کوشتارگاکەی نەرویج " ئەمە هێرشە بۆ سەر بزووتنەوەی کرێکاریی، ئەم بزووتنەوەیە ئەبێت وەڵامی توند بداتەوە" !

بزووتنەوەی ڕێکخراویی کرێکاریی ئەبێت فێر ببێت کە پارێزگاریی لەخۆی بکات. ئەوە تەنها بزووتنەوەی کرێکاریی‌یە کە ئەتوانێت لە بەرامبەر فاشیزم و باڵە ڕاستڕەوەکاندا بوەستێتەوە و خەبات بکات. بۆ وەڵامدانەوەی لێهاتوانە بۆ هەر ئەگەرێکی هێرشبەرو دوژمنکارانەی باڵە فاشیستەکان ئەبێت بە خۆڕێکخستنی زیاتری بزووتنەوەی کرێکاریی وەلامبدرێتەوە.

ئالان ودز - شەممە ٢٣ ی جولای ٢٠١١ - وەرگێڕانی : هاوپشتی - کامەران ئەحمەد

سەرجەم ڕای گشتی جیهان لە بەرامبەر کوشتارگەی خوێناوی‌یانەی نەرویج ڕاچڵەکین - لانی کەم ٩١* کەس کوژران کە لە نێویاندا ٨٤* ئەندامی ڕێکخراوی گەنجانی کرێکارە لە کەمپی هاوینەدا.

کوشتارگاکە سەرەتا بە تەقینەوەی ئۆسلۆ دەستی پێکرد کە بووە ئاکامی کوژرانی ٧ کەس بەلام کوشتارگەی راستەقینە لە دورگەی ئوتۆیا(Utøya) ڕوویدا، کە بە سەدان گەنج لە کەمپینی هاوینەدا کۆببونەوە کە لە لایەن ڕێکخراوی گەنجانی پارتی کارەوە (AUF) ڕێکخراوبوو. ئەم دورگەیە لە لایەن یەکێتی‌یە کرێکاری‌یەکانەوە لە ئۆسلۆوە بۆیان دابین کرابوو، ئەمە جگە لەوەی ئەو دوورگەیە سیمبوڵی گەورەی بزووتنەوەی کرێکاریی‌یە.

بە سواری بەلەمێکی فێریی (ferry) و خۆدەرخستنی وەک ئەفسەرێکی پۆلیس بەرەو دوورگەی بچوکی ئوتویا بەرێکەوت، وای پیشان ئەدا کە گوایە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی تەقینەوەکەی ئۆسلۆ لەوێ‌یە، چەند شایەدحاڵێکی تر ئەوەیان باسکرد کە چۆن بە بەرگی پۆلیسی‌یەوە وای پیشان ئەدا کە بە نیازە دەربارەی تەقینەوەکەی ئۆسلۆ بۆ گەنجانی کۆکراوە قسە بکات، ژمارەیەکی زۆری خەڵک کۆکردەوە تا گوللەڕێژیان بکات!

لە چرکەساتێکی ترسناکدا ژیانی گەنجانێک بە بەرگی مەلەکردنەوە هەڵوەرا، لە چەند دیمەنی ترسناکی وەسفنەکراودا گەنجان بازیان ئەدایە ناو دەریا تا ژیانی خۆیان بپارێزن و لەو کاتانەشدا تەقەیان لێئەکرا ، ژمارەیەکی تر لە ترسی ئەو چەکبەدەستەی کە بەردەوام دانە بەدانەی گەنجان بەر ڕێژنەی گوللە ئەدا لە پشت تاشەبەردەکانەوە خۆیان شاردەوە.

ئەم چەکبەدەستە بە پانتایی دوورگەکەدا بە بەرگی پۆلیسی‌یەوە ئەهات و ئەچوو، بانگی خەڵکی دەکرد تا لەو شوێنانەی خۆیان تێدا حەشاردابوو بێنە دەرەوە ... بێنە پێشەوەو بەرتەقەیان بدات. سەرەتا ئلیسی کچەتەمەن ١٥ ساڵە وای زانی کە ئەمە ئەفسەری پۆلیسە، بەڵام ئەم ئەفسەرە دەستی کرد بە تەقەکردن" سەرەتا تەقەی لە خەڵکی ناو دوورگەکە ئەکرد و دواتریش لەو کەسانەی کە لە ترسی ئەو بازیان دابووە ناو دەریاکەوە".

