بەرگریكردن لە تیۆر – یان تا ئێستا نەزانیی كۆمەكی بەكەس نەكردووە

بڵاوبوونەوەى كۆمەڵە وتاری "خەباتی چینایەتیی لە كۆماری ڕۆمدا" خواست و مەیلێكی بەرچاوی لەلایەن خوێنەرانی سایتی ماركسیست دۆت كەم (Marxist.com)ی بەدوای خۆیدا هێناوە. بەپێی ئەو زانیاریانەى لەلایەن هاوكارانی بەشی ئیدیتۆرەوە بە من گەیشتوون ژمارەى بینەرانی سەربەخۆى ئەم وتارانە گەیشتوون بە ژمارەگەلێكی بێ وێنە واتا نزیكەى 2200 بوار، كە زۆر بەرزترە لە ئاستی ناوەڕاستی بینینی هەر وتارێك.

ئەم ڕاستییە پشتڕاستكردنەوەى دروستیی و ڕاستگۆیی سیاسەتی ماركسیست دۆت كەمە كە بە چۆنایەتیی وتارە تیۆرییەكانی ناسراوە. لە ڕۆژگارێكدا كە ئایدیاكانی ماركسیزم لە هەموو لایەكەوە ڕووبەڕووی لێدان بوونەتەوە، وێب سایتەكەمان بەرگریكارێكی بەهێز و سوورە لە تیۆریی ماركسیستیی لە هەموو ئاراستە و لایەنەكانیدا. ئەمە نیشانەى ئەوەیە كە زۆربەى خەڵك لە سەرتاسەری جیهاندا مەیلیان بۆ تیۆر هەیە و بە حەزێكی زۆرەوە دەیانەوێت مەعریفەیان لە بواری ماركسیزمدا قوڵتر بكەنەوە.

بەڵام ماركسیست دۆت كەم زۆر ڕەخنەگریشی هەن. هەندێك لە ڕەخنەگرەكانمان گلەیی ئەوە دەكەن بۆچی لەنێوان گەورەترین قەیرانی سەرمایەداریی لە دەیەى 1930ـەوە تا ئێستا، بۆچی سەبارەت بە ڕۆمای كۆن وتار دەنووسین. بۆ ئەوەى لەگەڵ خۆماندا بەویژدان بین، دەبێت بڵێین ماركسیست دۆت كەم تا ئێستا چەندین وتاری دەربارەى ئەم قەیرانە و قەیرانەكان بەگشتیی بڵاوكردووەتەوە و درێژەش بەم كارەى دەدات. بەڵام ئێمە لەو مانەیەدا ئەركی ئەوەمان لەسەرشانە لەسەر مەسەلە و پرسەكانی دیكەیش هەڵوەستە بكەین و بنووسین، بۆ ئەوەى ئاستی دەركی تیۆرییانەى خوێنەرانمان بەرز بكەینەوە و شیكاریی ماركسیستیی نەك تەنها بۆ ئابووریی بەڵكو بۆ مێژوو، زانستەكان، هونەر، مۆسیقا و بوارەكانی دیكەى چالاكیی مرۆیی بخەینەڕوو.

دەبێت چ وەڵامێكی ئەو كەسانە بدەینەوە كە دەیانەوێت پانتایی ماركسیزم كورت بكەینەوە بۆ ئەوەى لەگەڵ پانتایی زەینیی سنوورداری ئەواندا بگونجێت؟ پێویست ناكات ئێمە وەڵامیان بدەینەوە، چونكە لینین زۆر دەمێكە وەڵامی داونەتەوە: بەبێ تیۆرییەكی شۆڕشگێڕانە هیچ بزووتنەوەیەكی شۆڕشگێڕیی بوونی نابێت. ئەمە حەقیقەتێكی بنچینەییە كە هەموو ماركسیستە گەورەكان ئەمەیان پشتڕاستكردۆتەوە. ڕێگەم بدەن چەند نموونەیەكی بەرچاو بۆ ئەم واقیعە بنچینەییە بهێنمەوە.

شۆڕش بەبێ تیۆر، بوونی نییە

ماركس و ئەنگڵس (ڕێگەم بدەن ئەوە بەبیر خۆمان بهێنینەوە ژیانی شۆڕشگێڕیی ئەوان وەك خوێندكارانی فەلسەفەى هێگڵیی دەستیپێكرد) تەنانەت بەر لە نووسینی مانیفێستی پارتی كۆمۆنیست خەباتێكیان دژی ئەو ڕێبەرانەى "پرۆلیتاریا" بەگەڕخست كە دواكەوتوویی و میتۆدە سەرەتاییەكانی خەباتیان دەپەرست و بەتوندڕەوییەوە لەبەرانبەر بەكاربردنی تیۆرییەكی زانستیدا دەوەستانەوە.

ئانینكۆڤ، ڕەخنەگری ڕووسی، كە لە بەهاری ساڵی 1846 بەڕێكەوت لە برۆكسل بوو، ڕاپۆرتێكی زۆر سەرنجڕاكێشی دانیشتنێكی بۆ ئێمە بەجێهێشتووە كە تیایدا مشتومڕێكی توند لەنێوان ماركس و ڤایتلینگ، كۆمۆنیستیی یۆتۆپیی ئەڵمانیدا، ڕوودەدات. لەمیانەى مشتومڕەكەدا، ڤایتلینگ، كە كرێكارە، گلەیی ئەوە دەكات ماركس و ئەنگڵسی "ڕۆشنبیر" لەسەر بابەتگەلێكی ئاڵۆز دەنووسن كە پەیوەندیی بە كرێكارانەوە نییە. ئەو ماركس بەوە سەرزەنشت دەكات گوایە نووسینەكانی بریتین لە "شیكاریی تیۆرییانە لەسەر كورسییەكی نەرم و هەزاران میل دوور لە جیهانی خەڵكی زەحمەتكێش و ئازارچەشتوو". لێرەدا ماركس، كە بەگشتیی زۆر ئارام بووە، خوێن دەزێتە چاوییەوە. ئانینكۆڤ دەنووسێت:

"ماركس كاتێك دوایین وشەكانی بیست، كۆنتڕۆڵی لەدەستدا و مستەكۆڵەیەكی وەها توندی بە مێزەكەدا كێشا كە فانۆسی سەر مێزەكە جوڵا. ئەو ڕاپەڕی و گوتی: "تا ئێستا گەمژەیی كۆمەكی بەكەس نەكردووە" (چەند یادێك لە ماركس و ئەنگڵس – جەختكردنەوە لەمن، ئالان وودس).

