دەربارەی مانگرتنەکان

لەم ساڵانەی دوایی‌دا مانگرتنەکانی کرێکاران لە ڕوسیا بێئەندازە بەردەوامییان بەخۆوە بینیوە. هیچ یەکەیەکی پیشەسازیی سەربەخۆ نییە کە مانگرتنی کرێکارانی تێدا بەرپانە نەکرابێت. لە شارە گەورەکاندا دامرکاندنەوەی هەر نییە. کەواتە جێگای درککردنە کە کرێکارانی بەئاگاهاتووی چینەکە و سۆسیالیستەکان پێویستە بەردەوام بایەخی خۆیان بەرامبەر بە پرسی گرنگی مانگرتنەکان و میکانیزمەکانی بەڕێوبەبردن، و ئەرکەکانی بەشداربوونی سۆسیالیستەکان تیایاندا نیشان بدەن.

[Source]

خواستمانە کە هەوڵێک لە نەخشەکێشی بیرۆکەکانمان دەربارەی ئەم پرسە بخەینە ڕوو. لە بابەتی یەکەماندا پلانی مامەڵەکردنمان بە شێوەی گشتی لەگەڵ گرنگی مانگرتنەکان لە بزووتنەوەی چینی کرێکار دائەرێژین. لە دووەمیاندا دێینە سەر باسی چۆنیەتی مامەڵەکردنمان لەگەڵ یاساکانی دژەمانگرتن لە ڕوسیا. سێهەمیشیان ئەو ڕێگایەی کە مانگرتنەکان تیایدا بەڕێ ئەخران و بەڕێ ئەخرێن لە ڕوسیا و هەڵوێستی کرێکارانی هۆشیاری چینەکە کە پێویستە لە خۆی بگرن(پەیڕەوەی بکەن).

I

لە پلەی یەکەمدا پێویستە بە دوای لێکدانەوەی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی مانگرتنەکان بگەڕێین. هەریەکێک کە بانگەوازی بایەخپێدانی مانگرتن لە شارەزاییبوونی تایبەتی خۆیەوە، لە ڕاپۆرتی کەسانی ترەوە، یان لە ڕۆژنامەکاندا ڕاستەوخۆو بەخێرایی ئەوە ئەبینێت کە مانگرتنەکان لەو جێگایانە دەرئەکەون و تەشەنە ئەکەن کە کارگای مەزنیان تیا دەرئەکەون و لە ڕووی ژمارەوە ڕوو لە زیادبوون ئەکەن. زۆر بە دەنگمەن چاومان بەو کارگایانە ئەکەوێت کە سەدان (هەندێک جار هەزاران) کرێکار کاری تێدا ئەکەن و مانگرتن  تیایاندا سەریهەڵنەدابێت. کاتێک کە ژمارەیەکی کەم لە کارگای مەزن لە ڕوسیا هەبوون، چەند مانگرتنی کەم سەریان هەڵئەدا؛ بەڵام لەو کاتەوەی کە ژمارەی کارگاکان لە ناوچە پیشەسازییە کۆنەکان و لە شارو دێهاتە نوێیەکاندا ڕوویان لە زیادبوون کردووە مانگرتنەکان بە بەردەوامی سەرهەڵئەدەن.

بۆچی پێوەری-گەورەی بەرهەمهێنانی کارگاکان هەمیشە ئەبنە سەرهەڵدانی مانگرتنەکان؟ لەبەرئەوەی سەرمایەداری بە ناچاری ئەبێتە سەرهەڵدانی خەباتی کرێکاران دژ بە خاوەنکارەکان، و کاتێکیش بەرهەمهێنان لە پێوەرێکی گەورەدا ئەبێت خەباتی پێداویستیانە لە شێوازی مانگرتنەکاندا دەرئەکەون.

با ئەمە ڕوون بکەینەوە.

سەرمایەداری ناوی پێدراوی ئەو سیستمە کۆمەڵایەتییەیە کە زەوی، کارگاکان، کەلوپەلەکانی بەرهەمهێنان… سەربە ژمارەیەکی کەمی خاوەن زەوییەکان و سەرمایەدارانە، لە کاتێکدا کە ژمارەیەکی لێشاوی خەڵک خاوەنی هیچ سامانێک نین، یان سامانێکی یەکجار کەم، و ناچارن خۆیان وەک کرێکار کاری کرێگرتە بکەن. خاوەن زەوی و خاوەن کارگاکان کرێکاران بە کرێ ئەگرن، ئەم بەرهەم یان ئەو بەرهەمیان پێدروست ئەکەن کە لە بازاڕدا ئەیفرۆشن. لەوە زیاتر خاوەن کارگاکان تەنها کرێیەک بە کرێکاران ئەدەن کە بەشی کەمی گوزەرانی خۆیان و خێزانەکانیان بکات، لە کاتێکدا هەرشتێک بەرهەمی ئەهێنن لەسەروو ئەم بڕەوە وەک قازانجکردن ئەچێتە گیرفانی خاوەن کارگاکانەوە. بەم جۆرە لە ئابووری سەرمایەداریدا لێشاوی بەرینی خەڵک ئەو کرێکارانەن کە لە لایەن خەڵکانی ترەوە بە کرێ ئەگیرێن. بۆ خۆیان کار ناکەن بەڵکو لە بەرامبەر کرێیەکدا بۆ خاوەنکارەکان کار ئەکەن. ئیتر جێگای تێگەیشتنە کە خاوەنکارەکان هەمیشە هەوڵی کەمکردنەوەی کرێ ئەدەن. تا ئەو بڕەی کرێ‌یەی بە کرێکاری ئەدەن کەمتر بێتەوە قازانجیان زیاتر ئەبێت. کرێکاران هەوڵ ئەدەن کە بەرزترین ئاستی کرێ بەدەست بخەن لە پێناو دەستەبەرکردنی خواردن بە ئەندازەی پێویست بۆ خێزانەکانیان، لە پێناو ژیانکردن لە خانووی گونجاو، و پۆشینی جلوبەرگ وەک خەڵکانی تر نەک وەک سواڵکەرەکان. هەربۆیە کێبڕکێیەکی بەردەوام لە نێوان خاوەنکارەکان و کرێکاران هەیە دەربارەی کرێ؛ خاوەنکار ئازادە لەوەی کە هەر کرێکارێک کە بە گونجاوی ئەزانێت کاری پێبدات هەربۆیە بە دوای هەرزانتریندا ئەگەڕێت. کرێکار ئازادە لەوەی کە خۆی بەو خاونکارە بە کرێ بدات کە هەڵبژاردەی خۆیەتی، هەربۆیە بە دوای ئەو خاوەنکارەی کە باشترین و زۆترین کرێ‌ی پێئەبەخشێت ئەگەڕێت. ئەگەر کرێکار لە شار، شارۆچکە کار بکات، ئەگەر خۆی بە خاوەن زەوی، جوتیارێکی دەوڵەمەند، پەیمانکار، یان خاوەن کارگەیەک بە کرێ بدات، هەمیشە لەگەڵ خاوەنکارەکەیدا لە گفتوگۆو تاوتوێکردندایە، لەسەر کرێ‌ی کارەکەی شەڕی لەگەڵدا ئەکات.

