هەڵبژاردنەکانی ئیتالیا: بۆچی باڵی راستڕەو سەرکەوتنی بەدەستهێنا، و لە ئامادەسازی چیدایە؟

دوێنی ئەوەی بە "هەرە ڕاستڕەوترین "حکومەت لە دوای جەنگی جیهانی دوومەوە پێناسەئەکرێ هەڵبژێردرا، برایانی ئیتالیا (Fratelli d’Italia) کە لە لایەن جۆرجیا میلۆنیەوە ڕابەرایەتی ئەکرێ، وەک یەکەمین پارت لە ئیتالیا بە ڕێژەی ٢٦% دەنگەکانی بەدەستخست. چۆن کەسێک بتوانێت هەڵکشانی ئەم دەنگانە بۆ پارتێک لێکبداتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٨ تەنها خاوەنی 4.3% دەنگەکان و 32 ئەندام پەرلەمان و 18 سیناتۆر بوون؟ ئێمە لەم بابەتەدا ئەو هۆکارە دەستنیشان ئەکەین، بۆچی گۆڕانکارییەکیی بەرچاوی لەم چەشنە لە سیاسەتی ئیتالیادا ڕووی داوە، و ڕەهەندەکانی لەو ڕووەوە دەستنیشان ئەکەین.

[Source]

بەڵام سەرەتا با چاوێک لە ڕاستییە پوختەکانی هەڵبژاردنەکان بکەین. هاوپەیمانی ناوەند- ڕاست بە ڕێژەی 43.82%ی دەنگەکان بەرامبەر بە 26.2%ی ناوەند-چەپەکان سەرکەتوو بوو. پارتی دیموکرات (PD) لە بەدەستخستنی ڕێژەی 19.11%ی دەنگەکان، کەوتە ژێر بەربەستە دەروونییە گرنگەکانی ڕێژەی 20% ەوە، بزووتنەوەی پێنج ئەستێرەکان (M5S) ئەگەرچی زۆر خراپتر لەوەی لە دەنگدانەکانی ساڵی ٢٠١٨ بەدەستیان خستبوو بە ڕێژەی 15.33% زۆر باشتریان لەوە ئەنجامدا کە چاوەڕوان ئەکرا،. لیگا ڕابەرایەتیکراو لە لایەن سالڤینی‌یەوە شکستێکی مەزنی بە ڕێژەی 8.8 % ئازارچەشت، کەمێک باشتر لە فۆرزا ئیتالیای (Forza Italia) بەرلسکۆنی کە تەنها بە ڕێژەی 8.1%ی سەرکەتوو بووە. پارتی (Azione-Italia Viva) جیابووەوە لە باڵی پارتی دیموکراتی کۆن- لە نێویدا ڕێنزی) بە ڕێژەی 7.78% سەرکەتوو بوو. چەپە سەوزەکانی ئیتالیا بە ڕێژەی 3.64% سەرکەتوو بوون و ژمارەیەکیش لە هێزە بچووکەکان لە تێپەڕاندنی ڕێژەی دیاریکراوی 3%ی چوونە نێو پەرلەمان شکستیان هێنا، کە ئەمانەش یەکێتییە ناسراوەکانی ئیتالیا (کە یەکێک لە پێکهاتەکانی Rifondazione Comunista بوو) – تاکە هاوپەیمانی چەپی ڕاستەقینە،و سەرجەمیان پێکەوە ڕێژەیەکی داماوانەی 1.43%یان دەستخست.

