مەغریب : بزووتنەوەی خوێندکاران و گەنجانی بێکار مژدەهێنەری خەباتی شۆڕشگێڕانەن

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، شارو شارۆچکەکانی سەرتاپای مەغریب چەند بزووتنەوەی بەربڵاوی گەنجانی بەخۆیەوە دی کە تیایدا گەنجان و دەرچووانی زانکۆکان تیایدا بەشداربوون. وەک هەر بزووتنەوەیەکی جدی و ڕیشەداکوتراو سیمای بەشدارییەکی بەربڵاوی ژنانی بەخۆیەوە دی، کە ڕاوەستاوانە لە هێڵی پێشەنگی ناڕەزایەتییەکاندا بوون و ئاستێکی باڵای شۆڕشگێڕییان لەخۆنیشاندا. بزووتنەوەکە نەک تەنها لەبەر ڕەوابوونی داخوازییەکان، بەڵکو بەو هۆیەش کە جەماوەری خەڵک لە بارودۆخی وڵاتەکە یەکجار تووڕەن و بە دوای خاڵێکی بنەڕەتیدا ئەگەڕێن بەدەوریدا گرد ببنەوە، بە شەوق و سۆزەوە لە لایەن سەرجەم توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگاوە پشتیوانی لێکرا.

[Source]

ئەم بزووتنەویە شایەدی ئاڵۆزی و ناجێگیریی بارودۆخی نێو کۆمەڵگای مەغریبی‌یە، کە تیایدا چینی دەسەڵاتدار لە ڕێگای سەرکوت، و پشتبەستن بە چەند ڕابەری ڕیفۆرمیست و کۆنسێرڤاتیڤی یەکێتی‌یە کرێکارییەکان هەوڵ ئەدات لەقاڵبیان بدات. ترۆتسکی جارێکیان نوسی:

“چالاکی‌یە شۆڕشگێری و نیمچە شۆڕشگێڕییەکانی خوێندکاران بە مانای ئەوەن کۆمەڵگای بۆرژوازی بە قەیرانێکی قوڵدا تێئەپەڕێت” ( لیۆن ترۆتسکی. گرفتەکانی شۆڕشی ئیسپانیی)

کڵپەی ناڕەزایەتییەکان

دواین بزووتنەوە لە لایەن خوێندکارانەوە کاتێک کڵپەی سەند کە وەزیری پەروەردەو خوێندنی باڵا چەندین مەرجی دواکوتووانەی بۆ ئەو دەرچووانەی حەز لە بەشداری ئەزموونی بوون بە مامۆستا لە کەرتی گشتی ئەکەن دانا. یەکێک لە مەرجەکانی ڕێگریکردن لە دامەزراندن بوو لەو دەرچووانەی تەمەنیان لە ٣٠ ساڵ زیاترە، سەرباری ڕێگەگرتن لە بەشداری مامۆستایانی کەرتی تایبەت( کە خاوەن مووچەی کەمن)، جگە لەو مامۆستایانە نەبێت کە لە لایەن خاوەنکارەکانیانەوە ڕێگەپێدراون بە بەشداری وەک ئەوەی مامۆستایان کۆیلەی خاوەنکارەکانیان بن.

یەکێک لە خاڵەکان دانانی کۆنمرە باڵای 12.5 وەک مەرجێک لە پێشکەشکردنی فۆرمی کارکردن لە کەرتی گشتی، خزمەت بە مافیاکانی کەرتی تایبەتیش ئەکات، کە یاری بە نمرەکان و هەڵئاوسانیان بۆ ڕاکێشانی خوێندکارانی کرێ –بەرز ئەکەن. یاسا نوێیەکانی ڕێگرتن لە مامۆستایانی کەرتی تایبەت بۆ کارکردن لە کەرتی گشتی، سەردەمی دەرەبەگایەتیمان بیر ئەهێننەوە کە دەرەبەگ چارەنووسی ئەو خەڵکانەی لەگەڵیاندا کاریان ئەکرد دیار ئەکرد، و ناچار بە قبوڵکردنی مەرجەکانی پێش رازیبوون بەهەر بڕیارێک سەربارەت بە چارەنووسی ژیان و کارکردنیان ئەکردن.

