کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی لە پشت تورکیا دەوەستێت بۆ تێکشکانی عەفرین

ڕۆژی یەکشەممە ماشێنی جەنگی تورکیا بە پاڵپشتی هێزە بەناو بەرگریکارەکانی سوریا، دەستیان گرت بەسەر شاری عەفریندا کە زۆربەی دانیشتوانەکەی کوردن و دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاوە.

[Source]

بەدڵنیاییەوە میدیای ڕۆژائاوا مەشغوڵی سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ڕژێمی ئەسەد بوون بۆ سەر هێزە ئیسلامێکان لە غۆتەی ڕۆژهەڵات، بەهیچ شێوەیەک گرنگیان بەو هێرشە دڕندانەیەی تورکیا نەدا بۆ سەر کوردەکان، کە هەرگیز هێرشیان نەکردۆتە سەر تورکیا.

پاش چەند کاتژمێرێک لەکەوتنی عەفرین سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە وتارێکدا وتی: ” ئێستا هێمای ئاشتی و ئارامی لە ناوەڕاستی عەفرین دەشەکێتەوە، نەک لە ژێر ئاڵا شڕی ڕێکخراوە تیرۆریستێکان. زۆربەی تیرۆریستەکان کلکیان نایە ناوگەڵیان و ڕایانکرد. هێزە تایبەتێکانمان بە هاوکاری سوپای ئازادی سوریا هەڵدەستن بە پاککردنەوەی پاشماوەی هێزەکانیان لەگەڵ ئەو داوانەی کە ناویانەتەوە.”

ئەو چەند ڕۆژ و کاتژمێرەی کە تێپەڕیون بەسەر داگیرکای عەفریندا، ئاماژەیەک نییە بۆ ئاشتەوایی لەلایەن هێزی داگیرکارەوە. ئەوێنانەی پاش کشانەوەی هێزە چەکدارەکانی کورد لە عەفرین دێنە دەرەوە، هەموو ئەوە نیشاندەدەن کە هێزە سەربازێکانی تورکیا ئاڵای خۆیان لەسەر باڵەخانەکان هەڵدەدەن و چەکدارەکانیش پەیکەری کاوەی ئاسنگەر دەڕوخێنن. لە پەیکەرەکە گرنگتر کە بە هێمای بەرخۆدانی گەلی کورد دادەنرێت و بووبە سەردێڕی هەواڵی میدیایی ڕۆژئاوا، خەڵکی سیڤیلی ئەو شارەیە کە دەستی تیرۆریستەکانیان لێ ئاواڵەکردوون.

بەپێی لێدوانی ئەوانەی لەو شارەوە هەڵاتون، باس لە گرتن و تۆڵەکردنەوە و شەڵاقی کردنی ئەو ژنانە دەکرێت کەوا حیجاب پۆش نین. زۆرێک لەو ڤیدیۆیانەی لەسەر تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە سەبارەت بەو هێزەی تورکیا پاڵپشتیەتی کە چۆن لە خەڵکی سیڤیل دەدرێت و بە “بەراز” دەیانشوبهێنن، خراپتر لەوە، ڤیدیۆ بڵاو بۆتەوە کە چۆن تەرمی چەکدارە کوردەکان دەشێوێنن بەدەم وتنەوەی” ئەڵاهوئەکبەر”ەوە. پاش کەوتنی عەفرین وێنەکان ئەوە پیشان دەدەن کە چ ڕاوڕوتییەک لەو شارە ئەنجامدراوە و چۆن ماڵان و دوکان و بازاڕەکان تاڵاندەکرێت. لەپێش کامێراکان دەردەکەون و بەشانازییەوە خۆ نمایش دەکەن بەوەی کاری جیهاد ئەنجام دەدەن و پەنجەی شاهێدمانیان بەرزدەکەنەوە. ئەوانە ئەو هێزە سەلەفی و جیهادیانەن کە میدیای ” سەربەخۆ”ی ڕۆژئاوا وای پیشاندەداین کە ئەوانە ” تێکۆشەران و لایەنگرانی ئازادی سوریان.”