ئەگەرچی بەهۆی هەڵبژاردنی ئاڵۆزاوی پەرلەمانەوە، هێشتا دواین هاوسەنگی هێزەکانی نێو هەردوو دامەزراوەی پەرلەمان و ئەنجومەنی پیران بەرچاو نین، بەڵام وا پێئەچێت هاوپەیمانی (میلۆنی) بە بوونی 235 ئەندام لە کۆی 400 ئەندام پەرلەمان و هەروەها بوونی 115 سیناتۆرەوە – کە ئەنجومەن سەرجەم خاوەنی 206 ئەندامە - ببێتە زۆرترین براوەی هەڵبژاردنەکان، کە تیایدا پشکی برایانی ئیتالیا (Fratelli d’Italia’s) لانی کەم 118 پەرلەمانتار و 66 سیناتۆر ئەبێت، ئەم هاوکێشەیە بە مانای ئەوە دێت بەردەوام میلۆنی لە دانوستانەکانیدا ناچار ملدان بە خواستەکانی لیگاو فۆرزای ئیتالیا ئەبێت. هەر لەسەرەتاوە ئەیکاتە هاوپەیمانییەکی ناسەقامگیر، کە هەریەکەیان لە هەوڵی دەستخستنی زیاتر لەسەر حسابی هاوپشکەکانیان ئەبن. لە ڕاستیدا ڕۆژنامەی فاینەنشیەڵ تایمز ئاماژەی بە فاکتی وێناکردنی هەریەکە لە سالڤینی و میلۆنی وەک دوو"دژ بەیەک" کردووە لە سەر بنەمای ئەو ڕاسەتییەی هەریەکەیان سەرباری جیاوازییەکانیان دەربارەی خەرجییەکانی خزمەتگوزاری گشتی و شەڕی ئۆکراینا، لە هەوڵی بەدەستخستنی هەمان جەماوەری دەنگدەراندا بوون.

خۆبەدوور گرتن

ئەوەی زۆر بەتایبەت بەرچاوە، بەشداری نزمانەی ڕێژەی 63.91% ی دەنگدەرانە کە لانی کەم بە ١٠% لەچاو هەڵبژردنەکانی ٢٠١٨دا کە ڕێژەی 73% بەشدارییان تێدا کرد کەمترە. بۆ ئەمە پێویستمان بە زیادکردنی ئەو خەڵکانەش هەیە کە لە پرۆسەی دەنگدانەکان هاتوونەتە دەر، بەڵام کارتی دەنگدانی سپی یان شێوێندراویا ن خستووەتە سندووقەکانەوە کە لە ساڵی ٢٠١٨دا ڕێژەی 3%یان پێکئەهێنا ( گەرچی تاکو ئێستا ئاشکرا نەکراوە بەڵام پێئەچێت ئەمساڵ لەو ڕێژەیەش زیاتر بێت )، بەمەش ڕێژەی جەماوەری ئیتالیا کە لایەنگری لە هیچ پارتێکی سیاسی ناکەن ئەگەیەنێتە نزیکەی 40%. ئەمە لە خۆیدا دەستنیشانی ئەو مەودا فراوانە پەرەسەندووەی نێوان چینێکی مەزن لە جەماوەری خەڵک و گشت پارتە سیاسییەکان ئەکات. لە لێکدانەوەی بەروارکردنی ئەم گۆڕانکارییە لەگەڵ ساڵی ١٩٧٦ کە 93%ی دانیشتوانی ئیتالیا بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بە ڕێکەوتن، ئەکرێت مرۆڤ بیرۆکەیەک دەربارەی ئەم پرۆسەیەی ئاڵوگۆڕییە کە ڕوویداوە بەدەستبخات. لە ڕاستیدا ژمارەی ئەو خەڵکانەی کە خۆیان لە هەڵبژاردنەکان بەدوور گرت ( نزیکەی ٤٠% ) ئێستا تاکە گەورەترین بلۆکە، زۆر زیاتر لەو پارتەی کە لە هەڵبژاردنەکانی ئێستا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. 

بە دڵنیاییەوە خەڵکانێکی زۆر لە چەپەکان و بە تایبەت چالاکوانە بەتەمەنەکان هەست بە خەمبارییەکی زۆر ئەکەن. تەنانەت هەندێکیش بەهۆی ئەو هاوسۆزییانەی ڕابردوو کە بە ئاشکرا جۆرجیا میلۆنی بۆ مۆسۆلۆنی دەریبڕیون ترسیان لێنیشتووە، کە چیتر ئیتالیا ڕووەو فاشیزم هەنگاو ئەنێت. بە گەڕانەوە بۆ ساڵی ١٩٩٦ ئەو کاتانەی میلۆنی تەنها ١٩ ساڵان بوو ئەمەی بۆ مۆسۆلۆنی دەربڕیوە:

کەناڵێکی تەلەفزیۆنی فەڕەنسی:

"پێم وایە مۆسۆلۆنی سیاسەتمەدارێکی باش بووە، هەموو ئەو کارانەی ئەیکرد لە پێناو ئیتالیا ئەیکرد، لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا هیچ سیاسەتمەدارێکی وەک ئەو وێنای نەبووە"