ئەم ڕێکارو مەرجە نوێیانە هەروەها ڕەنگدانەوەی ئاسۆی بەرتەسکانەی چارەسەری تەکنۆکراتەکانە بۆ سندوقەکانی خانەنشینی کە لە قەیرانێکی سەختدا، لە ڕێگای دوورخستنەوەی بەشداریی ئەو مامۆستایانەی تەمەن گەورەن و لە تەمەنی خانەشینی نزیک بوونەتەوە گیری خواردووە. لە جیاتی ڕەخساندنی دەرفەتی نوێی پیشە بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی مامۆستا، دکتۆر، و پەرستاران لە سەرتاپای وڵات، دەوڵەت کار لە سەر کەمکردنەوەی پیشەکان لە پێناو بەدەستخستن و گێرانەوەی داهات بۆ خۆی ئەکات، گەرچی پیشە نوێیەکانیش لەئێستادا ناتوانن جێگای پیشە لەدەستچووەکان بەهۆی مردن یان خانەنشینی‌یەوە بدەنەوە.

لەسەروو هەموو ئەمانەوە پێویستە ئاماژە بە قەیرانی سندوقەکانی خانەنشینی بکەین کە لە ڕێگای بەتاڵانبردنی لە لایەن پاشا،و ئەو کۆمپانیایانەی کە خاوەنەکانیان دۆست و هاوڕێ‌ی پاشان، و هەروەها بەهۆی ڕەدکردنەوەی قەرەبووکردنەوەی لە لایەن حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانەوە هێندەی تر بەسەریەکدا کەڵەکە بوون، ئەمە سەرباری لووشدان و بەتاڵانبردنیشی لە لایەن ئیدارە گەندەڵکارەکانەوە.

فاکتەرە قووڵەکان

دواین تێکۆشان یەکێک لە گەورەترین و بەرفراوانترین ناڕەزایەتییەکانە بە دوای بزووتنەوەی ٢٠ی فێبریوەریدا، کە لە ٢٠ی فێبریوەری ٢٠١١دا لە دەماودەمی بەهاری عەرەبیدا کڵپەی سەند. ناڕەزایەتییەکان سەرجەم شارە گەورە کرێکارییەکانی، بەتایبەت ئەوانەی زانکۆ گەورەکانیان لە خۆگرتووە وەک ( طەنجە، تەطوان، وەجدە، کاسابلانکا، فاس، ڕیباط، ئەصفی، ئەکادیر، مەراکیش،ومەکنەس )ی گرتەوە. ئەمانە نیشاندەری ئەو ڕاستی‌یەن کە جارێکی تر توانای تێکۆشان و مەیلی گۆڕان لە نێوان گەنجانی چینە ڕەنجدەرەکان شەپۆل ئەدات. سەرباری ئەوەی کڵپەی هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی ئەم ناڕەزایەتییانەی دوایی بڕیارێکی وزاری‌یە بەڵام چەندین فاکتەری مەودا دوور هەن کە پاڵیان بە جەماوەر و بە تایبەت گەنجانەوە ناوە کە ڕێگای خەبات بگرنە بەر.

قەیرانی ئابوری تەنانەت پێش سەرهەڵدانی پەتاکەش زۆر قوڵ بوو کە ئەم هۆکارە دوایی(پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا) بووە کەڵەکەبوونی زیاتری. تەنها لە ساڵی ٢٠٢٠دا، گەشەی ئابوری زیاد لە ٧% دابەزی، و ڕێژەی هەژاری گەیشتە 11.7% . ئەو ڕێگا تاوانکارییانەی چینی دەسەڵاتدار مامەڵەی لەگەڵ پەتاکە پێئەکرد هێندەی تر بارودۆخی جەماوەری لە هەر ڕابردوویەکی تر بارگرانتر کرد. سەرجەم قورسایی قەیرانەکەی خستە سەرشانی چینی کرێکار لە ڕێگای بێکارکردنی بەلێشاو و هەڵکشانی نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، ئەمە لە کاتێکدا گشت ئاسانکارییەک بۆ هاوکاری چینی باڵادەست خرانە بەردەست، کە لەنێویاندا لێخۆشبوون لە باج و کشانەوەی یاساکانی لەناوبردنی گەندەڵی ئیدارییان لەخۆگرت. بەم هۆکارانەوە ئەم کەمینە مشەخۆرانە، کە لە نێویاندا پاشاو خێزانەکەی و بەرپرسە گەورەکانی تر هەن بواریان بۆ ڕەخسا هێندەی تر سامان کەڵەکە بکەن.

