حکومەتی کاتیی لیبیا پارێزەرانی بەرژەوەندەکانی ئیمپریالیزمن!

هەر لە سەرەتاوە بە ئاشکرا دژایەتی خۆمان بۆ ڕژێمی قەزافی خستە ڕوو. ڕژێمێکی چەوسێنەرو دیکتاتۆرییانەیە کە لە باری ئابوری و سیاسی‌یەوە شوێنکەوتووی سیاسەتەکانی ئیمپریالیزمی جیهانیی‌یە. خەڵکی لیبیا بە دانە دەستی چارەنووسی خۆیان بە ئیمپریالیزم ناتوانن بە ئازادی ڕاستەقینە بگەن. سارکۆزی و کامیرۆن هیچ خۆشی‌یەکیان بە شۆڕشی گەنجان و چینی کرێکاری لیبیا نایەت.

نوسینی فرێد وێستن ، وەرگێرانی هاوپشتی - کامەران ئەحمەد

١ی ئاپڕڵ ٢٠١١

ئەوەی وەک شۆڕشێکی ڕاستەقینە لە لیبیا سەری هەڵدا ئەمڕۆ لە لایەن هێزە بۆرژوازی‌یەکانەوە لەباربرا و دەستی بەسەردا گیرا.  پارێزەرانی بەرژەوەندی‌یەکانی ئیمپریالیزم لە ئەنجومەنی کاتی و بەم دواییانەش لە حکومەتی کاتیی ڕاگەیەندراودا برانە پێش و پلەو پایەی سەرکردەیی‌یان پێ بەخشرا.

یەکێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شۆڕشی لیبیا دەرئەنجامی ئەو بارە سیاسی و ئابوری‌یە بوو کە لەم ساڵانەی دواییدا ڕژێمی قەزافی هەنگاوی بۆ دەنا ئەویش کردنەوەی بازاڕەکانی لیبیا بۆ سەرمایەگوزاری دەرەکی و بەرفراوانکردنی کەرتی تایبەت بوو کە بوونە هۆکاری سەرهەڵدانی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی و لە نێویاندا دیاردەی بێکاری بەربڵاو لە وڵاتدا کە هەندێک بە ٣٥ % پێشبینێ‌یان ئەکرد. ئەمەش هۆکاری تێکشکانی ئەو سیستمە ئابوری‌یە کۆنەی دەوڵەت بوو کە پێشتر پەیڕەو دەکرا.

یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی تر بۆ سەرهەڵدانی شۆڕش ئەو گەندەڵی‌یە بێشوومار و بێپەردەیەی ناو دامودەزگاکانی دەوڵەت و نەبوونی کەمترین کایەی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بوو لە ژێر سایە ڕژێمی قەزافیدا . پاش چەندین دەیە لە چاودێری توندی دەوڵەت بەسەر ژیان و چارەنوسی خەڵکدا ئاستی هوشیاری خەڵک بۆ دەرککردن بە مافە بنەڕەتی‌یەکانی خۆیان چووە سەر و هەستییان بەوە کرد کە ئەبێت ئازادانە بیر بکەنەوە و سەربەستانە بیروڕاکانی خۆیان بەیان بکەن و هیچ ترسێکیش نەبێت لەوەی زیندانی بکرێن ، ئازارو ئەشکەنجە بدرێن یان بێسەروشوێن بکرێن .

هەروەها کاردانەوەی کڵپەی شۆڕشەکانی تونس و میسر بوونە هۆکاری سەرهەڵدانی یەکەمین ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی ئەلبەیزا ، بن غازی و میسراتە . سەرهەڵدانەکان شار بە شار پەلیان کێشا تا بوونە هۆکاری تێکشان و نەمانی دامودەزگاکانی دەولەت لە چەندین شارو شارۆچکەدا. دەسەلات کەوتە دەستی خەڵک و هێزە شۆڕشگێڕەکان. کاتێک کە سەرکەوتنەکان بە خێرایی ئەچوونە پێش، نەک تەنها بۆ خەڵکی شۆڕشگێر بەلکو بۆ هێزەکانی ئیمپریالیزمیش ئەوە ئاشرا بوو کە مانەوەی رژێمەکەی قەزافی لە ئانو ساتدایە و هێندەی پێ ناچێت تریپۆلی پایتەختیش ئەکەوێتە دەست هێزەکانی خەڵک، بەڵام ئەمە ڕووی نەدا !

