کرێکاران و گەنجانی ئیسرائیل پەیوەست ئەبن بە شەپۆلەکانی شۆڕشەوە

Kurdish translation of Israeli workers and youth join the revolutionary wave by Walter Leon and Daniel Morley (August 1, 2011).

١ ی ئۆگستی ٢٠١١ - نوسینی واڵتەر لیۆن و دانیال مۆرلی ، وەرگێرانی هاوپشتی : کامەران ئەحمە

دواین هەواڵەکان لە ئیسرائیلەوە ئەوە ڕائەگەیەنن کە کرێکارانی شارەوانیش پەیوەست بوون بەو شەپۆلی ناڕەزایەتی و مانگرتنە یەکڕۆژی‌یەی کە سەرجەم وڵاتی گرتۆتەوە،  هەنگاوێکی بەرچاو و جێ‌ی ئاماژەپێکردنە کە بزووتنەوەی بەهێزی کرێکارانی پیشەسازی هاوشان لەگەڵ بزووتنەوەی بەهێزو بەرینی خەڵک و گەنجان کە ئێستا وڵاتی داپۆشیوە ئەچێتەپێش. لە ڕووداوێکی کەموێنەدا کە بە درێژایی دەیان ساڵە لەو ووڵاتە ڕووی نەداوە.

ڕووداوەکانی ئێستای جیهان بە خێرایی برووسکە ئەچن و هیچ شتێک لە پاش خۆی جێناهێڵیت لەو کاتانەی کە باوەڕی شۆڕشگێرانە سەرتاپای جیهان ئەتەنێت ، یەکێک لە نوێترین ئەو وڵاتانەی کە ڕووبەڕووی شەپۆلی توڕەیی خەڵک ئەبێتەوە، کە پێدەچێت بۆ زۆرێک لە خوێنەرانمان جێگای سەرسوڕمان بێت ئیسرائیلە.

ماوەی ساڵانێکی زۆرە کە چەندین بابەتمان لەسەر تێکشکانی شیرازەی بارودۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی چینی کرێکار نوسیوە. هەر ئەو کاتانە ڕامانگەیاند کە درەنگ بێت یان زوو بارودۆخەکان ئەتەقنەوە. ئیسرائیل نەک وەک نەتەوە بەڵکو وەک چینەکان دابەش ئەبێت.  هیچ وڵاتێک ناتوانێت خۆی لەم قەیرانە ئابوری‌یەی سەرمایەداری قوتار بکات.  لەوانەش گرنگتر ئەوەیە کە چوونە پێشەوەی بزووتنەوەی بەرینی خەڵک، نەک تەنها ئەگەرێک بەڵکو لەهەمان کاتدا پێداویستیەکیش بۆ چارەسەرکردنی گرێکۆڵەی لەمێژینەوەی عەرەب و جولەکە لە ئیسرائیل و فەلەستین ئەهێنێتە پێش. ئێمە هاوشان لەگەڵ خەباتی کرێکارانی عەرەب و جولەکە ئەوەستین دژ بە دەوڵەتی زایۆنیزم.

پێشڕەوییەکانی شۆڕش لە ئیسرائیل

ئەوە ڕۆشنە کە سەرهەڵدان و چوونە پێشەوەی بزووتنەوەی بەرینی خەڵک  ئیلهامی خۆی لەو بزووتنەوەیە بەرینە وەرگرتوە کە لە هەریەک لە جیهانی عەرەب و و دواین ناڕەزایەتی‌یەکانی ئەوروپاوە ڕووئەدەن. لە ناڕەزایەتی‌یەکاندا ناوەکانی " موبارەک ، ئەسەد و ناتانیاهۆ "  لەتەنیشت یەکەوە ڕیزکرابوون، ئیتر چینی کرێکار لەوە تێگەیشتووە کە هەموویان یەک بەرژەوەندی‌یان هەیە.  خێوەتگاکان دژ بە حکومەتی ناتانیاهۆ کە هۆکارە و بێباکە لە بەرامبەر تێکچوونی بارودۆخی خەڵکی ئیسرائیل لە چەند شاردا دانران، بە تایبەتی لە تەل ئەڤیڤ.

ئەم بزووتنەوەیە بەخێرایی پەلی کێشا و بووە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی‌یەکان، لە وڵاتێکی ٧-٨ ملیۆنیدا لەیەکەم هەنگاودا نزیک بە ١٥٠ هەزار کەس ڕژانە سەر شەقامەکان ، داخوازی‌یەکانی ئەم بزووتنەوەیە ئەوەندە جەماوەری‌یە کە ٨٧ لەسەدی هاوپشتی سەرجەم خەڵکی بۆ خۆی دابین کردووە. بەپێ‌ی ئاماری ماڵپەڕی گلۆبی ئیسرائیلی (Globes) بە شێوەیەکە کە ڕێکخەرانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی‌یەکانیشی سەرسام کردووە.

سەرەتا خۆپیشاندان لە پێنج شاردا ڕاگەیەندرا بەڵام دواتر تەشەنەی کرد بۆ دەیان شاروشارۆچکەی تر لەوانە " ئۆرشەلیم، حەیفا، بەرشیفا، ئاشدۆد، ئاشکیلۆن، کریات، شمۆنا، موودین ، ڕانانا، نەزارێتس، لە تەل ئەڤیڤ زیاد لە پەنجا هەزار کەس لە مەیدانی هابیماوە ڕێپێوانیان سازدا بەرەو مەیدانی مۆزەخانەی شار، ئەمە لە کاتێکدا کە هەفتەیەک لەوەپێشیش هەمان ڕیپێوان بە ئامادەبوونی ٢٠-٣٠ هەزار خۆپیشاندەر بەڕێوەچوو.