ڤایتلینگ دوژمنی تیۆر و كاری پروپاگەندەى ئارام بوو. ئەو وەك باكۆنین دەیگوت هەژاران هەمیشە ئامادەى ڕاپەڕینن. ئەم هەوادارەى "پراكتیكی شۆڕشگێڕی" لەبری تیۆر، پێیوابوو ئەگەر ڕێبەران سوور و پێداگر بن، دەكرێت لەهەر زەمەنێكدا شۆڕش ئامادە بكرێت. تەنانەت لە ڕیزی ماركسیستەكانیشدا ڕەنگدانەوەى ئەم ئایدیا پێش-ماركسیستییە سەرەتاییانە دەبینینەوە.

ماركس لەوە تێدەگەیشت بزووتنەوەى كۆمۆنیستیی تەنها بە خۆدابڕینی یەكجارەكیی لەم چەمكە سەرەتاییانە و پاڵاوتنێكی تەواوی ڕیزەكانی، دەتوانێت بڕواتە پێشەوە. دابڕان لە ڤایتلینگ حەتمیی بوو و لە ئایاری 1846 هاتەئاراوە. دوای ئەوە، ڤایتلینگ ڕۆیشتە ئەمریكا و چیتر ڕۆڵێكی بەرچاوی نەگێڕا. تەنها بە دابڕان لە ڤایتلینگی "كرێكار-چالاكوان"ـەوە بوو كە دامەزراندنی یەكێتیی كۆمۆنیستەكان لەسەر بنەمایەكی عەقڵانی دەڕەخسا. هەرچۆنێك بێت مەیل و ئاراستەى سەرەتایی كە ڤایتلینگ نوێنەرایەتیی دەكات هەمیشە خۆی لە بزووتنەوەدا بەرهەمدەهێنێتەوە، سەرەتا لە ئایدیاكانی باكۆنیندا و پاشان لە جۆرەها ئۆڵترا-چەپگەرایی كە هێشتا و تا ئەمڕۆش كارەساتی بزووتنەوەى ماركسیستین.

كۆبەرهەمی ماركس و ئەنگڵس كانی ئاڵتوونی ڕاستەقینەى ئایدیان. لێرەوەیە دەگەین بە نووسینەكانی ئەنگڵس دەربارەى جەنگی جووتیاریی لە ئەڵمانیا، مێژووی یەكەمی ئەڵمانییەكان، سلاڤەكان، ئیرلەندییەكان و مێژوونووسییان لە سەرەتاكانی مەسیحییەتەوە. لینین لە وتارەكەى خۆیدا سەبارەت بە مەرگی ئەنگڵس دەنووسێت:

"ماركس لەسەر شیكاریی دیاردەى ئاڵۆزی ئابووریی سەرمایەداریی كاری دەكرد. ئەنگڵس لە كارە سادە و نووسراوەكانی خۆیدا كە بەگشتیی خەسڵەتێكی مشتومڕئاسایان هەیە، بە مەسەلە زانستییە گشتگیرترەكان و بەدیاردە جۆراوجۆرەكانی ڕابردوو و ئێستاوە خەریك دەبێت ئەویش لە گۆشەنیگای چەمكی ماتریالیزمی مێژوویی و تیۆریی ئابووریی ماركسەوە".

لیستێكی كورتی بەرهەمەكانی ئەنگڵس بێ پێچ و پەنا ڕوانگە و ئاسۆی ئەو دەردەخات. بەرهەمێكی ناوازەى مشتومڕئاسای ئەومان هەیە بەناوی ئەنتی دورینگ، كە لەم بەرهەمەدا بەقوڵییەكی تەواوەوە لەسەر فەلسەفە، زانستە سروشتییەكان و زانستە كۆمەڵایەتییەكان قسە دەكات. "بنەچەى خێزان، خاوەندارێتیی تایبەت و دەوڵەت" باسی یەكەم سەرچاوەكانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتیی دەكات. ڕەخنەگرانی "پراكتیكیی" ئێمە دەپرسن ئەمانە چ پەیوەندییەكیان بە چینی كرێكار و خەباتی چینایەتییەوە هەیە. تەنها پەیوەندییەكەیان ئەمەیە: هەمان ئەو بەرهەمەى بناغە و بنچینەى تیۆریی ماركسیستیی دەوڵەت بوو كە لینین دواتر لە كتێبی "دەوڵەت و شۆڕش"دا پەرەی پێدا و هەر ئەم كتێبە بوو بناغە تیۆرییەكانی شۆڕشی بەلشەڤیكیی دامەزراند.

پێویستە چ قسەیەك لەسەر كتێبی "لودڤیگ فۆیەرباخ و كۆتایی فەلسەفەى كلاسیكی ئەڵمانیا" بكەین؟ ئەنگڵس لەم كتێبەدا تەنها باس لە ئایدیا "ناڕوون و لێڵەكان"ی هێگڵ ناكات، بەڵكو هەروەها قسە لەسەر ئایدیا فەلسەفییە بچووك و نامۆكانی ئەڵمانیاش لەنێو بزووتنەوەى چەپی هێگڵییدا دەكات. بەتایبەت لەنێوان نامەكانی ماركس و بەر گەنجینەیەكی ئایدیا و بیرۆكەكان بە پانتاییەكی سەرسامكەرەوە دەكەوین. ئەم دوو هاوڕێیە بەردەوام دیدگا و تێڕوانینی خۆیان لەسەر جۆر و بەشی بابەتە جیاوازەكان لەگەڵ یەكتریدا دەگۆڕییەوە. نەك تەنها لەبواری ئابووری و سیاسەتدا، بەڵكو لە بواری فەلسەفە، مێژوو، زانستەكان، هونەر، ئەدەبیات و كولتووریشدا.