لەڕاستیدا سوپای ئازادی سوریا بۆ ماوەیەکی زۆر پەردەیەکی تەنک بوو کە کۆمەڵێک لە هێزە ئیسلامییە کۆنەپەرستەکانی پێ داپۆشرابوو. ئەم بەکرێگیراوانەی ئەمڕۆ بۆ تورکیا شەڕ دەکەن هەر ئەو هێزە جیهادیانەن لە کۆنە چەکدارەکانی داعش و القاعیدە پێک دێن کە پێشتریش ئامانجی تورکیا بوون بۆ بەکارهێنانیان، ئێستاش لە عەفرین بەکاریان دێنێت. ئەم هێزە ” ئاشتیخوازە” بەپاڵپشتی تانک و تۆپ و تەیارەو هێزی تایبەت لە فاشستەکان کە لەناو تورکیادا ڕێکخران، کوێرانە دەستیان لە هیچ شتێک نەپاراست لە تۆپبارانکردن و تەنانەت بەکارهێنانی ” بۆمبی ناپاڵم ” دژ بە خەڵکی بێچەک و سیڤیلی کورد، هەر لە ماڵەکانیانەوە تاوەکوو ڕێگاوبان و تەنانەت کاروانی فریاگوزاری داودەرمان و خۆراکیش.

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا میدیایی ڕۆژئاوا زۆر بە ئەمانەتەوە هەواڵەکانی تورکیایی دەگەیاند لەگەڵ بوونی گومانێکی کەمی بێمانا. هەڵسوکەوتەکانی ڕۆژئاوا زۆر پێچەوانەو دژ بەیەک دێتەوە لەگەڵ ئەو هەموو هاوارەی دەیانکرد دژ بە هێرشەکانی ڕژێمی ئەسەد بۆ سەر غۆتەی ڕۆژهەڵات، کە بەشێکە لە دیمەشق و لە لایەن توندڕەوترین هیزە کۆنەپەرستە ئیسلامێکانەوە دەستی بەسەردا گیراوەو کوێرانە دیمەشق تۆپباران دەکەن.

لەبارەی هێرش بۆسەر عەفرین، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا وتی: ” هیوادارین پرۆسەکە لە عەفرین زوو تەواوبێت، ئێمە وتومانە و دەزانین تورکیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی زیان بە خەڵکی سیڤیل نەگەیەنێت، لەو بارەشەوە گومانمان نییە بۆ هەوڵەکان.”

ئەمە بەو مانایە دێت ئەمریکا خوازیاری سەرکەوتنە بۆ تورکیا نەوەک کوردەکان، لەکاتێکدا کوردەکان هاوپەیمانی خۆیبون. بەرپرسە ئەمریکێکان ڕاشکاونە ئەوەیان وت کەوا ئەمریکا هاوپشتی کورد ناکات لە عەفرین، چونکە عەفرین خزمەت بە هیچ ستراتیجیەتێکی ئەمریکا ناکات.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆریس جۆنسن پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی ” تورکیا مافی خۆیەتی سەلامەتی سنورەکانی بپارێزێت”، ئەڵمانیا بەردەوام بوو لە دانی چەکی پێشکەوتوو بە تورکیا، کەچی کەسانێک لە ڕۆژئاوا فرمێسکی تیمساحاوی هەڵدەڕێژن بۆ ئەو ڕاوڕوتکردنەی کە لە عەفرین کرا لە لایەن هێزە دڕندە ئیسلامێکانەوە. هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا بەتەواوی ڕازیبوون لەسەر کاری داگیرکاری لەلایەن تورکیاوە.

سەرباری قسەکردنیان سەبارەت بە دۆڕانی توندڕەوە ئیسلامێکان، بەڵام هێزە ڕۆژئاواییەکان و هاوپەیمانێکانیان لە کەنداو گەورەترین یارمەتیدەری جیهادێکان بوون، ئێستاش پشتیوانی لە کۆنەپەرسترین سوپا دەکەن کە درێژکراوەی هەمان هێزەکانی داعش و قاعیدەن دژبەو تاکە هێزەی کەلەسەر زەمینی واقیعدا شەڕی داعشیان کرد.

