سەرمایەداریی ئەمریکا لە لێواری لەناوچووندا!

کۆڤید نۆزدە کۆمەڵگای ئەمریکای نوقمی گێژاوێکی ترس و شڵەژان کردوەتەوە.  سەرجەم پەنجا ولایەتەکەی ئەمریکاو واشنتۆن دەرگیری ڤایرۆسەکەن، دیسی (DC) توشبووی ژمارەک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا پشتڕاستکردووەتەوە. ژمارەی مردووان لە دواین کاژێرەکاندا ڕوویان لە زیادبوون کردووەو لە ڕۆژی ١٨ ی مارسدا نزیکبووەتەوە لە ١٥٠ قوربانی. بەرپرسانی بواری تەندروستی گشتی لە گەیشتن بە خاڵی شلۆق ترسیان لێ نیشتووە ولەوانەیە بگات بە هەمان ئەو باردودۆخەی کە هەرئێستا ئیتالیا تێ‌ی کەوتووە. تەواوی نەخۆشخانەکان پڕن و دەرگاکانی هەموو وڵات داخراون. بەم دواییانە پرۆفیسۆر دکتۆر کارلۆس دێل ریۆ (Dr. Carlos Del Rio) لە زانکۆی پزیشکیی ئیمۆری (Emory) لە ئەتلەنتا بە تۆڕی میدیایی (سی ئێن ئین) ڕایگەیاند" من بە تەواوی نیگەرانم ، لە خراپترین باری هەمئاهەنگیداین:" ژمارەیەکی زۆری نەخۆش، ژمارەیەکی یەکجار کەمیش پزیشک، و پەرستار... بۆ چاودێریکردنیان".


لە کاتێکدا زریانێکی توندی قەیرانی ئابوری، سیاسی، تەندروستی بەربڵاو تەواوی چینی کرێکارو سەرمایەدانیش کوێر ئەکات زۆرێک لە شتەکان ڕوونتر ئەبنەوە. لەگەڵ ئابورییەک کە لەدۆخی توانەوەدایە و بازاڕی پشکەکان هەرەس دێنن. مەترسی باردودۆخەکە- دەرکەوتنی مەترسی لە کاتی دووبارە هەڵبژاردنەوەیەدا- بەرەبەرە بە قسەکانی سەرۆکەوە دەرئەکەون. پاش چەند هەفتە لە ڕاگەیاندنی تەشەنەکردنی "فێڵ" لە سەرتاسەری جیهان ودواتر بانگەشەی"کۆنترۆڵکردنی" . ترەمپ هەرزوو ناچار بە قوتدانەوەی لێدوانەکانی خۆی بوو بە پێی یاسای ستافۆر باری نائاسایی لە تەواوی وڵات ڕاگەیاند.

لە ١٣ی مارسدا لە ناوازەترین و سوریالیترین کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیدا کە تا ئێستا ئیدارەی بەدناو  بۆ پەردەپۆشی ڕاستی و داننان پیایدا ڕێکیخستبێت. ترەمپ لە کەرتە هاوبەشە ئەمریکیەکاندا وای نیشان کە " کێ کێ‌یە" و" هاوبەشی مێژوویی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکەی خستە ڕوو. لەگەڵ بوونی "ڤایرۆسێکی دەرەکی"  کە وەک بووگیمان (boogeyman) خزمەت بکا. ئەوە بە تەواوی ڕوون بووەوە ترەمپ زیاد لە ڕاددە توشی تاسان(شۆک) بووە لە قەیرانەکە، لە ڕێگای تێبینیەکانیەوە کە خۆی بۆ ئامادەنەکردبوون بە منجەمنجەوە" هیوا و ئیلهام" ی بۆ ئەمریکیەکان بەخشیەوە:

" ئێمە زۆر پەیگیرانە لەسەر ئەمە کار ئەکەین. پێشکەوتنی باشمان بەخۆوە دیوە. کاتێک بەراود لەگەڵ ئەوە ئەکەیت کە لە ناوچەکانی تری جیهاندا چیمان ئەنجام داوە، جێی سەرسوڕمانە.  زۆرێک لەمانە پەیوەند بوون بە خێرا دەستنیشانکردن و داخستنی سنوورەکانەوە. و هەروەک ئەزانیت ئەوروپا ئێستا بووەتە چەقی پەتاکە، ئێمە پێشتر سنوورەکانمان داخست. ئەمە خۆشبەختانە بوو، یان لە رێگایی لێهاتویی و خۆشبەختی‌یەوە بوو، چۆنت پێ باشە وای لێ بنێ. لە رێگای کاری دەستەجەمعی و هاوبەشی‌و پەیگیریی نیشتمانییەوە. ئێمە بەسەر هەرەشەی ئەم ڤایرۆسەدا سەر دەکەوین".

شکستی بەکۆمەڵ

دواتر لە ١٦ی مارسدا وەڵامدانەوەی خێرای خۆی لە بەرامبەر دۆخەکە دووئەوەندە کردەوە. دووپاتیکردەوە کە" کێشەیەکمان هەیە، مانگێک لەوەپێش، کە بە بیری کەسدا نەدەهات" کە درۆیەکی تەواو شەرمەندانەیە. ڕەخنەگرەکان بە دروستی ئاماژەیان بەوەدابوو کە چۆن ترەمپ لە کۆبوونەوەی خۆئامادەکردنێك بۆ پەتا کوشندەکان لە ساڵی ٢٠١٨  کۆشکی سپی بەجێهێشتبوو. 

لە کاتێکدا کە بڕین و کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییەکانی سیستمی تەندروستی لە هەردوو ئیدارەی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان بۆ ماوەی دەیان ساڵ درێژەی پێدراوە. لە ساڵی ٢٠١٢دا ئۆباما بەندێکی یاسایی واژۆکرد تا نزیک بە شەش بلیۆن دۆلار لە سندوقی(دەستمایەی) خزمەتگوزای گشتی و خۆپارێزیی لابدات کە لە کاتی هاتنەپێشەوەی قەیرانی لەمشیوەیەدا لە ئاستێکی بەربڵاودا هاوکارییەکی دەزگاو ناوەندە نێوخۆییەکانی بواری تەندروستی ئەکرد. سەپاندنەکانی باجی ٢٠١٧ ی ترەمپ بۆ دەوڵەمەندان چۆن زیاد لە ٧٥٠ ملیۆن دۆلاری تریشی بەتاڵاندا. سەرباری ئەمانە، سیستمی تەندروستی تایبەت بووەتە داخستنی نەخۆشخانەکان و بەهەدەردانی پارە لە هەرجێیەک کە ئیمکانی هەیە. مانهاتان (Manhattan) کە خاوەنی یەکێک لە بەهاترین نەخۆشخانەکانی بە ناوی سەنت ڤنسنت (St.Vincent) تێدابوو، چۆن گۆردرا بە یەکەیەکی نیشتەجێبوونی گرانبەها کە ئەکرا ئەمڕۆ سوود لەو قەرەویڵانە(بێد)ی ببیندرایە کە لەناوبران. هەموو ئەمانە ڕێگایان لەبەردەم وەڵامدانەوەی (مریشکی بێسەر) ئاسای حکومەت کردەوە بۆ توندترین قەیرانی تەندروستی لە دوای تەشەنەکردنی ئەنفلۆنزای ئیسپانییەوە لە ساڵی ١٩١٨ – کە ٢٧% ی دانیشتوانی تووشکرد و بووە گیانلەدەستدانی نزیک بە پەنجا ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهان. 

بەراورد لە نێوان قسە جانبازییەکانی ترەمپ بۆ ڕووپاککردنەوەی خۆی و ڕاستگۆیی ئەنتۆنی فوجی (Anthony Fauci ) بەڕێوەبەری پەیمانگەی نەخۆشیەکانی حەسیاسیەت و هەوکردن بکەن کە لە سۆنگەی پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی تەندروستی گشتییەوە نەک سەرۆک ئەیانڵێت:

" سیستمەکە ئامادەی ئەوە نییە کە ئێمە ئێستا پێویستمان پێیەتی... ئەمە شکستە.. با دانی پێدا بنێین. بیرۆکەی ئەوەی کە هەرکەسێک بە هەمان ئەو شێوەیەی کە لە وڵاتەکانی تردا گیراونەتەبەر ئەبێت "تێست" بکرێن، ئیمە ئامادەی ئەمە نین. پێم وایە کە ئەبێت ئامادەی بین؟ بەڵێ، بەڵام ئێمە لە ئێستادا ئامادەی نین."

نزمی ژمارەی توشبووانی ڕاپۆرتکراو لە ئێستادا پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە کەمی کۆمەڵە تێسکراوەکانەوە هەیە.  سەدان هەزار کەس و لەوانەشە ملیۆنان کەس توشبووبن ، ئەگەر سەرکێشی کەسانی سەربەخۆی وەک دکتۆری لێکۆڵەر هیلین چوو (Dr. Helen Chu ) لە سیاتڵ (Seattle )نەبێت کە گوێی بە ڕێگەپێدان نەدا و تێستی کۆڤید نۆزدەی کرد ئێمە زۆر لەوە زیاتر لە تاریکی بازنەی ڕاستەقینەی ژمارەی توشبووانی پەتاکەدا ئەبووین. 