بۆ نمونە سامانی خێزانی سەرۆکوەزیرانی ئێستا و هاوڕێی نزیکی پاشا، عەزیز ئەخنووش لە کاتی سەرهەڵدانی پەتاکەوە هەتا ئێستا بە ڕاددەی ٢٥ ملیۆن درهەم( نزیکەی 2.7 ملیار دۆلاری ئەمریکی ) زیادی کرد. بە پێ‌ی ڕێکخراوی ئۆکسفام ، و هەروەها لە لایەن پێگەی فۆربیسەوە پشتڕاست کراوەتەوە، سەرباری قورسایی بارودۆخی ئابوری لەو وڵاتە تەنها لە نێوان ئاپڕڵی ٢٠٢٠ تاکو مەی ٢٠٢١ سامانی عەزیز بە ئەندازەی ٩٠٠ ملیۆن دۆلار هەڵکشاوەو بەمەش پوختەی سامانەکەی گەیشتووەتە 1.9 ملیاری دۆلاری ئەمریکی.

هەروەک مارکس ڕوونی کردووەتەوە:"کەڵەکەبوونی سامان لە جەمسەرێکدا بەمانای کەڵەکەبوونی نەهامەتی، ئازاری کۆیلایەتی زەحمەتکێش، نەزانیی، توندوتیژیی، داڕمانی عەقڵی‌یە لە جەمسەرەکەی تر” ئەم ڕاستی‌یە لە هیچ شوێنێکی تری دنیا بە ئەندازەی مەغریب ڕۆشنتر نییە.

لەهەمان ئەم کاتانەدا، بە پێ‌ی ئاماری دەزگای کۆمسیۆنی باڵای پلاندانان، پێش دابەزینی لەم ماوانەی دواییدا بۆ 11.8% تێکڕای ڕێژەی بێکاری بۆ 12.7% زیاتر هەڵکشاوە. بە ئەندازەیەک گەیشتووەتە ڕاددەی 31% لە نێوان گەنجانی ١٥-٢٤ ساڵان، هەروەها 18.7% لە نێوان گەنجانی خوێندەواری پلەباڵا و 16.5% لە نێوان ژنانی مەغریب. بە درێژایی ئەو ماوەیە، ڕێژەیەکی زیاتری کرێکاران ڕووەو خوارتر داڕماون، بە پێ‌ی ئاماری هەمان دەزگا، ڕێژەی بێکاری (لە نێویشیاندا ئەو کرێکارانەی بەدەر لە ویست و توانای خۆیان لە بوارێکدا کار ئەکەن و لە داهاتێکی کەم بەهرەمەندن) زیاد لە یەک ملیۆن بێکاری لەسەرتاسەری وڵات تێپەڕاندووە.

هەروەها ڕێژەیەکی بەرچاو لە هەڵکشانی نرخەکان بوونیان هەیە،و لە ژمارە فەرمییەکاندا ڕەنگیان نەداوەتەوە بەڵام جەماوەری خەڵک تا سەر ئێسک هەستیان پێ‌ی کردووە. بە پێ‌ی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای پلاندانان، نرخی سەوزەوات بە ڕێژەی 4.7% زیادی کردووە، گۆشت بە ڕێژەی 2.7%، ماسی و خواردەمەنییە دەریاییەکان بە ڕێژەی 1.4%، زەیت بە ڕێژەی 1% ،هەروەها شیر، پەنیر،هێلکە، چا و قاوە بە ڕێژەی 0.7% هەڵکشاون. ئەمە سەرباری پێداویستییەکانی تر بۆ نمونە وەک سووتەمەنی بە ڕێژەی 3.2% ، جگە لە هەڵکشانی نرخەکانی گواستنەوەی گشتی بە ڕێژەی 6.2%.

بە کورتی ڕیشە پاڵنەرەکانی ئەم تەقینەوە کۆمەڵایەتییە زۆر زیاتر دژ بە بڕیارێکی وزاری واوەتر ئەچن. ڕیشەی سەرهەڵدانی لە بارودخی گشتی وڵاتەکەدایە، ئەم ڕاستی‌یە لە ناوەرۆکی ئەو سلۆگان(شیعار) انەدایە کە لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە بەرز ئەکرانەوە کە زۆر زیاتر لە وەستانەوە بەرامبەر بڕیارێکی وزاری تێئەپەڕاند، بە سەرکۆنەکردنی چینی باڵادەست و دەوڵەت و دژ بە سیاسەتی برسیکردنی خەڵک و سەرکوتگەرییەکانیانی چینی باڵادەست و ئیدارە گەندەڵەکەیان.