هەر ئەمە خۆى وەڵامێكی پشتشكێنی هەموو ڕەخنەگرانی بۆرژوازیی ماركسە كە كاریكاتێرێك بۆ ماركسیزم وەك عەقیدەیەكی وشك و كورتبین دەكێشن كە هەموو بیری مرۆڤایەتی بۆ ئابووریی و هێزە بەرهەمهێنەرەكان كورت دەكاتەوە. بەڵام ئەمڕۆش كەسانێك هەن حەزدەكەن ناوی ماركسیزم بەخۆیانەوە بلكێنن، بەڵام بەرگریی لە ئایدیا ڕاستەقینەكانی ماركس و ئەنگڵس بە تەواوی دەوڵەمەندیی، فراوانیی و قوڵییەكانییەوە ناكەن، بەڵكو دەقاودەق بەرگریی لە هەمان كاریكاتێری "ئیكۆنۆمیستیی" (ئابوورییگەرایی) ڕەخنەگرانی بۆرژوازیی لە ماركسیزم دەكەن. ئەمە هەرگیز ڕووخساری ماركسیزم نییە، بەڵكو هێگڵ گوتەنی شتێك نییە جگە لە " die leblosen knochen eines Skeletts" (ئێسقانە بێگیانەكانی پەیكەرەئێسقانێك). لێرەوەیە لینین دەڵێت: "ئەوەى زەروورە "ئێسقانە بێگیانەكان" نییە، بەڵكو ژیانی زیندووە" (لینین، دەفتەرە فەلسەفییەكان، كۆبەرهەم، بەرگی 38، ئینگلیزیی).

لینین و تیۆر

لینین هەمیشە جەختی لەسەری گرنگیی تیۆر دەكردەوە. تەنانەت لە قۆناغی سەرەتا و كۆرپەلەیی حزبدا، ئەو خەباتێكی بێ ئامانی دژی ئیكۆنۆمیستەكان دەكات كە عەقڵیەتێكی بەرتەسكیان لەسەر "پراكتیكی پرۆلیتاریا" هەبوو و وەك بواری كاركردنی ڕۆشنبیران نەك كرێكاران، سوكایەتییان بە تیۆر دەكرد. لینین لە وەڵامی ئەم قسە موهاتەرات و پڕوپوچانەدا دەنووسێت:

"ماركس دەڵێت: ‘هەر هەنگاوێكی بزووتنەوەى ڕاستەقینە گرنگترە لە دەرزەنێك بەرنامە‘. دووبارەكردنەوەى ئەم قسانە لە قۆناغی سەرلێشێوانی تیۆردا وەك ئەوە وایە جەنازەیەك بۆ تازیەبارانی ئێستا بخوازین جارەهای جار بگەڕێنەوە بۆ ئەم ڕۆژە پیرۆز و موبارەكە. بە ئیزافەى ئەم وشانەوە ماركس لە نامەیەكدا سەبارەت بە بەرنامەى گۆتا بەتوندی سەرزەنشتی ئیلیكتەریزم (گوڵچینخوازی) لە دامەزراندنی پرەنسیپەكاندا دەكات. ماركس بۆ ڕێبەرانی حزبی دەنووسی ئەگەر دەتانەوێت یەكبگرن بڕۆنە نێو ڕێككەوتنێكەوە، بۆ بەدیهاتنی ئامانجە پراكتیكییەكانی بزووتنەوەكە هەڵبستن، بەڵام هەرگیز سازش لەسەر پرەنسیپەكان نەكەن و "ئیمتیاز"ی تیۆرییانە مەبەخشنەوە. ئەمە بیروبۆچوونی ماركس بوو و وێڕای ئەمەش هەندێك لەنێو ئێمەدا هەن سوود لە ناوی ئەو وەردەگرن بۆ ئەوەى بەكەم سەیری تیۆر بكەن!

بەبێ تیۆریی شۆڕشگێڕانە مەحاڵە بزووتنەوەى شۆڕشگێڕ بوونی هەبێت. لە ڕۆژگارێكدا كە ئامۆژگاریی مۆدیلی ڕۆژی ئۆپۆرتۆنیزم (هەلپەرستیخوازی-ئینتیهازییەت) هاوكاتە لەگەڵ حەز و سەراسیمەبوون بۆ سنووردارترین فۆرمەكانی چالاكیی پراكتیكیی، هەرچەند زیاتر پێداگریی لەسەر ئەم ئایدیایە بكەین، هێشتا هەر كەمە. بەڵام سێ مەرجی دیكە بۆ سۆسیال دیموكراتەكانی ڕووسیا گرنگیی تیۆر زیاد دەكەن، كە بەگشتی لەبیر دەكرێن: یەكەم حزبەكەمان تەنها لەئانی دروستبووندایە، تازە خەریكە خەسڵەت و سیماكەى پێناسە دەكرێت و هێشتاش تێماوە حساب و كتابی لەگەڵ ڕەوتەكانی دیكەى ئایدیای شۆڕشگێڕدا ساف بكات كە دەتوانن بزووتنەوەكە بەڕێگای هەڵەدا بەرن" (دەبێت چی بكرێت؟ دۆگماتیزم و "ئازادیی ڕەخنەگرتن")".

لینین لە ساڵی 1908دا دەنووسێت:

"خەباتی ئایدیۆلۆژیانەى ماركسیزمی شۆڕشگێڕ دژی ڕیڤزیۆنیزم (پێداچوونەوەخوازی) لە كۆتایی سەدەى نۆزدەدا شتێك نییە جگە لە دەروازەكانی خەباتە شۆڕشگێڕییە گەورەكانی پرۆلیتاریا كە وێڕای هەموو نەخۆشی و لاوازییەكانی وردەبۆرژوازیی، بەرەو سەركەوتنی تەواوی ئایدیال و ئامانجەكانی دەڕواتە پێشەوە" (ماركسیزم و ڕیڤزیۆنیزم).