پێش ئەوەی بۆ هیچ لایەک روون بێتەوە کە هێزەکانی قەزافی نەک تەنها مەشقپێکراون بەڵکو زەخیرە و ئەمباری گەورەی چەکیشیان لەبەردەستدایە ، بەشێک لە دەستە و دامودەزگاکانی قەزافی بەو دەرئەنجامە گەیشتن کە ڕژێم لە ڕووخاندایە و لەو راستایەشدا ژمارەیەک وەزیر و پلەداری حکومی جیابوونەوەی خۆیان ڕاگەیاند. هەر ئەوکات ئەو پرسیارانەمان لە خۆمان کرد کە بۆچی ئەم کۆمەڵە لە دەستەوتاقمەکانی قەزافی بەم شیوە خێرایە لە کەشتی‌یەکە باز ئەدەن . بە سانایی هەر ئەوەبوو کە پێ‌یان وابوو ڕێڕەوەی شۆرش بەهەمان هاوشیوەکانی لە تونس و میسر بەرەو پێش ئەچن و ئەمانیش بە هەمان چارەنوسەکانی بن عەلی و موبارەک کۆتایی‌یان دێت. هەربۆیە خێرا خۆدانە پاڵ شۆڕشیان هەڵبژارد نەك شۆڕش ڕایانبماڵێت. بێشک هەر ئەوەبوو ویستیان هەمان ڕۆڵی ژەنەراڵەکانی تونس و میسر، هەمان ڕۆڵی غەنوسی بگێڕن و بەکەمترین زیانەوە لێی دەرچن.

سروشتی ئەنجومەن و حکومەتی کاتیی

ئەمە ئەمانگەیەنێت بەو ڕۆڵەی کە ئەنجومەنی کاتی پێ‌ی هەڵئەستێت کە لە بن غازیدا پێکهێنرا. ئەم ئەنجومەنە دەرهاویشتەی ئەو وەزعە بوو کە جەماوەری خەڵک دەسەڵاتی دەوڵەتیان لەو ناوچانە رووخاند ، بەڵام نەیانزانی بەچی جێ‌ی بگرنەوە.  هەر ئەو کاتە بۆشایی دەسەڵاتێکی سیاسی هەست پێکرا و لەم رێڕەوەشدا بوارێک بۆ هێزە ناسەرەکی‌یەکانی شۆڕش هاتە پێش تا ڕۆڵ بگێڕن کە لە بنچینەدا و بە ئاشکرا پێچەوانەی شۆڕش هەڵئەسوڕان.

سەرەتا گەنجانی شۆڕشگێڕ لە ڕیزی پێشەوەی راپەڕینەکاندا بوون، بە ئاشکرا هەر لە یەکەمین ڕۆژەکاندا ناکۆکی نێوان گەنجان و ئەو کەسانەی کە خۆیان لە ئەنجومەنی کاتیدا ئەناساند هەست پێئەکرا. لەو کاتانەدا گەنجان دژ بە دەستێوەردانی دەرەکی بوون. و ویستیان بە ڕاپەڕینی شۆڕشگیڕانەیان کۆتایی بە دەسەلاتی قەزافی بهێنن. بەڵام ئەمە ویستی سەرکردەکانی ئەنجومەنی کاتی نەبوو و بە دوای تێکشکانی هێزی گەنجانی شۆڕشگێڕەوە بوون. گەنجان سەرکەتووانە ئەوەی کە شۆڕشێکی راستەقینە ئەیخوازی دەستیان دایە شەڕ بۆ ڕووخانی ڕژێمەکەی قەزافی بەڵام بە بێ هیچ ئاڵوگۆڕێک لە پەیوەندی‌یەکانی لیبیا بە ئیمپریالیزمەوە و ڕاشکاوانەش دژ بە سیاسەتی ئابوری قەزافی. لە ڕاستیدا سیاسەتی ئابوری قەزافی و ئەنجومەنی کاتیی هاوشێوەن و لە هەمان ئاستدان کە ئەویش کردنەوە بە رووی ئابوری بازاڕی ئازادی رۆژئاوا ، و بەرفراوانکردنەوەی کەرتی تایبەتە.