لەم کاتەدا ڕوسیا جیاوازتر لە هێزە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوا هەڵسوکەوت ناکات، هێزە ئاشتی پارێزەکانی خۆی لە ناوچەی عەفرین کشاندەوەو ئاسمانی سوریای ئاواڵە کرد بۆ فرۆکەکانی تورکیا، ئێران و ڕژێمی ئەسەدیش بەم هێرشە ڕازیبوون. ڕوسیا لە سەرێکەوە دژ بە تورکیا کار دەکات، لە سەرێکی تریشەوە نایەوێت ئێرانی هاوپەیمانی ببێتە هێزێکی بەهێز لەسەر زەمینەی سوریا. بەو پێیەی هێزێکی زەمینی بەهێز لەسەر زەمینەی سوریا بونی نییە، بۆیە ڕوسیا هاوسەنگییەک لە نێوان هێزەکان درووست دەکات بۆ وەستانەوە لە بەرانبەر یەکتر بۆ ئەوەی بتوانێت بەرژەوەندییە تایبەتێکانی خۆی بە باشی بباتە ڕێوە.

ئێران هێزێکی چەڤەنگی (ڕەمزی) چەند سەد کەسی لە چەکدارە شیعێکان ڕەوانەی عەفرین کرد بۆ یارمەتی کوردەکان، چونکە ئێران خوازیاری کێشەنانەوەیە بۆ تورکیا لە ناو سوریا. ڕژێمی ئێرانیش سەربەخۆی کوردەکان بە هەڕەشە دەبینێ لەسەر خۆی، چونکە دەکرێت کوردەکانی ئێرانیش هەمان ڕێجکەی سەربەخۆی بگرنەبەر. ئێران و تورکیا لە ڕۆژئاوای سوریا کار لەسەر دابەشکاری دەکەن بۆ دەستگرتن بەسەر بەشی خۆیاندا لە پاش کۆتایهاتنی شەڕ لە وڵاتە، بۆیە لەم هاوکێشەیەدا شوێنێک نییە بۆ سەربەخۆی کورد.

ئەسەد لەم هاوکێشانەدا دیلی دەستی هاوپەیمانەکانیەتی و هیچ ڕایەکی دیاری نییە شایانی باسبێت. لەگەڵ ئەوەشدا دڵخۆشە بە بونی بزوتنەوەیەکی کوردی لاواز، بۆ ئەوەی لە داهاتودا ناچاریان بکات بیر لە سەربەخۆی نەکەنەوەو ناچاربن بەمانەوە لە چوار چێوەی سوریای یەکگرتودا. لەگەڵ ئەوەشدا ڕێی بە چەکدارە کوردەکان دا لە ناوچە کورد نشینەکانی ڕۆژهەڵاتەوە برۆن بەرەو عەفرین، ئەو کارەش لەبەرانبەر دەستبەردانیان لەگەڕەکێکی سەرەکی شاری حەڵەب کرا بۆ ڕژێم.

لەدووا لێکدانەوەدا، ئەم هێزانە هەرچەندە شەڕی یەکتر بکەن، بەڵام لە پێناوی بەرژەوەندی چینایەتیاندایە سەرکوتی بزوتنەوەی کوردی بکەن لەگەڵ هەموو ئەو دەسکەوت و دیموکراسییەی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی هێناوە. بەدڵنیاییەوە بەکارهێنان و دەست ئاواڵەکردنی جیهادییە کۆنەپەرستەکان بۆ ( هەردوولایان) کێشە نییە تا ئەو شوێنەی بەرژەوەندێکانی چینی دەسەڵاتدار پارێزراوە.

ئەردۆگان نەیشاردۆتەوە کە دەیەوێت هەموو ئەو ناوچانە داگیر بکات کە کوردەکان لە سوریادا دەسەڵاتدارن تیایدا. بە بڕوای ئەو هەر دیاردەیەکی سەربەخۆی کوردەکان کاریگەری دەبێت لەسەر کوردەکانی تورکیا کە ملیۆنەهایان لەژێر سەرکوتێکی بێوێنەدا ژیان دەکەن. بزوتنەوەی کوردی لە شێوەی پارتی دیموکراتی خەڵکی خاڵێکی گرنگ بوو لەسەر سەکۆی سەرەتای هەڵکشانی بزوتنەوەی چینایەتی لە تورکیادا. ئەوەی یارمەتی ئەردۆگانی کرد بە شێوەیەکی ڕاستەو خۆ پارتی کۆماری خەڵکی بوو لە ڕێگەی جوڵاندنی هەستی نەتەوایەتی دژ بە کورد، هەر بۆیە کۆنەپەرسترین و دواکەوتوترین بەشی کۆمەڵگە چونەتە پشتی ئەردۆگانەوە. هێرشکردنە سەر عەفرین بەشێکی گرنگ دەبێت لەبردنەوەی پارتی داد و گەشە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانێکانی داهاتودا.