پەرچەمەکانی وەک " خەڵک خوازیاری دادپەروەریی کۆمەلایەتی‌یە" ، "بیبی بڕۆ ماڵەوە" ، "دادپەروەریی کۆمەڵایەتیمان ئەوێت نەک ڕێکخراوە خێرخوازی‌یەکان"  لە ناڕەزایەتی‌یەکاندا بەرچاو ئەکەوتن. بەپێ‌ی ڕای گشتی لە ئەوروپا لە سەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئیسرائیل ، بە داخەوە لە نێو چەپەکانیشدا وا بڵاوە، کە ئیسرائیلی‌یەکان هەر هەموویان بێ جیاوازی بەهرەمەندن لە ژیانێکی پڕ لە خۆشگوزارانی و سوودمەندن لە چەوساندنەوەی خەڵکی فەلەستین.

لەوانەیە کەسانێک وا بیربکەنەوەکە ئەم بزووتنەوە بەرینە کە پشتیوانی زۆرینەی جەماوەری خەڵکی لەگەڵدایە دژ بە ناتانیاهۆ بەهەمان شێوە دژ بە  بەرژەوەندی‌یەکانی خەڵکی فەلستین بێت، نەخێر ئەمە وا نی‌یە. ئەم بزووتنەوەی خوازیاری ڕووخانی حکومەتە زایۆنیستی‌یەکەی ناتانیاهۆیە. داخوازی‌یەکان بەم شێوەیە بەیان کراون:

- هەوڵدان بۆ دابەزینی نرخی خانووبەرە( ماوەی چەند ساڵیکە کە ساڵابە بەڕێژەی ٢٠% لە بەرزبوونەوەدا بووە )

- خوێندن ئەبێت بەخۆڕایی بێت لە تەمەنی منداڵی‌یەوە ( ژمارەیەکی زۆری دایکان ناچارن کە بەسەختی کار بکەن بۆ دابینکردنی پێداویستی‌یەکانی ڕۆژانەی مندالەکانیان).

- نرخی شتومەک و خواردەمەنی ئەبێت کۆنترۆڵ بکرێت، نرخی گازوایل  ئەبێت کەمبکرێتەوە ( لە ئیسرائیل نرخی گاڵۆنێک بەنزین بە هەشت دۆلارە).

-  چوونەسەری موچە و مانگانەی کرێکاران ، پۆلیس، کرێکارانی ئاگرکوژێنەوە، دکتۆر و پەرستارەکان ، کرێکارانی بەشی خزمەتگوزاری گشتی ( موچەی ژمارەیەکی زۆری خەڵک تەنها بەشتێکی یەکجار زۆر کەم لە سەروو ئاستی نزمەوەیە)

دەفنی لایف یەکێک لەو ڕێکخەرانەی کە بانگەوازی بۆ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکان کردبوو بە گلۆبی (Globes) ڕاگەیاند کە " وا پێدەچوو کە چاوچنۆکی و خۆپەرستیی دوو کاراکتەری ناسیێنەرەوەی کۆمەڵگای ئیسرائیل بن، بەڵام ماوەی دوو هەفتەیە ئاشنای کاراکتەرێکی تری ئیسرائیل بووین " شۆڕشەکەمان شۆڕشیێکی هۆشمەندانەیە، لە پاڵ ئەو مافانەدایە کە ئەبێت لێ‌ی بەهرەمەند بین ، ئێمە نامانەوێت حکومەت بگۆڕین بەڵکو بنەماکانی یاریکردنەکە"

تریشقەیەک لە ئاسمانێکی شین و ڕووندا؟

ئەو ڕووداوە گرنگانە کە هەر ئێستا لە ئیسرائیلدا ڕوو دەدەن  لەوانە بۆ کەسانێک وەک تریشقەیەک لە ئاسمانێکی شین و رووندا بن. نووسەرانی سەرمایەداریی کە بێتوانا بوون لە پێشبینیکردن بە سەرهەڵدانی شۆڕشی دنیای عەرەب بەهەمان شێوە سەرسامن بە دیمەنەکانی هاتنە پێشەوەی کرێکاران و گەنجانی ئیسرائیل. بڕیار بوو ئەمە لە ولاتێکی جێگیر و پێشکەوتوو و ڕۆشنبیری وەک ئیسرائیل ڕوو نەدات.  بەبڕوای ئەوان وادێتە بەرچاو کە ئیسرائیل هاوپشتێکی گرنگی ئیمپریالزمی ئەمریکایەو بەوشیوەیەش کرێکاران دەبوایە هاوپشتی لە دەوڵەتی خۆیان بەرامبەر بە عەرەبی" دوژمنی هاوبەشیان"  بکەن! . نەدەبوو بە ڕیزی ڕێکخراوی هەزاری‌یەوە بڕژێنە سەر شەقامەکان و لەوانەش گرنگتر نەدەبوایە داوای ڕووخانی حکومەتەکەی خۆیان و سەرۆکوەزیران بنیامین ناتانیاهۆیان بکردایە !