کاتێک کە دەرئەنجامی کۆتایی تێستە درەنگکەوتووەکەی خستەڕوو بە ترسەوە درکی بەوە کرد کە" پێئەچێت هەموو کاتەکە (مەبەست لە ڤایرۆسەکەیە) لێرەبووبێت، ئێستا لە هەموو جێیەکە" 

ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتەکە بۆ بۆرژوازی بەم شێوەیە بوو:" زیاتر جێ گواستنی ئابوری بۆ لە قاڵبدانی ڤایرۆسەکە- بە شێوەیەکی ئاسانتر پەنجە ڕاوەشاندن تا بە شێوەیەکی ئەفسوناوی ( سیحریی) بارودۆخەکە ڕوو لە باشتر ئەکات. هەموو شتێکیان گرتە بەر تا خۆیان لە سنووردارکردنی هاتووچۆی خەڵک و ئاڵووگۆڕی کەلوپەل بگرن لەبەر ئەوەی ئەم هەنگاوانە بە مانای خامۆشکردنی بازرگانیین. ئەگەر تۆ هەموو بازاڕ دابخەیت، دوای هەموو ئەوە سەرمایەداری چۆن ئەتوانێت کارابێت؟ بەهاترین کات بەهۆی کەمتەرخەمیی، ئینکارکردن، وڕۆتینی بیرۆکراتی، و چڵێسیەک لە چەشنی کۆن لەناوبرا، لە کاتێکدا ڤایرۆسەکە وردە وردە بە هێواشی و بە دڵنیاییەوە خۆی لە ئەمریکا جێگیرکرد. 

لە ماوەی چەند ڕۆژێکی هەستیاردا، چینی سەردەست لە بارودۆخێکی ئیفلیجکراودا ، لە گرتنەبەری هەنگاوو ڕێکارەکان بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسەکە ئەترسان.  لەهەمان کاتدا لە ناجێگیریی باردۆخی کۆمەڵایەتی کە لە دەرئەنجامی دواکەوتنی ڕێکارە یەکلاکەرەوەییەکان دروست ببوو تۆقیبوون. تەنها دوای چەند ڕۆژێک لە بەستنی کۆنگرە ڕۆژنامەییە ناڕوونەکەی ترەمپ ناوچەی کەنداوی کالیفۆرنیا لە ژێر فەرمانی " شێڵتەر لە هەمان جێگا" داخرا و پێئەجێت کە نیویۆرکیش بەدواییدا بێت. 

لە کاتێکدا کە ڤایرۆسەکە بە سەرجەم شاردا بڵاوبووەوە، سەرۆک شارەوانی نیویۆرک بڵ دە بلاسیۆ (Bill de Blasio ) ڕەتی کردەوە کە سیستمی خوێندن ڕابگرێت، لەگەڵ تیمە پاسەوانییەکەیدا لە بەشی ڕۆژهەڵاتی مانهاتنەوە بە نیشاندانی وەک ڕۆژێکی ئاسایی بەڕێگاوە بوون بۆ هۆڵیکی جیم لە برۆکلین (Brooklyn ) - وەک کارێکی ئاسایی ڕۆژانەیان نیشان ئەدا. تا دواین جار لە ژێر هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی ژمارەیەک گەورە یاریدەدەر و نەچوونەوە سەرکاری ڕێکخراوی ژمارەیەک مامۆستا بەهۆی ناساغییەوە، تەسلیم بە فشاری گشتی بوو. ئەو کاتەی ڕێکارەکانی بۆ سنووردارکردنی کۆبوونەوەی خەڵک، داخستنی قوتابخانەکانی شار، چێشتخانە، هۆڵەکانی شانۆو چەند جێگای تر گرتەبەر ، لەو ساتانەدا (کات) زۆر کەم و کورت بوو.

ڕووبەرێکی گەورەی شار وەک شاری تارمایی(مۆتەکە) دێتە بەرچاو. دانیشتوانەکەی ئامۆژگاریکراون وا دابنێن کە سەرجەمیان توشی ڤایرۆسەکە بوون بە ڕێژەی کوشتنێکەوە کە زۆر لە نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە پێکەوە زیاترە.  ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕایگەیاند کە " ژیان لە شاری نیویۆرک، کە دانیشتوانەکەی نزیک بە ٨.٦ ملیۆن کەسە و داینەمۆی ئابوری وڵاتەکەیە، هاڕدراوە بۆ وەستانێکی تەواوەتیی".

شێوی لە ئابوریدا 

درککردن گۆڕدرا بە ترس وبووە تۆقاندنێکی سەرتاسەری ئەو کاتانەی کە بازاڕی پشکەکان بە چەندین ترلیۆن داڕمان. سکرتێری پێشووی وەزارەتی کار ڕۆبەرت ڕایک (Robert Reich)– خۆشەویستی لیبرالە پارێزەرەکانی سەرمایەداری-  بە ڕوونی دەستنیشانی کرد کە " ئابوریمان هەرەس دێنێت" ، وای پیشان ئەدا کە بۆ " هەموو ئەمریکییەکان" قسە ئەکات، بەڵام مەبەست لە وشەی ئێمە لەوێدا " بۆرژوازییەکان" بوو.

لەهەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا بانکی یەدەکی فیدراڵی ڕێژەی سوودی بۆ سفر دابەزاند. ڕایگەیاند کەدەست بە کڕینی لانی کەم ٧٠٠ ملیار دۆلار لە سەنەداتی حکومی و رهنی عەقاریی لە هەوڵدانێك بۆ ڕاگرتنیان پێکەوە ئەکات. بەڵام بازاڕی پشکەکان  هەموو ئەم ڕێکارانەی هەڵتەکاند و بەردەوام بوو لە داڕمان. ڕۆژی دووشەممە ١٦ ی مارس، پێنوێنی (VIX) کە نیشاندەری هەڵچون و داچوونی بازاڕی پشکەکانە، لە ڕێژەی ٤٣% بۆ ٨٦.٦٩ بەرزبووەوە، و بەمەش ئەو ئاستەی تێپەڕاند کە لە ساڵی ٢٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٨دا تۆماری کردبوو.

دوورتر لە خۆباوەڕبوونی ئیلهامبەخشەوە، هەموو ئەو دابەزینە گەورانە لە ڕێژەی سوود ئاماژەبوون کە بانکی فیدراڵی خۆی هەست بە ترسێکی گەورەتر ئەکات و بارودۆخەکە زۆر لەوە مەترسیدارترە کە ڕێگای پێبدات. نوقمبوونی ئابوری بە پارەی هەرزان هانی خەرجکردن نادات لە کاتێکدا کە دەوڵەمەندەکان لەسەر پارەی تریلیۆن دۆلاری دانیشتوون. ملیۆنان کەس لە ماڵەکانی خۆیاندا گیریان خواردووە. ناردنە ماڵەوەی بەلێشاوی خەڵک هەر ئێستا دەستی پێکردووە. بە دڵنیاییەوە لێشاوێکی تر لە سەرکار دەرکردن و لێسەندنەوەی ماف بە دوایدا دێت. هەر ئێستا ئابوری ئەمریکا لە نالەبارترین دابەزینی چارەکی مێژووی خۆیدایە.

وەزیری خەزێنەی ئەمریکا ستیڤن منوچن (Steven Mnuchin) ڕایگەیاند کە دەرهاویشتە ئابورییەکانی ئەم پەتایە زۆر لەو پاشەکشە(داکشان)ە گەورەیە خراپتر ئەبێت،  و لە ئێستادا ڕێژەی بێکاری بۆ زیاتر ٢٠% بەرز ئەکاتەوە. بە بۆچوونی کۆمپانیایەکی نێونەتەوەیی بۆ دەستەبەرکردنی هەلی کار (Challenger, Gray & Christmas) نزیکەی ٧.٤ ملیۆن کەس تەنها لە کەرتەکانی چێشتخانە، باڕ، و پیشوازیکردن کارەکانیان لەدەست ئەدەن. جگە لەو دەرهاویشتانەی کە لە کەرتەکانی فڕۆکەوانی، بەرهەمهێنان، کڕین و فرۆشتن،و ڕابواردن، و چەندین کارگەی زەرەرمەندی تر دەیبێت. 

پاش بەڵێندان بڕێکی کەمی ٥٠ بلیۆن دۆلاریان بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسەکە تەرخان کرد.  هەر ئێستاش پێشنیاری دابینکردنی یەک تریلیۆن و نیو دۆلار ئەکرێت بۆ ڕێگەگرتن لە داڕمانی تەواویی ئابوری. هەرچەندە ئەمەش بەس نییە بۆ ڕاوەستاندنی خوێنبەربوونەکە. ئەگەر حکومەت بەردەوام بێت لە پێشنیازەکەی بە ناردنی چێکی ڕاستەوخۆ بۆ هەر کەسێکی پێگەیشتووی خوار ئاستی داهاتی دیاریکراو، لە هەوڵدانی بۆ مانەوەی شتەکان لەو ئاستەی خۆی.  ئەی لێرەدا پارەدانەکە چۆن ئەبێت؟ ئەگەر لە بارێکدا بە سادەیی پارە چاپ بکەن، ئەوا لە دواین وێستگەدا قەیرانی هەڵئەوسان سەرهەڵئەدات. ئەمەش ئەبێتە هۆکاری دابەزینی بەهای دۆلار و کاریگەری هاندانەکەی.