ژمارەیەک لە قوربانی‌یەکان بۆ ڕزگارکردنی گیانیان خۆیان کردە مردوو بەڵام پاش ئەوەش چەکبەدەستەکە نیشانەی لە سەری هەریەکەیان گرتەوە. میدیای نەرویجی وێنەی ئەو کەنارانەی بلاوکردەوە کە بە لاشەی قوربانی‌یەکان داپۆشرابوون. ئەمە تەنها کردەوەی بکوژێکی خوێن ساردو لە پێشداداڕێژەی تاوانێکە.

ئاندێرس بێهرینگ برێڤیک کێ‌یە؟

ڕاستەوخۆ دەستی تاوان بەرەو ئەلقاعیدە ڕاکێشرا، لەمان زیاتر ئەبێت کێ‌ی تر بێت؟ گومانی لەو چەشنە کە ئەمە هێرشی ئیسلامی‌یە توندڕەوەکان بێت هەمیشە ئامادەبوو. نەرویج سەرباز بەرەو ئەفغانستان ڕەوانە ئەکات ، لە لایەن پارتی کاری نەرویجی‌یەوە پشتگیری لێکراوەو لە لایەن گەنجانیشەوە هیچ ناڕەزایی‌یەتیەک نەخراوەتە ڕوو. سەرۆک ئۆباما هیچ کاتی خۆی بە فیڕۆ نەدا و دوانەکەوت کە هاوسۆزی لەگەڵ قوربانی‌یەکان رابگەیەنێ و بیکاتە هەلیکی باش و گونجاو بۆ نیشاندانی بەردەوامی خۆی لە جەنگی دژ بە تیرۆر!

ئەمە کاریگەری ئەو پروگاندەیەیە کە لە دوای ڕووداوی ١١ی سێپتەمبەرەوە لەسەر بیروڕای گشتی خەڵک هەیە کە گوایە هەر کردەوەیەکی تیرۆریستانە پەیوەند بکرێتەوە بە کەسانێک لە بەرگی عەرەبی یان ئەفغانی خۆیان ئەپۆشن. لەگەڵ ئەمەشدا بڵاوکردنەوەی خێرای زانیاری‌یەکان پوچی ئەم تیۆری‌یەیان ڕەد کردەوە. لەگەڵ پەلاماری کەمپی هاوینەی گەنجانی پارتی کار هەواڵی ئەوە بڵاوبۆوە کە کەسی پەلاماردەر پیاوێکی قژ زەردەو ڕووخسارێکی نەرویجی هەیە و بەرگی پۆلیسی لەبەر کردووە. ئەم بکوژە نە موسڵمانە و نە ئەندامی قاعیدەشە بەڵکو نەرویجی‌یەکی چینی ناوەندی‌یە.

ئەندرێس بێهرنگ بێڤریک نەرویجی‌یەکە لە چینی ووردە بۆرژوازی. ڕووی لە خوێندنگەی بەڕیوەبردنی کاروبار کردووە لە نەرویج و کارێکی مامناوەندی بەڕێوە ئەبات. ئەوە دیارە کە لە کەمی پارەیدا نەبوو کە کێڵگەیەکی کڕی بۆ بەڕێوەبردنی کردەوەکەی. ئەم کێڵگەیە پێشتر وەک کێڵگەی ڕواندنی مەریوانە(جۆرێک لە ماددەی بێهۆشکەرە) کاری تێدا کراوە. ئەم کێڵگەیە لە هەمان کاتدا پەیوەندە بە پەلاماردانی دزی بانکی نۆکاس (NOKAS robbery) ەوە. ئاندرێس بۆ ئەنجامدانی کردەوەکەی لە ٤ی مەی ئەمساڵدا شەش تەن لە ماددەی کیمیایی کڕیوە کە لە بەرهەمهێنانی بۆمب دا بەکاردێت. کێڵگەکەش وەک ڕووپۆشێک وابووە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکەی.