خۆپیشاندەران جارێکی تر پەرچەمەکانی بزووتنەوەی ٢٠ی فێبریوەرییان بۆ “ ئازادی، شکۆی مرۆڤ، دادپەروەری کۆمەڵایەتی"، ” ئەمە دەوڵەتی گەندەڵە “ زیندوو کردەوە. لە مەغریب بەهۆی نەبوونی یاسا دیموکراتییەکانەوە ژمارەیەکی زۆری گەنجان لە ئوڵتراس ” Ultras” (گروپەکانی هاندانی یانە وەرزشییەکان) خۆیان ڕێکخستووە، کە ناسراون بە وتنەوەی دەستەجەمعی گۆرانی یەکجار ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانە دژ بە سەرکوت و چەوساندنەوەی دەوڵەت. تەنانەت لە کاتی هاندانی یارییە وەرزشییەکانیشدا لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە ئەم گۆرانی‌یانە بەرگوێ ئەکەون.

ڕیفۆرمیستەکان و ڕابەرانی یەکێتی‌یە کرێکارییەکان

ڕابەرە ڕیفۆرمیستەکان بە ترسو لەرزەوە ئەڕواننە ئەم بزووتنەویە. بەداخەوە بوونی خۆیان بۆ ئەو کردەوانەی حکومەت “ کە ئەبنە هەڕەشە بۆسەر بارودۆخی جێگریی کۆمەڵگا ” دەربڕی و بڕیاری وەزیری پەروەردەیان بەوەی لە"کاتی خۆیدا نییە” و لەهەمان کاتدا “ نە یاسایی‌یە و نە دەستوری‌یە “ ڕەخنە گرت. و وەزیریان بە لەبەرچاونەگرتنی بارودۆخی ئێستا ئابوری و کۆمەلایەتی مەغریب سەرزەنشت کرد و پرسیار ئەکەن کە ” داخۆ وەزیر، عەقڵی لەدەستداوە؟ “ئایا وەزیر ئەوە لەبەرچاو ناگرێت بارودۆخەکە پڕ لە چەندین فاکتەری کڵپە سەندووە؟ ئایا زۆر سەلامەت تر نییە ئەگەر بەم جۆرە بڕیارانە هانی چینی کرێکار و بە تایبەت گەنجان لە ئێستادا نەدرێن؟

بەڕاستی ڕیفۆرمیستەکان چەند بوونەوەری گەمژەو مایەپووچن، بە دروستی پێیان وایە کە ئەکرێت لە کۆمەڵگایەکی چینایەتیدا ژیان بکەیت و چینە باڵا دەستەکان پەلامار و هێرش نەکەنە سەر چینی کرێکارو خەڵکانی هەژارو زەحمەتکێش، بە تایبەت لە بارودۆخێکی قەیراناویی وەک ئێستادا کە سەرمایەداریی لە ئاستی جیهانی و ناوخۆییشدا دەرگیریەتی. هەرکە چاویان بەم پەلامارو هێرشانە کەوت ڕوو ئەکەنە جەماوەری خەڵک و لێیان ئەپاڕێنەوە:” ئەی خەڵکانی کرێکارو ڕەنجدەر ئەگەر سەرمایەداران هێرشیان کردنە سەر ئەوا لەبەر بەرژەوەندی باڵای نەتەوەو پاراستنی ئارامی کۆمەڵایەتی دان بە خۆتانا بگرن و وەڵامیان مەدەنەوە، لە سەروو هەموو ئەمانەوە گرنگترین و بەهادارترین پرس ئارامی و جێگریی‌یە”.

بەڵام چینی دەسەڵاتدار بە پێچەوانەی ڕیفۆرمیستەکانەوە، باش ئەزانن کە خەباتی چینایەتی توخمێکی سەرەکی یەکلاکەرەوەیە لە کۆمەڵگا. هەربۆیە بە بەردەوامی دەزگا سەرکوتگەریی و داپڵۆسێنەرەکانیان، زیندان و یاساکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان توندو مەحکەمتر ئەکەن، هەربۆیە ئەم کەرتانە تەنها کەرتێکن کە دووچاری کەمکردنەوەی بودجە نابن و بگرە کۆمەک و هاوکاری زیاتریشیان ئەخرێتە خزمەت و بەردەست.