ترۆتسكی لە كتێبەكەى خۆیدا لەسەر "ستالین" وردەكارییەكی تەواو سایكۆلۆژیانە بۆ "كۆمیتەچی"یانى بەلشەڤیك دەكات كە ئەوانیش عەقڵیەتێكی "پراكتیكخوازانە"یان هەبوو. ئەوان بەهۆى بێتواناییان لە دەرككردنی بزووتنەوەى واقیعیی كرێكاران لە ساڵەكانی 1905-1906، كەوتنە نێو كۆمەڵێك هەڵەی گەورە و زەقەوە. هۆكاری هەڵەكانیان (كە بەگشتیی خەسڵەتی ئۆڵترا-چەپی هەبوو) نەبوونی دەرك و تێگەیشتنێكی دیالەكتیكیی بوو. ئەوان دەركێكی تەواو ئاڵۆز و ناڕوون و فۆرمالیستییان بۆ بونیادنانی حزب هەبوو كە پەیوەندیی بە بزووتنەوەى ڕاستەقینەى كرێكارانەوە نەبوو. بەم هۆیەوە بوو، لە ساڵی 1905دا، لینین بە تووڕەییەوە، بەلشەڤیكەكانی پترزبۆرگ، دانیشتنی یەكەمی شوریایان بەجێهێشت، چونكە شورا ئامادە نەبوو بەرنامەى حزب قبوڵ بكات.

لە ساڵی 1908دا، كە لینین خۆی ببوو بە كەمینەیەكی تاكەكەسیی ڕێبەرایەتیی فراكسیۆنی بەلشەڤیكەكان (كە لەژێر ڕێبەرایەتیی ئۆڵترا-چەپەكانی وەك بۆگدانۆڤ و لۆناچارسكی-دا بوو) ئەو ئامادە بوو بەهۆى جیاوازیی لەسەر فەلسەفەى ماركسیستیی، جیا ببێتەوە. ڕێكەوت نییە لەم ڕۆژگارە سەختەدا كە خودی بوونی ڕەوتی شۆڕشگێڕیی لەبەردەم مەترسیدا بوو، ئەو كاتێكی زۆری تەرخانكرد بۆ نووسینی كتێبێك دەربارەى فەلسەفە: "ماتریالیزم و ئیمپریۆكریتیسیزم".

لەوانەیە بپرسین ڤلادیمیر ئیلیچ بۆچی دەستیكرد بەنووسینی كتێبگەلێك لەسەر ئەم پرسانە. ئاخر لێكۆڵینەوە لەنووسینەكانی قەشە بێركلی چ پەیوەندییەكی بە كرێكارانی ڕووسیاوە هەبوو؟ یان لەوانەیە بپرسین بۆچی لینین جیابوونەوەى لەگەڵ زۆرینەی ڕێبەرانی بەلشەڤیی لەسەر مەسەلەى فەلسەفە بە زەرووری سەیر دەكرد. بەڵام لینین زۆر بەباشی پەیوەندیی هۆكارەكیی ڕەتكردنەوەى ماتریالیزمی دیالەكتیك لەلایەن بۆگدانۆڤەوە و سیاسەتەكانی ئۆڵترا-چەپی زۆرینەى دەرك دەكرد.

لە جەنگی یەكەمی جیهاندا، لینین گەڕایەوە بۆ فەلسەفە و دەستیكرد بە لێكۆڵینەوەى بنچینەیی لەسەر هێگڵ كە دواى چەندین ساڵ بەناوی "دەفتەرە فەلسەفییەكان" بڵاوبووەوە. یەكێك لە دواترین بەرهەمەكانی "دەربارەى گرنگیی ماتریالیزمی میلیتانت" بوو كە ئەو لەو نووسینەدا دووبارە سوورە لەسەر زەروورەتی لێكۆڵینەوە لە هێگڵ:

"هەڵبەت ئەم لێكۆڵینەوەیە، ئەم تەفسیرە، ئەم بانگەشەیەى دیالەكتیكی هێگڵیی زۆر قورسە و یەكەم ئەزموونەكان لەم ڕەوت و ئاراستەیەدا بێگومان هەڵەى بەدواوە دەبێت. بەڵام تەنها كەسێك هەڵە ناكات كە هیچ كارێك ناكات. ئێمە بە دامەزراندنی خۆمان لەسەر مۆدێلی ماركس لە بەكاربردنی دیالەكتیكیی هێگڵیدا كە بە ماتریالیزم پەروەردە كراوە، دەبێت و دەتوانین لە هەموو ڕەهەند و ئاراستەكانییەوە پەرە بەم دیالەكتیكە بدەین، لە گۆڤاردا چەندین بڕگەى بەرهەمە سەرەكییەكانی هێگڵ بڵاو بكەینەوە، بەشێوازی ماتریالیستیی تەفسیریان بكەین و بە كۆمەكی نموونەكانی مۆدێلی ماركس لە بەكاربردنی دیالەكتیك و هەروەها دیالەكتیك لەبواری پەیوەندییە ئابووریی و سیاسییەكاندا بەكاری بهێنین كە مێژووی ئەم دواییە، بەتایبەت جەنگی مۆدێرنی ئیمپریالیستیی و شۆڕش، بەشێوازێكی بەرفراوانی نائاسایی ئەمەى فەراهەم كردووە".

ترۆتسكی و تیۆر

ترۆتسكی وەك لینین، هەموو ژیانی خۆى تەرخانكرد بۆ بەرگریكردنی نەبڕاوە لە تیۆریی ماركسیستیی. ئەو لە وتارێكی ناوازەدا دەربارەى ئەنگڵس پەنجە بۆ ئاراستەى وردبینییانەى ئەو بۆ تیۆر ڕادەكێشێت:

"لە هەمانكاتدا بەخشندەیی فیكریی مامۆستا بۆ خوێندكارەكەى، بەڕاستی ناكۆتا و نەبڕاوە بوو. ئەو خووی وابوو گرنگترین وتارەكانی كائۆتسكیی بەناوبانگ هەر بەشێوەى دەستنووس بخوێنێتەوە و هەموو نامە ڕەخنەییەكانی ئەو چەندین پێشنیاری گرانبەهایان تێدایە كە بەرهەمی بیرێكی جددی و هەندێكجار لێكۆڵینەوەئاسا بوون. هەروەها پێدەچێت بەرهەمە بەناوبانگەكەى كائۆتسكی "ناكۆكییە چینایەتییەكانی شۆڕشی فەڕەنسا" كە بەڕادەیەك بۆ هەموو زمانەكانی مرۆڤی شارستان وەرگێڕدراوە، لە كارگەى فیكریی ئەنگڵسەوە دەرهاتبێت. نامەى دوور و درێژی ئەو دەربارەى گروپە كۆمەڵایەتییەكان لە سەردەمی شۆڕشی مەزنی سەدەى هەژدە (و هەروەها دەربارەى بەكاربردنی میتۆدە ماتریالیستییەكان لە ڕووداوە مێژووییەكاندا) یەكێكە لە شاكارترین بەڵگەنامەكانی زەینی مرۆڤ. ئەم نامەیە زۆر پوختە و هەر یەكێكیان لە فۆرمولەكانی، زەخیرەیەكی گەورەى مەعریفە بەگریمانە دەگرن و بەم هۆیەوە ئاسان نییە بچێتە نێو بڵاوكردنەوەى گشتییەوە؛ بەڵام ئەم بەڵگەنامەیە، كە ماوەیەكی زۆر بەشاراوەیی ماوەتەوە، بۆ ئەبەد نەك تەنها دەبێتە سەرچاوەى فێربوون و پەروەردەى تیۆرییانە، بەڵكو مایەى چێژی جوانیناسانەشە بۆ هەر كەسێك ئەگەر بیەوێت دینامیكییەتەكانی پەیوەندییە چینایەتییەكان لەنێو قۆناغی شۆڕشگێڕی و هەروەها مەسەلە گشتییە هەنوكەییەكانی نێو تەفسیری ماتریالیستیی بۆ ڕووداوە مێژووییەكان بخاتە بەر نەشتەری بیركردنەوەیەكی جددییەوە" (ترۆتسكی، نامەكانی ئەنگڵس بۆ كائۆتسكی، 1935).

لە هەموو بەرهەمەكانی ترۆتسكیدا فراوانیی ئاسۆ و هۆگرییەكی بەرفراوان نەك تەنها لەمێژوودا، بەڵكو لە هونەر و ئەدەبیات و كولتووریشدا بەشێوەیەكی گشتیی دەبینین. پێش جەنگی یەكەمی جیهان، چەندین وتاری دەربارەى نووسەرانی وەك تۆلستۆی و گۆگۆڵ نووسی. دواى شۆڕشی ئۆكتۆبەر ئەو بە فراوانیی دەستدەكات بە نووسین دەربارەى هونەر و ئەدەبیات. كتێبەكەى بەناوی "ئەدەبیات و شۆڕش" بەرهەمی ئەو قۆناغەیە.

ترۆتسكی لە ساڵی 1923دا دەنووسێت: ڕێگاكان و پرۆسەكانی ئەدەبیات ڕیشەیان لەنێو دوورترین ڕابردوودا هەیە و ئەزموونی كەڵەكەكراوی پیشەسازیی گوتار دەردەخەن. ئەدەبیات ئایدیاكان، هەستەكان، لایەنە ڕۆحییەكان، ڕوانگەكان و ئومێدەكانی سەردەمی نوێ و چینە تازەكەى پیشان دەدات" (ترۆتسكی، ڕیشە كۆمەڵایەتییەكان و پیادەكردنی كۆمەڵایەتیی ئەدەبیات). ئەو لەنێو قۆناغی شەپۆلئاسای شۆڕش و دژەشۆڕشی دەیەى 1930دا دەرفەتی ئەوەى بۆ دروست بوو لەسەر ئەدەبیات و هونەر بنووسێت. لە ساڵی 1934، ماوەیەكی كورت دواى كارەساتی ئەڵمانیا، ڕەخنەیەكی لەسەر ڕۆمانی "فۆنتامارا"ی ئیگناسیۆ سیلۆنە نووسی. لە ساڵی 1938دا لەگەڵ ئەندرە بریتۆن، نووسەری سوریالیستدا، "مانیفێست بۆ هونەری شۆڕشگێڕیی سەربەخۆ" دەنووسێت.

دەتوانین تووڕەیی بێ كولتوورە درۆزنە-ماركسیستەكان ببینین: "ئەرێ ئەمە چییە؟ هاوڕێ ترۆتسكی لەم ساتە شۆڕشگێڕییەى مێژوودا كاتی خۆى تەرخان دەكات بۆ نووسین لەسەر هونەر؟ هونەر چ پەیوەندییەكی بە پرۆلیتاریا و خەباتی چینایەتییەوە هەیە؟" بێ كولتووریی دژە هونەر بە نائارامییەوە سەری خۆى ڕادەوەشێنێت و بەو ئەنجامە دەگات كە چیتر ترۆتسكی هەمان ئەو كەسەى ڕابردوو نییە. "ئەمە ترۆتسكی"ی بەرنامەى ئینتیقالیی (ڕاگوزەر) نییە! دەبێت ئەم پیرەمێردە توانا عەقڵییەكانی لەدەست دابێت!" بەڵێ، دەتوانین وێنای ئەم قسانەیان بكەین.

لە ساتێكدا ئەوروپا دەستەویەخەى شۆڕش و دژەشۆڕش بوو، كاتێك لایەنگران و بەرگریكارانی ترۆتسكی دەكوژران و ئەنتەرناسیۆنال خەباتی مانەوەى دەكرد، بۆچی ترۆتسكی كاتی خۆی بۆ مەسەلەگەلێكی وەك هونەر و ئەدەبیات تەرخان دەكرد؟ ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە دەتوانین جیاوازیی لەنێوان ماركسیزمی ڕاستەقینە و شۆڕشگێڕیی پرۆلیتاریی ڕاستەقینەدا لەگەڵ كاریكاتێریی ڕووكەشیدا ببینین كە لەنێو هەندێك بازنەى بەناو ماركسیزمدا هەیە.