کەوایە ئەوەی ڕوو ئەدات چی‌یە؟ لێکدانەوەکانمان لەسە بنەمای شۆڕشی عەرەب بەوشیوەیە بوو، لەژێر ڕووکەشی هێمنانەی کۆمەڵگەدا فشاری توند لە نێو کۆمەلگای عەرەبدا ڕووی دا ، ئەم فشارانە گەیشتنە ترۆپکی خۆیان و تەقینەوە، ئیسرائیل لەم لێکدانەوەیە بەدەر نی‌یە،  لە ڕاستیدا ئیسرائیلیش ماوەی چل ساڵە بەرەو ئەو ترۆپکە هەنگاو ئەنێت، شۆرش لە باکوری ئەفریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەراستەوە بەرە خاکی ئیسرائیل ڕێ‌ی گرتە بەر.

ئەم ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانەی کرێکاران و گەنجانی ئیسرائیل زۆر بە دەگمەن لە میدیاکانی سەرمایەداریدا باسیان لێوەکرا. ئەکرێت لە کەسانێک ببوردرێن کە پێ‌یان وابێت خەباتی چینایەتی لە ئیسرائیلدا ناگوزەرێت بەلام بێشک بە هەڵەدا چوون.  لەراستیدا تەنها لەمساڵدا ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان ژمارەی پێوانەیی‌یان شکاندووە . بەهەمان شێوەی بەریتانیا و ئەمریکا غیابی ( نەبوونی ) ڕابەرابەیەتیەکی شەڕکەری بزووتنەوەی کرێکاریی سروشتێکی پارچەپارچە و ناتەوایی بە پرۆسەکە بەخشیوە ، بەڵام ئەم بزووتنەوەیە لە مەیداندایەوەو بوونی هەیە.

لە جەنیوەری ئەمساڵدا مانگرتنی سێ ڕۆژەی زیاد لە ٢٥٠٠ کرێکاری بەندەرەکان لە حەیفا، ئاشدۆدو ئیلات ڕوویان دا کە بوونە چونەسەری موچەکان بە ڕێژەیەکی کەمی ٣% .  لە کۆتایی هەمان مانگدا ناڕەزایەتی پەرستارەکان دەستی پێکرد نەک تەنها بۆ زیادکردنی موچە بەڵکو بۆ کەمکردنەوەی ئەو قەرەباڵغی‌یانەی کە لە نەخۆشخانەکاندا هەن. بەپێ‌ی ئامارەکانی هارێتز لە کۆی ١٢٨ نەخۆشخانەی گشتی لە سەرجەم وڵاتدا توانای لەخۆگرتن لە هەفتەی ڕابردوودا لە ١٠٥%  ەوە هەڵکشاوە بەرەو ١٠٨% کە ئەمەش ئەبێتە دروستبوونی قەرەباڵغی زۆر لە نەخۆشخانەکان و ژمارەیەک لە نەخۆشەکان ناچارن لە ڕاڕەوەکاندا بمێننەوە. ئەم مانگرتنە وەزیری تەندوستی ناچار کرد کە جێگای زۆرتر بۆ نەخۆشەکان دابین بکات.

لە کۆتایی مانگی حەوتدا ئەو ستافەی کە لە وەزارەتی دەرەوە کار ئەکەن گەڕانەوە سەر کارەکانیان پاش ئەوەی لە مانگی دیسەمبەری پارسالەوە بۆ زیادکردنی موچەو باشکردنی هەلومەرجی کارکردنیان دەستیان داوەتە خەبات. خەباتی ئەم بەشە کە ڕاستەوخۆ بەشیکی گرنگن لە ماشێنی دەوڵەت هەڕەشەی بەردەوامی لەسەر چینی دەسەلاتدار داناوە ، کاریگەرانە ڕۆڵیان هەبووە لە پەکخستنی سەردانی ئەنجیڵا مێرکڵ ، ئەمە جگە لەوەی ئەم پۆستانە دەرخەری ڕووی ئیسرائیلن بە جیهانی دەرەوە. ئەم ستافە لە کۆتایی ناڕەزایەتیەکانیاندا  گەیشتن بە بەشێک لە داواکاریەکانیان.

ئەم زنجیرە لە ناڕەزایەتی تەنها لە مانگی یەکدا ڕوویان نەدا ، بەڵکو لە مانگی فێبریوەریش شایەدی مانگرتنی کرێکارانی خزمەتگوزاری گشتی بووین بۆ چوونەسەری مووچە و هەلومەرجی کاکردن.  هەروەها یەکێتی گشتی کرێکاران لە ئیسرائیل (Histadrut ) خوازیاری کەمکردنەوەی تاکسە (باج) لەسەر سوتەمەنی، ئاو و نان، هەروەها خوازیاری زیادکردنی موچەی مانگانەو کەمکردنەوەی کرێ‌ی نیشتەجێبوونە.  سەرۆکی یەکێتی‌یەکە ئۆفەر  عەینی هەڕەشەی کرد کە لە کاتی وەڵامنەدانەوە بە داواکارێیەکانیان ئابوری ئیسرائیل پەک ئەخەن، هەروەها شلۆمۆبۆهبۆت سەرۆکی شارەوانی مەعالوت تەرشيحا داوای بە نیشتمانیکردنی کەمپانیاکانی ئاوی کرد لە ئیسرائیل.