لەو کاتەوە، هەندێک لە ئاوازەکەی گۆڕیوە. لە مانگی ڕابردوودا ئاوای ڕاگەیاند:

" چەند دەیە لەمەوبەر باڵی راستی ئیتالیا فاشیزمی بە مێژوو سپارد، بێ هیچ دوودڵیەک نەبوونی دیموکراسی و یاسا ناوزڕاوەکانی دژ بە جووەکانی ئیدانە کردووە"

ئەگەرچی، لە ڕووی بابەتییەوە پرسیارەکە لەوەدا نییە کە ئایا میلۆنی هاوسۆزی بۆ مۆسۆلۆنی هەیە یان نا. برایانی ئیتالیا (Fratelli d’Italia) پارتێکی فاشیست نین کە ڕووەو ڕۆما پێشڕەوی بکەن، دیموکراسی پەرلەمانیی لەناو ببەن و دیکتاتۆری تاک حزبی دابمەزرێنن. هەر هەوڵدانێک بۆ هەنگاونان بەم ئاراستەیەدا گەنجان و کرێکارانی ئیتالیا ئازاد و دەستکراوە ئەکات و چینی دەسەڵاتدار ڕووبەڕووی هەلومەرجێکی شۆڕشگێڕانە ئەکاتەوە. هەروەها ئەبێت سەرنجی ئەوش بدەین کە تەنها 64%ی دەنگدەران بەشدارییان کردووە، و ڕێژەی برایانی ئیتالیا تەنها 16% یە لە کۆی دەنگدەرانی گشتی، بە مانایەکی تر لە هەر شەش ئیتالییەک یەک کەس، هەربۆیە گرنگە لە کاتی چاولێکردنی ژمارەو ئامارەکاندا هەست بەم ڕێژانە بکەین.

میلۆنی ماوەیەکە زەمینەکانی هەڵسوڕانی خۆی ئەگۆڕێ و ڕووەو پێگەیەکی بەرپرسیارانەتر هەنگاو ئەنێ، تەنانەت هەڵوێستەکانیشی دەربارەی یەکێتی ئەوروپا میانەڕەو کردووە، هەروەک چۆن ماری لا پێن (Marine Le Pen) لە فەڕەنسا کردی. ئەم کۆنەپەرستانەی باڵی ڕاست یاری بە هەستی دژە یەکێتی ئەوروپایی ئەکەن، بەڵام تا زیاتر لە حکومەت نزیک ببنەوە زیاتر ئەکەونە سەر هێڵی بەرژەوەندەییەکانی چینی سەرمایەداری. لە ڕاستیدا یەکێک لەو وشانەی کە میلۆنی هەر لە کاتی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا دووپاتی ئەکاتەوە "بەرپرسیارێتی"یە. ئەو پرسیارەی کە ئەبێت لە خۆمانی بکەین "بەرپرسیارێتی" لە بەرامبەر کێ؟ میلۆنی پەیامێکی ڕوون بۆ بۆرژوازی ئیتالیا و یەکێتی ئەوروپا ئەنێرێت کە لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ئەودا ئیتالیا لە یەکێتی ئەوروپا ئەمێنێتەوە و سیاسەتی هاوتەریبانەش لەگەڵ پێداویستییەکانی سەرمایەداری پەیڕەو لێئەکات. میلۆنی سیاسەتمەدارێکی دڵخوازی چینی دەسەڵاتدار نەبووە، هەربۆیە پێیان ئەڵێت :"دەتوانن متمانەم پێ بکەن".

هەروەها پێویستە ئەوەمان لەیاد بێت میلۆنی پێشتر لە حکومەتدا بووە. لە ساڵی ٢٠٠٨ لە حکومەتی بێرلۆسکۆنی وەزیری کاروباری لاوان بووە و دواتر دەنگی بە کەمکردنەوەکانی خەرجی خانەنشینی داوە کە لەلایەن حکومەتی تەکنۆکراتی مۆنتی لە ساڵی ٢٠١١ پێشنیازکرا، کە بە "چاکسازی فۆرنێرۆ" ناسراوە. کە تەنها دواتر ڕایگەیاند دژی ئەو سیاسەتەیە! ئێستا بێگومان بانگەشەی ئەوە دەکات کە شتێکی نوێ پێشکەش دەکات. بەڵام ئەو خانمە بۆ چ ئامانجێک کار ئەکات ؟