منوچن پێداگری لەسەر ئەوە ئەکات کە " ئێستا کاتی گونجاو بۆ نیگەرانی لە بارەی کورتهێنانەوە نییە". زیادکردنی زیادەیەک بۆ قەرزی نیشتمانیی یارییەک نییە کە کۆتاکەی بکاتە سفر. لە ٢٤ تریلیۆن دۆلاردایە،  ئەم بڕە بە دروستی زۆر لە تێکڕای بەرهەمهێنانی ساڵانەی ئەمریکا زیادترە. تەنها بڕی دانەوەی سوودەکانی قەرزی ئێستا ساڵانە نزیک بە نیو تریلیۆن دۆلار ئەبات، کە نزیک بە ١٠%ی بودجەی فیدراڵییە.

دانەوەی هەموو ئەم خەرجییانە لە دواین وێستگەدا ئەکەوێتەوە سەر شانی چینی کرێکار لە رێگای دانەوەی بە شێوەی باج یان پەیڕەوکردنی سیاسەتی دەستپێوەگرتن لە داهاتوودا. هەموو ئەمانە بۆ دانەوەی سوودو قازانجی قەرزدەرەکان لە کەرتی تایبەت. سەیر لەوەدایە کە هەموو ئەم چێک و قەرزانە وا نیشان ئەدرێن کە هاوکارن بۆ چینی کرێکارو خاوەندارانی پیشە بچوکەکان( small-business ) . بەڵام مەبەست و ئامانجی ڕاستەقینە لێ‌ی بۆ دڵنیابوونەوەی بانکەکان و قەرزدەرەکانی ترە  تا پارەدانەکانی (قەرزەکانی) کرێ، قەرزی خانووبەرە، کارتی متمانەپێدان(بانک)، ئۆتۆبیل، و خوێندکاران، چەندەها جۆری قەرزی تر لە ژێر ناوی تردا مسۆگەر بکەن. بە دەربڕینێکی تر ئەمە دیسانەوە فێڵێکی تری دەوڵەمەندانە لە ژێر ناوی داهاتی بنەڕەتی لە کاتی فریاگوزاریدا. ئەی چی ڕووئەدات کاتێک کە چێکەکان تەواو ئەبن- بەڵام پیشەکان نەگەڕاونەتەوە؟

ترسی کڕین، شاردنەوەی کەلوپەل، یاریکردن بە نرخەکان، و ڕەفەی خاڵیی نێو فرۆشگاکان سەردێڕی ڕۆژنامەکانیان تەنیوە، لە کاتێکدا بۆ ئەمریکییەکی ئاسایی بێهوایانە هەست بە ئارامی و جێگیرییەک لە جیهانێکدا کە سەرشێتانە دێتەبەرچاو ئەکات. هەموو ئەمانە لە جیهانێکی دەگمەن دەستکرددا سەرهەڵئەدەن بۆ خەڵکانێک کە پاشەکەوتەکانی ژیانی ڕۆژانەیان تێکشکاوە یان هەر نییە، ترس لە ئایندە باڵی کێشاوە بەسەریاندا. لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆری خەڵک  لە سەرنجدانیان بە یارییەکی بەڕێکەوت کە بۆ دووبارە چالاککردنەوەی ئابوری بە ئامانجی پارێزگاریکردن لە موڵکدارێتی تایبەتی لەبەرچاویاندا ئەگوزەرێت هەست بە نائارامی و دوودڵیەکی یەکجارگەورە ئەکەن.

کورتەدیمەنێکی ئەمریکا لە هەڵدێراندا

کۆڤید نۆزدە هۆکاری دروستکردنی قەیرانەکە نییە. بەڵکو تەنها ناوەرۆکی بۆگەنبووی سیستمەکەی خستەڕوو و تێ‌ی هەڵدا. ئەکرا هەر ئۆرگانێکی زیندوو تووشی ئەم تاسان(شۆک)ە ببوایەو بە شێوەیەکی رێژەیی بەسەلامەتی لێ‌ی دەرچوایە. بەڵام کەمتوانایایی سەرمایەداری لە بەرگەگرتنی ئەم فشارە دەرەکییە بۆمان ئەسەلمێنێت کە سیستمەکە تەندروست نییە و تەنانەت هیچ جۆرە نزییکایەتیەکی لەگەڵ ژیانێکی شایستەی پڕ لە ڕێزو کەرامەتی مرۆڤدا نییە و نایەتەوە.

بۆ ئەو نەبوونی و پەژارەیی‌یە کە دەرگیری ملیۆنان کەس بووەتەوە، دیموکراتەکان لەگەڵ ترەمپ و هاوەڵەکانیدا هاوڕان کە سەرزەنشت(لۆمە) بخەنە سەر ڤایرۆسەکە نەک سیستمی سەرمایەداری. پێیان وایە کە " ئەمریکا هێزێکی مەزنە" بەڵام بۆ ملیۆنان خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش تەنانەت لە درێژترین ماوەکانی ڕوو لەگەشەی ئابوریشدا هەستیان بە بوژاندنەوە نەکردووە. لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانێکدا  کە مەودایەکی داستانیی هەیە جارێکی تر سەرمایەداران و نوێنەرە سیاسییەکانیان ئاماژە بەو جێگیرە ڕێژەیییە ئەدەن کە لە ماوەی پێشوودا هەبوو. هەربۆیە لەمڕووەوە بابەتەکە پێویستی بە هێڵکاری و وێنەکێشانی باری دارایی ئەمریکاوە هەیە پێش سەرهەڵدانی پەتاکە.

بەدرێژایی چەند دەیەی ڕابردوو ئەو کاتانەی سوودو قازانج کەڵەکە ئەکران و بازاڕی پشکەکان ڕوولەسەربوون.  زۆرینەی زۆری ئەو سەروەت وسامانەی کە دەرئەنجامی کارکردنی چینی کرێکار بەرهەم ئەهات بۆ دەوڵەمەندکردنی توێژێکی مشەخۆرو داکەوتوو لە لوتکەدا ئەڕۆشت. پشکی سامانی فۆربس (Forbes)  چوارسەد ئەوەندە زیادی کرد لە ١.٢٧ تریلیۆن دۆلارەوە لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ نزیکەی ٣ تریلیۆن دۆلار لە ساڵی ٢٠١٩، ئەمە لە کاتێکدا کە ڕێژەی باج‌دانی ڕوو لە نزمی کرد. بە درێژایی سێ دەیەی ڕابردوو سەروەت وسامانی تەنها ١%ی ئەوانەی لە لوتکەی دەوڵەمەندیدان بە بڕی ٢١ تریلیۆن دۆلار زیادی کرد. لە کاتێکدا ٥٠%ی هەژاران سامانەکانیان بە بڕی ٩٠٠ بلیۆن دۆلار  کەمی کردووە. لە ١٠% ی لوتکە(ئەوانەی لە لوتکەی دەوڵەمەندیدان)ی خێزانە ئەمریکیەکان- کە ئەکاتە نزیکەی ١.٢ ملیۆن خێزان- بڕی پوختی تێکڕای سامانەکانیان نزیک بە ٣٥ تریلیۆن دۆلاربوو – کە لە ٣٢%ی سەرجەم خێزانەکانە- کە ڕووی لەسەر کردووە بە بەراورد لەگەڵ داکشانە ئابورییەکانی ساڵی ٢٠٠٩ کە ئەو کاتانە ٢٧% پێک ئەهێنا.

لە ساڵی ڕابردوودا سەروەت‌و سامانی تەنها ٠.١% ی لوتکەی دەوڵەمەندەکانی ئەمریکا بە ئەندازەی ٩٠%ی کۆی گشتی دانیشتوانی ئەمریکا بوو. بڕی قازانجی کۆمپانیاکان لە ساڵی ٢٠١٨ گەیشتە ٢.٣ تریلیۆن دۆلار کە ئەکاتە سێ ئەوەندەی داهاتی نێوخۆیی وڵاتێکی وەک مەکسیک. تەنها سامانی سێ کەسی وەک جێف بیزۆس(Jeff Bezos)، بیڵ گەیتس(Bill Gates)، وارن بافیت(Warren Buffett) پێکەوە هاوتای سامانی ١٦٠ ملیۆن ئەمریکییە. کە نزیک بەنیوەی دانیشتوانی وڵاتەکەن یان کۆی دانیشتوانی لانی کەم چل ولایەتی بچووک. ئەم گواستنەوە نامۆو ناقۆڵایە نهێنییەکی کراوەیە و داخوازی ڕوولەسەری " پەناگای ملیاردێرەکان" زیاتر ڕوونتر ئەکاتەوە. لە کەشێکدا زۆربەی دەوڵەمەندەکان زۆر زووتر لەوەی پێشبینی پێویستی بوونیان ئەکرد ڕوویان لە پەناگایەکی ئاسوودە کردووە.

تێکڕای قەرەبووکردنەوەکانی کرێکاران تەنها بە ڕێژەی ١٢% چووەتەسەر لە ساڵی ١٩٧٨دا لە کاتێکدا ئەگەر بەراوردێکی بکەین ڕێژەی قەرەبووکردنەوەکانی دەستەی سەرۆکانی جێبەجێکار (CEO ) بە ڕێژەی ٩٤٠% چووەتە‌سەر لە هەمان ماوەدا.  یەک لەسەر پێنجی ئەمریکیەکان ڕێژەی سامانیان سفرە یان بە نەگەتیڤە، نزیک بە ٨٠%یان لە موچەوە بۆ موچە ژیان ئەکەن، نزیک بە ٤٤%یان لە چەند کارێک کار ئەکەن کە کرێکانیان لە خوار ئاستی نزمەوەیە بە تێکڕای ١٨ هەزار دۆلار لە ساڵێکدا. 

