژئاوایی هاوشان لەگەڵ چین، هەروەها وڵاتانی کەنداو و ڕوسیا. هەموویان لە مانۆڕدان بۆ کاریگەریدانان لە ئیسیوپیا لەو کاتەوەی کە ئابوری‌یەکەی ڕووی لە گەشە کردووە کە نزیک بە (دەیە)یەکە. یەکێک لە دیارترین گرێبەستەکان لە ساڵی ٢٠١٨دا دەرکەوت بە بڕی ٣ ملیار دۆلار لە پاکێجی هاوکاری و سەرمایەگوزاری ئیمارات، سەرباری ئەوەی کە چین و ئیسیوپیا هەتا ئێستاش بەردەوامن لە چێژگرتنی بازرگانی و پەیوەندی سەرمایەگوزاریی.

ئەو ستراتیژەی کە ئابی گرتیە بۆ یاریکردن بە پەکین دژ بە ڕۆژئاوا گەیشتووەتە سنورەکانی خۆی. بەم دواییانە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسیوپیا بە ئاراستەیەکی هەڵەدا وەرچەرخا، پاش ئەوەی کە ئیدارەی ترامپ بڕیارێکی دەرکرد بۆ هەڵپەساردن و دواخستنی هاوکاری گەشەپێدانی ئیسیوپیا دوای پڕکردنەوەی بەنداوی گەورەی ڕینیسانس لە سەر ڕوباری نیل. ئەم پرۆژەیە گرنگیەکی تایبەتی هەیە لە پلانەکانی ئابی ئەحمەد بۆ ئیسیوپیا. بەڵام بڕیارەکەی ترامپ بە ئامانجی فشارهێنان بوو بۆ ئیسیوپیا تا بە مەرجەکانی میسر قایل بێت، تا گەیشتە ئەو ڕاددەیەی کە ترامپ لە لێدوانێکیدا هەڕەشەی کرد کە "میسر لەوانەیە لە دواینجاردا بەنداوی ڕینیسانس بتەقێنێتەوە ئەگەر نەگەنە ڕێکەوتنێک لەگەڵ ئیسیوپیا".

بەهەمان شێوە وڵاتی (چین)یش لەم ساڵانەی دواییدا دەستی کردووە بە کەمکردەنەوەی بڕی قەرزەکانی بە ئیسیوپیا- لە ١،٤٧ ملیار دۆلارەوە لە ١٢ مانگدا لە جوڵای ٢٠١٤ تا ڕاددەی ٦٣٠ ملیۆن دۆلار لە ساڵی ٢٠١٧دا. هەرئێستا ئابی هەست بەوە ئەکات کە بەشێوەیەکی بەربڵاو کەنارخراوە، بە دروستی بارودۆخی ئابوری پێش سەرهەڵدانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕووی لە خراپی کردبوو بەڵام لە ئێستادا ئەسیوپیا دەرگیری چەند قەیرانی کەڵەکەبوو و ڕوولەسەری ئابوری و کۆمەڵایەتییە. ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئابی ئەحمەد لە تیگرای یاریکردنێکی بێئومێدی سەنترالیزەکردنی هێزی سیاسی و خێراکردنی پرۆسەی پلانە بەرخوازییەکانێتی. لە دواین جاردا، چوونە سەری ناکۆکییەکان دواین هیوای چاکسازییە دیموکراتییەکانیشی لەناو ئەبەن کە بانگەوازی جێبەجێکردنیانی بۆ ئەکرد.

سۆسیالیزم یان بەربەریزم

ڕیفۆرمە پرۆ-ئیسیوپیایەکانی ئابی سەرتاخوار بوونەتە هۆکاری ناجێگیری و تێکدانی بارودۆخی سیاسی و لەوانەشە لە درێژماوەدا ببنە هۆکاری کەرتبوونی وڵات. ئەنجامدانی ئەمە هاوشان ئەبێت لەگەڵ دڕندەییەک لە ئاستێکی بەربڵاودا کە ناتوانرێت وێنا بکرێت. هەر لەیەکەمین ڕۆژی یەکشەممە دەستپێکردنی شەڕەکان کۆکوژییەک(massacre) ئەنجامدراو کە بووە کوشتنی ٥٤کەس لە مەیدانی قوتابخانەی لادێ‌ی گاواقانگا (Gawa Qanqa). ڕزگاربووەکان ڕایانگەیاند کە "هێرشبەرەکان بە تایبەت ئەندامانی نەتەوەی ئەمهارایان کردووەتە ئامانج و قوربانییەکان بە زۆر لە ماڵەکانیان هێنراونەتە دەر و پەلکێشی مەیدانی قوتابخانەکە کراون و لەوێدا کراونەتە ئامانج"، بە قسەی ڕزگاربووەکان کە لە دارستانێکی نزیک بە لادێکەدا خۆیان حەشاردابوو " زۆربەی قوربانییەکان ژنان، منداڵان و کەسانی بە تەمەن بوون". لە ٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠دا سەدان لاشە لە ناوەڕاستی شاری مای-کەدرا(Mai-Kadra) دۆزرانەوە، کە شارێکە کەوتووەتە خوارووی- ڕۆژئاوای تیگرای. هەمو قوربانییەکان لە گروپی نەتەوەی ئەمهارا بوون.