میلۆنی کەسێکی تەواو کۆنەپەرستانەی باڵی ڕاستە. بۆ نموونە، ساڵانێک لەمەوبەر دژایەتی خۆی بۆ پێشنیازە یاسایەک دەربڕیوە کە ڕێگری لە بەرکارهێنانی توندوتیژی و ئەشکەنجە ئەکات لە لایەن پۆلیسەوە لە کاتی لێکۆڵینەوەکانیان، ئەو دژ بە هاوسەرگیری هاوڕەگەزبازانە، ئەم خانمە دژ بە پێدانی ڕەگەزنامەی ئیتالیایە بە منداڵانی ئەو کۆچبەرانەی لە ئیتالیا لەدایکبوون و ئەبن، "کۆچبەریی" وەک هەڕەشەیەک بۆسەر "شوناسی ئیتالیا" ئەناسێنێت، تێڕوانینەکانی ئیسلامۆفۆبی بە ڕوونی بەیان کردووەو خوازیاری دانانی گەمارۆی دەریایی‌یە بۆسەر لیبیا، ئەو دەیەوێت مافی لەباربردنی منداڵ سنووردار بکات و بەم شێوەیە. ئەم خانمە بە تەواوی پشتگیریی لە ناتۆ و هەوڵە جەنگییەکانی لە ئۆکراینا ئەکات و ئەبێتە توخمێکی بەشداربووی بەردەوامبوونی سزاکانی سەر ڕوسیا، ئەو سزایانەی کە زیان و ئازار بە ئابووری ئیتالیا ئەگەیەنن. هەرچەندە ئەمە ئەبێتە سەرچاوەی بەریەککەوتن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە سالڤینی و بەرلسکۆنی، کە هەردووکیان بە ئومێدی کەمکردنەوەی هەندێک لە فشارە ئابوورییەکانی سەر ئیتالیا بە ئاراستەی جۆرێک لە دانوستان لە ئۆکراینا مەیلیان هەیە.

ڕوونکردنەوەی سەرکەوتنی برایانی ئیتالیا

کەواتە پرسیارەکە هەر لە جێ‌ی خۆیدایە، چۆن توانی سەرکردایەتی برایانی ئیتالیا بۆ سەرکەوتنێکی لەم چەشنە لە هەڵبژاردنەکاندا بکات؟ وەڵامەکە زۆر ڕوونە. پارتەکەی ئەو لە دواین خولی پەرلەماندا تاکە پارتی ئۆپۆزسیۆن بوو. دراگی (Draghi) ، پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندی ئەوروپا بانگهێشت کرا بۆ ڕابەرایەتیکردنی هاوپەیمانییەکی گەورە لە پارتی دیموکرات(PD)، پێنج ئەستێرە، لیگ، فۆرزا، ڕێنزی و ڤیڤا و چەند هێزێکی بچووکی تر، بە زۆرینەیەکی تۆکمەی 562 ئەندام پەرلەمانەوە لە کۆی 629 ئەندام. کە لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە بە داراییەکی بێشوومارەوە پشتگیریی لێئەکرا – بە مانایەکی تر بە قەرزارییەکی زۆرتر- کە ئەرکیان بریتی بوو لە زامنکردنی سەقامگیری ئیتالیا لە بەرژەوەندییەکانی سەرمایەی نیشتمانیی و نێونەتەوەیی لە ئێستا و داهاتوو. 

هەرچەندە لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر ساڵێکدا ژیانی ئاسایی خەڵکانی ئیتالیایی ڕووەو خراپتر ڕۆئەچێت. قەرزی گشتیی ئیتالیا لە ئاستی بەرزترین قەرزەکانی وڵاتە پێشکەوتووە پیشەسازییەکاندایە، کە هەر حکومەتێک ناچار بە گرتنەبەری هەر ڕێگایەک لە دانەوەی قەرزەکانی ئەکات، کە ئەوەش هەر تەنها چینی کرێکارە کە ئەیدات. لە کاتێکدا مووچە لە نزمترین ئاستەکانی خۆیدایە لە یەکێتی ئەوروپا، ڕێژەی هەڵئاوسان لە 9% نزیک ئەبێتەوە. ئەوەی کە پێ‌ی ئەوترێت هەلومەرجەکانی کارکردنی نەرمونیان (flexible)خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە باری کارکردنی ملیۆنەها کرێکاری ناجێگیر کردووە و لە هیچ جۆرە گرێبەستێکی کارکردن بەهرەمەند نین، هەژاری بە تایبەت لە باشوور ڕووی لە هەڵکشان کردووە. لە زۆرێک لە ناوچەکاندا گەنجان زۆر بە ئاستەم کارێکیان چنگ ئەکەوێت.