ئایا چۆن کەسێک بتوانێت ئەم ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی‌یە لەم وەزعیەتەدا لێکبداتەوە ؟ بۆ ئەمە سەرەتا وا دروستە کە بروانینە جێوڕێی ئەنجومەنی کاتی. لە راستیدا ئەنجومەنی کاتیی ژمارەیەکی بەرچاوی لە سەرانی ڕژێمی قەزافی لە خۆگرتووە کە تا ئەم دوایی‌یانەش لەگەڵ ڕژێمدا بوون، ئەو کەسانەی کە سوودمەندن و بوون لە چوونە ناو ڕیزەکانی شۆڕش بۆ بردنەپێشی کارنامەی تایبەتی خۆیان. سەرۆکی ئەنجومەنی کاتیی وەزیری پێشووی دادی قەزافی ( مصطفی عبدالجلیل ) ە. هەروەها جگەل لەمیش وەزیری ناوخۆێ پێشوو ژەنەراڵ (عبالفتاح یونس) بەرچاو ئەکەوێت کە لە کۆتای مانگی فێبریوەریدا پەیوەستبوونی خۆیان بە ڕاپەڕیوەکانەوە راگەیاند. واتە دوو سەرکردەی بەرچاوی قەزافیمان هەیە کە تا چەند هەفتە لەوەپێش خۆیان بەشیک بوون لە سیستمی ناوخۆ و دادوەریی ڕژێمەکە. هەروەها لە نێو یاخیبووەکانیشدا هەریەکە لە باڵوێزەکانی بەریتانیا، فەڕەنسا، ئسپانیا، ئەڵمانیا ، یۆنان و ماڵتا، هەروەها عبدالمنعم الحونی باڵوێزی پێشووی کۆمکاریی عەرەب ، و عبدالرحیم شلغم باڵوێزی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەرچاو ئەکەون.

شوورا ناوخۆیی‌یەکان کە لەو شاروشارۆچکانەی کە شۆڕش تیایدا سەرکەتوو بوو دروستبوون، پێکهاتەی ئەم شوورایانە هەڵسوروان و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ، پارێزەران ، پرۆفیسۆرەکان، شارەزایانی بوارە جیاجیاکان بوون، واتە ئەو پێکهاتە بنەڕەتی‌یانەی دیموکراسی راستەقینەبوون ، ژمارەیەکیشیان هاوشان لەگەڵ وەزیرە پێشوەکانی قەزافیدا دەستنیشان کران بۆ ئەنجومەتی کاتیش. بەڵام ئێستا وەزعەکە بە شیوەیەکی تر چووەتە پێش. هەر ئەو کاتەی کە هێزەکانی ئیمپیریالیزم دەستیان لە ناکۆکی‌یەکان وەردا ویستیان لەوە دلنیا بن کە پارێزەرانی بەرژەوەندەکانیان ئەبنە سەرکردەی شۆڕشگێڕەکان. لە واقیعدا توێژێک لە کەسایەتیی نوێ دەرکەوتن کە بازیان بۆ ڕابەرایەتیکردنی ڕاپەڕیوەکان دا . کاراکتەری هاوبەش و سەرەکی ئەم کەسایەتی‌یانە ئەوانەن کە لە لایەن ڕۆژئاواوە ناسراون و ژمارەیەکیشیان ساڵانێکە وەک دوورخراوە لە ئەمریکا ژیاون و لە لایەن سی ئای ئەی ەوە مەسرەفکراون ، هەروەها ژمارەیەکیشیان تا ئەم دوایی‌یانەش بۆ خۆیان ئەنجامدەرانی پرۆگرامە سیاسی و ئابوری‌یەکەی قەزافی بوون.