بێگومان هیستادروت بانگەوازی دەستکێشانەوەی لە مانگرتنەکە راگەیاند لە پێناو چەند تەنازولێکی کەمدا - وەک پیشەی هەمیشەیی هەر یەکێتیەکی کرێکاریی بیروکراسی کە خزمەتگوزاری پایەکانی چینی سەرمایەداری دەکات بۆ مانەوەی بارودۆخی ئێستا ، بەڵام ئەوەی کە سەرەتا ناچاربوون کە هەڕەشەی مانگرتن ڕابگەیەنن بەهێزیی و فشاری ئەو بزووتنەوەیەمان بۆ دەرئەخات کە هەر ئێستا لە ناوچەکەدا ئەگوزەرێت.

لە مانگی مەییشدا شایەدی خەباتی سەختی کرێکارانی هێڵە ئاسنینەکان بووین، بەرپەرچی بڕیاری دادگایان داوەیەوە و خوازیاری گەڕانەوە سەر کارەکانیان بوون.  لە درێژەی مانگرتنەکاندا سەرۆکی یەکێتی‌یەکە گیلا ئەدەری (Gila Ederi) دەستگیر کرا لە خۆپیشاندانێکدا لە نزیک ماڵی سەرۆکی کەمپانیای هێلی ئاسنین ، کرێکاران دژ بە تایبەتکردنی تۆڕی هێڵی ئاسنین لە ئیسرائیل خۆپیشاندانیان سازکردبوو. بە دوای خۆپیشاندانەکاندا ئەدەری و نۆ ڕابەری تری کرێکاری ئازاد کران ، خەبات دژ بە فرۆشتنی خزمەتگوزاری‌یەکە گشتی‌یەکان بە کەرتی تایبەت هەروا درێژەی هەیە.

ئەم ناڕەزایەتی‌یانە کە هەندێکیان سروشتێکی (کاراکتەرێکی) زۆر سیاسی‌یانەن هەیە ڕەنگدانەوەی  ئەم خەباتە چینایەتی‌یە پچڕ پچڕ و بەردوامەیە کە بەدرێژایی ئەمسالانەی دوایی لە مەیداندا بووە. ئەم ناڕەزایەتی‌یانە تەنها لە چوارچیوە پیشەسازی‌یەکاندا نەبووە. هەروەکو لە راپۆرتی ساڵی ٢٠٠٨ دا ڕامانگەیاند لە هەڵبژاردنی شارەوانی‌یەکانی ساڵی ٢٠٠٨دا لە تەل ئەڤیڤ پارتی کۆمۆنیستی کاندیدی وەک دۆڤ هانین ی‌یەوە بەخۆیەوە بینی کە ٣٤ % ی دەنگەکانی بۆ خۆی مسۆگەر کرد. هانین ئەو کەسەی کە خوازیاری مافی یەکسانە بۆ کرێکارانی عەرەب و جولەکە.  ئەم پشتگیری‌یەی کە بەدەستی هێنا تەنها لە هەولەکانیدا بوو بۆ دابینکردنی شوێنی گونجاو بۆ ژیان و کاری کرێکاران.

نەبوونی ڕابەرایەتییەکی سەرتاسەری کە هەموو ئەو هەوڵ و خەباتەی کرێکاران پێکەوە گرێبدا خاڵێکی لاوازی بزووتنەوەکەیە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی سەرمایەداری، بەڵام فشار لە هەڵکشاندایە و هەر ئێستا گەیشتۆتە خاڵی شلۆقی خۆی و روداوەکانی ناوچەکە ئیسرائیل بەرەو دەورانێکی نوێ ئەبەن.

قەیرانی سەرمایەداری ئیسرائیلیی

هەموو ئەو خاڵانەی کە باسمان کردن ئاماژەن بۆ قەیرانی سەرمایەداریی لە ئیسرائیل بێگومان هاوشانە لەگەڵ ئەو قەیرانەی کە لە جیهاندا ئەگوزەرێت.  ڕاستی ئەوەیە کە ماوەی چەندین ساڵە بارو گوزەرانی ژیان لە ئیسرائیل بەرەو هەلدێر ڕوو ئەنێت.  سالانێکە بێکاری ڕوو لەسەر ئەکات، پێداویستییانە(پێداویستی چینی سەرمایەدارە) کە چاوپۆشی لە گرفتەکانی ژیانی خەڵک بکەن، ئەمە بەتەواویی ئەو  هۆکارەیە کە سیاسەتی ئیمپیریالیزم ئەیخوازێت. بە هیوان کە بتوانن دابەشبوونی چینەکان لە ئیسرائیل ڕووپۆش بکەن و وەهمی یەکێتی و یەکبوونی هەموو جولەکە لە بەرامبەر عەرەبدا دروست بکەن. بەڵام ئەمە لە کەسانێک کە ڕۆژانە دەرگیری ئەم گرفتانەن ناتوانرێت بشاردرێتەوە، هەر ئێستا خەڵک شێوازی ناڕەزایەتی و دەربڕینی خۆیان دۆزیوەتەوە و ئەمەش هەواڵیکی سەختە بۆ چینی دەسەلاتدار لە ئیسرائیل.