لەکاتێکدا بە تایبەتکردن، دەستکەوتەکانی ڕابردووی وەلاناوە. چاودێری تەندروستی شێواوە، تۆڕو هێڵەکانی گواستنەوە خراپتربوون، بواری پەروەردە خەرجییەکی کەمی بۆ دابینکراوە و هەستکردنێکی گشتی لە نێو خەڵک بە نائارامیی هەیە. هەستێک کە پێ‌ی وایە "چیتر ناتوانین بەم شێوەیە بەردەوام بین لە ژیان". پەتای ڤایرپسی کۆرۆنا نیگەرانییەکانی زیاتر کرد، لە کاتێکدا بازنەکانی هەڵئاوسان و قوڵیی قەیرانی ئابووری، لەگەڵ کاریگەرییەکانی جەنگی ئۆکراینا و بەرزبوونەوەی پسووڵەی پارەدانەکانی وزە، ئەم هەستی نیگەرانییەی زیاترو بەهێزتر کردووە، لەجەرگەی ئەم بارودۆخەدا و لەنێو زۆرێک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ئیتالیا دراگیی بووەتە پیاوێکی ڕق لێبووەی نەویستراو.

ئەمە، ئەوەمان بۆ ڕوون ئەکاتەوە کە بۆچی هەموو ئەو هێزانەی بەشدارییان لە حکومەتەکەیدا کردبوو زۆر ئەنجامی خراپیان لە هەڵبژاردنەکان بەدەستخست. پارتی دیموکرات کە بە تەنها پارتی جێمتمانە دائەنرا بۆ چینی بۆرژوازی و ڕابەرەکەشی – لێتا – کە ئێستا ناچار بە دەستکارکێشانەوە لە پۆستی سەرۆکوەزیران بووە ، نمونەیەکی بەرجەستەو دیاری سیاسەتمەدارێکی بۆرژوازیە کە هیچ بەرکەوتەیەکی لەگەڵ پێداویستییەکانی چینی کرێکاری ئیتالیادا نییە. لە کاتێکدا ئەم پارتە لە هەڵبژاردنەکانی ئەوروپای ٢٠١٤دا تا ڕێژەی 40% ی دەنگەکانی بەدەستخست، لەو کاتەوە هەتا ئێستا لە دابەزین و گلۆربوونەوەدایە، و دواین دەنگدانیش پارتەکە لە نزمترین ئەنجامەکانی هەتا ئێستا ئەهێڵێتەوە. 

لیگ لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانی ئەوروپای ساڵی ٢٠١٩ ڕێژەی 34%ی دەستخست، توانی تەنها 17% مسۆگەر بکات لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨، و ئێستاش زیاد لە نیوەی ئەو دەنگانەشی لەدەستداوە. فۆرزا ئیتالیا لەوپەڕی گەشەیدا ئەتوانێت ٣٠% لە هەڵبژاردنە گشتییەکان دەستبخات، و ئێستا سێبەری ڕابردووی خۆیەتی، لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ ڕێژەی 14% دابەزی و ئێستاش تەنها شتێک زیاتر لە ڕێژەی 8%. پێنج ئەستێرەکان لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا نزیکەی 33% دەنگەکانیان دەستخست، ئەمجارەیان زیاد لە نیوەیان لە دەستداوە، هەرچەندە باشترە لەوەی لە ڕاپرسییەکان پێشبینی ئەکرا بەتایبەت لە باشوور. 

هەموو ئەمانە نیشاندەری ئەوەن کە هەر لایەنێک ئیتالیا بەڕێوە ببات، دووچاری چەشتنی قەیران ئەبێتەوە. پارتەکان بە بەڵێنی باشترکردنی ژیان بۆ جەماوەری کرێکار دێنە پێشەوە، بەڵام لۆژیکی سەرمایە بەو مانایە دێت کە ئەبێت زوو لەو بەڵێنانە پاشگەز ببنەوەو دەستبەرداری بن. هەمان چارەنووس چاوەڕوانی میلۆنی‌یە، کە دواین جار لەلایەن هەمان ئەو جەماوەرەی ئێستا دەنگیان پێداوە ڕقیان لێێ ببێتەوە. ئەم زستانە بۆ خێزانەکانی چینی کرێکار زۆر سەخت ئەبێت، لە کاتێکدا میلۆنیش هیچ چارەسەرێکی بۆ ساڕێژکردنی ئازارەکانی خەڵک پێ نییە.