لانی کەمی کرێی فیدراڵەکان تا ئێستاش ٧،٢٥ دۆلارە لە سەعاتێکدا. کرێکارێکی کرێ نزم پێویستی بە لانی کەم دوو ئەوەندەو نیو کاری فوڵ تایم(هەشت سەعات لە ڕۆژێکدا)ه تاکو بتوانێت کرێی شوقەیەکی یەک ژوورنوستنی کە لە زۆربەی شارەکانی ئەمریکا وایە دابین بکات. لە هەر شەش منداڵ یەکێکیان لە هەژاریدا ژیان ئەکات. کە نیوەشیان لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن. ئەمە نزیک بە شەش ملیۆن منداڵ ئەکات کە داهاتی خێزانەکانیان کەمتر لە نیوەی ئاستی هێڵی هەژارییەوەیە.

دواتر جێوڕێی ژنانی کرێکار و دایکانی کرێکار هەن بە شێوەیەکی تایبەتتر. لە ساڵی ١٩٧٠ەوە تێچووەکانی(خەرجی) منداڵ تەنها لە بواری چاودێریکردنی منداڵ بە ڕێژەی ٢٠٠٠%دا زیادی کردووە. لە ساڵی ١٩٩٠ەوە تێچووەکانی چاودێریکردنی منداڵ بە بەراورد لەگەڵ هەڵئاوسانەکانی تردا دوو ئەوەندە زیادی کردووە. لە کالیفۆرنیا هەر ئێستا تێچووی چاودێریکردنێکی گونجاوی منداڵان لە ڕۆژدا نزیک بە نیوەی داهاتی دایکێکی تەنهایە.

چوونەسەری بەکارهێنانی مەوادی بێهۆشکەر، جگەرەکێشان، ئەلکهول، و خۆکوژی، کاریگەرییان لە دابەزینی ئاستی تەمەنی دایکانی سپی پێست کردووە، کە بە بەراوردیان لەگەڵ ژنانی ڕەش پێست و ئەمریکای لاتیندا ژیانێکی ئاسوودەتریان گوزەراندووە. سەیر نییە کە ڕێژەی لە دایکبوونەکان بۆ ماوەی چوار ساڵی دوای یەک کەمترین ئاستی تۆمارکردووە بە درێژایی ٣٢ ساڵی ڕابردوو. 

ئەمە بەو مانایە دێت کە کۆچکردن لەهەر کاتێک‌زیاتر بووەتە گرنگترین سەرچاوەی ژیانی کرێکارانی چەوساوە. لەگەڵ ئەمەشدا بەهۆی سیاسەتی نێوخۆیی- دابەش بکە و دەسەڵاتدار بە – کرێکاران ناچارن دووچاری تیرۆر، چەوساندنەوە، قوربانیدان، تەنانەت تا ڕاددەی ڕۆچوون بە قوڵایی و ئەوپەڕی تاریکی چەوساندنەوە ببنەوە. لە کاتێکدا کە دەرگای هەموو شارەکان لە سەرتاسەری وڵات داخرابوون بۆ زاڵبوون بەسەر پەتاکەدا، فەرمانگەی کۆچکردن و گومرک سەرگەرمی پەلاماردانی نەخۆشخانەکان و بردنی کۆچکردووانی نایاسایی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن(سجن). ترس و لەرزی کەمپەکانی دەستبەسەکردنی پەنابەران نمونەیەکی ترە بۆ نیشاندانی سروشتی داڕزیوو بۆگەنانەی سیستمی سەرمایەداری کە تەنانەت ناتوانێت مرۆڤایەتی لە سنورە دروستکراوەکانیشیدا لەخۆ بگرێت.

بۆ ئەمریکیە ڕەشپێستەکان لە پەیامێکی # BLM( واتە نوسینگەی بەرێوەبردنی شار-وەرگێڕ)دا لە فیلادەلفیا ڕێژەی مردن بۆ ئەمریکییە ڕەشپێستەکان دە ئەوەندە زیاترە بەهۆکاری کوشتن وەک لە کەسانی تری سپی پێست. ڕێژەی مردنی منداڵانی ڕەشپێست پێش یادی لەدایکبوونی یەک ساڵەیان سێ ئەوەندەیە لە چاو منداڵانی سپی پێست.  لە نیویۆرک کە زیاتر لەهەر جێیەک زیاتر مرۆڤ جیاکراوەتەوە لەسەر بنەمای ڕەگەز و نەژاد. لە ڕۆژهەلاتی هارلم (Harlem) ئاستی تەمەن (٧١،٢)ساڵە، لە کاتێکدا ئەوانەی کە لە بەشی سەرووی ڕۆژهەڵاتەوە ئەژین واتە چەند بلۆکێک دوورتر، ئاستی تەمەنیان (٨٩،٩)ساڵە. ڕێژەی زیندانیکردنی ڕەشپێستەکان پێنج ئەوەندەی سپی پێستەکانە. لە کاتێکدا کە تێکڕای سوودمەندی هەفتانەی کرێکارێکی ڕەشپێست کە فولتایم( هەشت سەعات کار لە ڕۆژێکدا) کار ئەکات ٧٢٧ دۆلار بووە لە مانگی حەوتی ٢٠١٩ ەوە تاکو سێپتەمبەری هەمان ساڵ لە بەرامبەریدا بۆ سپی پێستەکان ٩٤٣ دۆلار بووە. واتە بە ڕێژەی ٣٠%  جیاوازی، ئەمەش لە بارودۆخێکدا کە ئابوری ڕووی لە هەرەسهێنانە. ئەتوانین لەوە دڵنیا بینەوە کە زۆر لەوە زیاتر قوڵتر ئەبنەوە.

جگە لەمانە قەیران لە بواری تەندروستیش هەیە. تەنانەت پێش سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆناش گەمژەیی پایەی سیستمی تەندروستی چەقبەستنی بوو بەدەوری بەرزکردنەوەی سوودو قازانجپەرستی کۆمپانیاکانی دڵنیایی(بیمە). زنجیرەی نەخۆشخانەکان و کۆمپانیاکانی دەرمانسازیی بوونە فاکتەرێکی گرنگ لە بەرهەڵستی بەرامبەر بە بارودۆخی ئێستا لە بیروڕای گشتی خەڵکدا. هەرئێستا دە ئەوەندەی تر زیادیکردووە.  ملیۆنان ئەمریکی لە هەنگاوی یەکەمیاندا هەوڵی بەدەستهێنانی بیمەی تەندروستی ئەدەن، لە کاتێکدا ئەوانەی هەیانە دابڕاو نین لە قەرزی سیستمێکی پزیشکیی ئیفلیجبوو. بە پێ‌ی ئامارەکان لەهەر شەش ئەمریکییەک یەکێکیان لە ڕاپۆرتی بانکیاندا وەسڵێکی نەدراوی پزیشکیی هەیە کە لەسەر ئاستی ئەمریکا ئەگاتە بڕی ٨١ بلیۆن دۆلار. ساڵانە نزیکەی ٥٣٠ هەزار دۆزی مایەپووچی(ئیفلاس) هەیە کە بەهۆی قەرزی پزیشکییەوە ڕوویان داوە. لەوانەیە تێستکردنەکانی کۆڤید- نۆزدە بە خۆڕایی بن- ئەگەر دانەیەکت دەستبکەوێت- بەڵام تێچوونەکانی چارەسەرکردن لەوانەیە ژمارەیەکی زۆرتری خەڵکی هەژار مایەپووچ بکات.

پاش زیاتر لە دەساڵی بوژاندنەوە هێشتا لە پێنج ئەمریکی دووانیان هەوڵی بەدەستخستنی ٤٠٠ دۆلار لە کاتی فریاگوزاری خێرادا ئەدەن. لە هەر سێ خێزان یەکێکیان وەک " داڕماو لەباری داراییەوە" پۆلێن کراوە. تۆڕی دڵنیایی (تەئمین)کۆمەڵایەتیی تێکشکێنراو پاش چەند دەیە لە حوکمی دیموکرات و کۆمارییەکان جارێکی تر دووچاری پەلاماردان ئەبێتەوە. پێش ئەم ئاڵۆزییانەی دوایی، ترەمپ بڕیاری بڕینی سەدان بلیۆن دۆلاری لە بواری پیتاکی خۆراک، چاودێری پزیشکی، بێتوانایی، کەمئەمندامی، قەرزی خوێندکارانی کۆمەککراو،و چەندین بەرنامەو داشکانی باج کە کۆمەکیان بە ملیۆنان خەڵکی هەژارو کەمدەرامەت ئەکرد دەرکردبوو.