بێگومان داخوازی و داواکاری‌یەکان بەهۆی ناوەرۆکی  چینایەتییانەوە زۆر جەماورین.  ڕۆژنامەی ئیسرائیلی ئەمڕۆ (Israel Today) ڕایگەیاند کە سەرباری ئەوەی کە ئاستی بژێوەی ئیسرائیل لە هەمان ئاستی ئەمریکاو زۆرێک لە ولاتانی ئەوروپایە بەڵام موچەی ئیسرائیلی‌یەک تەنها نیوەی موچەی ئەمریکی‌ یان ئەوروپی‌یەکە.  خۆپیشاندەران داخوازی دادپەروەیی کۆمەلایتین (social justice).  نەوەی سێ‌یەمی ئیسرائیلی لە ژێر هێڵی هەژاری‌یەوە ئەژین، زیاد لە نیوەشیان عەرەبە ئیسرائیلی‌یەکانن.  ئەم ڕاستی‌یە ئاماژەی یەکێتی خەباتی عەرەب و جولەکەکانە دژ بە چینی دەسەڵاتدار. بێرنارد ئەڤیشای بۆ کەناڵی العربیە ئاماژەی بە چەند فاکتەری جیاوازو دژ بەیەکی ئابوری لە پێکهاتەی کۆمەڵگای ئیسرائیل دا :

-  یەک لەسەر شەشی بودجەی حکومەت بۆ سیستمی پارێزگاریی و کڕینی چەک و تەقەمەنی بەکار دەهێنرێت. خزمەتگوزاری‌یە گشتی‌یەکان بە بەردەوامی ڕوو لە پاش ئەکەن.

- سیستمی خزمەتگوزاری تەندروستی لە تەنگژەدایە بەهۆی کەمی لە پشتگیریی حکومەت، هەروەها ڕێکخراوەکانی بواری تەندروستی ناتوانن موچەی بژێوەی دکتۆرەکانیش دابین بکەن ، ماوەی دوو مانگە دکتۆرەکان دژ بەم بارودۆخە ناڕەزایەتی دەردەبڕن .  موچەی دکتۆرە گەنجەکان بەڕاددەی موچەی بەخێوکەری منداڵ یان کەمترە.

-  ٢٠% ی نزیک بە ٥٠٠ گەورە کەمپانیای ئیسرائیلی لە ژێر چنگی تەنها شانزە خێزاندایە لە نمونەی ئۆفەر، دانکنێر، ئاریسۆن، تشوڤا، ... ژمارەیەکی کەمی خێزانەکان سەرگەرمی کەڵەکەکردنی بێئەندازەی داهەتەکانن، مۆنۆپۆلی بانک و چەندین بواری گرنگی ژیانیان کردووە لەوانە هێڵی تەلەفون ، خواردەمەنی، میدیا و چەندین بواری تر.

ئەم هەلومەرجە سەختانە بوونەتە جێگای مەترسی لێکدەرەوە بۆرژوازی‌یەکان کە هەموو ئەم دژ بەیەک و ناکۆکانەش هەست پێ ئەکەن، ڕێکخستنی بایکۆتی پەنیری کۆتاژ * لە ڕێگای فەیسبوکەوە کە هەنگاوێکە لەو مەیدانەدا تەنانەت بووەتە بزواندنی کۆنسێرڤاتیڤێکی وەک دەیڤد هۆرۆڤیتز لە ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست :" شۆڕش لایەنێکی لەبیرکراوی ئابوری ئیسرائیل ڕۆشن ئەکاتەوە. ئەو بەشانەی کە ماوەیەکی دوورودرێژە پشتگوێ خراون.  ئەو ئیسرائیلی‌یانەی کە ناشتوانن لە پلیکانەی هەرە نزمی عەقار نزیک ببنەوە. ئەو ئیسرائیلی‌یانەی کە ئاوابوونی سیستمی تەندروستی بەبەرچاویان ئەگوزەرێ لەوە تێگەیشتوون کە لەگەڵ داڕووخانی سیستیمی تەندروستیدا چیتر ناتوانن لە خزمەتگوزاری تەندروست تایبەتی بەهرەمەند بن.  ئەو ئیسرائیلی‌یانەی کە منداڵەکانیان ناتوانن لە خوێندنێکی شایستە بەهرەمەند بن و لەگەڵ کەمی پێداویستی‌یەکاندا خوێندنەکانیان تەواو بکەن، ئەو ئیسرائیلی‌یانەی کە ئەگەر بە دڵ و گیانیشیان ڕۆژانە کار بکەن و زیاد لە کەسێک لە خێزانەکەیان کار بکات ناتوانن پارەی تەواوی پێداویستی‌یەکانی مانگانە دابین بکەن. ئەو ئیسرائیلی‌یانەی کە ئەگەر بازاڕی ڕۆژانەشیان بکەن ئیتر لەوە تێگەیشتوون کە پەنیری کۆتاژ بووە بەرهەمێکی دەگمەن و گرانبەها کە ناتوانن لێ‌ی بەهرەمەند بن".

ئەو ڕۆشنە کە ژمارەیەک لە سەرمایەداران لەوە تێگەیشتوون کە داڕمانی ئابوری ئەبێتە هۆکاری ناجێگیری زیاتر ، هۆرۆڤیتز بەردەوام ئەبێت و ئەڵیت " ژمارەیەک لە خاوەنکار و سیاسەتمەداران تا ئێستاش لە دەرەوەی بازنەی هەستکردن بەو کێشەو دەرگیری‌یانەن کە ڕۆژانە خەڵکانی ئاسایی بەرەو ڕووی ئەبنەوە، بە ڕاستی لەوە تێنەگەیشتوون کە هۆکاری بەڕێوەچوونی ئەم هەموو نارەزایەتی‌یانە کامانەن ..."  بایەخپێدانەکە لێرەدا زۆر ڕۆشنە: "سیاسەتمەدارانی ئیسرائیلی بێ توانان لە ئەنجامدانی ئەو داخوازی‌یانەی کە سەرمایەداری ئیسرائیلی ئەیخوازێت".