نەبوونی هیچ ئەڵتەرناتیڤێک لە چەپەوە

تراژیدیای سەرجەم بارودۆخەکە ئەوەیە کە هیچ هێزێکی زیندوو یان باوەرپێکراو لە بەرەی چەپەوە نییە تا بتوانێت ئەڵتەرناتیڤێک پێشکەش بکات. بەرپرسیارێتی ئەم سیناریۆیە ئەکەوێتە سەر شانی چەپی ڕیفۆرمخواز – بە تایبەت سەرکردە کۆنەکانی پارتی کۆمۆنیستی کۆن، کە خۆیان بە خاوەنکارەکان فرۆشت. هەروەها سەرکردەکانی ڕێکخراوی Rifondazione Comunista) کە پشکییان لەو بەرپرسیارێتی‌یەدا هەیە. 

کاتێک پارتی کۆمۆنیستی کۆن لە ساڵی ١٩٩١ بو بە دوو بەشەوە، زۆرینەیان بە خێرایی ڕووەو ڕاست بایان دایەوە و پارتی دیموکراتی چەپ (PDS)یان دامەزراند، کە دواتر جێگای خۆیان بە پارتی دیموکرات (PD) دا. کەمینەیەکیشیان باڵی (Rifondazione Comunista)یان دامەزراند کە وەک چەپترین پارتیی نێو پەرلەمان هەژمار ئەکرا. لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٩٦ گەیشتنە لوتکەی ڕێژەی 8% بە بوونی زیاد لە ١٠٠ هەزار ئەندامەوە. لە ژێر پەرچەم و ناوی "ڕاگرتنی بەرەی ڕاست"، هەرچەندە ئەو کاتەی پارتەکە لە لوتکەدا بوو، سەرکردەکانی بڕیاریان دا پشتگیریی لە حکومەتی هاوپەیمانی ناوەند- چەپی پرۆدی بکەن، و لە ساڵی ١٩٩٦ەوە بە دروستی چوونە نێو حکومەتەوە، و بەرپرسیارێتی سیاسەتەکانی دژی چینی کرێکاری ئیتالیا لە حکومەتی پرۆدییان لە ئەستۆ گرت. 

ئەمە دەرئەنجامێکی کارەستباری لە ساڵی ٢٠٠٨ لێکەوتەوە، کە سەرجەم ئەندام پەرلەمانەکانی لەدەستدا و هەر لە کاتەوە هەتا ئێستا ساڕێژ نەبووەتەوە. ئەوەی لەو پارتە لە هەڵبژاردنەکانی دوێنێدا ماوەتەوە هاوپەیمانیی چەند گروپێکی چەپە لە ژێر ناوی (Unione Popolare) و تەنها 1.4%ی دەنگەکانیان دەستخستووە کە لە خوار ڕێژەی 3% ی دیاریکراوی بەربەستی چوونە نێو پەرلەمانەوەیە. مارکسیستەکان چەندبارەیان کردەوە کە هاوبەشیکردنی چینەکان دەرئەنجامێکی کارەستباری بۆ پارتەکە لێئەکەوێتەوە، بەڵام سەرکردەکانی ڕەدیان کردەوە کە گوێ‌ی پێبدەن، هەربۆیە لەوکاتەوە باجەکەی ئەدەن.