ئەو بارودۆخەی کە چۆن لەسەر زەوی ملیۆنان خەڵک کە وا بڕیارە هەوڵی کڕینی خواردنە سەرەکییەکانی ژیان بۆ ماوەی دوو هەفتە یان زیاتر لە کەرەنتینەکردن بدەن لەسەروو تێگەیشتنی هەرکەسێکەوەیە. تەنانەت ئەگەر پێشنیازی ناردنی چێکی – هەزار دۆلاریش دەستپێبکەن، تەنها ئەتوانێت خەڵک بۆ کورتماوە دوور لە گرفت و گرانی بهێڵێتەوە پێش ئەوەی لە قوڵایی زیاتری چاڵێک کە سەرمایەداری بۆی هەڵکەندوون نوقمیان بکات.

با بێینە سەر باسی گەنجان، کە پێوەرێکی هەستیاری چوونەسەری ستەمی کۆمەڵایەتین و زیاتر کاریگەرترن لە کاتی قەیرانەکاندا. خۆکوژیی دوەمین هۆکاری گیانلەدەستدانی کەسانی تەمەن ١٠-١٧ ساڵین، لە کاتێکدا بە بەراورد لەگەڵ دە ساڵی ڕابردوو چوارەمین هۆکاری گیانلەدەستدان بوو. دوودڵی بەربڵاوترین نەخۆشیی عەقڵییە لە ئەمریکا کە لە نزیکەی ٣٢%ی مێرمنداڵ لانی کەم یەکێکیان دەرگیریەتی. تەنها لە نیویۆرکدا نزیک بە ١١٤ هەزار خوێندکاری بێخانەو لانە هەن، کە ئەمەشیان چوونەسەری ٧٠% ئەکات بە بەراورد لەگەڵ چەند دەیەی ڕابردوودا. هەمان بڕو ڕێژە لە شارە گەورەکانی تری وەک شیکاگۆ و لۆس ئەنجلۆسیشدا هەن، ئەو شارانەی کە لەژێر کارگێڕی پارتی دیموکراتەکاندان.

ئەمە بارودۆخی ڕاستەقینەیە لە بەسامانترین وڵاتی سەر زەویدا. تەنانەت پێش ئەوەی پەتای کۆڤید نۆزدە تەواوی شتەکان بخاتە لێواری لەناوچوون. ملیۆنان ئەمریکی ساڵانە بڕی پێویستی داهاتیان بۆ دابینکردنی  بوارە سەرەکییەکانی ژیان وەک (نیشتەجێبوون، چاودێریی پزیشکیی، گواستنەوە، و خوێندن) نییە، واز لە بوارەکانی تری وەک خواردن، جلوبەرگ، ڕابواردن، و پاشەکەوتکردن بهێنە. پەتا بەردەوامەکانی ناو کۆمەڵگا وەک زیادبوونی کێش، بەکارهێنانی مەوادی بێهۆشکەر، هیرۆیین، دوودڵی و خەمۆکیی، خۆکوژیی، ئایدز و چەندانی تر لە شارەکان هەروا بە ڕێکەوت و لەخۆوە نەهاتووون و دەرنەکەوتوون. 

هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠

لە  جەرگەی بارودۆخێکی وادا، هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠ بەردەوامن لە ڕۆشنکردنەوەی زیاتر. هەروەک پێشتر لە بابەتێک ( سێشەممەی نایاب: چینی دەسەڵاتدار دژ بە ساندەرس یەکیگرتووە ) ئاماژەمان پێدابوو چینی دەسەڵاتدار ڕیزەکانی خۆی بەدژی ساندەرس(Sanders) داخستووەو هەموو گرەوی خۆی بە بایدن(Biden)ەوە گرێداوە. سەرباری دواخستنی لە ئۆهایۆ (Ohio) بەهۆی پەتاکەوە، بەڵام دەنگدان لە فلۆریدا، ئیلینۆیس، ئەریزۆنا بەڕێوە چوون و ئەو پەیامە بە بایدن وەک ڕابەری نوێنەرایەتی نەبەزیو ڕادەستکرا. بۆ داخستی کەموکوڕیی، ئەبوایە بایدن بە لانی کەم چل خاڵ لە پێشبڕکێ ماوەکاندا سەربکەوێت. فشار لەسەر ساندەرس بۆ یەکخستنی پارتەکە و دەرچوون لە پێشبڕکێکە توندتر ئەبنەوە. بایدن بێهوایانە بۆ بەدەستهێنانی بنکەی جەماوەریی ڕکابەرە گەنجەکان چەپکە زەیتونی درێژکرد و سوپاسگوزاری ساندەرسی بۆ ئەو "بەسۆزیی و پێداگرییەی"  کە لە گۆڕینی ڕێڕەوی وتووێژەکانی نێو وڵاتدا نواندی کرد. هەرچەندە تا ئێستا بێرنی (Bernie ) فەرمییە لە پێشبڕکێکەو هێشتا سەرشانۆ ئامادەیە بۆ سەرخستن و ئاڵۆگۆڕیی تریش.

هەموو ئەوانەی پشیگیریکردنیان لە بێرنی وەک دیموکراتێک بە بەشێک لە "ستراتیژییەکی نوێ" بانگەشەئەکرد نەک تەنها وەک جۆرێک لە "شەڕانگێزیی کەمتر" ، بە خێرایی لەگەڵ پرسیارێکی کۆنکریتدا بۆ پشتگیریکردن لە جۆ بایدن(Joe Biden)  بەرەوڕوو ئەبنەوە - کە لە بێرنی خۆشییەوە دەستپێئەکات. 

ئەمە دواین وێستگەی ئەو هەموو سووربوون، و سامان، و کاتەیە کە بۆ کەمپینی ساندەرس تەرخان کران. ئەمە ڕێگای داخراوی پارتی دیموکراتەکانە، زۆنگاو و قێزەونی بزووتنەوە پیشکەوتووخوازەکان. ئەگەر ئەو هەموو سەرچاوە و وزانە بۆ دامەزراندنی پارتێکی سۆسیالیستی ئاراستە بکرانایە کە ڕکابەری دوو پارتی مۆنۆپۆل بکات ئەوا ئێستا لە بارودۆخێکی تردا ئەبووین.

لەگەڵ پێچەوانەبوونی هەموو شتەکان بە سەرهەڵدانی کۆڤید نۆزدە، ملیۆنان خەڵک دێدگایەکی کراوەتریان ئەبێت بۆ حکومەت، لەوانەیە ببنە کردنەوەی دەروازەکان بۆ ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە سیاسەت و کۆمەڵگای ئەمریکی. بە چاولێکردن لە هەموو ئەو هەڵچوونە سیاسییانەی کە لە ئێستادا ئەگوزەرێن، ئەستەمە ئەو شێوازەی کە پارتێکی جەماوەریی سەربەخۆ وەریئەگرێت دیاری بکەین، دەروازەکانی لافاوێک لەبەردەم قورسایی قەیرانەکان لەوانەیە زیاتر بکرێنەوە. هێشتا دەرفەتێکی یەکجار کەم بۆ هێنانە پێشەوەی شتێکی تازە لە لایەن ساندەرسەوە هەیە. بەڵام دەرفەتی یەکلاکەرەوەی یاریکردنی لە پرۆسەکە لەدەستداوە. 

بۆ زیاتر دڵنیابوون، بێرنی وتووێژەکەی بە جێیەکی تردا برد و هەر خۆی پەیڤینێکی نیشتمانی کە سۆشیالیزم چییەو چی نییە دەستپێکرد. بەڵام پێکانی گۆڵکردنی نەگۆڕی و هەر لە چوارچێوەی یاریگاکەو بنەماکانی سەرمایەداریدا مایەوە!

ڕاپرسییەکانی ئەم دواییانە ئاماژە بەوە ئەدەن کە جۆ بایدن لەچاو ترەمپ دەرفەتێکی زیاتری بردنەوەی لە هەڵبژاردنە گشتیەکەدا هەیە. بەڵام ئەگەر هەفتە نەمرییەک(کاتێکی بێ کۆتایی) بێت لە سیاسەتدا لە باردوخی ئاسایی ئەوا ئەستەمە باردۆخەکە لە چەند مانگێکی هاوشێوەی ئەم کاتەدا بتوانرێ پێناسە بکرێت. ئایا دەستڕاگەیشتنی ڕوولەخواری ترەمپ بە جەماوەرێکی بێشومار،  توڕەیی ئاپۆرەی خەڵک ڕوناکی لەسەر پێشنیازەکانی لائەدات؟ ئایا هەست بە داماویی شکستی خۆی ئەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەتاکەو داڕمانی ئابوری کە بە ئاسانی ئەکرێت دەستیان لێهەڵگرێت؟ یان بواری ڕێگەپێدانێکی بۆ قوربانیدانی ئەوروپی و چینیەکان پێ ئەدرێت؟ ئایا دەنگدەران بڕیاری گۆڕینی ئەسپەکان لە گۆڕەپانەکەدا ئەدەن یان نا؟ تەنها کات ئەمەمان پێ ئەڵێت. لە هەردوو بارەکەدا سەرمایەداران پارێزەرێکی مەیدانییان هەیە بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەنییەکانیان لە کۆشکی سپی و کرێکارانی ئەمریکی ئەبنە دۆڕاو و زەرەرمەند تیایدا. بە هەمان شێوەی ساڵی ٢٠١٦ کە دەرفەتێکی گونجاوی هەڵبژاردنیی بارگاویکراوی سیاسی کە بۆ دامەزراندنی بنەماکانی پارتێکی جەماوەریی چینی کرێکار هاتبووەپێش لەدەستدرا. لەگەڵ ئەمەشدا تواناکانی دامەزاراندنی پارتێکی جەماوەریی کرێکاران کە خەبات بۆ ئامانجە سیاسییە ڕاستەقینەکانی کرێکاران بکات هەرگیز گەورە نەبوون.  سیاسەتی هەڵبژاردن تەنها گۆرەپانی خەباتی چینایەتی نییە، و قەیران هەموو لایەنەکانی سیستیمی کۆمەلایەتی ڕووەو دەستپێکردنی سیاسەتی جووت - پارتی بۆرژوازیی پاڵپێوە ئەنێت. لەگەڵ چوونەپێشەوەی خێرای ڕووداوەکان ناتوانین سەرهەڵدانی شێوازی تری خەبات و ڕێکخستن لە چەند مانگەکانی داهاتوودا ، کە پرسی هێزی سیاسی و ئابوری چینی کرێکار زۆر زووتر لەوەی پێشبینی ئەکرێت بهێنێتەوە سەر ئەرکەکانی ڕۆژ بەدوور بگرین.