کرێکاری زایۆنیزم و گەشەی دەوڵەتی ئیسرائیلیی

ئەگەرچی قەیرانی ئابوری سەراپاگیرە و جیهانی‌یە، بەلام لێرەدا چەند هۆکارێکی نێوخۆیی هەن کە کاریگەری‌یان بووە لە پێشکەوتنە مێژوویی‌یەکانی دەوڵەتی ئیسرائیلدا. لە کاتی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل ئایدیۆلۆژی "کرێکاری زایۆنیزم" باوبوو، کە ڕەنگدانەوەی هاوپەیمانیەک بوو لە نێوان نەقابە کرێکاری‌یەکان ،ڕێکخراوە هەرەوەزییەکانی کشتوکاڵیی. دەوڵەت و سەرمایەدران پێکەوە. فۆرمێکی داڕێژراوی بۆرژوازی‌یە - ناسیۆنالیستەکان بوو بۆ ڕازیبوون لەسەر دابینکردنی هەلومەرجی ژیان و کاکردنی باشتر بۆ کرێکارانی جولەکە لە چاو عەرەبەکان. بنەمای سەرەکی ئەم ئایدیۆلۆژی‌یە پەیوەست بوو بە کاریگەری‌یەکانی دوای جەنگی جیهانیی دووەم ، ئاستی بەرزی خوێندن لە نێوان کرێکارە ئسیرائیلی‌یەکان و هەستی نەتەوایەتی کە لە هۆلاکۆستەوە سەرچاوەیان گرتبوو. ئەم فاکتەرانە بوونە هۆکاری گەشەکردنی بێئەندازەی هێزی بەرهەمهێن لە ئیسرائیل، ئەوەی کە سەرمایەداری ئیسرائیل ئەتوانێت تا ڕاددەیەک هەلومەرجێکی کارکردنی گونجاو بۆ کرێکارانی جولەکە دابین بکات.

ئەم فاکتەرانە توانیان بۆ ماوەیەک هەلومەرجێکی گونجاو و باش بۆ کرێکاران دابین بکەن ، و بۆرژوازیش سوودمەند بێت لە دامەزراندنی دەوڵەتی خۆی.  بەڵام ئەمانەش کۆتاییان هات ،ئەو کاتانەی کە سەرمایەداری بە بنبەست گەیشت لە ساڵەکانی ١٩٧٠ ەوە، ئەو کاتانەی کە لە وڵاتێکی بچوکدا سەرمایەداری بێتوانا ئەبێت لە دابینکردنی بژێوی‌یەکانی خەڵک. لە ساڵی ١٩٧٧ دا بۆ یەکەم جار هاوپەیمانی (کرێکار- زایۆنیزم ) هەرەسی هێنا و لیکوید حکومەتێکی بۆرژوازی بە بەرنامەیەکی کلاسیکی کۆنسێرڤایڤانەوە دامەزراند.  کەمپانیا دەولەتی‌یەکان فرۆشران بە کەرتی تایبەت، خاڵەکانی هاوپەیمانی هەڵوەشانەوە،  جێگای کرێکارە نەقابی‌یە هاوپەیمانەکان بە کرێکارانی نوسینگەکانی کاکردن ( کە زۆربەیان فەلەستینی بوون ) گیرانەوە و بەمەش کۆتایی بە ژیانی هێزی کاری زایۆنیزم هات.

ئیسرائیل لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا کارەساتی دابەزینی ئاستی گوزەران و ژیانی بەخۆوە بینیوە.  لە ماوەی ڕابردوودا تەنها سەرچاوەیەک کە چینی دەسەڵاتدار بۆ یەکێتی ناو وڵات بەدەستی‌یەوە گرتبێت (دوژمنی دەرەکی) بووە. ئەمە بەتەوای ئەو بارودۆخەمان بۆ ڕوون ئەکاتەوە کە لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوو چۆن حکومەتە یەک لەدوایی یەکەکانی ئیسرائیل هەوڵ بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی‌یەکان لەگەڵ ڕژێمە عەرەبی‌یەکان ئەدەن کە هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ درێژەدان بە ناکۆکییە سەربازییەکان. ئەمڕۆ زایۆنیزم بە هەمان پێناسەی لینین بۆ سەرمایەداری ترسێکە بێ کۆتایی.

بەڵام بێگومان ئەمەش ئاستی دیاریکراوی خۆی هەیە،  شۆڕشی عەرەب کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە بەسەر ئیسرائیلەوە. پروپاگەندەی بێمانای دەوڵەت کە عەرەبەکان وەک بکوژ و لەناوبەری ئیسرائیل وێنا ئەکەن لەم ڕووداوانەدا بە هەوادا چوون.  تێروانینەکانمان بە تەواوی سەریان هەڵدا- ئیسرائیلی‌یەکان لەسەر هەمان ڕێچکەی برا عەرەبەکان هەنگاو ئەنێن و دەستیان بە شەڕ لەگەڵ ڕژێمێکدا کردووە کە مەترسی‌یەکی گەورە و سەختە بۆ زۆرینەی جەماوەری خەڵک.  ماوەی چەندە کە فەلستینی‌یەکان ڕاپەڕیون؟ ئێمەش هەمان پێشنیارمان هەیەو لێ‌ی ناوەستین.