بەڵام ئایا دەشێت کرێکارێک بە تەنها خەبات بکات؟ ژمارەی خەڵکانی کرێکار ڕوو لە زیادبوونن: جوتیاران بەشکست دێن ولە لادێکانەوە ڕوو لە شارە گەورەکان و کارگاکان ئەکەن. خاوەن زەوییەکان و خاوەن کارگاکان دەستیان کردووە بە خستنە ڕووی چەندەها ئامێر کە کاری کرێکاران ئەدزن. لە شارە گەورەکان ژمارەی کرێکارانی بێکار ڕوو لە زیادبوون ئەکەن، لە لادێکاندا ژمارەیەکی زۆر و زۆرتر لە خەڵکانی سواڵکەر هەن. ئەوانەی کە برسین و کرێ کار ڕووەو کەم و کەمتر پاڵپێوە ئەنێن. زۆر ئەستەم ئەبێت بۆ کرێکار کە خۆی بە تەنها دژ بە خاوەنکار خەبات بکات. ئەگەر کرێکار خواستی کرێ‌ی باشتر بکات یان دژ بە کەمکردنەوەی کرێ ناڕازی بێت، خاوەنکار داوای چوونەدەر لە کارگای لێئەکات، لە دەروازەی کارگاکاندا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکانی برسی هەن کە دڵخۆش ئەبن بە کارکردن بە کرێ‌یەکی کەمتر.

کاتێک کە خەڵک بەو ئەندازەیە بەشکست دێت، هەمیشە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی بێکار لە شارو لادێکاندا ئەبن، کاتێک خاوەن کارگەکان سامانێکی مەزن کۆئەکەنەوە و خاوەندارە بچوکەکان لە لایەن ملیۆنێرەکانەوە وەلائەنرێن، کرێکاری تەنها بە تەواویی بێتوانا ئەبێت لە ڕووبەڕووبونەوەی سەرمایەداردا. لەو کاتانەدا ئەشێت بۆ سەرمایەدار کە کرێکارەکە بە تەواویی بهاڕێت و ڕووەو مەرگ لە کاری بەکرێدا پاڵپێوە بنێت، و بە دڵناییشەوە هەر خۆی نا، بەڵکو ژن و منداڵەکانیشی لەگەڵیدا. ئەگەر بە نمونە، ئەو کارو پیشانە لەبەرچاوبگرین کە هێشتا کرێکار تیایدا لە پارێزگاریکردنی یاسایی بەهرەمەند نییە و هێشتا توانای بەرپەرچدانەوەی سەرمایەداریان نییە، چاومان بە کاری ڕۆژانەی درێژخایەن ئەکەوێت، هەندێک جار تا ڕاددەی ١٧-١٩ کاتژمێر ، چاومان بە بە منداڵانی ٥-٦ ساڵان ئەکەوێت کە لە ژێر سەختی کاردا ئەپڕوکێن؛ چاومان بە نەوەیەک لە کرێکارانی هەمیشە برسی ئەکەوێت کە وردە وردە لە برسانا ئەمرن. بۆ نمونە، ئەو کرێکارانەی کە لە ماڵەکانی خۆیاندا بۆ سەرمایەداران ڕەنج ئەدەن، هاوشانی ئەمە، هەر کرێکارێک ئەتوانێت خەروارێک لە نمونەی تر لە یادەوەرییەکاندا بهێنێتەوە! تەنانەت لە سەردەمی کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتیشدا هیچ چەوساندنەوەیەکی خەڵک بە ڕاددەی ژێر سایەی سەرمایەداریی سەخت و دژوار نەبووە کاتێک کە کرێکاران توانای بەرهەڵستکارییان نییە یان ناتوانن لە پارێزگاریکردنی ئەو یاسانەش بەهرەمەند بن کە کردەوە سەرەڕۆییەکانی خاوەنکارەکان سنوردار ئەکات.