ئەم پەلامارو هێرشکردنە سەربازییانە لە کاتێکدا ڕووئەدەن کە حکومەتی فیدراڵی لە چەند بەرەوە دەرگیری چەندین قەیرانی جدی‌یە. سەرباری بە گژداچوونەوە پەتاکە و کارکردن بۆ بوژاندنەوەی ئابوری بارکراو بە قەرزی زۆر هەروەها دەرگیری بێزاری و توڕەیشە لە نێو نەتەوەی ئۆرۆمۆشدا. ژمارەیەکی زۆری ئەم نەتەوەیە سیاسەتە سەرکوتگەرییەکانی حکومەتیان ڕەخنەگرت، بە تایبەت دوای ئەو ئاڵۆزی و پشێوییانەی کە بوونە هۆکاری تیرۆرکردنی گۆرانیبێژو چالاکوانی سیاسی هالوچو(Hachalu Hundessa) هوندێسا لەمانگی جونی ٢٠٢٠.

شەڕی درێژماوە کاردانەوەی پێچەوانەی ئەبێت بۆ ئایندەیەک کە ئابی بۆ ئیسیوپیای وێنای ئەکات. بەرپرسانی باکوری سوپا بە زۆری لە گەلی تیگرایانن و پەیوەندی توندوتۆڵیان لەگەڵ بەرەی (TPLF)هەیە، هەر ئەمەشە هۆکاری پێکهێنانی بەشێکی زۆری هێزە شەڕکەرەکانی فیدراڵیی لە ژمارەیەک شەڕکەری نەتەوەکانی تر لە ناوچەکانی تر لێکئەدەنەوە. ژمارەی هێزەکانی تیگرایان ئەگەنە ٢٥٠ هەزار شەڕکەر. سەرباری بوونی چەندین کەلوپەلی سەربازی مێژوویەکیشیان لە شارەزایی شەڕکردندا هەیە. خاوەنی چەند سەرچاوەی گرنگن و کۆمەڵگایەکی شەڕکەریان هەیە و دەستیان بەسەر ڕووبەرێکی گەورەدا گرتووە کە بەهۆیەوە توانای خۆڕێکخستن و هێرشی سەربازییان هەیە. یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کە سوپا لەسەر بنەمای نەتەوەکان دابەش ببێتەوە، لەگەڵ بوونی چەند ئەفسەری تیگرایان کە وازیان هێناوە و پەیوەستبوون بە هێزی ناوچەکانیان. هەرئێستا بە دروستی ئاماژەی ڕوودانی ئەمانە دەرکەوتوون.

ژمارەیەک لە دیپلۆمارکاری پێشووی ئەمریکایی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە پەیمانگای ئاشتی ئەمریکی لە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوی کردەوە" دابەشبوونی ئیسیوپیا ئەبێتە گەورەترین داڕووخانی دەوڵەت لە مێژووی مۆدێرندا". ئەمە ئەگەرێکی گەورەیە.

جەنگی ئێستا لەگەڵ بەرەی(TPLF ) تەنها هێرشێکی گەورە نییە بۆسەر یەکێتی ئیسیوپیا و خەڵکەکەی. شەڕکردن لەگەڵ (TPLF ) لەوانەیە ماوەی چەندین ساڵ بخایەنێت بێ هیچ سەرکەتوویەک. جگەلەمەش سەرهەڵدانێکی ئاست نزم لە ڕۆژئاواو باشووری ئۆرۆمیاش(Oromia) هەیە. لەوانەیە بەردەوامی شەڕ چەند گروپی تر لە چەند ناوچەی تر بە هەمان ئاراستەدا هانبدات، لانی کەم لەو ناوچانەی کە بەرهەڵستی زۆر دژ بە سیاسەتەکانی ئابی هەن پەنا بۆ ڕاپەڕینی چەکداری ببەن.

