٢٠ ساڵ دواى داگیرکردنی عێراق: ڕەوایەتیی دڕندانەی ئیمپریالیزم

لەشکرکێشییەکەی ئەمریکا بۆ سەر عێراق ٢٠ ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکرد. هەر لەو کاتەوە، وڵات بەهۆی شەڕ و تایفەگەری و توندڕەوییەوە لەت و پەت پارچەپارچە بووە. بۆ کۆتایی هێنان بە ترسناکی و بەربەرییەتی ئیمپریالیزم، پێویستە خەبات بۆ شۆڕش بکەین و سەرمایەداری بڕوخێنین.

لە 19ی ئازاری ساڵى 2003دا، ئیمپریالیستە ئەمریکی و بەریتانیاییەکان بۆ "ئازادکردنی گەلی عێراق" دەستیان بە سەرکەشییە دڕندانەکەیان کرد. بەڵام دوای ٢٠ ساڵ هێشتا لانکەی شارستانیەت، بەو ئاگرەى ئەوان هەڵیان گیرساند، دەسووتێت. عێراق هەر لەو کاتەوە گۆڕستانێکە بۆ زیاتر لە ملیۆنێک کەس، کە بەهۆی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاواییەوە پەرت پەرت کراوە.

لە دوای پاشەکشەی شەرمەزارکەریان لە ساڵی ٢٠١١ەوە، ئیمپریالیستەکان لە گێژاوەکانیان لە عێراق دوور کەوتوونەتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ 'پاڵەوانانی جیهانی ئازاد' لەبارەی 'جەنگەکان لەپێناو ئاشتی' و 'دیموکراسیی ئۆکرانیا'دا باسى ئەخلاق دەکەن، شەڕی عێراق و ڕەوایەتییەکەى وەک دوو-ڕووانەترین و دژە-شۆڕشگێڕترین هێزی سەر هەسارەکە، بێ ئەخلاقییەکەى خۆی ئاشکرا دەکات.

ئیمپریالیزم و جەنگ

لەگەڵ داڕمانی یەکێتیی سۆڤیەتدا لە ساڵی ١٩٩١، ئەمریکا وەک تاکە زلهێزی جیهان مایەوە. ئیمپریالیستەکانی ئەمریکا پێیان وابوو کە بەو پێیەی خاوەنی هێزێکی ئابووری و سەربازی بێهاوتان، دەتوانن باڵادەستیی خۆیان بەسەر هەر گۆشەیەکی جیهاندا دووپات بکەنەوە.

لەگەڵ دابەزینى ئاستى ڕووسیا بۆ بشێویی، چینی دەسەڵاتداری ئەمریکا دەستبەجێ دەستیان کرد بە دەستوەردان لە پانتاییە کاریگەرەکانی پەکێتیی سۆڤیەتی پێشوودا لە سەرانسەری جیهاندا. لە زۆربەی دۆخەکاندا، دەتوانرێت دەستێوەردان لە ڕێگەی شێوازە 'ئاسایی'ییەکانى بازرگانیی ئیمپریالیستەکان و ‘دیپلۆماسی’ەوە ئەنجام بدرێت، ئەوانەى کە بێگومان لە خزمەتى ئەمریکا خۆیدان.

بەڵام بۆ هەر حکومەتێک کە ئامادە نەبوو لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی واشنتۆندا بگونجێت و بێتەوە، ئەوا بە تەنیشتییەوە ئامێرێکی سەربازیی ترسناک لە چاوەڕوانیدا بوو بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات تاکو، بە پێچەوانەوە، ڕازییان بکات بە هاوپەیمانێتى. ئەوانەی ئامادە نەبوون پابەند بن، وەک ڕژێمی سەدام حسێن لە عێراق، وەک ناوچە و ڕژێمێک بۆ دەستێوەردان دەستنیشان کران.

لە ساڵی ١٩٩٨دا، ئەمریکا 'گۆڕینی ڕژێم'ی عێراقى کرد بە سیاسەتى فەرمیی حکومەت، لەگەڵ دەرکردنی 'یاسای ئازادکردنى عێراق'دا. بێ گومان ئەوەی کە عێراق خاوەنی پێنجەم گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهان بوو، کلیلی بیرکردنەوەکانیان بوو.