بەمشێوەیە، لە پێناو خۆلادان لە داشکان و کەمکردنەوەیان بۆ ئەم ئاستە لە بارودۆخی سەخت و دژوار، کرێکاران هەڵئەستن بە خەباتێکی نائومێدانە. کاتێک ئەبینن کە هەریەکەیان، بە جودا(بەتەنها)، بە تەواویی بێهێزن و چەوساندنەوەی سەرمایە هەڕەشەی هاڕینیان ئەکات، ئەو کاتانە کرێکاران پێکەوە دژ بە خاوەنکارەکانیان ڕائەپەڕن. مانگرتنی کرێکاران دەستپێئەکەن. لەسەرەتادا کرێکاران بەزۆریی لە درککردن بەوەی کە لە پێناوی چیدا هەوڵ ئەدەن شکست ئەهێنن. کەموکوڕیی ئاگاهییان لە کردەوەکانیان هەیە. زۆر بە سادەیی، دەستئەکەن بە شکاندن و وردوخاشکردنی ئامێرەکان و کارگاکان تێکئەشکێنن. ئەوان تەنها ئەیانەوێت کە توڕەیی خۆیان نمایشی خاوەن کارگەکان بکەن؛ ئەوان هەوڵی هێزی هاوبەشی خۆیان ئەدەن لەپێناو دەربازبوون لەو بارودۆخە دژوارە. هێشتاش بێ تێگەیشتن لەوەی بۆچی جێوڕێ‌یان بەو شێوە بێئومێدەیەو ئەشبێت لە پێناوی چیدا تێبکۆشن.

 لە هەموو وڵاتەکاندا توڕەیی کرێکاران لە سەرەتادا شێوازێکی سەرهەڵدانی دابڕاوانە بەخۆوە ئەبینێت- پۆلیس و خاوەنکارەکان لە ڕوسیا بە “هەڵگەڕاوەکان” ناوزدەیان ئەکەن. لە زۆربەی ولاتەکاندا ئەم سەرهەڵدانە دابڕاوانە لە لایەکەوە تا ڕاددەیەک بوونەتە سەرهەڵدانی مانگرتنی ئاشتییانە، و سەرهەڵدانی خەباتێکی بەربڵاویی چینی کرێکار لە پێناو ڕزگاربوونیدا لە لایەکی ترەوە.

گرنگی مانگرتنەکان(یان وەستاندنەکان) لە خەباتی چینی کرێکارادا چیین؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێویستی تێڕامانێکی تەواومان لەسەر مانگرتنەکان هەبێت. هەروەک پێشتر بینیمان کرێ‌ی کرێکار دیاریکراوە، بە گرێبەستێک لە نێوان خاوەنکار و کرێکار. ، و ئەگەر، لە ژێر ئەم بارودۆخەی کە ئاماژەمان پێدا، کرێکاری تەنها بە تەواوی بێهێزە، ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە کرێکاران ئەبێت یەکگرتووانە بۆ داخوازییەکانی خۆیان تێبکۆشن، ناچارن بە ڕێکخستنی مانگرتنەکان لە پێناو ڕێگرتن لە خاوەنکار بۆ کەمکردنەوەی کرێ یان بۆ بەدەستهێنانی کرێ‌ی زیاتر. ئەوە ڕاستییەکە لەهەر وڵاتێکی سەرمایەداریدا مانگرتنی کرێکاران بەڕێوەئەچێت. لەهەر جێیەک، لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، کرێکاران هەست بە بێهێزی و بێتوانایی خۆیان ئەکەن ئەگەر پەرتەوازە بن(یەکگرتوونەبن)؛ ئەوان تەنها لە کاتی یەکگرتووییاندا بە مانگرتن یان بە هەڕەشەی مانگرتن  ئەتوانن بەرهەڵستی بنوێنن. لەگەڵ چوونە پێشەوەی سەرمایەداریدا ژمارەیەکی زۆرتر لە کارگاکان بە خێرایی ئەکرێنەوە، و ژمارەیەکی زۆری سەرمایەدارە بچووکەکان لە لایەن گەورەکانەوە کەنارئەخرێن. گرنگی وپێداگریی لەسەر پێداویستی کرێکاران بە پیشاندانی بەرهەڵستکاریی یەکگرتووانە زیاتر ئەبێت، لەبەر ئەوەی بێکاری ڕوو لە زیادبوون ئەکات، توندوتیژی کێبڕکێ‌ی نێوان سەرمایەدارەکان لەسەر بەرهەمهێنانی کەلوپەلەکان بە هەرزانترین نرخ(ئەمەش گەر بە پێدانی کرێ‌ی کەم بە کرێکاران نەبێت پێکنایەت)، و هەڵبەرزو دابەزی پیشەسازی و قەیرانەکان زیاتر زەق ئەبنەوە. کاتێک کە پیشەسازی ڕوو لە گەشەکردن ئەکات، خاوەن کارگەکان قازانجێکی زۆرتر ئەکەن بەڵام بیر لە هاوبەشیکردنی سەرمایەکانیان لەگەڵ کرێکاران ناکەنەوە؛ بەڵام هەر کات قەیرانێک سەرهەڵبدات، خاوەن کارگەکان هەوڵی پاڵنانی زیانەکانیان ڕووەو کرێکاران ئەدەن. پێویستی مانگرتن لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا لە وڵاتانی ئەوروپا بە فەرمی ناسراوە تا ئەو ئەندازەیەی کە یاساکانی ئەو وڵاتانە ڕێکخستنی مانگرتن قەدەغە ناکات ؛ تەنها لە ڕوسیا یاسا بەربەرییەکانی دژە مانگرتن هێشتا بە زۆرملێ‌ی ماونەتەوە( لە دەرفەتێکی تردا باسی ئەم یاسایانە و جێبەجێکردنەکانیان ئەکەین).