ئایا بە ڕاستی وەزیر عقڵی لە دەستداوە؟

ئایا بە ڕاستی چینی باڵا دەست و نوێنەرەکەیان لە کەسایەتی وەزیری پەروەردەو خوێندنی باڵا عەقڵیان لە دەستداوە و هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراویان ناوە؟ هەرگیز نەخێر!! ئەبێت ئەوەمان لە یاد نەچێت کە (بن موسی) کۆنەوەزیری ناوخۆ و وەکلیلی فەڕەنسی، کە خاوەنی ڕەگەزنامەی فەڕەنسیشە چەندین سەرچاوەی زانیاری و ڕاوێژکاری بەردەستە هەروا هەنگاوێکی ناعەقلانی و لەپڕ نەنێت.

پێمان وایە سێ ڕوونکردنەوەمان بۆ ئەم هەنگاونانەی وەزیری پەروەردە لەم کاتە تایبەتەدا هەیە:

چینی دەسەڵاتدار دووچاری قەیرانێکی قووڵی سەرمایەداری‌یە. وا ئەخوازێت چەند هێرش و پەلامار بۆ سەر چینی کریکار لە فۆرمی سیاسەتی لەخۆگرتنەوەو برسیکردن لە پێناو ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز بە قازانجی خۆی دەست پێبکات.

هیچ هێزێکی ڕێکخراو و شۆڕشگێرانەی چەپ بوونی نییە کە ڕابەرایەتی بەرگریی خەڵک بکات و لە هەمان کاتیشدا نوێنەرانی یەکێتی‌یە کرێکارییەکان لە چەند خزمەتکاریی سیستمەکە تێناپەڕن. هیچ هەنگاوێک کە ببنە بەربەست لەبەردەم سیاسەتەکانی چینی باڵا دەستدا نانێن، بەڵکو لە جیاتی ئەمانە بانگەواز و هەوڵ بۆ هێمنکردنەوەی کرێکاران و پاشەکشەپێکردنیان ئەدەن.

چینی باڵادەست باش ئەزانن کە لەسەر بڵقەکانی گڕکانێکدا کە ئەکرێت لەهەر ساتێکدا بتەقنەوە ڕاوەستاون، هەربۆیە هەوڵی دەستنیشانکردنی تەقینەوەی داهاتوو و دەرکێشانی فتیلەکەی ئەکەن. هەمان تاکتیکی ئاگرکوژێنەرەوەکان بەکاردێنن، کە پێش وەرزی هەڵگیرسانی ئاگرە بەربڵاوەکان لە دارستانەکاندا، خۆیان ئاگر لەو شوێنانە بەرئەدەن کە توانای چاودێری و کۆنترۆڵکردنیان هەیە بۆڕوونەدانی ئاگرکەوتنەوەی گەورە یان لانی کەم بۆ کەمکردنەوەی زیانی ئاگرەکان و ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەیان. خۆیان ئاگر لەو پووش و پەڵاشانە ئەدەن کە توانای گڕگرتنی خێرایان هەیە و بیرۆکەی ئەو خاڵە گەرم و لاوازەیان پێئەبەخشێت کە ئەبنە مەترسی بۆیان و لێکۆڵینەوە لە چەند زانیاری پێویست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاگرە گەورەکان لەکاتی هەڵگیرسانیاندا ئەکەن. ئەمە ئەو شتەیە کە دەوڵەت لە ئێستادا بەڕێوەی ئەبات، هەوڵی ماندووکردنی بزووتنەوەی جەماوەری خەڵک ئەدات لە شەڕە تەنها و دابڕاوەکان یەک بە دوای یەکدا، و لە ڕێگای بەربەستکردن لە یەکگرتنیان لە بزووتنەوەیەکی سەرتاسەریی جەماوەریدا.