بێهرینگ توندڕەوێکی ڕاسیستە. بە درێژایی دەساڵ و تاوەکو ساڵی ٢٠٠٧ ئەندامی پارتی ڕاستڕەوی Fremskrittspartiet بووە کە لە ٢٠% دەنگەکانیان لە هەڵبژاردەنەکاندا بە دەستهێناوە. دوژمنێکی سەرسەختی تیۆری فرە کەلتوری‌یە و بە تایبەیش دژە ئیسلامی‌یە. چەندین جار خوازیاری دووبارە دروستکردنەوەی پارتی تی ئەمریکی (Tea Party) بووە لە ئەوروپا و پاڵپشتی لە ڕێکخراوی راستڕەوی (English Defence League ) کردووە .

چەندین شتی نوسیوە وەک:

" هەموو ئایدۆلۆژی‌یەکان ئەبێت هەمان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت:

ئیسلامیزم ٣٠٠ ملیۆن کەسی کوشتوە

کۆمۆنیزم ١٠٠ ملیۆن کەسی کوشتوە

نازیزم ٦-٢٠ ملیۆن کەسی کوشتوە. "

بێهرینگ وەزیرانی پێشوی نەرویج گرۆ هارلێمی بە بکوژی نیشتمانی باوک ناوزەد کردووە. بۆ بەرەوپێشبردنی بیروڕاکەی رایگەیاندووە کە هەرکەسێک لە نەرویجدا بژی نەرویجی‌یە. هەمیشە ئاماژەی بەوە کردووە کە چۆن مارکسیستەکان پەلیان هاویشتووە بۆ هەموو کایەکان و لەنێویاندا کەلتور، خوێندنگا و میدیاکان.

هیچ گومانێک لەوادا نی‌یە کە ئەم کردوەیە کردوەیەکەی سیاسی‌یە. قوربانی‌یەکان خۆبەخۆیانە (عشوایی) هەڵنەبژێردواون وەک کردەوانەی کە خەڵکە دەروون نەخۆشەکان (شێتەکان) ئەنجامی ئەدەن. قوربانی‌یەکان زۆر بە ووردبینانە هەڵبژێردراون ، وا دەردەکەوێت کە ئامانج لێ‌ی سەرۆکوەزیرانی نەرویج Jan Stoltenberg بێت . سەدان کەس چاوەڕوانی وتەی ئەو بوون لەو ڕۆژەدا.

میدیای جیهانیی بۆ لادانی سەرنجی خەڵک لەسەر ناوەرۆکی سیاسی ئەم کردەوەیە و ڕووداوەکان باس لە کردەوەی چەکدارێکی شێت ئەکەن . کەسی شێت بەرپرس نی‌یە لە ئەنجامی ئەو کردەوەیەی ئەنجامی ئەدات کە هەمیشە قوربانی‌یەکانی خۆبەخۆیانە هەڵئەبژێرێ و بە ڕێکەوت ڕوو ئەدەن . بەڵام هیچ شێک لەم کردەوەیدا خۆبەخۆیانە نی‌یە و ڕووداوەکەش هەروا بە ڕێکەوت نەبووە.

شارەزایانی تیرۆر لە نەرویج پەشۆکاون لەبەرامبەر راستی‌یەکی لەم چەشنەدا کە تیرۆریستەکە نەرویجی‌یەکی توندی ڕاستڕەوە و موسڵمان نی‌یە. کەسانێک پێ‌یان کە لەم سالانەی دوایی‌دا یەکە هەواڵگیری‌یەکانی نەرویج خۆیان لە چالاکی‌یەکانی ڕاستڕەوەکان بە دوور گرتووە. ئایا دەربارەی تێڕوانینە ڕاستڕەوەکانی بێهرینگ هیچ شتێکیان نەزانیوە؟

چەند لایەنی ئەم کردەوەیە هەن کە هێشتا ئاشکرا نین. ئایا بێهرینگ ئەم تاوانەی بە تەنیا ئەنجام داوە یان کەسانی تری لەگەڵدان؟ لەسەرەتا ئاماژە بەوەدرا کە تاکلایەنانە ئەمە ئەنجام دراوە. بەڵام چەند شایەدحاڵ هەن کە پێ‌یان وایە کە لانی کەم لەسەر دوورگەکە کەسانی تری هاوکار لە کوشتارگاکەدا هەبوون. کات ئەمەمان پێ ئەڵیت، ئەوەی جێگای بایەخە کە سەرۆکی پارتی کار Stoltenberg ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوەی پۆلیس لە لایەن نێودەولەتی‌یەکانی ئەم تاوانە ئەنجام ئەدرێت.