لەگەڵ ئەوەشدا کە مانگرتنەکان لە سروشتی کۆمەڵگای سەرمایەداریدا سەرهەڵئەدەن ئاماژەپێدەری دەستپێکردنی خەباتی چینی کرێکارە دژ بەم سیستمەی کۆمەڵگا. کاتێک کە سەرمایەدارە دەوڵەمەندەکان لەگەڵ کرێکارانێکی جودا و بێ سامان ڕووبەڕوو ئەبنەوە، ئاماژە بەوپەڕی کۆیلایەتی کرێکاران ئەدەن. بەڵام کرێکارە بێ سامانەکان کە یەکئەگرن، بارودۆخەکە ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت. هیچ سامانێک نییە کە بە قازانجی سەرمایەداران بێت گەر کرێکارانێک نەدۆزنەوە ئامادەبن هێزی کاریان بخەنە خزمەت بەگەڕخستنی ئامێر و کەلوپەلەکانی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانی سامانی تازەوە. تا ئەو کاتانەی کە کرێکاران لە سەر بنەمای تاک مامەڵە لەگەڵ سەرمایەداران بکەن، بە مانای هێشتنەوەیان لە کۆیلایەتی ڕاستەقینە، کە ئەبێت بەردەوام لە پێناو پارووە نانێکدا بۆ قازانجی کەسانی تر کاربکەن، و ئەبێت لە بارودۆخی ژێربارهێنراو وەک خزمەتکارێکی بەکرێگیراوی تاسەر بمێننەوە. بەڵام کاتێک کرێکاران داخوازییەکانیان یەکگرتووانە دائەڕێژن و مل بە کیسەی پارەکان نادەن، ئیتر لەوێدا کۆتایی بە کۆیلەبوونیان ئەهێنن، ئەبنەوە بە مرۆڤ، دەست ئەکەن بەو داخوازییەی کە کارەکانیان چیتر نەخەنە خزمەت دەوڵەمەندکردنی مشتێک لە کەسانی بێکارەوە، لەگەڵ تواناییدان بەو کەسانەش کە کار ئەکەن بۆ ژیانکردنیان وەک مرۆڤ. کاتێک کۆیلەکان دەستئەکەن بە خستنەڕووی داخوازی بوون بە خاوەنشکۆیی (ماستەر)، و کارو ژیانکردن نەک بەوشێوەیەی کە سەرمایەداران و خاوەن موڵکەکان ئەیانەوێت، بەڵکو بەو شێوەیەی کە خەڵکانی کرێکار خۆیان داخوازیانە. بەمجۆرە مانگرتنەکان ترس لە نێو سەرمایەداراندا ئەخەنەوە لەبەرئەوەی ئەبنە هۆکاری لاوازکردنی زاڵبوون و دەستڕۆیشتووییان. گۆرانییەکی چینی کرێکاری ئەڵمانیا ئەڵێت” هەموو ڕەوڕەوەکان ڕائەوەستن گەر بازووەکان بیانەوێت!” بەڵی لە ڕاستیشدا هەروایە: کارگەکان، زەوییەکانی خاوەن موڵکەکان، ئامێرەکان، و هێڵەکانی ئاسن، و ..هتد هەموویان پێکەوە ڕەوڕەوەی ئامێرە گەورەکەن- ئەو ئامێرەی کە بەرهەمی جۆراوجۆر بەرهەم دێنێت، بە چەند قۆناغی جێبەجێکردندا(پرۆسە)ئەیانبات، و بە دواین جێگای خۆشیانی ئەگەیەنێت. تەوای ئەم ئامێرە لە لایەن کرێکارەوە بەگەڕ ئەخرێت و ئەخرێتە جوڵە، زەوییەکە ئەکێڵیت، و کانزاکان دەرئەهێنێت، و کەلوپەل و پێداویستییەکان لە کارگەکاندا بەرهەم دێنێت، خانووەکان ساز ئەکات، شوێنکار و هێڵەکانی ئاسنین بەگەڕ ئەخات. کاتێک کە کرێکاران کار ڕەد ئەکەنەوە، هەموو ئامێرەکە لە کار ئەکەوێت. هەر مانگرتنێک ئەوە بیر سەرمایەداران ئەخاتەوە کە نەک خۆیان بەڵکو ئەوە کرێکارانن کە خاوەنشکۆی ڕاستەقینەن- ئەو کرێکارانەی کە بە دەنگی بەرز و بەرزتر بانگەوازی مافەکانیان ئەکەن. هەر مانگرتنێک ئەوە بیر کرێکاران دێنێتەوە کە جێوڕێیان لە کۆمەڵگادا نائومێدانە نییە، ئەوان تەنها نین.  بڕواننە ئەو کاریگەرییە یەکجار مەزنانەی مانگرتنەکان کە بۆ سەر هەردوو کەسانی مانگرتوو و ئەو کارگەرانەی نزیک ودەوروبەر هەیانە یان کارگەکانی هەمان کەرتی پیشەسازیی. لە کاتە ئاسایی و ئارامەکاندا کرێکار کارەکانی خۆی بێ ژاوەژاو ڕائەپەڕێنێت، ناڕەزایەتی لە بەرامبەر خاوەنکاردا نییە، وتووێژی بارودۆخی خۆی لەگەڵدا ناکات. لە کاتی مانگرتنەکاندا،  بەدەنگی بەرز داخوازییەکانی خۆی ڕائەگەیەنێت، هەموو خراپی وپێشێلکارییەکان بە بیری خاوەنکار دێنێتەوە، و داوای مافەکانی ئەکات، هەر تەنها بیر لە خۆی و کرێ‌ی کارەکەی ناکاتەوە. بیر لە هەموو هاوڕێکانی سەرکار ئەکاتەوە کە لەگەڵیدا و پێکەوە ئامێرەکانیان ڕاگرتووە و پارێزگاریی لە پرسی کرێکاران ئەکەن و لە هیچ نەهامەتییەک ترسیان نییە. هەر مانگرتنێک بەمانای ژمارەیەک نەهامەتی بۆ خەڵکانی کرێکار، نەهامەتی ترسناک کە تەنها ئەکرێت بە نەهامەتییەکانی کاتی جەنگ- برسیەتی خێزانەکان، لەدەستدانی کرێ، تەناتەت دەستگیرکردن، دوورخستنەوە لەو شارەی کە شوێنی ژیان وکارکردنیەتی بەراورد بکرێت. سەرباری هەموو ئەو ئازارچەشتنانە کرێکاران بێڕێزی ئەنوێنن بەرامبەر هەموو ئەو کرێکارانەی کە هاوکارەکانیان جێئەهێڵن و لەگەڵ خاوەنکارەکان ڕێک ئەکەون، سەرباری هەموو ئەم ئازارچەشتنانە، کە مانگرتنەکان بەدوای خۆیاندا ئەیهێنن، کرێکارانی تر لە کارگاکانی نزیک و دەوروبەر هاندان و ئازایەتی نوێ بەدەست ئەخەن کاتێک ئەبینن هاوڕێکانیان بەشدارییان لە خەباتێکدا کردووە. ئەنجلز، مامۆستای گەورەی سۆسیالیزم، دەربارەی مانگرتنەکانی کرێکارانی ئینگلتەرا ئاوا ئەدوێت:” هەموو ئەو خەڵکانەی بۆ ناچارکردنی تاکە بۆرژوازییەک بەرگەی هەموو ئەو نەهامەتییانە ئەگرن، توانای تێکشکاندنی سەرجەم بۆرژوازیشیان هەیە”. زۆربەی کات تەنها دەستپێکردنی مانگرتنێک بەسە بۆ دەستپێکردنی ڕاستەوخۆی ژمارەیەک مانگرتنی تر لە کارگاکانی تر. مانگرتنەکان چ کاریگەرییەکی مەزنی مۆراڵانەیان هەیە. چ کاریگەرییەک لەسەر کرێکاران دائەنێن کاتێک ئەبینن کە هاوڕێکانیان چیتر بە کۆیلایەتی ڕازی نین، و گەر بۆ ساتێکیش بووە لەو کاتانەدا هاوشانی دەوڵەمەندەکان یەکسان بوون! هەموو مانگرتنێک سەرسەختانە بیری سۆسیالیزم لە بیرکردنەوەی کرێکاردا ئەچێنێت، بیری خەباتی سەرجەم چینی کرێکار بۆ ڕزگاربوون لە چەوساندنەوەی سەرمایە. زۆربەی کاتەکان وابووە، پێش هەڵگیرسانی مانگرتنە گەورەکان، کرێکارانی کارگەیەک، یان کەرتێکی تایبەتی پیشەسازیی یان تەنانەت شارۆچکەیەکی دیاریکراویش زۆر بە دەگمەن بیرۆکەی پێشینەیان دەربارەی سۆسیالیزم زانیبێت، بەڵام پاش مانگرتنەکان، لە نێویاندا بازنەکانی لێکۆڵینەوە ودامەزراوەکان زۆر بەربڵاوتر بوون و ژمارەیەکی زیاتر و زیاتر لە کرێکاران بوون بە سۆسیالیست.