"تیۆریزەكەرە پەتییەكان"

لە میانەى ئەم مشتومڕ و شەڕە ناوەكییەى بووە هۆى ئینشیقاق لە میلیتانتدا، فراكسیۆنی زۆرینە دەیگوت تید گرانت و ئالان وودس "تیۆریزەكەرە پەتییەكان"ن. ئەم دەربڕینە ساختەیە هەموو شتێك دەربارەى ئەو شتە دەڵێت، كە ئێمە دەمانەوێت دەربارەى ئەو ڕەوتە بیڵێین. ئێمە دەیان ساڵی ژیانمان بۆ دامەزراندنی ڕەوتێك تەرخانكردبوو كە بوو بە سەركەوتووترین بزووتنەوەى ترۆتسكیستیی لە ڕۆژگاری ئۆپۆزیسیۆنی چەپی ڕووسیاوە. ئێمە بەژمارەیەكی زۆر كەمی چەند كەسی لە سەرەتاكانی دەیەى 1960 دەستمانپێكرد و سەركەوتین لەوەى ڕێكخراوێكی گەورە بە ڕیشەگەلێكی بەهێز و پتەو لە بزووتنەوەى كرێكاریدا دابمەزرێنین.

سەرجەمی ئەم سەركەوتنانە ئەنجامی ساڵانێك كاری ئارام و هێواش بوو. لە شیكاریی كۆتاییدا ئەمانە دەرەنجامی ئایدیاكان، میتۆدەكان و ئەو ئاسۆ ڕاست و دروستانە بوو، كە تید گرانت، ئەو بیرمەندە گەورە ماركسیستییە، پێیگەیشتبوو. تید بێ پێچ و پەنا لەهەموو هاوچەرخەكانی خۆى بەرز و كەڵەگەتتر بوو. ئەو پێگەیەكی بەهێزی لەنێو تیۆریی ماركسیستیدا هەبوو و بەرهەمەكانی ماركس، ئەنگڵس، لینین و ترۆتسكیی وەك ناوی خۆى دەزانی.

كاتێك تید گرانت و من چووینە دەرەوەى میلیتانت، كەوتینە نێو بارودۆخێكی سەخت و قورسەوە. زۆرینەى تەنزیمات و دەزگای گەورە، پارەیەكی زۆر و گروپێكی نزیكەى 200 كەسی لە پسپۆڕە فول تایمەكان هەبوو. ئێمە تەنانەت ئامێرێكی تایپیشمان نەبوو. بەڵام من و تید هەرگیز نیگەران نەبووین. ئێمە ئایدیا ماركسیستەكانمان هەبوو و تەنها و تەنها ئەمەش هەموو شتێك بوو. هەموو ئەزموونی من دەریدەخات ئەگەر ئایدیای ڕاست و دروستت هەبێت، هەمیشە دەتوانیت تەنزیمات و ڕێكخستن دروست بكەیت. بەڵام پێچەوانەى ئەم هاوكێشەیە ڕاست نییە. دەكرێت گەورەترین تەنزیماتی جیهانت هەبێت، بەڵام ئەگەر لەسەر بناغەى تیۆر و میتۆدە نادروستەكان كاربكەیت، لەناودەچیت.

ئێمە ڕەچاوی بارودۆخەكەمان كرد و گەیشتین بەو ئەنجامەى لە هەلومەرجی ئێستادا (واتا ئەوسا) بەتایبەت دوای كەوتنی یەكێتیی سۆڤێت، خێراترین ئەركی ئێمە بەرگریكردن لە ئایدیا و تیۆرییە بناغەییەكانی ماركسیزم بوو. یەكەم ئەنجام، كتێبی "عەقڵ لە شۆڕشدا: فەلسەفەى ماركسیستیی و زانستە مۆدێرنەكان" بوو. هاوڕێیانی پێشووی ئێمە گاڵتەیان بەم كتێبە دەكرد. بە تانە و تەشەرەوە دەیانگوت: "سەیركەن! تید و ئالان وازیان لە سیاسەت هێناوە بۆ ئەوەى كتێب لەسەر فەلسەفە بنووسن!" ئەمە ئاراستە و مەیلی ئەوان بوو بۆ تیۆریی ماركسیستیی – ئەمە ئاراستەیەكی نێو نەریتی ڕاستەقینەى ڤایتلینگ و كۆمیتەچییە بەلشەڤیكییەكان بوو كە هیچ پەیوەندییەكی بە ماركس، ئەنگڵس، لینین و ترۆتسكییەوە نییە.

زۆری نەبرد هەڵە لەتیۆردا وەرگێڕدرایە سەر كارەسات لە پراكتیكدا. زۆرینەى ڕابردوو بووەتە قوربانیی هەڵەكانی. شتێك كە پێشتر ڕەوتێكی بەهێز بوو بە ڕیشەگەلێكی جددییەوە لەنێو بزووتنەوەی كرێكاریدا، كورتبووەتەوە بۆ نێو سێبەری خودی ڕابردووەكەى خۆى. لەلایەكەوە، "عەقڵ لە شۆڕشدا" ڕۆڵێكی بنچینەیی گێڕاوە لە سەقامگیركردن و جێگیركردنی "ڕەوتی ماركسیزمی ئەنتەرناسیۆنال"دا. ئەم كتێبە بۆ زۆرێك لە زمانەكان وەرگێڕدراوە و زۆرێك لە كرێكاران، سۆسیالیستەكان، كۆمۆنیستەكان، چالاكوانانی سەندیكایی و بۆلیڤارەكان (وەك هۆگۆ چاڤێز) ستایشی ئەم كتێبەیان كردووە.

چۆن دەتوانین ئەمە شیبكەینەوە؟ كرێكاران و لاوانی پێشكەوتوو تینووی ئایدیاكان و تیۆرن. ئەوان دەیانەوێت بزانن چی لەكۆمەڵگادا دێت و دەچێت. ئەوان ناچنە نێو ئەو ڕەوتانەى شتگەلێكیان پێبدەن كە خۆیان دەیزانن: وەك سەرمایەداریی لەقەیراندایە، بێكاریی هەیە، لە ماڵە خراپ و وێرانەكاندا دەژین، مووچەكەیان كەمە و هتد. كەسە جددییەكان دەیانەوێت بزانن بۆچی بارودۆخەكە بەمجۆرەیە، چی لەڕووسیا ڕوویدا، ماركسیزم چییە و ئەو پرسیارانەى دیكە كە خەسڵەتی تیۆرییانەیان هەیە. بەم هۆیەوەیە بەپێچەوانەى دیدگای "پراكتیكییەكانەوە"، تیۆر كارێكی ئیزافیی ئیختیاریی نییە، بەڵكو ئامرازێكی زەروورییە بۆ خەباتی شۆڕشگێڕیی.