یەکێک لەم کەسایەتی‌یە گوماناوی‌یانە خەلیفە هیفتەر ە کە لە ١٤ ی مارسەوە لە ئەمریکاوە بۆ بن غازی گەڕایەوە و وەک سەرۆکی سوپای لیبیای ئازاد دەستنیشانکرا. خەلیفە کۆڵۆنێڵێکی پێشووی ڕژێمی قەزافی بووە. کە پێشتر سوپای نەتەوەیی لیبیای دامەزراند کە گروپێكی ئۆپەراسیۆنی بوون لە چاد کە لە لایەن سی ئای ئەی ەوە مە‌شقیان پێ ئەکرا و مەسرەف ئەکران، ئەمە جگە لە هاوکاری‌یەکانیان کە لە لایەن سعودیە ، میسر، مەغریب، ئیسرائیل، عێراق ەوە پێشکەشیان ئەکرا ، سعودیە حەوت ملیۆن دۆلاری کۆمەککردوون. ئەمە جگە لەوەی کە لە لایەن دەزگای هەواڵگیریی فەڕەنساشەوە کۆمەک ئەکران . کەوایە ئەو کەسەی کە هەر ئێستا رابەرایەتی سوپای ئازدی پێ بەخشراوە ئەفسەرێکی پارێزەری ئیمپریالیزمی ئەمریکایە .

حکومەتی کاتیش ڕاگەیەندرا و هەر لە ماکیەجەکەیدا عونسرە ناشۆڕشگێرەکانی بە ڕوونی دیارن و گشتیان یاساوڵەکانی ئیمپریالیزمن. عەلی تەرحونی کە لە کۆتایی مانگی فێبریوەریدا گەرایەوە لە ٢٣ ی مارسدا راستەوخۆ کرا بە وەزیری مالیی. لە ساڵی ١٩٧٣ ەوە وڵاتی بەجێهێشت و لە دەروەی وڵاتیش ئەندامی بزووتنەوەیەکی زۆر دواکەتوانە بوو. مامۆستایەکی موحازیرە لە کاروباری ئابوری لە زانکۆی واشنگتۆن و هەمیشە بە دوای تایبەتیکردنی کەرتەکانی بەرهەمهێنانەوە بووە لە لیبیا. عەلی بن عەبدولعەزیز وەک وەزیری دەرەوە ڕاگەیەندرا. پێشتر وەک سکرتیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئابوری سەرمایەگوزاری کاری کردووە ، پێشتریش ناوەندی بۆ گەشەپێدانەکانی ناردنە دەرەوە دروست کردبوو و بووە بە یەکەم بەڕێوەبەری گشتیی ئەو دامەزراوەیە. ئەمە جگە لەوەی کە بەریوەبەی گشتی بەرنامە گەشەپێدانی کەرتی تایبەتکردن بوو لە ساڵی ٢٠٠٥. موحەممەد جوبریلیش وەک وەیزی ناوخۆ دەستنیشان کرا، لە میسر و ئەمریکا خوێندوویەتی و بەشێکی زۆری ژیانی تەرخانی مەشقپێکردنی هەڵبژاردەیەک لە سەرمایەدارنی عەرەب بوو لە تەکنیکەکانی بەڕیوەبردبردنی سەرمایەداریی. لە ساڵی ٢٠٠٧ وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ بوژاندنەوەی ئابوری دەستنیشان کرا، کە بەرپرسیاری‌یەکی سەرۆکوەزیرانە بۆ گونجاندنی سەرمایەداری لیبیا لەگەڵ سەرمایەی جیهانییدا، ویکیلیکس لە بەڵگەنامەیەکیدا باس لە دانیشتی ئەم لە باڵوێزخانەی ئەمریکا ئەکات: " جبریل خۆشحاڵی خۆی بۆ کەمپانیا، زانکۆ، نەخۆشخانە ئەمریکی‌یەکان دەربڕی بۆ بوژاندنەوەی ئابوری، بە پی‌ی قسەکانی جبریل نزیک بە ١١ هەزار پرۆژەی بەرەوپیشخستن بەریوەیە، کاروباری ئەنجومەنەکەی کارئاسانی کردنە بۆ بە تایبەتکردنی ئەم بەشانە و پێشکەشکردنی بە سەرمایەگوزای دەرەکی و پێکهێنانی هاوئاهەنگیی لە نێوان کەمپانیاکانی کەرتی تایبەت و حکومەت " 09TRIPOLI386