سیناریۆی پشت چەپ لە ساڵی ٢٠١٨ هێندە بەتاڵ بوو کە بزووتنەوەی پێنج ئەستێرە لە توانایدا بوو ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە و وەک یەکەم حزب لە پەرلەمان دەربکەوێت. ملیۆنەها ئیتالیایی هیوای خۆیان بەم پارتەوە گرێدا، بەو ئومێدەی گۆرانکاری شایستە لە لایەن جەماوەری خەڵکەوە بەدی بهێنێت. بەڵام لەژێر فشاری پێداویستییەکانی چینی سەرمایەداریی سەرەتا حکومەتێکی هاوپەیمانیی لەگەڵ لیگ دامەزراند و دواتریش بە هاوپەیمانییەک لەگەڵ پارتی دیموکرات لەژێر ڕابەرایەتی دراگیی کۆتایی هات. پەیمانی زۆریان داو کەمیان جێبەجێکرد، و لەم نێوەشدا تووشی لێکترازان بوونەوە. بەم هۆیەوە ئایندەی وابوو بکەوێتە ژێر ڕێژەی 10% و ببێتە هێزێکی کرچوکاڵ بووەو نزیک لە مردن. 

هەرچەندە بە پێشبینیکردنی ئەوەی ئایندەیەکی خراپ ڕوویان تێئەکات، کۆنتێ (جوسیپی کۆنتێ) سەرۆکی ئێستای پێنج ئەستێرە و کۆنە سەرۆکوەزیران، هەستی بەوە کرد کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە پشتگیرییەکانیان بۆ دراگیی بهێنن یان لە هەڵبژاردنەکان دووچاری وەلانان ببنەوە. هەربۆیە بەو هەڵوێسوتەوە هاتەدەر کە پشتگیری لە ناردنی هاوکاری سەربازیی بۆ ئۆکراینا نەکات – کە خواستێکی ئەمڕۆی جەماوەرییە لە ئیتالیا – دوای هاتوهاوارێکی زۆر لەمڕووەوە، لە بەرژەوەندی سیاسەتی حکومەت دەربارەی ئەم پرسە دەنگی دا. لەوە تێگەیشتبوو ئەگەر ئەیەوێت پیشەی سیاسی خۆی بپارێزێت ئەوا ئەبێت لە چەپەوە باداتەوە. 

هەروەها توخمێکی دیکە لە توانای کۆنتێدا هەیە بۆ دوورکەوتنەوە لە کارەساتی شکستهێنانی ڕەهای هەڵبژاردن. پێنج ئەستێرە (M5S) ناوی خۆی وەک پەرەپێدەری ئەو دەستکەوتەی کە بە "مووچەی هاوڵاتی"ناسراوە تۆمار کردووە، کە فۆرمێکی هاوکاری بێکارییە بۆ هەرە هەژارترین توێژکانی کۆمەڵگای ئیتالیا، کە هیچ بوونێکی نەبووە پێش بەدەستەوەگرتنی پۆستەکانیان لە حکومەت، ئەمە تەنها داخوازییەکی بەجێیە کە ئەوان جێبەجێیان کرد، بەڵام هاوپەیمانی باڵی ڕاست بە ڕابەرایەتی میلۆنی بەڵێنیان داوە ئەو پرۆژە یاسایەی "مووچەی هاوڵاتی" هەڵبوەشێنێتەوە، کە هەر ئێستا لانی کەم 3.5 ملیۆن هاوڵاتی ئیتالیایی، بە تایبەت لە بەشی باشوور لێ‌ی بەهرەمەندن. هەر ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون ئەکاتەوە بۆچی پێنج ئەستێرەکان لە باشوور ئەو سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، کە نزیکەی 25%یان لە زۆرێک لە ناوچەکاندا بردووەتەوە، لە کامپانیا ١ (Campania 1) - ناوچەی گەورەی ناپڵس – زیاد لە 40%یان دەستخستووە.

ئەمانە ئاماژەیەکی ڕوونن کە حکومەتی نوێ لەگەڵ ملیۆنان خەڵکی ئیتالیا کە بەدەست پاشهاتەکانی قەیرانی ئێستاوە ئازار ئەچێژن دەرگیری ململانێی توند ئەبن. میلۆنی بەڵێنی ئەوەی داوە کە حوکمی "سەرجەم ئیتالیاییەکان" بکات و باس لە یەکێتی ئیتالیا ئەکات. بەڵام ئەو خانمە تەواو بە پێچەوانەکەی ئەگات. ئەو پەلاماری هەژاران ئەدات، هێرش ئەکاتە سەر مافەکانی ژنان، هیچ شتێکیش بۆ گەنجان و لاوان بەدی ناهێنێت. ئەو دابەشبوونی چینایەتی راستەقینەی ئێستای نێو کۆمەڵگای ئیتالیا ڕوونتر دەرئەخات و پرۆسەی جەمسەرگیری نێو کۆمەڵگا توندو تیژتر ئەکاتەوە. 