بەرەو حکومەتێکی کرێکاریی!

تەنانەت لە "باشترین کاتەکان"دا هیچکام لەو کێشەو گرفتانەی کە دەرگیری چینی کرێکار ئەبن- لە نەبوونی

کاری گونجاو تا چاودێری تەندروستی تا نیشتەجێکردن و پەرەوەردە قابیلی چارەسەر لە ژێر سایەی سیستمی سەرمایەداریدا نین. تا ئێستا پێمان وتراوە لە گوایە سیستمەکە ئەتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەم قەیرانە بێوێنەیەدا بکات و ژیانمان باشتر بکات؟

کۆرۆنا تەنها دواین و نوێترین نەخۆشی گوێزراوەی ئەو شەپۆلی پەتایەی ئەم ساڵانەی دواییە لەسەرتاسەری جیهان،و هەڵقولاوی شێوازێکی هۆکارەکانی بەرهەمهێنانی پیشەسازیی قانج ویستە. یەکێک لە کاریگەرییەکانی بەخێوکردنی مەڕوماڵاتی زۆر لە بارودۆخ و جێگایەکی چڕو قەرەباڵغدا دابەزینی ئاستی سیستمی بەرگری ئاژەڵەکانە لە بەرامبەر ئەو زیندەوەرانەی کە ئەبنە هۆکاری نەخۆشی (بەکتریا و ڤایرۆسەکان) و دواتر بەردەوامی گوێزانەوەی نەخۆشی و پەتاکان بۆ مرۆڤ. هەورەها کوشتن و بازرگانیکردنی نایاسایی بە ئاژەڵە دەگمەنەکانەوە ئەگەرێکی تری هۆکاری گوێزانەوەی پەتاکان و مەترسیدانان لەسەر ژیانی مرۆڤە. بە پلەی یەکەم مێروولە خۆرەکانی پانگۆلین(pangolin) کە دووچاری کەمی  و لەناوچوون بوونەتەوە یەکێکە لەو ئاژەڵانەی بە هۆکاری سەرهەڵدانی کۆڤید نۆزدە هەژمار ئەکرێت.

لە چوارچێوەی ڕێچکە(میثۆد)ەکانی بەرهەمهێنان‌و دابەشکردنی سەرمایەداریی- بە یاسایی و نایاساییەوە- بە تایبەت ئەم ڤایرۆسە لەوانەیەو لەوانەش نییە ڕێگری لێکرابێت بۆ هاتنە ناو دانیشتوان. بەڵام ئەکرا لەگەڵ پانتایی بڵاوبوونەوەو وێرانکارییەکە بە ئاسانی مامەڵەی لەگەڵدا بکرایە ئەگەر تەندروستی مرۆڤ نەک سامانی تایبەتی پەڕەگوڵەبەڕۆژەی تاقیکردنەوەی(litmus test) چۆنێتی دەستنیشانکردنی سەرچاوە هەرەوەزییەکانمان بوونایە.

بەدرککردن بەو سەرچاوە مەزنانەی کە پێویستن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زریانەکە، تەنانەت هەندێک لە پلەو پایەکانی دەسەڵات ڕایانگەیاند کە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید نۆزدە ئەبێت بە هەمان بارودۆخی جەنگ چاولێبکرێت. ئێمە لەمڕووەوە بە تەواوی قبوڵمانە، بەپاشبەندکردنی ئەوەی کە لەسەر بنەمای جەنگێکی چینایەتی ڕووبەڕووی ببینەوە. بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و سەرمایەداران تەواو دژ بەیەکن. سیاسەتی سەرمایەدارن لە کاتی جەنگدا هەمان سیاسەتە لە کاتی ئاشتیدا: زیادکردنی قازانج و پارێزگاریکردن لە موڵکدارێتی تایبەتیی. ئێمە چیتر متمانەی چارەنووسمان بە کەسانێک ناسپێرین کە لە ڕێگای چڵێسی و تەمەڵییەوە گەشەکردنی ڤایرۆسە و پەتاکەیان بەم ئاستە گەیاند. 

سەرمایەداران پێشنیازی پشتگیریکردنی خەرجی لە پانتاییەکی بێوێنەدا بۆ ڕاگرتنی داکەوتن و داڕمانی سیستمەکەیان لە لایەن دەوڵەتەوە ئەکەن.  هەندێکیان داوای زۆر لەوە زیاتریان بۆ بە نیشتمانیکردنی سنوردار یان کاتیی پێکهاتە گرنگەکانی سیستمی چاودێری تەندروستی بۆ دەربازکردنی سیستمەکە لە قەیران هەیە. تەنانەت پاسەوانی نیشتمانیی و چەند یەکەی چالاکی سوپاشیان لەم ڕاستەیەدا بزواندووە. تەنانەت ترەمپ پەنای بۆ یاسای بەرهەمهێنانی بەرگریی لە کاتی جەنگ بۆ بەرفراوانکردنی دەمامکی نەخۆشخانەکان و پێداویستییە گرنگەکانی تر بردووە.

پاش ئەوەی بۆ چەندین دەیە ئەوترا کە " حکومەتی گەورە" دوژمنە، کە خۆی دانپیانانێکی تاکتیکییە لە  کاتی یەکلاییکردنەوە دێتە پیش، ئێستا تەنها دەوڵەت‌و تواناییەکانێتی ئەتوانێت پلانێکی ناوەندی بۆ مامەڵەکردنی خێرا و کاریگەرانە لەگەڵ قەیراندا دابڕێژێت. بەڵام ئەمە چ جۆرە دەوڵەتێکە کە ئەتوانرێت متمانەی بۆ پارێزگاریکردنی بەرژەوەندییەکانی گشتی پێبکرێت. ئایا ئەکرێ متمانە بە حکومەتی ترەمپ بۆ پارێزگاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کرێکاران بکرێت؟ هەموو پرسیارەکان وەڵامی خۆیان ئەدەنەوە.

مارکسیستەکان خاوەن تێڕوانینێکی جیاوازترن بۆ ئەوەی کە چی ئیمکانی هەیە. حکومەتێکی کرێکاریی بۆ گواستنەوەی (دەربازکردنی )مرۆڤایەتی لە سەرمایەداری. بە دەستپێکردن لە دەستبەسەرداگرتنی(مصادره) هەموو ئەو کۆمپانیا گرنگانەی کە ئامانجیان قازانجە و کارکردنیان لە پێناو قازانجی گشتی کۆمەڵگا لەژێر چاودێریکردنی دیموکراتیانەی کرێکاران تا دامەزراندنی حکومەتێکی کرێکاریی بۆ ڕێکخستن و بزواندنی چینی کرێکار بۆ ڕووبەرووبونەوەی سەرکێشیەکانی ئێستا. 

هاوشان لەگەڵ کۆمەلێک داواکاری کە لە بەرنامەی ڕەوتی مارکسیستی جیهانیی ( IMT) دا هەن، ئەمانەی خوارەوە چەند هەنگاون کە حکومەتی کرێکاریی کاریان بۆ ئەکات و هەوڵی جێبەجێکردنیان ئەدات ئەگەر تا ئێستا ئەنجامی نەدابن:

  • زیادکردنی خێرای مووچە بۆ دوو ئەوەندە، بە فەرمی ناسینی یەکێتییەکان و پارێزگاریکردن لەو " کرێکارە گرنگانەی"  کە هەر ئێستا لە بەرەکانی پێشەوەی ڕووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید نۆزەدان، لە سەوزە میوەفرۆشەکانەوە بگرە تا گەیاندن و گواستنەوە، چاودێری تەندروستی و بوارە پیشەسازییەکانی تر. زیادکردنی ژمارەی ڕیزەکانی بەرەنگاربوونەوەی پێشەوە بۆ چوار ئەوەندە، بە کارخستنی ملیۆنان کەس و ڕاهێنانیان بۆ  بردنەسەری هاوکاری و کەمکردنەوەی فشارەکان. دەستکراوەیی خەرجیکردنی ڕەها بۆ متمانەبوون لە زامنکردنی هەموو ئامێرو پێداویستیەکانی سەلامەتی کرێکاران بۆ ڕێگاگرتن لە تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسەکە. 
  • دیاریکردنی لانی کەمی کرێ بە هەزار دۆلار لە هەفتەیەکدا، بێ لەبارچاوگرتنی ئەوەی کە کارت هەیە یان نا، توانای چوونەوە سەر کارت هەیە یان نا. بۆچی ئەبێت تەنها کرێکاران و هەژاران باجی قەیرانی گشتی بدەن. ئەبێت ئەو کۆمپانیایانەی کە بۆ هەژاریی ئەگرین و باس لە بێتواناییان لە قەیرانەکە ئەکەن ناچار بە کردنەوەی دەفتەرەکانیان بکرێن.  ئەگەر بەڕاستی وایە و لە توانیاندا نییە ئەوا ئەبێت خاوەنەکانیان لە موڵکدارێتی کۆمپانیاکان ببەخشرێن و لە ژێر چاودێریکردنێکی دیموکراتیانەی کرێکاراندا بە نیشتمانیی بکرێن و لە ئابورییەکی داڕێژراودا بۆ زامنکردنی سەلامەتی هەر کرێکارێک کە کاری تێدا ئەکات لەگەڵ دابینکردنی مووچەکانیان ئیدارەو ڕێکبخرێن.
  • هەرکارگەو شوێنێکی کارکردن کە داخراوە یان کرێکارانی دوورخستۆتەوە بە نیشتمانی بکرێن و لە ژێر چاودێری دیموکراتیانەی کرێکاراندا بە پەیڕەوکردنی پلانێکی دروستی بەرهەمهێنان بەگەڕ بخرێنەوە بەجۆرێک کە هیچ کەموکورتییەک لە زنجیرەی بەرهەمهێنان و گواستەوەی بوارە سەرەکییەکانی خواردن، دەرمان و تەندروستی و .. هتد ڕوونەدات.
  • ترەمپ بە شێوەیەکی دیماگۆجیانە ڕایگەیاند "هەموو بەربەست و ڕێگرییە پێویستییەکان لە پێناو گەیاندنی چاودێری بە خەڵکانی خۆمان کە پێویستییان پێیەتی و مافی خۆیانە، لائەبەین و لەناو ئەبەین. هیچ سەرچاوەیەک پاشەکەوت ناکەین، هەرچییەک بێت" . هەرچەندە کە سەرۆک وردەکاری ئەوەی نەدا بەدەستەوە کە بەربەستی سەرەکی لە زامنکردنی هەرشتێک خودی سەرمایەداری خۆیەتی کە تەنها شتێکە نە سەرمایەدارن و نە خۆبەخشەکانیان هەوڵی لەناوبردنی نادەن. لەبەر ئەمەیە کە ئێمە داخوازی سیستمێکی چاودێریی کۆمەلایەتی خۆڕایی ئەکەین لە بواری خزمەتگوزاریدا. بە نیشتمانیکردنی دڵنیایی تەندروستی، ئامێرو هۆکارە پزیشیکییەکان، پیشەسازییەکانی بواری دەرمانسازیی، تۆڕی نەخۆشخانەکان، و نۆرینگە پەیوەندیدارەکان، و تێهەڵکێشکردنیان لە دامەزراوەیەکی دابینکاری دیموکراتیی تەندروستی گشتیدا. بە نیشتمانیکردنی هەموو زەوی و زارە گرنگانەی کە هەر ئێستا خاڵین و کردنی دەستەبەجێیان بە نەخۆشخانەو ( نۆرینگەی لەرزوتا). پێشنیازەکانی " سیستمی چاودێریی تاک " چاودێریی پزیشکیی بۆ هەموو" بەشی زۆری سیستمی چاودێری پزیشکی خستۆتە چنگی کەرتی تایبەتەوە کە چاودێرییەکی گونجاو شایستە مسۆگەرو پێشکەش ناکات.
  • کۆمیتە هەڵبژێردراوەکانی خەڵک لە ناوچە کرێکارنشینەکاندا خۆیان چاودێریکردنی دەستبەجێی نرخی کەلوپەلە بنەرەتییەکان بەڕێوە ئەبەن، هەر کەسێک یاری بە نرخ و بارودۆخی تەنگژەی خەڵکەوە بکات دەستبەجێ دەست بەسەر تەواوی کەلوپەلولەکانیدا ئەگیرێت و بەسەر ئەو کەسانەی کە زۆرترین پێویستییان پێیەتی دابەش ئەکرێن.
  • بۆ ڕاوەستاندنی بێمەرج و دەستبەجێیانەی کرێ و قەرزی خانووبەرە. دابەزاندنی تێکڕای قەرزی خانووبەرە بۆ سفرو دووبارەکردنەوەی مەرجەکانی ڕێکەوتن بۆ خێزانە کارکردووەکان. نرخی ئاسمانئاسای (بەرزی) کرێ‌خانوو خۆی لە خۆیدا سەرچاوەی فشارێکە لەسەر کرێکاران لە کاتی کارکردنی ئاساییدا (مەبەست لە هەشت سەعات کار لە ڕۆژێکدایە- وەرگێڕ) چ جای بارودۆخی ئێستا. ئەو خانووانەی کە ئێستا چۆڵن ئەبێت بکرێنە موڵکی گشتی و ئامادە بکرێن بۆ نیشتەجێکردنی کەسانی بێخانەو لانە،و کەمکردنەوەی ئەو قەرەباڵغیە زۆرەی کە ئێمەی وەک مشک لە شارە گەورەکاندا لە قاڵبداوە. چۆن خەڵک لە ماڵەوە بمێننەوە (stay at home ) لە کاتێکدا خۆیان خانوویان نییە تێیدا بمێننەوە؟
  • لە کاتێکدا کە چاودێری بەدوورگرتنی کۆمەڵایەتی لە پێناو پاراستنی تەندروستی گشتی ئەکەین هاوشان داخوازی زامنکردنی پێداویستییە سەرەکیەکانمان ئەکەین و هیچ چەشنە سنوردارکردنێک لە مافی دەستکاریکردن تێیدا لە ژێر ناوی فریاگوزاری نیشتمانیدا قبوڵ ناکەین.
  • بە نیشتمانیکردنی سەرچاوە سەرەکی و گرنگەکانی ئابوری،  پیشەسازییە سەرەکییە گەورەکان، بانکەکان، و کۆمپانیاکان!  شکاندنی بێسەرەوبەرەیی ناعەقلانی بازاڕی ئازادی سەرمایەداری. نەخێر بۆ دەستپێوەگرتن(تقشف)– لێگەڕێن با دەوڵەمەندەکان باجی قەیرانەکە بدەن! نا بۆ قەرەبووکردنەوەی ملیۆنێرو ملیاردێرەکان. قەرەبووکردنەوە تەنها بۆ ئەو کەسانەیە کە پێویستی ڕاستەقینەیان پێیەتی. دەمجکردنی بانکە بە نیشتمانیکراوەکان لە بانکێکی یەکگرتوو کە لەلایەن خەڵکەوە خاوەندارێتی بکرێ و بەڕێوەببرێت بە شێوەیەکی گشتی بۆ پارێزگاریکردنی پاشەکەوتکردنەکانی کرێکاران و دابینکردنی قەرز بۆ هەموو کەس. هەموو کۆمپانیا بە نیشتمانیکراوەکان لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی و کۆنترۆڵی دیموکراتیانەی کرێکارانەوە بەڕێوەئەبرێن، و تێهەڵکێش بە پلانێکی سۆسیالیستانەی بەرهەمهێنان ئەکرێن تا وەڵام بە پێداویستیەکانی کۆمەڵگا بدەنەوە. لابردنی هەموو بارگرانییەکانی سەر خوێندکاران، کارتی قەرز،  کرێ و قەرزی ئوتومبیل و دواتر سڕینەوەی دەستبەجێی هەموویان!

ئەمە جۆری ئەو ڕێکارە گرنگانەن کە پێویستن، نە کۆمارییەکان و نە دیموکراتەکان ناتوانن ئەنجامی بدەن. هەموو ئەمانە بە چەند داواکاریی دوور و دەستڕانەگەیشتوو دێنەبەرچاو-  لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا ، بە دڵنیایی ئەمە ڕاستە. بەڵام مارکسییە شۆڕشگێڕەکان داواکارییەکانی خۆیان لەسەر بنەمای پێداویستیە بابەتییەکانی چینی کرێکارو پۆتێنشیاڵی ( توانایی) بابەتیانە کە وەڵام بەو پێداویستییانە بدەنەوە دائەڕێژن نەک ئەوەی ئەم داواکارییانە لە سەر بنەمای سەرمایەداری " پراکتیکین" یان " واقعین".

هەرئێستا کاتی ئەوەیە کۆتایی بە کێبڕکێ‌ی دەستکردو بەفێڕۆدراو و نادڵنیایی بازاڕ بهێنین. جیهان زۆر زیاتر لە ئاستی پێداویستی داواکراو ، سەروەت و سامانی کەڵەکەبوو و توانایی بەرهەمهێنانی هەیە بۆ گۆڕینی هەسارەکە و مامەڵەکردن لەگەڵ پەتای چەشنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و گۆڕینی کەشوهەوا بەکەمترین پشێویی و زیانی گیانی و مرۆییەوە.

تەنها پێنجسەد کۆمپانیای لوتکە تێکڕایی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی پێکئەهێنن. چینی دەسەڵاتدار خۆیان پێ‌یان وایە کە " زۆر گەورەن کە شکست بهێنن" . مارکسیەکان پێ‌یان وایە " زۆر گەورەن کە بخرێنە ژێر چنگی موڵکدارێتی تایبەتییەوە".