مانگرتنەکان کرێکاران فێر ئەکەن بۆ تێگەیشتن لەوەی هێزی خاوەنکارەکان و هێزی کرێکاران چییان لەخۆگرتووە. فێریان ئەکات کە تەنها بیر لە خاوەنکاری خۆیان و هاوکارەکانیان لەسەر هەمان کار نەکەنەوە، بەڵکو لە سەرجەم خاوەنکارەکان، سەرجەم چینی سەرمایەداریی و سەرجەم چینی کرێکار. کاتێک خاوەن کارگەیەک کە بڕی ملیۆنەهای لە دەرئەنجامی ڕەنج و زەحمەتی چەندەها نەوەی کرێکار کۆکردووەتەوە ڕازی نابێت کرێ‌ی کرێکار زیاد بکات یان تا ئەوپەڕی نزمی هەوڵی کەمکردنەوەی کرێ‌ی کار ئەدات، ئەگەر کرێکاران بەپەرچدانەوەیەک بنوێنن ئەوا هەزاران خێزانی برسی ڕەوانەی شەقامەکان ئەکات، زۆر بە تەواویی بۆ کرێکاران ڕوون ئەبێتەوە کە سەرجەم چینی سەرمایەداریی دوژمنی سەرجەم چینی کرێکارن، و کرێکاران تەنها ئەتوانن پشت بە خۆیان و چالاکی یەکگرتووی خۆیان بببەستن.  زۆربەی کات ئەوە ڕوو ئەدات کە خاوەنکار ئەوپەڕی هەوڵی خۆی ئەدات بۆ فریودانی کرێکاران، خۆ بە چاکە دەرخەر، و شاردنەوەی چەوساندنەوەی کرێکاران بە چەند بەرتیلی بێنرخ و چەند بەڵێنی دۆریینە. مانگرتن هەمیشە ئەم ساختەکردنە لە یەک لێداندا تێکئەشکێنێت کە “چاکەکەر” شتێک نییە جگە لە گورگێک لەبەرگی مەڕدا.