پارتی کار ئەبێت وەلام بداتەوە!

سەرۆکی ڕێکخراوی گەنجانی کرێکار(AUF) ئیسکڵ پیدەرسن لە کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند کە ئەمە هێرشە بۆ سەر دیموکراسی و ڕێکخراوی گەنجان بەردەوام ئەبێت لە خەباتی خۆی دژ بە ڕاسیزم تا دەستەبەرکردنی دیموکراسی و یەکسانی لە کۆمەڵگا.

سەرۆکوەزیران Stoltenberg لە بەرامبەر کامێراکاندا ڕایگەیاند کە " ئەمە هێرشە بۆ سەر بزووتنەوەی کرێکاریی، بۆ سەر پارتی کار و ڕێکخراوی گەنجانی ئەم پارتە" ئەمە بە تەواوی دروستە، هەرچەندە کە بی بی سی لە هەوالە خێراکانیدا و بۆ کەمکردنوەی ئەم پەیامە رایگەیاند کە " ئەمە ‌هێرشە بۆ سەر سیستمی سیاسی و بەهاکانی نەرویج ".

سیاسی‌یە ڕاسترەوەکانی وەک سارکۆزی و مێرکڵ، هەروەک ئەوەی راگەیاندنی بۆرژوازی ئەیکات دەستیان کردە رازیکردنی هەست وسۆزی ئەنتی ئیسلام لەگەڵ کەسانی وەک چەشنی ڕۆپێرت موردۆخ**. ئەمانە هانی هێزە ڕاستڕەوەکان و ئەنتی - کۆچکردووەکان ئەدەن. لە بارودۆخی ئێستای نەرویجدا، باڵی پارێزەران خۆی ئامادە کردووە بۆ پێکهێنانی کوالیسیۆنێک لەگەڵ باڵی راستڕەوی Fremskrittspartiet ، ئەگەر باڵی ئێستای چەپ لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا تێکبشکێت ، ئیتر ئەو بیرۆکەیە هەڵەیە کە پێشنیاری هەر چەشنە ڕێککەوتنێک لەگەڵ باڵی ڕاسی بۆرژوازیدا بکرێت بۆ پارێزگاریکردن لە دیموکراسی و دژ بە باڵی راستی تونڕەو.

رابەری پارتی کار بە شیوەیەکی دروست هاوسۆزی خۆی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاریی راگەیاند و لەهەمان کاتدا وتی ئەم کارە ئەبێت بدرێتە دەست پۆلیس، ئا ئامە هەڵەیە. ناتوانرێت پشت بە دەوڵەت ببەسترێت بۆ دابینکردنی پارێزگاریی و دژایەتیکردنی فاشتیستەکان. ساڵانێکە دامودەزگاکانی هەواڵگیریی چالاکی گروپە فاشیستەکانیان فەرامۆش کردووە، و بەشێکی دەوڵەت هاوسۆزیان هەیە لەگەڵ فاشیستەکاندا. باوەڕی کوێرانە بە توانایی دەوڵەت بۆ پارێزگاریکردنمان بەرەو دەرئەنجامێکی هەڵەمان ئەبات. با ئەوەمان لە بیر نەچیت کە بکوژەکە هەستاوە بە ئەنجامدانی تاوانێکی کۆمەڵکوژی لەبەر ئەوەی وەک ئەفسەرێکی پۆلیس بەرگی پۆشیوە.

هێرشەکە کاریگەری بارودۆخێکی ترسناکانەی خوڵقاندووە کە ئەبێت بەرەو ڕووی بینەوە. ڕێکخراوی گەنجانی سۆسیالیست (SU) بە نیاز بوون لە هەمان دوورگەدا و دوای هەفتەیەک کەمپی هاوینەیان ڕێک بخەن. هاوپشتی خۆیان لەگەڵ ڕێکخراوی (AUF) ڕاگەیاند. سەرۆکی ڕێکخراوی گەنجانی سۆسیالست ئۆلاڤ ماگنوس Olav Magnus زۆر بە دروستی پێکای کە رایگەیاند: " بۆ هەموو هاوڕێ گیانبەختکرووەکانمان ، نە تەنیا دەقیقەیەک بێدەنگی بەڵکو ژیانێک بۆ خەبات!"