دواین جار، بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە چۆن شەڕ کۆتایی دێت، دەستەویەخەبوونی ئابی و بەرەی ڕزگاریخوازی (TPLF) چەند کاردانەوەی قوڵی ئەبێت. نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگادارینامەی خۆی لە بارەی قەیرانی مرۆیی مەزن ئەدات لە کاتی ئاوارەبوونی ٩ ملیۆن تیگاریان. کە دەنگدانەوەی بە سەرتاسەری ئیسیوپیا و هەموو قۆچی(Horn) ئەفریکا بۆ ماوەی چەندین دەیە ئەمێنێت. لەوانەشە پێکهاتە، کاراکتەر و ناسنامەی ئیسیوپیا و ناوچەکە بۆ چەندەها ساڵی تر پێناسە بکاتەوە، جەنگی بەربڵاوی ئیسیوپیا کاریگەریی توندی بەسەر هەر شەش وڵاتەکەی دەوروبەریدا ئەبێت. لەوانەیە توندوتیژییەکانی تیگرای ڕووەو ئێریتریا بکشێت کە هەرئێستا هاوپەیمانی حکومەتی دیدراڵی ئیسیوپیایە و بێزارییەکی درێژماوەی لەگەڵ بەرەی (TPLF)دا هەیە. ژمارەیەکی زۆری شەڕکەرە کۆنەکانی بەرەی (TPLF) لە جەنگی ئیسیوپیا- ئێریتریا لە نێوان ساڵانی ١٩٩٨ ٢ ساڵی ٢٠٠٠دا بەشداربوون و ئێستاش بەشێکن لە هێزەکانی پەرلەمانی تیگرای.

ئەمە ئەو بەربەریەتەیە کە سەرمایەداری ئەیشارێتەوە لە کاتی ئازاری مەرگیدا. خەڵکی سۆماڵ، ئێریتریا، ئیسیوپیا،و قۆچی ئەفریکا بە گشتی ماوەی چەند دەیەیە ئازارچەشتووی ناکۆکییە دڕندەییەکانن. شەڕی ناوخۆی ئیویسپیا توانایی و ماتە وزەی قوڵبوونەوەی زیاتری بەربەریزمی هەیە لە ناوچەکەدا. تەنها ڕێگای دەربازبوونی خەڵکی ناوچەکە- بۆ هەموو خەڵکی ئەفریکا بە گشتی- گرتنە بەری ڕێڕەوی شۆڕشە.

شۆڕشێکی سەرکەتوو لە وڵاتێکی وەک باشووری ئەفریکا و نایجیریا ئەبێتە چرای تەواوی کیشوەرەکە. چینی کرێکار هیچ ناسنامەیەکی نەتەوەیی نییە و لە ئەفریکاش هێڵە نەتەوەیی‌یە دروستکراوەکان زۆر بە ڕوونی بەو شێوازەی کە ئیمپریالیستەکان کێشاویانە بەرچاون. لە هەمان کاتدا، ئابورییەکی سۆسیالیستانەی دابڕاو لە بەشێکی ئەفریکا بە تەواوی ئەکەوێتە ژێر بەزەیی بازاڕی جیهانی سەرمایەدارییەوە. هەربۆیە شۆڕشێکی سۆسیالیستی تەنها بە دەستپێکردنی نیشانگرتنی شۆڕشی سەرجەم ئەفریکا ئیمکانی هەیە وەک یەکەمین هەنگاو ڕووەوشۆڕشێکی جیهانیی سۆسیالیستی.

سۆسیالیزم نێونەتەوەیی‌یە، دەنا هیچ نی‌یە! بەرژەوەندی چینی کرێکار لە بەشێکی دیاریکراوی کیشوەرێکدا هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ بەرژەوەندی سەرجەم چینی کرێکاری جیهانیدا نییە. هەمان ئەو چەوساندنەوە و سەرکوتگەرییانەی کە لێرەدا ڕووئەدەن، لە هەموو جێیەک ئەگوزەرێت. لەگەڵ قوڵبوونەوەی قەیرانەکانی جیهانی سەرمایەداریدا، چینی سەرمایەداریش لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هێرشەکانی بۆ سەر چینی کرێکار توندتر ئەکەنەوە. ئەمە هۆکاری چوونەسەری ناکۆکی چینایەتییە لەهەر جێیەک. مارکسیستەکان نێونەتەوەیین. ڕێکخراوەکانی خۆمان بە سنورە دەستکردەکانی نەتەوەی تاکەوە بەرتەسک ناکەینەوە. بەڵکو ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕانەی جیهانی دائەمەزرێنین بۆ بڵاوکردنەوەی تێڕوانینەکانی مارکس و پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار لەهەر جێیەک.