کەسایەتی‌یەکی تر عومەر موختار ئەلحەریری‌یە کە وەک وەزیری سوپا دەستنیشان کرا. کەسێک بوو لەوانەی لە سالەکانی ١٩٦٩دا لە ڕێگای ئینقلابەوە قەزافی هێنایە سەر حوکم. ئەمە جگە لەوەی لە ساڵی ١٩٧٥ دا بەشداری لە هەوڵێکدا کرد بۆ ئنقلابکردن بەسەر قەزافیدا. هەوڵی ئینقلابەکە شکستی هێناو دەستگیر کرا ، بۆ ماوەی ١٥ ساڵ لە زیندان کرا تا ساڵی ١٩٩٠ و دواتر کرایە ژێر ئیقامەی زۆرەملێ ، کاتێک کە ڕاپەڕینەکان سەریان هەڵدا لە ڕۆژهەلاتەوە چووە پاڵ شۆڕشگێڕەکان.

هەر لەمەوە ڕوون ئەبێتەوە کە لاوانی شۆڕشگێڕ، پارێزەران و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ کە هەڵگیرسێنەرو دەستپێکی شۆڕش بوون و لە ئەنجومەنی کاتیدا بوون خرانە لاوە . لە چوار وەزیری راگەیەندراودا دووانیان لە ڕیزەکانی قەزافی خۆیدا بوون ، دووانەکەی تریشیان لە باڵی ئۆپۆزیسیۆنێکی دواکەتووانەوە هاتوون و خاڵی هاوبەشی هەموویان نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندەکانی ئیمپریالیزمە. هەندێکیان بەرەو دواوە ئەمانگێڕنەوە بۆ سەرەتای دەستپێکردنی حوکمی قەزافیی کە میلیتانتێکی بۆرژوازی دیکتاتۆرانە بوو. هیچ یەک لەم کەسایەتی‌یانە وەک کەسایەتیەکی دیموکراسی ڕاستەقینە نەناسراوە، هەموو ئەو کەسانەی کە لە لایەن ئەمریکاوە ناسراون و باوەڕپێکراویانن، هەر هەموویان یاساوڵی ئیمپریالیزم و دژ بە شۆڕشن.

ئەمە بە دروستی ئەو ئاڵوگۆرانەیە لە ڕیزەکانی ئۆپۆزیسیۆندا و لە هاواری بەردەوامیاندا بۆ ئیمپریالیزمی جیهانیی ، هەر ئەمەشە کە جارێکی تر بووەوە هۆکاری بەهێزبوونەوەی قەزافیی. هەموو ئەو ڕاپۆرتانەمان بینی کە خەڵکی راپەڕیو بە ئاشکرا دژ بە قەزافی بوون و خوازیاری ڕووخانی دەسەلاتی دیکتاتۆری‌یانەی بوون، بەلام ڕایانگەیاند کە ئەگەر دەستێوەردانی دەرەکی ڕووبدا و لیبیا بۆمباران بکرێت ئەوا ئیتر دەست لە شەڕ هەڵئەگرن و لە بەرامبەر دەستێوەردانی دەرەکیدا دەست ئەدەنە شەڕ. دواین راپۆرتی ئیندیپێندێنت ئاماژە بەمە ئەکات.

مناوەرەکانی ئیمپیالیزم لە پشتی پەردەوە بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندی‌یەکانی