نوێنەرانی چینی باڵادەست زۆر بەئاگاو وریاترن بۆ ئەم بارودۆخە لە چاو ڕیفۆرمیستە چەپە کورتبینەکان. وەزیری داد، عەبدوللەتیف وەهبی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەگەریی بەم دوایی‌یانە ڕایگەیاند:” بڕیارەکان و ڕێکارەکانی دواتر نائارامی زیاتر بە دوای خۆیاندا دێنن، ئەگەر هیچ پشیێوی‌یەک لەسەر ئەم بڕیارە ڕوو نەدات ئەوا لە بڕیاری داهاتوودا سەرهەڵئەدات” هەربۆیە یەک بە دوای یەک بەردەوامن لەسەر جێبەجێکردنی توانەوەی تاسانی لێدانەکان لەم پرۆسەیە و دامرکاندنەوەی پێش هەنگاونان بۆ ڕێکارو پرۆسەیەکی تر و بەم شێوەیە.

بە دڵنیایی‌یەوە ئەمە هەرگیز بەو مانایە نییە تەواوی بارودۆخەکەیان جڵەو کردبێت. بە پێچەوانەوە ، ئەگەری سەرکێشی و لە دەست دەرچوونی بارودۆخەکە لە دەستیان زۆر گەورەیە، هەر ئەمەشە بووەتە مایەی مەترسی بۆ سەر ڕیفۆرمیستەکان و پێئەچێت لە چینی دەسەڵاتدار زیاتر پەرۆشتر بن. بە تایبەت ئەوەی کە ناڕەزایەتی و ناکۆکییە خۆبەخۆییەکانی خەڵکن و لە دەرەوەی کۆنترۆڵی بیرۆکراتیەتی یەکێتی و ڕێکخراوو حزبە ڕیفۆرمیستە کراوەکانن بۆ دانوستاندن و ڕێکەوتن لەگەڵ چینی دەسەڵاتدارو کەمکردنەوەی مەترسییەکانی. زۆر ئەوە دووپات ئەکەنەوە کە بزووتنەوەکە سەرچاوەیەکی نییە بۆ گەڕانەوە و بێ ڕابەرە و هیچ ڕێکخراوێک ناتوانێت یەکگرتووی بکات، لەپاڵ بڕێک لە سەرکوت و بێدەنگکردن و تنازلات، لە دواین وێستگەدا چینی دەسەڵاتدار دەرفەتێکی زیاتری بۆ سەرکەوتن بەسەر بزووتنەوەکە بۆ ڕەخساوە.

حزبە ڕیفۆرمیستە چەپەکان بە ئاگاهییەوە بێت یان بێ ئاگاهیی لە ڕێگای جێبەجێکردنی سیاسەتە دواکەتووەکانی سەرمایەدارانەوە لە بەشداریکردنی ئەم شەڕە سەراپاگیرانەدا تێوەگلاون، بەزۆرەملێ یان لە ڕێگای فشاری پۆست و پلەباڵاکانەوە یان بەنوسینی چەند بەیاننامەی بێناوەرۆک لە هاوپشتی بێت. بۆ کاریگەریدانانی ڕاستەقینەی ئەم ناڕەزایەتییانە، ئەبێت سەرجەمیان یەکگرتوو بکرێن، هاوشان لەگەڵ دروستکردنی چەند ڕێکخراوی دیموکراتیی جەماوەریی لە شوێنی ژیان و کارکردن و زانکۆکان. پێویستە هەموو ئەم پرسانە لە ئاستی لۆکاڵیی، هەرێمی و سەرتاسەریدا تا ڕاددەی دامەزراندنی پرۆگرامی داخوازییە ڕاگوزەرییەکان بۆ گردبوونەوە بە دەوریدا یەک بخرێن . پێویستە داخوازییەکان بە خەباتی ڕۆژانەی چینی کرێکارەوە گرێ بدرێن کە تەنها چارەسەری گونجاو و بەردەوام و دروستە بۆ چارەسەری سەرجەم کێشەو گرفتەکانی چەوساندنەوەو سەرکوت و هێرش بۆسەر بارودۆخی ژیان وکارکردنی هەموو کرێکاران و زەحمەتکێشان لە لادێ و شارەکاندا.