لەوەش زیاتر مانگرتن چاوی کرێکار نەک تەنها بە  ڕووی سروشتی سەرمایەداران، بەڵکو بە سروشتی حکومەت و یاساکانیشدا ئەکاتەوە. بەهەمان ئەو شێوەیەی کە خاوەنکارەکان لە بەرچاوی کرێکاران خۆیان بە ‘چاکەکەر’ نمایش ئەکەن، پلەبەدەستەکانی حکومەت وشوێنکەوتووەکانیان هەوڵی دڵناییکردنەوەی کرێکاران لەوەی قەیسەر و حکومەتی قەیسەر بە یەکسانی سوورن لە بایەخدان بە کرێکاران و خاوەنکارگەکان بەو شێوەیەی کە پێوانەی دادپەروەریی ئەیخوازێت. کرێکار یاساکان نازانێت، و هیچ پەیوەندیشی بە کاربەدەستە حکومییەکانەوە نییە، بەتایبەت ئەوانەی کە لە پۆستی باڵادان، لە دەرئەنجامی ئەمەدا زۆربەی کات باوەڕ بەمانە ئەکەن. کاتێک کە مانگرتن سەرهەڵئەدات، داواکاری گشتی، چاودێری کارگە، پۆلیس و سەرباز لە کارگەدا دەرئەکەون. کرێکاران فێرئەبن کە یاسایان پێشێل کردووە: یاسا ڕێگا بە خاوەنکارەکان ئەدات کە کۆببنەوە و بە کراوەیی ڕێگاکانی کەمکردنەوەی کرێ‌ی کرێکار وتووێژ بکەن، بەڵام کرێکاران کاتێک بە ڕێککەوتنێکی یەکگرتووانە ئەگەن وەک تاوانبار نیشان ئەدرێن. کرێکاران لە ماڵەکانی خۆیان وەدەرئەنرێن، پۆلیس ئەو دوکانانەش دائەخەن کە پێئەچێت کرێکاران خواردنیان  بە قەرز لێوەرگرن، هەوڵدان هەیە بۆ هاندانی سەربازەکان دژ بە کرێکاران تەنانەت لەو کاتانەش کە کرێکاران بە شێوەیەکی هێمن و ئارامانە مامەڵە ئەکەن. سەربازەکان ئازادکراون لە تەقەکردنی کرێکاران و کاتێک کرێکارانێکی بێچەک لە کاتی ڕاکردنیان لە پشتەوە ئەکوژن  قەیسەر خۆی سوپاسگوزاری سوپا ئەکات (بەم ڕێگەیە، قەیسەر سوپاسگوزاری ئەو سەربازانەی کرد کە چەند کرێکاری مانگرتوویان لە یارۆسلاڤڵ لە ساڵی ١٨٩٥دا کوشت). بۆ هەرکرێکارێک ڕوون ئەبێتەوە کە حکومەتی قەیسەر سەرسەخترین دوژمنەکانیەتی چونکە پارێزگاری لە سەرمایەداران و کۆت وبەندکردنی دەست و پێی کرێکاران ئەکات. کرێکاران لەوە تێئەگەن کە یاساکان تەنها لە بەرژەوەندی دەوڵەمەندەکاندا داڕێژراون، کاربەدەستدانی حکومەت ئەو بەرژەوەندییانە ئەپارێزن، خەڵکانی کرێکار بە بارمتە گیراون و ڕێگە بە دەربڕینی پێداویستییەکانیان نادرێت. پێویستە کە چینی کرێکار لە پێناو خۆیدا مافی بەدەستنی مافی مانگرتن بەدەستبهێنێت، مافی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی خۆیان هەبێت، مافی بەشداریکردنیان لە ئەنجومەنی نیشتمانیی کە یاساکان دائەڕێژن و چاودێری جێبەجێکردنیان ئەکەن.  حکومەت زۆر باش ئەزانێت کە مانگرتنەکان چاوی کرێکاران ئەکەنەوە و لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ترسیان لە مانگرتن نیشتووە و هەموو شتێک ئەکەن لە پێناو ڕاگرتنیدا بە خێراترین شێوە. یەکێک لە وەزیرە ناوخۆییەکانی ئەڵمانیا کە بە چەوساندنەوەی سۆسیالیستەکان و کرێکارانی هۆشیاری چینەکە ناوزڕاوە، نەک لەبەرهیچ هۆکارێک، لەبەردەمی نوێنەرانی خەڵکدا ڕایگەیاند: “لەپشت هەر مانگرتنێکی کرێکارییەوە هایدرا(مۆتەکە)ی شۆڕش هەیە”. هەر مانگرتنێک ئەو تێگەیشتنەی کرێکاران بەرەوپێش و بەهێز ئەکات کە حکومەت دوژمنیانە و پێویستە لەسەر چینی کرێکار خۆی ئامادە بکات بۆ خەباتی دژی حکومەت لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی خەڵکدا.

هەربۆیە مانگرتنەکان کرێکاران فێرئەکەن کە یەکبگرن؛ پیشانیان ئەدات کە ئەتوانن دژ بە سەرمایەداران خەبات بکەن لەو کاتانەی کە یەکگرتوون؛ فێریان ئەکات بۆ تێڕامان و بیرکردنەوە لە خەباتی سەرجەم چینی کرێکار دژ بە سەرجەم خاوەن کارگەکان و دژ بە کردەوەی سەرەڕۆییانەی پۆلیسی حکومەت. ئەمە ئەو هۆکارەیە کە سۆسیالیستەکان بە مانگرتنەکان ئەڵێن ” خوێندنگای جەنگ” ئەو خوێندنگایەی کە کرێکاران تیایدا فێری جەنگ ئەبن دژ بە دوژمنەکانیان، لە پێناو ڕزگارکردنی سەرجەم خەڵک و کرێکاران لە چەوساندنەوەی کاربەدەستانی حکومیی و چەوساندنەوەی سەرمایە.