ئەوە ڕوونە بۆ هەموو لایەک کە ئیمپریالیزم لە پشتی پەردەوە لە هەوڵی جێگیرکردنی کەسانی بەکرێگیراو و باوەڕپێکراوی خۆیاندان بۆ ڕابەرایەتیکردنی ئەو ناوچانەی کە لە هێزەکانی قەزافی ڕزگاریان بووە. ئەمانە ئاماژەن بە شکستهێنانی شۆڕشی یەکەمی لیبیا، ئێمە ئیتر باس لە شۆڕشێک ناکەین بۆ ڕووخانی قەزافی، بەڵکو بووە بە شەڕێکی ئیمپیالیزمانە بۆ لەناوبردنی ڕژێمی دواکەتووانەی قەزافی و جێگرتنەوەی بە ڕژێمێکی تر کە بەرژەوەندەکانی ئیمپریالیزم دابین بکات. تەنانەت ئەگەر رژێمێکیش لە ڕۆژهەلاتەوە دروست ببێ و سەرتاپای وڵاتیش بگرێتەوە بە مانای ئەوە نی‌یە کە ئەو سیستمە دڵخوازایە کە خەڵک شۆڕشیان لە پێناودا کرد. تەنها سەرنجدانێکی کورت بە ڕژێمی کارزای لە ئەفغانستان و ڕژێمی مالیکی لە عێراق بەسە بۆ ئەوەی بزانین کە رژێمێک لە لیبیادا دێتە سەر دەسەڵات چۆنە. هەر ڕژێمێک کە بە هاوکاری و پشتگیری ئیمپریالیزم بێتە سەر دەسەلات بە مانای چارەسەکردنی کێشە کۆمەلایەتی‌ و ئابوری‌یەکانی خەڵک و چینی کرێکار نی‌یە. تەنانەت بە مانای دابینکردنی ڕاستەقینەی دیموکراسی بۆرژوازی‌یەناش نی‌یە! بەڵکو پێکهاتەی دەسەڵاتێک ئەبێت لە گروپ و کۆمەڵەو سەرۆک عەشیرەتەکان کە بە دوای ناکۆکی‌یەوە ئەبن لەسەر دەسەڵات و گەندەڵی ئەبێتە یەکێک لە سیما ناسراوەکەیان و بەو پێ‌یەش ڕژێمێک نابێت باشتر لەوەی قەزافیی!

بیرۆکەی ئەوەی کە ئەمە "جەنگە لە پێناوی نەوت "دا لە لایەن ژمارەیەک خەڵکەوە ئاماژەی پێکرا، نەوت فاکتەری سەرەکی وەزعەکەیە، بەڵام بۆ کەمکردنەوەی لێکداندانەوەیەکی لەم چەشنە هەندێک باس لەوە ئەکەن خۆ ئەمریکا دەستی راگەیشتبوو بە بیرە نەوتەکان و رژێمی قەزافیش ئامادە بوو کە چەندین رێکەوتنی گەورە و چەوریان پێ ببەخشێت. بەڵام مەسەلەی بڕیاری دەستێوەردانی ئەمریکا لە لیبیا ئەبێت لە چوارچیوەیەکی گەورەتردا لە سەر ئاستی شۆڕشی دنیای عەرەب چاو لێ بکەین.  شۆڕشەکانی تونس و میسر بە هەر پلەیەک لە پلەکان کاریگەری خۆیان لە چوونە پێشەوەی پرۆسەیەک نەخشان لە باکوری ئەفریکا و ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا. چەندین کلیلە وڵات (گرنگ) ی وەک سعودیە و ولاتەکانی تری بەرهەمهێنی نەوت لەبەردەم مەترسی ڕووخاندان. بەحرەین یەکێک لە گەورەترین بزووتنەوەکانی بەخۆوە بینی کە کاریگەری راستەوخۆی کردە سەر سعودیەش.

سەرەتا هێزەکانی ئیمپریالیزم بەتەواوی سەریان سوڕما لەم بزووتنەوەیە ، نەیان دەزانی لە بەرامبەر شۆڕشی میسردا چی بکەن. ئیدارەی ئۆباما بەو دەرئەنجامە گەیشت کە لە دەستدانی چەند دەستکەوتێکیان کە بوویانە باشترە لەوەی کە بۆ هەمیشە کۆنترۆڵیان لەدەست بچێت. لیبیا بواری بۆ دەستیوەردانی سەربازی ڕەخساند کە ئەمە ئەستەم بوو لە تونس و میسر. لە میسر هێزە دەریایی‌یەکانیان نارد بۆ قەناتی سویس بەڵام بێ توانا بوون لە بەرکارهێنانیان، لە ڕاستیدا بەکارهێنانیشیان ئەوەندە ئاسان نەبوو و ڕووبەڕووی ناڕەزایی‌یەکی زۆر گەورە ئەبوونەوە و ئەبووە نائارامی زیاتری سەرجەم ناوچەکەش. لە دۆزی لیبیا لە ژێر ناوی یارمەتیدانی مرۆڤیی بواریان بۆ ڕەخسا تا دەستێوەردانی سەربازی بکەن و دەست لە شۆڕش وەربدەن. ئەی ئەگەر ئەمە تەنها بازاڕگەرمکردن بۆ خۆ نی‌یە، بۆچی بۆمبارانی ڕژێمی بەحرەین ناکەن ، یان ڕژێمی یەمەن ؟ بەڵکو ڕاستی ئەوەیە کە ئەمە رازیبوونێکە لە لایانەوە بۆ تێکشکانی خوێناوی‌یانەی شۆڕش. لە لیبیا بواریان بۆ هاتە پێش تا باوەڕپێکراوەکانی خۆیان بکەنە لێپرسراوانی سەرەکی حکومەتی کاتیی کە شتێک نی‌یە جگە لە یاری‌یەکی دەستیان.