دانووستاندن لە جیاتی شەڕکردن

ڕابەرانی یەکێتی‌یە کرێکارییەکان، لە جیاتی هەوڵدانیان بۆ بەشداریکردن لەم بزووتنەوانە، ڕێکخستن و پێدانی شیعاری و چالاکی دروست، لە جیاتی بانگەوازکردن بۆ مانگرتنی سەرتاسەریی هاوشان لەسەرتاپای وڵات بۆ ناچارکردنی چینی دەسەڵاتدار بۆ پاشگەزبوونەوە لە دواین هێرش، وسەرجەم پەلاماردانەکانی تریان بۆ سەر جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش، هەموویان پەلیان کوتا بۆ چاوپێکەوتنی وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پێناو پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەکەی، و گێڕانەوەی ئەوەی پێ‌ی ئەڵێن “جێگیریی”

خۆیان زۆر بە ئاقڵ و عەقڵانی لە قەڵەم ئەدەن، هەروەها خۆشیان زۆر بە تواناتر لە چاو چینی باڵادەست بۆ پارێزگاریکردن لە ئارامیی ئەناسێنن، هەر ئەمەشە ناچار بە پاڕانەوەی لە وەزیر کردن تا لە بڕیارەکەی پاشگەز بێتەوە. بەلام وەزیر بەو شیوە ڕەزیلانەی کە شایەنیانە مامەڵەی لەگەڵ کردن، و پێ‌ی ڕاگەیاندن کە کۆتا بڕیارە و بەشێوەیەک ماڵئاوایی کردن کە تەنانەت توانای ڕاستگۆییان لە بەردەم ئەندامەکانی خۆشیاندا بۆ نەمێنێتەوە.

ئایا کاردانەوەی ڕابەرانی یەکێتی‌یەکان چی بوو؟ ئایا سەرکۆنەی ئەم وەڵامدانەوە ناشایستەیەیان کرد و بڕیاری ڕێکخستنی خەباتیان دا؟ ئایا بانگەوازی چینی کرێکارو بە تایبەت کرێکارانی کەرتی خوێندنیان دا لەم خەباتەدا بەشدار بن و بانگەوازی مانگرتنی گشتی‌یان تا پاشگەزبوونەوەی تەواوەتیی لەم بڕیارە دا؟ ئایا لەم بزووتنەوەیەدا دێدگاو پەرچەمی ئابوری و سیاسی ڕۆشنیان لە پێناو بەرفراوانکردنی ئاسۆی بزووتنەوەکە و پێدانی تێڕوانینێکی ڕوون و تاکتیکێکی دروست تیایدا بەخشی؟ نەخێر، بەڵکو وەک ئەوەی چەند ڕۆژنامەنووس و چاودێری بێلایەن لە نێو ڕووداوەکاندا بن بەیاننامەیەکیان دەرکرد و ئاماژەیان بەو قسانەدا کە چییان بە وەزیر ڕاگەیاندووە و وەزیریش چی پێڕاگەیاندوون، یان دروستتر وەک ئەوەی چەند خزمەتکاری وەزیر بن و پەیامەکانی ئەو بە جەماوەری خەڵک بگەیەنن نەک وەک ڕابەرانێکی یەکێتییەکان کە هیچ بەرژەوەندییەکیان نەبێت یان بیروڕایەکیان دەربارەی پرسەکان نەبێت.

ئەم ژن و پیاوە بەڕێزانە گشت پەیوەندییەکی خۆیان بە خەباتی چینی کرێکارەوە لە دەست داوە، بەڵکو وەک مەترسییەکیش چاوی لێئەکەن. هەموو ئەرکیان بووەتە پێدانی ئامۆژگاری و ڕاوێژی خۆڕایی بە نوێنەرانی چینی باڵادەست دەربارەی باشترین ڕێگا بۆ پارێزگاریکردن لە بارودۆخی ئێستا و خۆلادان لە هەڵگەڕانەوەی بارودۆخەکە.

ئەوان هاوشێوەی ترسیان لە جەماوەری خەڵک، ترسیان لەم هێرشە بەردەوامانەش بۆ سەر چینی کرێکار هەیە. ئەوان سەرباری توندو بەزەبری هێرش و پەلاماردانەکان هیچ بەرەنگارییەک لەخۆ نیشان نادەن، بەڵام زۆر بە خێرایی کاتێک ڕووبەڕووی وەڵامدانەوەی چینی کرێکار ئەبنەوە بە ئاگا دێنەوە. نەک بە مانای پێدانی دەربڕینێکی شۆڕشگێڕانە بەم خەباتە بەڵکو لە پێناو لە مەنگەندان و زامنکردنی پێگەو مانەوەیان لە نێو کەناڵە سەلامەتەکانی چینی باڵادەستدا.