خەبات لە پێناو بەدیهاتندا 

دوای هەڵبژاردنەکان چیبنی کرێکار بە تەواوی خۆی بە بلۆککراوی لە بەرەی سیاسی‌یەوە ئەبینێتەوە. هەندێک کە لە پێنج ئەستێرەوە بێهوابوون ، خۆیان لە تاکە هێزی ئۆپۆزسیۆنی نێو پەرلەمان کردووە کە ناوی برایانی ئییالیایە. بەڵام میلنی ئەو گۆرانکارییە بەدی ناهێنێت کە دەنگدەران بەدوایدا وێڵن. پارتەکەی هێزێکی بۆرژوازی ڕاستڕەوی بە ئاشکرا لایەنگری سەرمایەدارییە و پابەند دەبێت بە پێداویستییەکانی ئەو چینەی کە بەڕاستی نوێنەرایەتی دەکات. زۆر بە خێرایی و بەفراوانی ڕوون ئەبێتەوە کە جەماوەری چینی کرێکار و گەنجان لەم پەرلەمانە نوێیەدا هیچ شتێکیان نییە هیوای بۆ بخوازن.

ئەمە بەو مانایە دێت کە ڕێگا ئامادە ئەبێت تا چینی کرێکار لە بەرەی سیاسییەوە بۆ بەرەی پیشەسازی بچێ و ئەگەر هەر هەوڵێکی هێرشکردن بۆ سەر مافی لەباربردن، یانی مافی تر هەبێت، ئەتوانین چاوەڕوانی جوڵەو بزووتنەوە جەماوەرییەکانی گەنجان و ژنان بین لە بەرامبەریدا.

لە بەرامبەر زۆرینەیەکی مەزنی ڕاستڕەو لە پەرلەمان، جەماوەری خەڵک هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نابێت جگە لە ڕووکردنە مانگرتنەکان، هەردوو مانگرتنی فەرمی یان مانگرتنە کتوپڕەکان تا ئەگات بە ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام و گەنجان توخمەکلیلی ناڕەزایەتییەکان ئەبن لەم چالاکییانەدا. باڵی ڕاست لە پەرلەماندا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە بەڵام ئەمە تەنها قۆناغێکی نوێ لە خەباتی چینایەتی سازوئامادە دەکات.

هەینی ڕابردوو، هەزاران گەنج لەسەر شەقامەکان ناڕەزایەتیان لەسەر پرسی گۆڕانی کەشوهەوا – کە ئیتالیا بە تایبەتی کاریگەری خراپی لەسەر هەبووە دەربڕی،بەهۆی وشکەساڵی چەند مانگیی و دواتریش لافاوی خێراو لەناکاو کە چەندین قوربانی لێکەوتووەتەوە. تینوێتییەکی نوێ بۆ ئایدیا ڕادیکاڵەکان لە نێو گەنجان بوونی هەیە. لەوانەیە ڕاستڕەو و بۆرژوازیەکان بەو بیرۆکەیە ئاسوودە بن کە بە سەرکەوتوویی پارتی کۆمۆنیستیان تێکشکاند، کە بەهێزترین پارتی کۆمۆنیستی ئەوروپای ڕۆژئاوابوو بە دوو ملیۆن ئەندامەوە، بەڵام یادەوەری ئەم نەریتە هەر بەردەوامی هەیە.

ئەم نەریتە ئەوە ڕوون ئەکاتەوە کە بۆچی توێژێک لە گەنجان لەمڕۆشدا بەدوای ڕێکخراوە کۆمۆنیستەکاندا دەگەڕێن. ئەوان چاویان لە قەیرانی ئێستای سیستەمی سەرمایەداری‌یە و تێئەگەن ئەگەر مرۆڤایەتی بیەوێت بۆپێشەوە هەنگاو بنێت ئەبێت ئەم سیستمە وەلابنێت. لەم هەلومەرجانەدا، بە وتەی مارکس، “قامچی دژە شۆڕش” ئامادەسازیی بەرپەرچدانەوەیەکی گەورەی چینی کرێکار ئەکات، و مارکسیستەکانیش لە پێناو بنیاتنانی هێزەکانی شۆڕش تواناو وزەکانیان تەرخان دەکەن.

سەرچاوە لە بەرگری مارکسیزم‌دا