"حکومەتی لیبیای ئازاد" داوای لە ئیپمپریالیزم کرد کە ناوچەی دژە فڕین بەسەر لیبیادا بسەپێنن. ئەمە ئەو بوارەی پێ بەخشین کە بە ئاشکرا دەست لە کاروبارەکان وەربدەن ، گوایە لە پیناوی شۆڕشی خەڵکدا ئەمە ئەکەن. ئەم هەنگاوە بڕێک لەو متمانەیەیان پێ ئەبەخشێتەوە کە لە دنیای عەرەب لە دەستیان داوە و تەنانەت بواریان بۆ ئەکاتەوە لە داهاتوودا بۆ دەستێوەردان لە هەر ناوچەیەکی تر کە بیانەوێت. بۆ نمونە ئەگەر وا دابنێینن ڕژێمەکەی سعودیە لە رووخاندایە کە ئیحتمالێکی کۆنکرێتی‌یە لەم کاتانەدا ، بۆ ئەمریکا ئەستەمە بکشێتەوە، یەدەکیی نەوت لەو ناوچەیە گرنگترین مەسەلەیە بۆ هێزەکانی ئیمپریالیزم و بە ئاشکرا دەست وەرئەدەن لە کاروباری ، کەوایە ئەوەی لیبیا دەستپێکێکی مەترسیدارە بۆ ئایندە.

ناوچەی دژە فڕین بۆ دەستێوەردان

ئێستا ئیتر سەرجەم هێزە ئیمپیریالسیتەکان لەسەر سیاسەتی لابردنی قەزافی کۆکن. کەی و چۆن هێشتا ڕێکنەکەتوون لەسەری، لەوڕووەوە هێشتا پارێزگاریی ئەکەن. هەرچەندە لە ژێر ناوی یارمەتیدانی خەڵک ناوچەی دژە فڕین سەپێنرا، بەڵام هێلی ناوبڕ لە کوێوەیە ؟ ڕاستی ئەوەیە کە لەگەڵ سەپاندنی ناوچەی دژە فرێن زۆر لەو ناوچانەش تێپەڕان کە بۆیان دیاریکرابوو، نەک تەنها ناوچەی دژە فڕینیان سەپاند بەڵکو لەوە زیاتر هەنگاویان نا. تانک و ئوتۆمبیلەکانیان بۆمباران کرد، ساروخیش نرا بە چەند بالەخانەیەکەوە. ڕاستی ئەوەیە ناتۆ بووەتە هێزی هەوایی ئەو حکومەتە کاتی‌یە ڕاگەیەندراوەی کە شتێک نی‌یە جگە لە یاری‌یەکەی دەستی خۆیان نەبێت.

هەرچەندە کە فڕۆکەکان لە فڕین خران بەڵام تا ئێستا نەبوونەتە ڕووخانی ڕژێمی قەزافی. سوپای قەزافی لە چاو هێزەکانی تردا مەشقپێکراوە و بەردەوامی شەڕەکان کە بە هاوکاری ناتۆش ئەچنە پێش هەنگاوی گەورەی نەناوە. باشترین شت بۆ رووخانی خێرای قەزافی وەستانی ئۆپەراسیۆنەکانی ناتۆیە. هەندێک قسەوباس هەبوون لە سەر چەکدارکردنی راپەڕیوەکان لە لایەن ناتۆوە ، کە ئەمە هەنگاوی مەنتقی ناتۆیە بۆ داهاتوو ، بەڵام لەمەش دڵنیا نین چونکە نازانن دواتر ئەو هێزە چی لێدێت و باوەڕی ڕستەقینەیان بە ڕاپەڕیوەکان نی‌یە. لە هەندێک باردا دەست ئەبەن بۆ بەشداری هێزی زەمینیی، ناردنی یەکە سەربازی‌یە تایبەتەکان ، یان راوێژکارە سەربازی‌یەکان بۆ هەندێک ناوچە کە هەرئێستا مەیدانی شەڕن. چۆنیەتی دەستێوەردانەکان بە هەمان شیوەی عێراق ئەچنە پێش و بە دوای جێگیرکردنی حکومەتێکی دڵخوازی خۆیانەوەن کە بەرژەوەندی‌یەکانیان بپارێزێت. کە ئەمە هیچ پەیوەندی‌یەکی نی‌یە بە کۆمەککردن بە شۆڕشی خەڵک و دەستەبەرکردنی مافە دیموکراتیکەکانی خەڵک .