ئاسۆکانی خەبات

ترۆتسکی پێشتر وتی کە هەواڵی دامەزراندنی دەوڵەتی سەرمایەداری جولەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەوانەیە ببێتە تەڵەیەک بۆ جولەکەکان. ئەم ئەگەرە بە تەواوی ڕاست دەرچوو.  ئیمپریالیزمی ئەمریکی، فەڕەنسی و بەریتانیانی ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستیان دابەش کرد تا بتوانن حوکمیان بکەن. بایەخی مێژووی لە شۆڕشی عەرەبدا ئەوەیە کە سەراپا دژ بە تاوان راپەڕیون، بەڵام بە دڵنیایی‌یەوە ئیمپریالیزم لە هیچ شتێک زیاتر بە ئەندازەی ڕاپەڕینی کرێکارانی جولەکە بە یەکێتی لەگەڵ کرێکارانی عەرەب دژ بە سەرمایەداری لە ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا ناترسێت.

ڕاستی ئەوەیە کە دەوڵەتە دروستکراوەکانی ناوچەکە تەنها بە ئامانجی لاوازکردنی شۆڕشی دژی ئیمپیریالیستی لە ناوچەکەدا دروست بوون. بزووتنەوەیەکی بەرین و ڕێکخراوی لەم چەشنە ناتوانێت یارمەتیدەر بێت بەڵکو پاڵ بە عەرەبەکان و ئیسرائیلی‌یە هەژارەکانەوە ئەنێت تا بە ڕیزەکانی‌یەوە پەیوەست بن. بێگومان ژمارەیەکی زۆری ئەو خۆپیشاندەرانەی کە خوازیاری کرێ‌ی هەرزانی جێنشینن لە عەرەب و ئەو کۆچکردووە تازانەن کە لە مەغریب و ڕوسیا و ... ەوە هاتوون . بە پێ‌ی ڕۆژنامەی هاریتێز ناڕەزایەتی‌یەکان بە بەشداری عەرەب و جولەکە لە نەزارێس رووی داوە.  ئەوە ئیتر ڕوونە کە داخوازی کر‌ێ‌ی جێنشینیی هەرزان نەک بە دامەزراندنی کۆمەڵگا نوێ‌یەکان بەڵکو بە دابینکردنی خانووە سۆسیالەکان(هەرزان) لە شارەکاندا ئەچێتە پێش.

بزووتنەوەکە بە بەرینی خوازیاری بەڕێخستنی خۆپیشاندانەکانەو هەر ئێستاش لە هاوپشتی هیستادروت بەهرەمەندە و ڕایگەیاندووە کە هەموو تواناکانی خۆی لەو بوارەشدا ئەخاتە گەڕ. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە ڕێکخراوە بەرینەکانی چینی کرێکار سەر تا خوار دێنە مەیدان لە بزوتنەوەیەکی بەریندا کە هەر ئێستا ئەوروپا و جیهانی داپۆشیوە، ئەوە ڕۆشن ئەبێتەوە کە چەند ڕێکخراوی گرنگ و بە بایەخن کە چینی کرێکار ئەتوانێت لە ڕێگەیانەوە کۆمەڵگا بگۆڕێت، ئەمە وڵامی هەموو ئەو نادروستیانە ئەداتەوە لە لایەن چەپەوە سەبارەت بە بایکۆتی نەقابە کرێکاری‌یەکانی ئیسرائیل بەیان ئەکرێت ، کە لە بنەڕەتدا بە مانای بایکۆتکردنی چینی کرێکارە، کاتێک کە چینی کرێکار بە ڕوویەکی شۆڕشگێڕی‌یەوە لە ئیسرائیل دێتە مەیدان و ئەبزوێت ڕێکخراوەکانیشیان گۆڕانکاری‌یان بەسەردا دێت.

ئەوانەی کە باس لە پێکدادان و لێکهەڵپژانی شارستانی‌یەکان ئەکەن دەمیان داچەقی کاتێک بینی‌یان کە کریستنەکان هاوشانی موسڵمانەکان ئەجەنگان لە شۆڕشی میسردا.  شۆڕش، ئەمە ئەو ساتە شۆڕشگێرانەیە کە هەموو شتێک پێچەوانە ئەکاتەوە. کۆمەڵگا سەر تا خوار ڕائەوەشێنێت.  هەموو شتە کۆنەکان لەناو ئەچن، ئەمە بە دروستی ئەوەیە کە هەر ئێستا لە ئیسرائیلدا ئەگوزەرێت. لە بڵاوکراوەی مەعاریف ی ئیسرائیلی گاڵتەئامێزانە باس لە پشبەستنی تەنهای ناتانیاهۆ کرا بە پڕوپاگەندەی ترسی دانیشتوانی جولەکە لە جیهانی عەرەب، بە بێ ترسێکی لەم چەشنە نە ناتانیاهۆ و نە چینی دەسەلاتداری بۆرژوازی ناتوانن چیتر حوکمی خەڵک بکەن و لە چەوساندنەوەی خەڵک سوودمەدن بن.  کێشە ئەوەیە کە پێشکەوتنەکانی شۆڕشی عەرەب ستراتیژێکی لەم چەشنە بێ بایەخ کرد.  وێنایەکی لەو چەشنە کە هەموو دنیای عەرەب ئەیانەوێت ئیسرائیل تێک بشکێنن چیتر بازاڕی نامێنێت.