ئەم ڕابەرانە بوونەتە بەربەستێکی تەواوەتیی لە بەردەم خەباتی چینی کرێکار و هەموو شەرعیەتێکی خۆشیان لە پەیوەند بە بزووتنەوەی چینی کرێکار و ڕێکخراوەکانیانەوە لە دەستداوە و دوورخستنەوەیان لە یەکێتی‌یەکان ئەبێتە بکرێنە پێشمەرجی هەر خەباتێکی سەرکەتوو لە داهاتوودا.

پێشڕەویی!

لەپێناو شکست بە حکومەت، پێویستە چینی کرێکار هەوڵی بەگەڕخستنی مانگرتنی سەرتاسەری بدات کە لە توانایدا بێت چینی باڵادەست ناچار بە چۆکدادان بکات. بەڵام هێشتا چینی کرێکار ئامادەی ئەم ئەرکە نییە. هێزکانی پەلوپۆیان بە ڕێکخراوە دواکەوتوو و بیرۆکراتییەکان بەستراوە، و لەگەڵ دەزگاکانی دەوڵەت تێهەڵکێشراون، و خزمەتگوزارێکی چینی باڵادەستن، جگە لەوەی هێشتا بەدەست ئەو وێرانکارییەکانەوە ئەناڵێنێت کە پەتاکە دەرگیری کردوون وەک چوونەسەری بێنەدازەی ڕێژەکانی بێکاریی و چەندین نەهامەتی تر، هەربۆیە ئاسایی‌یە کە گەنجان، خوێندکاران و بێکاران لە ڕیزەکانی پێشەوەی بەرەنگارابوونەوەی سیاسەتەکانی برسیکردن و لەخۆگرتنەوەو و هێرشەکان بوەستنەوە.

ئێمەی مارکسییەکان هاوپشتی لەم خەباتانە ئەکەین، و بانگەوازی چینی کرێکار بۆ بەشداریی بە پێداگری و دڵسۆزییەوە تیایاندا ئەکەین، لە هەمان کاتدا بانگەوازی گەنجان بۆ خۆڕێکخستن لە ڕێکخراوە لۆکاڵیی، هەرێمی و سەرتاسەرییەکان ئەکەین، و پێویستە نوێنەرانی خۆیان بۆ ناوچە کرێکارنشینەکان، کارگاکان، قوتابخانەو زانکۆکان ڕەوانە بکەن تاکو خەباتیان ببێتە خەباتی سەرجەم چەوساوەکان، ئەمە ڕێڕەوی سەرکەوتنە.

ئەم خەباتانە بەدەر لە دەرئەنجامی کۆتاییان، لە تیڕوانینی ئێمەدا مژدەهێنەرەکانی ڕووداوە شۆڕشگێڕیییەکانی داهاتوون. بەڵگەی ئەوەن کە کۆمەڵگای بۆرژوازی بە قەیرانێکی قوڵدا تێئەپەڕێت، هەروەها بەڵگەی وزە بەهێزەکانی شۆڕشگێڕیی گەنجانن، ئا لێرەدایە سەرچاوەی گەشبینی و باوەڕمان بە سەرکەوتنی کۆتایی.

بانگەوازی گەنجانی شۆڕشگێڕ ئەکەین، ئەو گەنجانەی کە بە کردەوە ئەیانەوێت بازنە بۆشەکانی شکست بەهۆی غیابی ڕێکخراو و ڕابەر تێکبشکێنن، و بە مارکسییەکانەوە لە پێناو بیناکردنی ڕابەرایەتییەکی شۆڕشگێڕی چینی کرێکار پەیوەست بن. ئێمە پێویستمان بە بەرنامەیەکی سیاسی ڕایکاڵ هەیە کە سەرجەم بزووتنەوە جەماوەرییەکان لە سەرتاسەری مەغریب لە کەمپەینێکی یەکگرتوودا گردو کۆ بکاتەوە کە لە کۆتادا ڕووەو جەنگێک بۆ توڕهەڵدانی دەوڵەتی بۆرژوازی کۆنەپەرست و ڕژێمی سەرمایەداری کە پارێزگاری لێئەکات پێشڕەوی بکات. ئەمە دانانی بنەماکانی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی‌یە. ئەمە ئەو پرۆژەیەیە کە ئێمە، ڕەوتی مارکسیستی جیهانیی، پێشنیازی ئەکەین بۆتان و بانگەوازتان ئەکەین بۆ هاوکاری ئێمە و درککردنتان پێ‌ی.

سەرچاوە: لە بەرگریی مارکسیزمدا