بەهەمان شیوەی عێراق ئەبێت ئێمە دژ بە دەستێوەردانی ئیمپریالیستەکان بە هەر شکڵ و شیوەیەک ( ناردنی ڕاوێژکاریی سەربازی یان هێزی زەمینی) بین. هەر سەرکەوتنێکی ئیمپریالسیتەکان لە لیبیا بە مانای لێدانێکی گەورەیە لە شۆڕشی جیهانیی عەرەب. لە جیاتی گۆرانکاری ڕاستەقینە لە ئیرادە و ژیانی خەڵک ، حکومەتێکی گوێ لە مستی ئیمپریالیستی دادەمەزرێت کە نەک هەر بە دوای خۆشگوزەرانی خەڵکەوە نی‌یە بەڵکو بۆ دابینکردنی بەرژەوەندی‌یەکانی ئیمپریالیزم هەڵئەسوڕێت. حکومەتێکی لەم چەشنە پێشوەخت گەندەڵە و لە گیرفانی ئیمپریالیستەکاندایە و خێرا بە دوای دابینکردنی بازاڕی ئازادەوەیە و کەمپانیا جیهانیی‌یە فرەڕەگەزەکانیش بەشداری سەرەکی ئەبن لەم هەنگاونانە.

با ئەوەمان بیر نەچێت کە کارزای بە خواستی خەڵک لە ئەفغانستان نەهاتە سەر دەسەلات. بەڵکو لە ریگای تەزویرکردنی بێشەمانەوە و بە هاوپشتی هێزە هاوپەیمانەکان هاتە سەر حوکم. بەم دوایی‌یانەش عێراقی " ستایڵی دیموکراسی ڕۆژئاوایی" دەستی کرد بە تەقەکردن لە خۆپیشاندانی هێمنانەی خەڵک!

ئێمە هەر لە سەرەتاوە بە ئاشکرا دژایەتی خۆمان بۆ ڕژێمی قەزافی خستە ڕوو. ڕژێمێکی چەوسێنەرو دیکتاتۆرییانەیە کە لە باری ئابوری و سیاسی‌یەوە شوێنکەوتووی سیاسەتەکانی ئیمپریالیزمی جیهانیی‌یە. خەڵکی لیبیا بە دانە دەستی چارەنووسی خۆیان بە ئیمپریالیزم ناتوانن بە ئازادی ڕاستەقینە بگەن. سارکۆزی و کامیرۆن هیچ خۆشی‌یەکیان بە شۆڕشی گەنجان و چینی کرێکاری لیبیا نایەت. بەرژەوەندی ئەوان ئەو سەرمایەدارانەیە کە نوێنەرایەتی‌یان ئەکەن. لە وڵاتەکانی خۆیان دژ بە سادەترین مافەکانی خەڵکن و ڕۆژانە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی توند ئەبنەوە ، خۆپیشاندانی نیو ملیۆن کەس لە ڕۆژی شەممەی رابردوودا لە لەندەن ئەمەی بە تەواوی نیشان دا.

ئەگەر ڕژێمی قەزافی بە دەستێوەردانی هێزە ئیمپریالسیتەکان بڕوخێت ئەوا خەڵکی لیبیا ئازاد نابێت، بەڵکو خۆیان ئامادە ئەکەنەوە بۆ ڕووخانی داهاتووی رژێمە گوێ لە مستەکەی ئیمپریالیزم .

سەرچاوە : لە بەرگریی مارکسیزم‌دا

Translation: Hawpshti.com