لەپەیوەند بە هەموو ئەمانەوە، هێرش بۆسەر عەفرین بەشێکە لە پیلانی ئەردۆگان بۆ قایمکردنی باکوری سوریا وەکو دەروازەیەک بۆ کاریگەرێکانی تورکیا لەسەر ناو جەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی عەفرین لەڕوی سەربازییەوە، وەکوو سونەتی باوی عوسمانێکان، هەوڵدەدات سەدان هەزار لە خەڵکی عەرەبی سوریا لەسەر ماڵ و حاڵی کوردەکان جێگیربکات وەکو یەک خەتی سونی عەرەبی کە لەو ڕێیەوە دەتوانێت هەژمونی خۆی برەو پێبدات لە سوریا و دەرەویدا.

پاش عەفرین، ئامانجی ئەردۆگان دەستبەسەرداگرتنی مەنبەجە، وەکوو تورکەکان دەڵێن: ئەمریکا لەو بارەوە هاوکار دەبێت. لەسەرووی ئەمانەشەوە هەمان پلانی هەیە بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات، هەروەها چیای شەنگال. ئەمانە خەونی پارتی داد و گەشەی عوسمانییە نوێیەکانە کە خوازیارن لە داهاتودا دەستبگرن بەسەر حەڵەب و موسڵ و هەولێر و کەرکوکیشدا.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی گشتی کێشەی لەگەڵ پلانی تورکیادا نییە. ئیمپریالیزمی ئەمریکا هێزە کوردێکان وەکوو کارتی فشار لە داهاتودا بەکار دەهێنێت بۆ پاراستنی جێگاو ڕێگای خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەوە دەرکەوت کە ئەمریکا هاوپەیمانێتی لەگەڵ کورددا کاتییە، لە کۆتاییدا جێگاو ڕێگای تورکیا لە نەیتۆ و بونی وەک گەورەترین وڵاتی پیشەسازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم جێگایە بۆ سەرمایەداری ئەمریکی گرنگتر و پڕبایەخترە لە چارەنووسی خەڵکی کورد. بەشێکیش لە دەزگا میدیاییەکانی ڕۆژئاوا کە تازە وەخەبەر هاتن سەبارەت بەکارە ئابڕوبەرەکانی داگیرکاری عەفرین، هیچ نین ئەوە نەبێت کە دەیانەوێت لەم ڕێگایەوە هەندێک دەستکەوت لە تورکیاوە وەدەست بێنن.

پاش ئەوەی لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ دران و هیچ لایەنێک بە هانایانەوە نەڕۆشت، بۆیە سەرکردەکانیان لە پێناوی پاراستنی هێزەکانیاندا بڕیاری پاشەکشەیانداو ڕێگایەکی تریان بۆ خەبات هەڵبژارد ئەویش شەڕی پارتیزانیە دژ بە داگیرکاری. ئەمە تەنها هەڵبژاردەی سەربازی بوو بۆیان بۆ وەستانەوە لە بەرانبەر سوپایەکی پڕ چەک و چەتە جیهادێکانی. ئەمەی کە ڕویدا گومانێک لای خەڵکی کورد ناهێڵێتەوە کەوا ناتوانێت پشت بە هیچ یەکێک لەو هێزە گەورانەی ناوچەکە ببەستێت.

لەلایەکی ترەوە کورد گەلێک دۆستی هەیە لە نێوەندی کرێکاران و لاوانی زەحمەتکێش لە ناوچەکە. سەرەتای دەستپێکردنی شۆرشی ڕۆژئاڤا لە شۆڕشی سوریەوە هات. سەرکەوتنەکانیشی لە شێوەکاری دیموکراتیانەو شۆڕشگێڕانەوە وەدەستهێنا کە توانی سەرنجی بەشێکی زۆر لە کرێکاران و هەژاران لە ناوچەکە بۆ خۆی ڕابکێشێت. ئەمە نیشانی دەدات ڕێگای خەبات و ئازادی خەڵکی کورد لێرەوەیە.