لە کاتێکدا ئەو قەیرانە هەڕەشەی کۆتایی هێنان بە حوکمی ناتانیاهۆ ئەکات، بەڕیوەبەری گشتی وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند کە ناتانیاهۆ لە هەوڵی بەستنی کۆبوونەوەی کۆمیتەی بایەخدانی(تەرکیز) ئابوریدایە تا ڕاددەیەک کۆنترۆڵی باورودۆخەکە بکاتەوە، بەڵام لە ژێر فشاری خەزێنەی دەوڵەتدایە . هارێتز رونتری ئەکاتەوە " سەرباری بەڵینەکانی ناتانیاهۆ بە چاکسازی بەلام ناکۆکی‌یەکانی نێوان خەزێنەی دەوڵەت و نوسینگەی سەرۆکوەزیران هەروا درێژەی هەیە،  لە هەفتەی ڕابردووەوە خەزێنە ڕێگری خستتە بەردەمی هەنگاوەکانی ناتانیاهۆ لە مەسەلەی نیشتەجێبووندا لەوانە کۆمەککردن بە بەڵیندەرەکان بۆ هاندانیان لە دروستکردنی یەککەی نیشتەجێبوونی هەرزان بۆ خەڵک، هەروەها گۆڕینی ئەو نوسینگانەی کە لە شوققەکاندا هەن بۆ شوێنی نیشتەجێبوون . خەزێنەی دەوڵەت پی‌ی وایە کە هەنگاوی لەم چەشنە تەنها هاندانی خۆپیشاندانەکان ئەدات و نوسینگەی سەرۆکوەزیرانیش پێ‌یان وایە کە خەزێنەی دەوڵەت بە باشی بارودۆخەکەیان تاووتوێ نەکردووە.

لەپەلوپۆکەوتنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و دابەشبوونیان یەکێک لەو چوارە فاکتەرە سەرەکی‌یەیە کە لینین لە چوونەپێشەوەی شۆڕشیکی سەرکەوتوودا باسیان لێوە ئەکات.  ئەمە جگە لەوەی لە چینی کرێکار هەر ئێستا ئامادەیە خەبات و تێکۆشان بکات - مەرجی دووەم-  هەروەها مەرجی سێیەمیش بریتی‌یە لە ڕاڕایی چینی مامناوەند لە نێوان هێزی شۆڕشگێر و دەوڵەتدا.  بێکاری و بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک لە بازاڕەکاندا سەرباری چینی کرێکار چینی مامنەوەندیشی دەرگیری باردوخێکی خراپ کردووە. ئەوەی جێگای قبوڵ جەماوەر نی‌یە نی‌یە ئەوەیە کە بودجەیەکی زەبەلاح بۆ کۆمەڵگاکانی نیشتەجێکردن تەرخان کراون کە وەک بارگرانی‌یەک وایە بەسەر شانی خەڵکەوە، ئیسرائیل هەر ئێستا هاوشان لەگەڵ قەیرانی سەرمایەداری جیهانی پێ ئەنێتە قەیرانێکی سەرپاگیرەوە و لەگەڵیشیدا زایۆنیزم.

بێگومان مەرجی چوارەمی لینین کە کلیلە مەرجە - بوونی حزبێکی پێشڕەو و ڕابەرایەتیەکی کرێکاری‌یە کە بتوانێت سەرجەم  بزووتنەوەکە یەکبخات بۆ لەناوبردنی سەرمایەداریی. گەشەی مێژوویی دەولەتی ئیسرائیل کە پێشتر ئاماژەمان پێدا هیستادروتی بە هەزاران دەزوولەوە بە خۆوە گرێداوە و ڕابەرایەتیەکەی لە چەندین بڕگەی مێژوویدا خەباتی ئەم چینەی لە چوارچێوەیەکی تەسکدا قەتیس کردووە ولە ناوەرۆکی سیاسی‌یانەی خۆی  دایماڵیوە. لەگەڵ ئەمەشدا بڕوامان وایە کە یەکێتی‌یە بیرۆکراسی‌یەکانیش لە بڕگە مێژوویی‌یە گەورەکاندا ڕائەچڵەکن وەک ئەوەی ئێستا لە ئیسرائیلدا ڕوو ئەدات. ئێمە ئەوە باوەڕە سکتاریستی‌یە ڕەد ئەکەینەوە کە بایکۆتی گشتی ڕیکخراوەکانی کرێکاران ئەکات لە ئیسرائیل، کرێکاران هەوڵ ئەدەن بۆ گۆڕینی هیستادروت و رێکخراوەکانیان، وەک هەنگاوی یەکەم  ئەوە گرنگە کە هیستادروت بانگەوازی مانگرتنی گشتی بکات بۆ ڕوخاندنی حکومەتەکەی ناتانیاهۆ کە مەسەلەیەکە خەباتی ڕێکخراوی چینی کرێکار دژ بە سەرمایەداری گوژم پێئەدات. 

لە کۆتاییدا کێشەکانی جەماوەری ئیسرائیل و فەلەستین یەک چارەسەریان هەیە - ئەویش فیدراسیۆنێکی سۆسیالستی‌یە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا.

* کەمپیەنێکە لە سەرەتای جوڵای‌یەوە راگەیەندراوە  بە مەبەستی دابەزینی نرخی پەنیرەکە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە بە بڕی ٣٩ لەسەدا زیاد کردووە، هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی راگەیاندنیدا زیاد لە ٧٥ هەزار کەس پێوەی پەیوەست بوون.

Histadrut  :ההסתדרות הכללית של העובדים בארץ ישראל‎   لە ساڵی ١٩٢٠ ەوە دامەزراوە.

سەرچاوە : لە بەرگریی مارکسیزم‌دا

Translation: Kameran Ahmad