هەرچەندە کە ” خوێندنگای جەنگ” لە خۆیدا جەنگ نییە. کاتێک کە مانگرتنەکان لە نێو کرێکاراندا سەرهەڵئەدەن و تەشەنە ئەکەن، هەندێک لە کرێکاران( و لە نێویشیاندا هەندێک لە سۆسیالیستەکان) باوەڕبەوە دێنن چینی کرێکارخۆی تەنها سنورداربکاتەوە بە مانگرتنەکان یان سندوقەکانی کۆمەک و دامەزراوەکانی مانگرتن؛ کە تەنها لە ڕێگای مانگرتنەکانەوەیە چینی کرێکار ئەتوانێت بە ئاستێک لە باشبوونی بارودۆخی بگات یان تەنانەت ڕزگاربوونیشی. کاتێک ئەبینن چ هێزێک لە یەکگرتوویی چینی کرێکاردا هەیە تەنانەت لە مانگرتنی بچوکیشدا، هەندێک وا بیر ئەکەنەوە کە چینی کرێکار ئەبێت تەنها مانگرتنی گشتی لە سەرتاسەری وڵاتدا بۆ کرێکاران ڕێکبخەن لە پێناو بەدەستهێنانی ئەو خواستانەی لە سەرمایەداران و حکومەتەکان ئەیانەوێت.

ئەم بیرۆکەیە هەروەها لە لایەن کرێکارانی وڵاتانی ترەوە خرایەڕوو، ئەو کاتانەی بزووتنەوەی چینی کرێکار لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خۆی و کرێکارانیش هێشتا کەم تەجروبە بوون. ئەمە بیرۆکەیەکی هەڵەیە، مانگرتنەکان تەنها یەکێک لە ڕێگاکانی خەباتی چینی کرێکارن لە پێناو ڕزگاربوون، بەڵام تەنها ڕێگە نین؛ و ئەگەر کرێکاران ئاگایی خۆیان ڕووەو ئامرازەکانی تری خەبات وەرنەچەرخێنن ئەوا گەشە و سەرکەوتنی چینی کرێکار هێواش ئەکەنەوە. ئەوە ڕاستە کە ئابونە(ئیمکاناتی مادیی) پێوستە بۆ پارێزگاریکردن لە کرێکاران لە کاتی مانگرتنەکاندا، ئەگەر مانگرتنەکان سەرکەوتوو بن. ئەم جۆرە لە ئابونەی کرێکاران( بە زۆری هاوکاری مادیی لە کرێکارانی کەرتە جیاوازەکانی پیشەسازی، بازرگانی و شوێنکارەکان) لە زۆربەی وڵاتاندا پارێزراوە؛ بەڵام لێرە لە ڕوسیا ئەمە بە تایبەت سەختە، لەبەر ئەوەی پۆلیس شوێن پێ‌یان ئەکەوێت، دەستبەسەر پارەکاندا ئەگرن،و کرێکارانیش دەستگیر ئەکەن.

کرێکاران بە دڵناییەوە بەتوانان لە خۆشاردنەوەیان لە پۆلیس، سروشتیانەیە ئەم جۆرە لە ڕێکخستنی هاوکارییە مادییەکان( بۆ نمونە سندوقەکانی هاوکاری -وەرگێڕ) بەهای خۆیان هەیە، و نامانەوێت ئامۆژگاری کرێکاران دژ بە پێکهێنانیان بکەین. بەڵام نابێت وای دابنێین کە ئەم هاوکارییە ماددیانەی کرێکاران، لە کاتێکدا کە لە باری یاساییەوە قەدەغەیە، ژمارەیەکی زۆر لە بەشداربووان بە دوای خۆیاندا ڕابکێشێن. و تا ئەو کاتانەی کە ئەندامبوون لەم سندوقانەدا سنوردارە، و هاوکارییەکان سوودی گەورەی خۆیان نابەخشن. سەرباری ئەمە، تەنانەت لەو وڵاتانەی کە یەکێتی‌یە کرێکارییەکان بە کراوەیی هەن و ئیمکاناتێکی ماددی گەورەیان بەردەستە، هێشتا چینی کرێکار ناتوانێت خۆی لە چوارچێوەی مانگرتنەکاندا وەک تاکە ئامرازی خەباتکردن سنوردار بکاتەوە. هەموو ئەوەی پێویستە بوونی ڕێگرییەکە لە کاروباری پیشەسازیدا( قەیرانێک، بەهەمان ئەو شێوەیەی کە لە ڕوسیای ئەمڕۆدا ئەگوزەرێت) و خاوەن کارگەکان خۆیان دەستئەنقەستانە ئەبنە هۆکاری مانگرتنەکان، لەبەر ئەوەی لە قازانجیانە بۆ کورتماوە کار ڕابگرن وبەم شێوەیە هاوکارییە مادییەکان بکڕێننەوە. هەربۆیە کرێکاران لە ژێر هەر بارودۆخێکدا بێت ناتوانن خۆیان بە چالاکی مانگرتن و دامەزراوەکانی مانگرتن سنوردار بکەنەوە. دووەم: مانگرتنەکان کاتێک سەرکەوتوو ئەبن کە کرێکاران بە ئەندازەی پێویست لە باری چیانیەتییەوە هۆشیار بن. کە بە توانان بن لە دیاریکردنی ساتی مانگرتن، کە پەیوەندییان لەگەڵ سۆسیالیستەکان هەبێت و بە توانا بن لە بەدەستخستنی بڵاوکراوەو نامیلکەکان لە نێو خۆیاندا. بەڵام هێشتا ژمارەیەکی کەم لەم کرێکارانە لە ڕوسیادا هەن، وئەبێت هەموو هەوڵێک بخرێتە گەڕ بۆ زیادکردنیان لە پێناو ناساندنی پرسی چینی کرێکار بە سەرجەم کرێکاران و فێرکردن وناساندنیان بە سۆسیالیزم و خەباتی چینی کرێکار. ئەمە ئەو ئەرکەیە کە پێویستە سۆسیالیستەکان و کرێکارانی بەئاگاهاتووی چینەکە پێکەوە لە ڕێکخستنی پارتی سۆسیالیستی چینی کرێکاردا لەم پێناوەدا بیگرنە بەر. سێیەم: مانگرتنەکان هەروەک بینیمان، ئەوە پیشانی کرێکاران ئەدەن کە حکومەت دوژمنیانە و ئەبێت خەبات دژ بە حکومەت ڕاپەڕێنن. لە ڕاستیدا ئەوە مانگرتنەکانن کە وردە ردە چینی کرێکاری سەرجەم وڵاتانیان فێری خەبات دژ بە حکومەتەکان کردووە لە پێناو مافەکانی کرێکاران و مافەکانی سەرجەم خەڵک بە گشتی.