كرێكاران و كولتوور

ئەمە سوكایەتییەكی گەورەیە بە پرۆلیتاریا كە دەگوترێت كرێكاران هیچ حەزێكیان بۆ پرسە گشتییەكانی كولتوور، مێژوو، فەلسەفە و هتدەوە نییە. ئەزموونی من بەدرێژایی ئەم ساڵانە دەریدەخات لەنێوان كرێكاراندا حەزێكی ڕاستەفینەى زۆر زیاتر بۆ ئایدیاكان و بیرۆكەكان هەیە بەراورد بەوەى لەنێو چینی ناوەڕاستیی بەمانایەك خاوەن كولتووردا (موسەقەف) دەبینرێت. دێتەوە بیرم ساڵانێك پێش ئێستا كاتێك لە شوێنی لەدایكبوونم، باشووری وێڵز، وانەم بە كرێكاران دەگوتەوە ڕووبەڕووی كرێكارێكی كانزا بوومەوە، كە خۆى فێری پرتوگالی كردبوو بۆ ئەوەى بەرهەمە شیعرییە بەڕازیلییەكان بخوێنێتەوە، كە من هەرگیز ناویشیانم نەبیستبوو.

ئەم بیرۆكەیە بەڕادەیەك هەمیشە لەنێو ڕۆشنبیرانی وردەبۆرژازییەوە دێت كە كرێكاران حەزیان بۆ كولتوور نییە، ئەم [ڕۆشنبیرە وردەبۆرژوازییانە] هیچ مەعریفەیەكیان لەسەر خەڵكی چینی كرێكار نییە و بەهەڵە كرێكاران تێكەڵ بە لومپەن پرۆلیتاریا دەكەن. ئەوان بەمجۆرە ئیهانەكردنی خۆیان بۆ چینی كرێكار و خۆبەزلزانینیی چینی ناوەڕاستیی خۆیان بەرانبەر بە كرێكاران دەردەخەن. ئەمجۆرە كەسانە دەیانەوێت بە پۆشینی جلوبەرگی كرێكاریی و هەوڵدان بۆ تەقلیدكردنەوەى لەهجەى "كرێكاریی" خۆیان تێكەڵی كرێكاران بكەن. ئەوان سوود لە زمانێكی بەد وەردەگرن چونكە پێیانوایە بەم كارە بەڵگەنامەى پرۆلیتاریبوونیان بەرز دەكەنەوە.

من زۆرشتم لە ماركسیستە بەمانایەك خوێندەوارەكانەوە بینیوە كە پێیانوایە ئەوە شتێكی زۆر باش و عاقڵانەیە لاسایی زمان و خوو و عادەتەكانی لومپەن پرۆلیتاریا بكەنەوە و پێیانوایە ئەمە بەڵگەنامەی متمانەپێكردنیان وەك "كرێكارانی ڕاستەقینە" زیاتر بەرز دەكاتەوە. ڕاستیی لێرەوەیە كە كرێكاران بەگشتیی لە ماڵەكانیان و لە كۆڕ و كۆمەڵە بەڕێزەكاندا هەرگیز ئەمجۆرە زمانە بەكارناهێنن. لاساییكردنەوەى ڕەفتاری نزمترین و پاتاڵترین بەشی كرێكاران و لاوان، لایقی ماركسیستێك نییە چ بگات بە كەسێك حەزی ڕێبەربوون لەكەللەى دابێت. ترۆتسكی لە وتارێكی نایاب و بێ وێنەى خۆیدا بەناوی "خەبات لەپێناو گوتاری كولتوورییانەدا" [یاخود خەبات بۆ قسەكردنی ڕۆشنبیرانە] ئەمجۆرە زمانە بەد و خراپە وەك نیشانەى عەقڵییەتی كۆیلایەتیی سەیردەكات كە نابێت شۆڕشگڕان لاسایی بكەنەوە، بەڵكو دەبێت هەوڵی سڕینەوە و لابردنی بدەن.

ترۆتسكی لەم وتارەدا كە لە ساڵی 1923دا نووسیویەتی، دەستدەكات بە ستایشكردنی كرێكارانی كارگەى دروستكردنی پێڵاو لە كۆمۆنەى پاریس كە بڕیارنامەیەكیان دەركرد دووربكەونەوە لەجوێندان و بەكارهێنانی زمانی بەد (یان بەدزمانی) وەك تاوان سەیر بكەن. ڕێبەری شۆڕشی ئۆكتۆبەر ئەم كارە وەك نیشانەیەكی زۆر گرنگی هەوڵی چینی كرێكار بۆ ڕزگاربوون لە عەقڵییەتی كۆیلایەتی و خواستی ئاستێكی بەرزتری كولتوور سەیر دەكات نەك وەك شتێكی لاوەكی و هیچ بیبینێت. "زمانی سوكایەتیئامێز و جوێندان میراتی كۆیلایەتی، سوكایەتیی و بێ ڕێزییە بە پێگە و شان و شكۆى ئینسان – سوكایەتیی بە پێگەى خۆی و خەڵكانی دیكە". ئەمانە قسەى ڕێبەری شۆڕشی ئۆكتۆبەرن.

چینی كرێكار ئاستگەلێكی زۆر جیاوازی هەیە كە ئاماژەن بۆ هەلومەرج و ئەزموونگەلی جیاواز و جۆراوجۆر. پێشكەوتووترین توێژە پرۆلیتارەكان لەنێو یەكێتییە كرێكارییەكان و پارتە كرێكارییەكاندا چالاكن. ئەوان حەزێكی زۆر زیندوویان بۆ ئایدیاكان و تیۆر هەیە و هەوڵدەدەن خۆیان فێر بكەن. ئەم هەوڵانە گەرەنتیكردنی داهاتووی سۆسیالیستییە، كە تیایدا پیاوان و ژنان نەك تەنها ئەو زنجیرە فیزیكییانە دەپسێنن كە كۆت و بەندیان دەكات، بەڵكو ئەو زنجیرە دەروونیانەش دەپچڕێنن كە دەیانكات بە كۆیلەی ڕابردوویەكی وەحشیگەرا.