ئەم هێرشە ئەمانخاتە بەردەم پرسگەلێک کە چۆن بزووتنەوەی کرێکاری و ڕێکخراوی گەنجانی تێدا بپارێزین. هەر ئێستا پێویستە کە ڕێکخراوەکانی گەنجانی پارتی کار ، سۆسیالست ، باڵی چەپی بزووتنەوەی کرێکاری کۆمیتەکانی پارێزگاریکردن دامەزرێنن. هەموو چالاکی و هەڵسوڕانێکی جەماوەی ئەبێت پارێزگاریی لێبکرێت و لە بەرامبەر هەرهێرشێکی دوژمنکارانەدا ئەبێت وەڵامی توند بدرێتەوە.

بزووتنەوەی ڕێکخراویی کرێکاریی ئەبێت فێر ببێت کە پارێزگاریی لەخۆی بکات. ئەوە تەنها بزووتنەوەی کرێکاریی‌یە کە ئەتوانێت لە بەرامبەر فاشیزم و باڵە ڕاستڕەوەکاندا بوەستێتەوە و خەبات بکات. بۆ وەڵامدانەوەی لێهاتوانە بۆ هەر ئەگەرێکی هێرشبەرو دوژمنکارانەی باڵە فاشیستەکان ئەبێت بە خۆڕێکخستنی زیاتری بزووتنەوەی کرێکاریی وەلامبدرێتەوە. بزووتنەوەی کرێکاریی لە نەرویج لە بەهێزیدایە. پێویستە هێزی خۆی بەکار بهێنێت تا وانەیەک بە فاشیستەکان دابدات. یەکێتی‌یە کرێکاریی‌یەکان ئەبێت مانگرتنی گشتی ٢٤ کاتژمێری رابگەیەنن بۆ سەرکۆنەکردنی ئەم تاوانە.

ڕێکخراوە کرێکاریی‌یەکانی جیهان ئەبێت بە لێشاو هاوپشتی خۆیان بۆ بزووتنەوەی کرێکاریی لەنەرویج رابگەیەنن. هەر ئێستا مەراسیمی ڕیزگرتن لە گیانی قوربانی‌یەکان لە سوید راگەیەندراوە. ئەمە بە مانای ئەوە نی‌یە کە تەنها مەراسیمەکانی ریزگرتن لە گیانی قوربانی‌یەکان ریکبخرێن بەڵکو بەڕێخستنی کاری جدی هاوپشتی نێونەتەوەیی. یەکێتی‌یە کرێکاری‌یەکان ئەبێت کۆبوونەوەی گشتی‌ و ڕێپێوان ئەنجام بدەن. با بە هەموان نیشانی جیهان بدەین کە بزووتنەوەی کرێکاریی بە کردەوەی فاشیستەکان لەناونابرێت، لە هەر کردوەیەکی دوژمنکارانەدا ئەڕژێینە سەر شەقامەکان. با هەموو ئەو پەرچەمە هەڵبگرن " زامدارکردنی هەریەکێکمان زامدارکردنی هەموومانە".

کاتی ئەوەیە وریا ببینەوە. لە باردۆخی جەنجاڵ و پڕ لەشەڕوشۆڕی جیهاندا ماوەی سالانێکە نەرویج پێگەی ئاشتی و ئارامیی بووە. بەڵام ئەم تێڕوانینە بە تەواوی پارچەپارچە بوو. هێزی سوپا لە سەر شەقامەکانە بۆ پارێزگاریکردن لە بالاخانە گشتی‌یەکان، لە کاتێکدا کە ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان خەریکی مەراسیمی ڕیزگرتنن لە قوربانی‌یەکان. قەیرانی جیهانیی ئابوری سەرمایەداری هیچ تاک و کۆمەڵگەیەک ناپارێزێت. ئەمە ، لینین وتەنی، ئەو ترسەیە کە کۆتایی نایەت.

* دواتر ئەم ژمارەیە ڕاستکرایەوە بۆ ٧٦ کوژراو.

** دامەزرێنەری نیوز کۆرپۆرەیشن کە باس و هەواڵەکانی کاریگەری گەورەیان هەیە لەسەر سیاسەتی جیهانیی.

Translation: Kameran Ahmad, Hawpshti