هەروەک وتمان، تەنها پارتی کرێکارانی سۆسیالیستە لە توانایدایە ئەم خەباتە لە ئەستۆ بگرێت لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی تێگەیشتنێکی ڕاستەقینە دەربارەی حکومەت و پرسی چینی کرێکار لە نێو کرێکاراندا.  لە دەرفەتێکی تردا بە تایبەت باسی مانگرتنەکانی ڕوسیا ئەکەین کە چۆن بەڕێوەئەچێت و کرێکارانی سۆسیالیست چۆن ئەبێت سوودی لێوەربگرن. لێرەدا پێویستە جەخت بکەینەوە، هەروەک لە سەرەوەش باسمان کرد، مانگرتنەکان تەنها ” خوێندگەی جەنگن” نەک جەنگەکە خۆی. مانگرتنەکان تەنها ئامرازێکی خەباتکردنن، تەنها لایەنێکی بزووتنەوەی کرێکاریین. لە مانگرتنە جوداکانەوە کرێکاران ئەتوانن و پێویستە واوەتر بچن، هەروەک ئەوەی بە دروستی لە هەموو وڵاتاندا پەیڕەوی ئەکەن بۆ خەباتی سەرجەم چینی کرێکار لە پێناو ڕزگارکردنی هەموو ئەوانەی کارئەکەن. کاتێک کە کرێکارانی بەئاگاهاتووی چینەکە ئەبنە سۆسیالیست بە واتایەکی تر کاتێک لە پێناوی ئەم ڕزگارییەکدا خەبات و کۆشش ئەکەن، کاتێک لە سەرتاسەری وڵات یەکئەگرن لە پێناو بڵاوکردنەوەی سۆسیالیزم لە نێو کرێکاران، لە پێناو فێرکردنی کرێکاران بە هەموو ئامرازەکانی خەبات دژ بە دوژمنەکانیان، کاتێک کە پارتی کرێکارانی سۆسیالیست دائەمەزرێنن کە خەبات ئەکات لە پێناوی ڕزگاری کۆی خەڵک لە چەوساندنەوەی حکومەت و ڕزگارکردنی کرێکاران لە کۆت و بەندی سەرمایە- تەنها ئەو کاتانە چینی کرێکار ئەبێتە بەشێکی لێکپێکهەڵراوی بزووتنەوەیەکی مەزنی کرێکارانی وڵاتانی تر کە سەرجەم کرێکاران یەکگرتوو ئەکات و پەرچەمی سووری نەخشێنراو بە وشەکانی ” کرێکارانی جیهان یەکگرن!” بەرز ڕائەگرێت.

————————————–

لە جێگایەکی تردا بە دورودرێژی باس لەو قەیرانانەی کە لە کەرتی پیشەسازیدان و گرنگییان بۆ کرێکاران ئەکەین. لێرەدا تەنها سەرنجی ئەوە ئەدەین کە کاروباری پیشەسازی لە ڕوسیا لەم ساڵانەی دواییدا بە باشی چەرخاوە، پیشەسازی گەشەی کردوووە، و ئێستا(کۆتایی ١٨٩٩) چەند ئاماژەیەکی ڕوون هەن کە ئەم گەشەکردنە کۆتاییەکەی بە قەیرانێک دێت: ئەستەمی لە فرۆشی کەلوپەلەکاندا هەیە، مایەپوچیی خاوەن کارگەکان، تێکشکانی خاوەن موڵکە بچوکەکان، چەند پاشهاتی مەترسیدار لەسەر کار هەیە ( بێکاریی، کەمکردنەوەی کرێ ، …هتد )- لینین

لینین لە کاتی دورخستنەوەیدا لە مەنفا ئەم بابەتەی ( دەربارەی مانگرتنەکان ) بۆ ڕۆژنامەی کرێکاران (Rabochaya Gazeta) نووسیوە

سەرچاوە: لە بەرگری مارکسیزمدا