ترۆتسكی سووربوو لەسەر گرنگیی خەباتكردن لەپێناو گوتارێكی كولتووریانەدا: "خەبات لەپێناو خوێندن و كولتووردا، هەموو سەرچاوەكانی زمانی ڕووسیی بە دەوڵەمەندیی، توانا و پێگەردییە زۆرەكەى دەخاتە بەردەستی ڕەگەزە پێشكەوتووەكانی چینی كرێكارەوە".

ئەو باس لەوەش دەكات شۆڕش "بە پلەى یەكەم ڕابوونی كەسایەتیی ئینسانییە لەنێو جەماوەردا – خەڵكانێك كە بڕیار وابوو هیچ كەسایەتییەكیان نەبێت". شۆڕش "زیاتر و بەر لەهەر شتێك ڕابوونی ئینسانییەت و ڕێپێوانی پێشڕەویی ئەوە و نیشانەى ئەو ڕێزە زۆرەیە بۆ پێگە و شكۆى كەسایەتیی هەموو كەسەكان و وردبوونەوە و دەستڕاگەیشتنی زیاتر بە لاوازەكان"(هەمان سەرچاوە).

ئاڵوگۆڕی سۆسیالیستیی تایبەت نییە بە بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات: ئەمە تەنها هەنگاوی یەكەمە. شۆڕشی ڕاستەقینە (هەنگاوی مرۆڤایەتی لە مەیدانی زەروورەتەوە بۆ مەیدانی ئازادیی) هێشتا بەدەست نەهاتووە. وەك ئەنگڵس دەڵێت لە هەر كۆمەڵگایەكدا هونەر، زانستەكان و دەوڵەت لەلایەن كەمینەوە قۆرخكرابێت، ئەو كەمینەیە سوودی لە پێگەى خۆى وەرگرتووە و ئەمەش خراپ بەكاردەهێنێت بۆ ئەوەى كۆمەڵگا كۆت و بەند بكات.

بەڵام بەپێدانی ئیمتیاز بە ئاستی نزمی وشیاریی دواكەوتووترین و نەخوێندەوارترین توێژەكانی چینی كرێكار، هیچ كۆمەكێك بە بەرزكردنەوەى وشیاریی ئەوان بۆ ئەو ئاستی وەزیفانە ناكەین كە مێژوو خستوویەتە بەردەممان. ڕێك بەپێچەوانەوە. ئێمە دەبینە هۆى دابەزاندن و نزمكردنەوەى و ئەمەش گەلێك ئاكامی كۆنەپارێزانەى بەدواوە دەبێت. دەتوانین بەمجۆرە قسەكەمان پوخت بكەینەوە: ئەو شتە پێشڕەو و شۆڕشگێڕە كە دەبێتە هۆى بەرزبوونەوەى ئاستی وشیاریی پرۆلیتاریا. ئەو شتە كۆنەپارێزە كە بەرەو نزمكردنەوەى وشیاریی پرۆلیتاریا دەچێت.

دەبێت ماركسیستەكان لە هێڵی یەكەمی چینی كرێكاردا بووەستن لە خەباتكردن لەپێناو گۆڕینی كۆمەڵگادا. وەزیفەى ئێمە پەروەردە و فێركردنی كادرانی شۆڕشی سۆسیالیستیی داهاتووە. دەبێت بۆ هەڵسان بەم وەزیفەیە لەسەر بناغەى هەرشتێكی ئەرێنیی، پێشڕەو و شۆڕشگێڕیدا بووەستین و پێداگرانە هەموو شتێكی دواكەوتوو، جاهیلانە و سەرەتایی لاببەین. ئێمە ئامانجی خۆمان لەنێو ئاسۆیەكی تەواو شكۆمەنددا داناوە. دەبێت گۆشەنیگای چینی كرێكار و بەگشتیی پێشكەوتووترین ڕەگەزەكان بۆ ئاسۆیەك بەرز بكەینەوە، كە ترۆتسكی لە "ئەدەبیات و شۆڕش"دا باسی دەكات:

"سەختە بتوانین پێشبینیی ئاستی حكومڕانیكردن بەسەر خۆماندا بكەین كە ئینسانی داهاتوو دەتوانێت پێیبگات یان ئەو لوتكەیە هونەر و تەكنیكی خۆی دەگەیەنێت بەو ئاستە. پێكهاتەى كۆمەڵایەتی و خۆفێركاریی ڕۆحیی و دەروونی دەبنە دوو ڕەهەندی پرۆسەیەكی یەكسان. هەموو هونەرەكان (ئەدەبیات، شانۆ، شێوەكاریی، مۆسیقا و تەلارسازیی) فۆرمێكی جوان بەم پرۆسەیە دەبەخشن. بە زیادكردنی ئەو ناوەرۆكەى تیایدا پێكهاتەى كولتووری و خۆفێركاریی كۆمۆنیستەكان هەیە، دەبێتە هۆى فراوانبوون و بڵاوبوونەوەى هەموو ڕەگەزە زیندووەكانی هونەری هاوچەرخ تا باڵاترین ئاستەكانی خۆى. ئینسان بەڕادەیەكی باوەڕپێنەكراو بەهێزتر، زیرەكتر و جوانتر دەبێت. جەستەى چونییەكتر، جوڵەكانی هاوسەنگتر، دەنگی مۆسیقیتر دەبێت. فۆرمەكانی ژیان بەشێوازێكی دینامیكییانە، گەشە دەكەن. ئینسانی ناوەڕاست بە لوتكەكانی ئەرستۆكان، گۆتەكان و ماركسەكان دەگات. و لەسەر ئەم گردانەوە، لوتكە تازەكان سەردەردەهێنن".

Translation: Peshraw Muhammad