لە ئێران جەماوەر لە جوڵەدایە بەرەو شۆڕش، دەرگا ئاواڵەیە لە پێش کورد بۆ درووستکردنی بەرەیەکی هاوبەش لەگەڵ خەڵکی ئێراندا دژ بە دەسەڵاتدارێتی مەلاکان. بەهەمان شێوە لە عێراق، لێرە زەمینەو تواناییەکی باش هەیە بۆ بزوتنەوەی چەپی ڕادیکاڵ، گرنگە بتوانرێت بەرنامەیەکی ڕۆشن دابڕێژرێت بۆ ڕزگاری کورد. یەکەمینجار لە ناو خودی کوردەکانەوە دەستپیبکرێت کە بە هەمان ڕادەی دەسەڵاتی ناوەند ڕقیان لە هەردوو دەسەڵاتی بنەماڵەیی بارزانی و تاڵەبانییە. پاشان هەوڵبدرێت ببرێتە ناو کرێکاران و لاوانی عێراقییەوە کە هیچ ئاسۆیەکی ڕۆشن بەدی ناکەن لە گروپە گەندەڵکارە دەسەڵاتدارەکانی بەغدا.

لە تورکیا بزوتنەوەی کوردی دەرکەوت وەک بزوتنەوەیەکی ڕادیکاڵ دژ بە داموودەزگا سەرکوتگەرەکان، بەرتەسک نەبووەوە لە چوار چێوەی کورددا، بەڵکو چوار چێوەیەکی نیشتمانی هەبوو. لەگەڵ تێک چونی بارودۆخی ئابوری تورکیا و چڕبونەوەی خەباتی چینایەتی و لاوازبوونی دەسەڵاتی ئەردۆگان، دەورەی ئایندەی سیاسی لە تورکیا شاهێدی هاتنە مەیدانی خەباتی زیاتری چەوساوەکان دەبین دژ بە چەوسێنەران.

لەگەڵ ئەوەشدا تاکتیکی شەڕی پارتیزانی گرنگی خۆی هەیە، بەڵام دەبێت بکەوێتە خزمەتی خەباتە چینایەتییە سەرتاسەرێکەوە. کۆڵەکەی بنەڕەتی دەسەڵاتی ئەردۆگان لەم کاتەدا لەسەر دنەدانی هیستریایی نەتەوەییە، بەم کارەشی توانیویەتی بەشێک لە ئۆپزسیۆن و چینی کرێکار بێنێتە پشتی خۆی. ئەرکی کەسانی شۆڕگێڕە ئەوانەی دژ بە دەسەڵاتدارێتی تورکیا خەبات دەکەن ئەم هاوپەیمانێتیە درووستکراوە هەڵوەشێننەوە، کە تەنها دژ بە مافەکانی خەڵکی کورد نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ سەرکوتکردنی چینی کرێکاریش لە ژێر پەردەی ئاسایشی نەتەوەیی و ” یەکێتی ” کە تاکە سودمەند لێی، چینی سەرمایەداری تورکییە.

ئێمە بە هەموو توانایەکمانەوە پشتگیری گەلی کورد دەکەین لە پێناوی ژیانێکی ئازادانە و لە نیشتمانێکی سەربەخۆدا کە خۆیان ئازادانە بڕیاری لەسەر بدەن. خەباتکردنیان لە خۆیدا خەباتکردنە بە ئەندازەی خەباتی ئەو کرێکار و لاوانەی لە جیهاندا دژ بە سیستەمی سەرمایەداری لە جەنگدان. هەموو ئەوانەی قەیرانە ئابورێکان درووست دەکەن و هێرشدەکەنە سەر ئاستی ژیانی زۆرینەی خەڵک، وە هەر ئەوانەن لە هەمان کاتدا سەروەتی بێ شومار بۆ خۆیان کەڵەکە دەکەن، لەو لاشەوە کار لەسەر شێواندنی ژیانی شارستانیانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن و هێرش دەکەنە سەر داخوازییە ڕەواکان و چارەنووسی کورد. تاکە چارەسەر وەستانەوەیە بەرانبەر ئەم دەسەڵات و سیستمە کە سەرمایەداری نوێنەرایەتی دەکات.