ئەو جیهانەی کە ئێمە بەر لە یەک دوو هەفتە تیایدا ئەژیان مردووە و کفن کراوە. نەریت و تێڕوانینی جیهان کە لێوەی هەڵئەقوڵان چیتر قابیلی بەردەوامیی نین. کۆمەڵگا لە پرۆسەی داڕشتنەوەی پێکهاتەی خۆیدایە. پرسیارەکە لێرەدایە کە ئایا داڕشتنەوەی پێکهاتەی کۆمەڵگا بە ویستی سەرمایەداران ئەچێتە پێش یان چینی کرێکار دەست بەسەر چارەنوسی خۆیدا ئەگرێ لە ماوەی مێژووی داهاتوودا.

هەرچەندە ژمارەیەکی کرێکاران بۆ ماوەیەک لە بەرامبەر بارودۆخی ئێستادا سەرشۆڕ ئەکەن، بەڵام لە دواینجاردا شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی ومانگرتن و سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە جەماوەرییەکان، سەرهەڵئەدەن کە کرێکاران ڕێکئەخەن و ڕوو لە ناوەندەکانی کاریش ئەکەن بۆ پاراستنی بژێوی ژیان و بارودۆخی کارکردنیان.  پێکهێنانی کۆمیتەکانی کرێکاران و دەستگرتن بە سەر شوێنەکانی کاردا چەند کارتی ترن لە بەرامبەر دەرکردن و بێکارکردنی ملیۆنیی کرێکاران. تەنانەت نابێت دامەزراندنی کۆمیتەکانی گەڕەک بۆ پارێزگاریکردن لە سەلامەتی و پاراستنی ژیانێکی شایستە بە کرێکاران لە ناوچە کرێکاریی و هەژارنشینەکان بە دووربگرین. هەموو ئەمانە ئەکرێت بنەماکانی جۆرێک لە بارودۆخی  دوو دەسەڵاتی(dual-power) دابڕێژن کە لە ماوەکانی ڕابردوودا لە ئیکوادۆر و سودان بینیمان.

ئەستەمە ڕیتمی چوونەپێشەوەی ئەم ڕووداوانە پێشبینی بکرێن، مارکسیەکان تۆپی کریستاڵییان پێ نییە (مەبەست لەوەیە کە بەشێویەکی سیحراویی پێشبینی داهاتوو بکەن- وەرگێڕ)، ئێمە لەوە تێئەگەین کە تەنانەت لە بارودخی قەیراناویی قوڵدا چەند هەڵچوون و داچوونی کاتیش سەرهەڵئەدەن. ئەکرێت گرتنە بەری ڕێکارەکان لە ژێر ڕەچاوکردندا بۆ ماوەیەک شتەکان جێگیر بکەن و ڕێگری لە سەرهەڵدانی ئەم چەشنە دیاردانە بگرن. بەڵام هیچ شتێکی بنەڕەتی و جەوهەری چارەسەر ناکرێن،  قوڵیی متمانەبەخۆبوونیی چینی کرێکار بە تەواوی هەڵتۆقیوە. 

"بارودۆخی ئاسایی نوێ" بۆ دووەمین جار تەنها لە ماوەی دەیەیەکدا بەسەر چینی کرێکاردا ئەسەپێنرێتەوە. هەستکردن بە " ئیتر بەسە"  تا ئەو جێیەی کە پەیوەندی بە ناجێگیری و دیقەتی سیستمەکەوە هەیە درەنگ یان زوو ملیۆنان خەڵک ناچار بە هاتنە پێشەوەو بەڕێخستنی چالاکی ئەکات. هەر لەبەر ئەمەیە ئەتوانین  پێشبینی چوونە ناو بارودۆخێکی سەخت و دژوارتر لە ساڵەکانی ٢٠٠٨ ،و ١٩٧٠ و تەنانەت (١٩٣٠)ە کانیش بکەین. هێشتا چەند دەرهاویشتەی پێشبینی نەکراویش هەن بەڵام یەکێک لە دەرهاویشتەکان ئەوەیە کە لە قۆناغێکی دیاریکراودا بارودۆخێکی شۆڕشگێڕانە لە هەناوی دڕندەکە خۆیدا دێتە پێش.

جێ‌ی داخە ڕابەرە کرێکارییەکانی ئێستا هیچ شتێکی واتاداریان بۆ ڕێکخستنی ئەو هێز وتوانا مەزنەی ئەندامەکانیان نەکردووە. لە جیاتی ئەمە ڕیتچارد ترومکا (Richard Trumka) ڕابەری فیدراسیۆنی (AFL-CIO ) بانگەوازی سیانزە ملیۆن ئەندامەکەی فیدراسیۆنی کردووە تا  پەیوەندی بە نوێنەرەکانیان بکەن تا باشتر پێوانەکانی سەلامەتی بەرێوەبەرایەتی سەلامەتی و خۆپارێزی پیشە (OSHA)( بەرێوەبەرایەتییەکە سەر بە وەزارەتی کاری ئەمریکا- وەرگێڕ) جێبەجێ بکەن. ئەمە وەک ئەوە وایە داوای سکاڵانامەیەک لە دراوسێکەت بکەیت تا پێشکەشی شارەوانی بکات بۆ دانانی ڕێڕەوی(ڕەسیف) تازە لە کاتێکدا زریانێکی تۆڕنادۆ هەموو ماڵ و جادەکانی بەخۆوە ڕاپێچ کردبێت. 

چینی کرێکار پەشۆکاوە و لە پانتایی دەرهاویشتەیەک کە بەرۆکیان ئەگرێت ترساون. کاریگەرییەکان لە غیابی ڕابەرایەتییەکی بەرچاوڕۆشنی خەباتی چینایەتی دوو ئەوەندە ئەبن. بەڵام ئەو کاتانەی ملیۆنان ئەمریکی درک بەوە ئەکەن کە چارەسەری تاکلایەنە بەس نین، هەڵوەشاوەیی و پەرشوبڵاویی چینی کرێکار لە دواجاردا پێچەوانە ئەبنەوە.  هاوپشتی و چالاکی دەستەجەمعی پێویستن و زۆر لەوەش دڵنییاین کە وزە و داهێنانی بێسنووری چینی کرێکار ڕێگاکان و کردنی بە ڕاستییەک ئەدۆزنەوە.

پاش هەڵچونی هێواش و لەسەرخۆی بارودۆخەکە لە چەند دەیەی ڕابردوودا ئێستا بە جێیەک گەیشتووە کە هەموو خاڵە دژبەیەکەکانی سیستمەکە لە باری کوڵاندان. ئێمە بە واقعی لە جەرگەی جەنگێکداین- و وەک ئەڵێن جەنگ خزمەتکاری شۆرشە.  تێکچوونی باری ئاسایی ژیانی خەڵک کە بەهۆی جەنگ و قەیرانی سیاسی و ئابورییەوە سەرهەڵئەدەن پریشکی قەڵەمبازێکی گەورە لە بیروهۆشدا هەڵئەگیرسێنێت‌و ئەبێتە پاڵپێوەنانی ملیۆنان خەڵک لە ڕاستای شۆڕشێکی نەپساوەدا.

هێڵی چەماوەی (کێرڤی) چوونە پێشەوەی نێوان توانیاییە شۆڕشگێڕییەکان و واقیع ئەکرێت لە کاتی بوونی هاندەرێک لە فۆرمی ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕانەدا بە شێوەیەکی بەرچاو خێراتر بکرێنەوە. ئەمە ئەو تێڕوانینایە کە ڕێکخراوی بەرگری لە مارکسیزم (IMT ) خۆی بۆ ئامادە ئەکات. ئێمە پێویستمان بە " هەموو دەستەکانی ناو کەشتییەکە" هەیە، بانگەوازت ئەکەین بۆ بەشداریکردن لە یەکێک لە کۆنفرانسەکانی وتوێژکردن کە هەفتانە سازی ئەکەین تا ئەو بەربەستە کاتییانەی لەسەر بزووتنەوەو کۆبوونەوەکان هەن تێپەڕێنین و خۆمان بۆ خستنەناو خەباتێکی واقیعیانە لە ئاسۆدا سازو ئامادە بکەین.

ڕوونکردنەوە:

  • تێرمی litmus test لە زانستی کیمیادا دیاریکردنی پلەی ترشێتی (ph) ە لە ڕێگای پەرەیەکەوە کە لە گوڵەبەڕۆژە دروستکراوە، بەکارهێنانی ئەم تێرمە لە باری سیاسییەوە بەمانای پرسیاری یەکلاکەرەوە دێت.
  • single-payer سیستمێکی چاودێری تاکلایەنەی پارەدانە لە ڕێگای باجەوە دابین ئەکرێت بۆ سەرجەم دانیشتووان.
  • فدراسیۆنی کرێکارانی ئەمریکا- کۆنگرەی ڕێکخراوەکانی پیشەسازی (AFL-CIO ) گەورەترین فدراسیۆنی یەکێتیە کرێکارییەکانە لەساڵی ١٩٥٥ ەوە دامەزراوە و نوێنەرایەتی سیانزە ملیۆن کرێکار (لەسەرکار و خانەنشین ) ئەکات.

سەرچاوە : https://socialistrevolution.org

https://www.marxist.com/american-capitalism-on-the-edge-of-the-abyss.htm