جگە لەوەش، ئیمپریالیستەکانی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٧٩دا ڕژێمی بوکەڵەیی خۆیان لە ئێران، بەهۆی شۆڕشەوە، لەدەستدا. بەهۆى ترسیان لە ناسەقامگیریی پاشایەتیی سعودیە، بەدواى بەکرێگیراوێکى دیکەدا دەگەڕان بۆ 'سەقامگیرکردنى ناوچەکە' لە بەرژەوەندیی خۆیاندا.

لەگەڵ هاتنە سەرکاری کۆمارییەکان لە ساڵی ٢٠٠٠ لە سەردەمی سەرۆک جۆرج بوش دا، ددانەکانی ئامێری جەنگیی ئەمریکا تووندتر کران و گێڕێک برانە پێشەوە. ئەوەى مایەوە بۆ جەنگ تەنیا بیانوویەک یان پێش زەمینەیەک بوو و هیچیتر.

هەروەها زۆرێک لە کابینەی بوش دا بەرژەوەندیی ڕاستەوخۆیان لە عێراقدا هەبوو. بوش وەک باوکی پێشتر نەوتفرۆش بوو. وەزیری دەرەوە، کۆندالیزا ڕایز، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی کۆمپانیای شێڤرۆن بوو. وە جێگری سەرۆک، دیک چێنی، کە پێشتر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای وزە هالیبێرتۆن بوو، پاکێجێکی خانەنشینی ٢٠ ملیۆن دۆلاری قنج و قیتى لە کۆمپانیاکە وەرگرتبوو، کە بەڕێکەوت دوای لەشکرکێشییەکە گرێبەستەکانی 'ئاوەدانکردنەوەی' عێراقی وەرگرت.

بۆ ئیمپریالیستەکانی بەریتانیاش، جەنگ ئامرازێک بوو بۆ دەست تووندکردن بە کاریگەرییە خێراکانى دابەزینیان لەسەر شانۆی جیهانی. لەگەڵ ئەوەی سەرمایەداریی بەریتانیا لە دابەزینێکی درێژخایەندا بوو، و ئیمپراتۆریەتی پێشووی لەدەستدا، ڕۆڵی بەریتانیا کەمێک زیاتر بوو لە تەنیا خزمەتکارێکی وابەستە بە ئیمپریالیزمی ئەمریکییەوە.

درۆ و پڕوپاگەندەکان

لەگەڵ هێرشە تیرۆریستییەکانی ١١ی سێپتەمبەردا بۆ سەر ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠١، ئیمپریالیستەکان ئەو بیانووەیان دۆزییەوە کە چاوەڕێی بوون. یەکسەر دەستیان کرد بە داگیرکردنی ئەفغانستان، و ڕژێمی تاڵیبانیان ڕووخاند. تا مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٠١، ڕژێمێکی بوکەڵەیی لایەنگری ئەمریکایان دامەزراند.

ئیمپریالیستەکان بەهۆی 'سەرکەوتنی' بەڕواڵەت و فووتێکراو و ڕاستەوخۆیان لە ئەفغانستاندا، سەرنجیان خستە سەر ئامانجی داهاتوویان: ڕووخاندنی سەدام حسێن لە عێراق.

ئەوەی پێی دەوترێت 'جەنگی دژ بە تیرۆر' بەلای ئەوانەوە فێڵێکی تەواو بوو بۆ ئەوەی دانیشتووانەکانیان لە پشت ململانێیەکەوە کۆبکەنەوە. ئەوەی کە قاعیدە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی لە عێراقدا نەبووە، وەک شتێکی بێ بایەخ ڕەتکرایەوە و تەنانەت شایەنى باس نەبوو.

سەرەتا هەوڵیاندا سەدام بە قاعیدە و 11ی سێپتەمبەرەوە ببەستنەوە. بەڵام کاتێک ئەمە وەک درۆیەک ئاشکرا بوو، بوش و بلێر هەنگاویاننا بۆ لێدانی ئەو تەپڵەى کە سەبارەت بە عێراقى خاوەن "چەکی کۆمەڵکوژ" و "هەڕەشەی ناونشین بۆ سەر جیهانی ئازاد" بوو.

وەک ڕێکارێکى گونجاو، ئەوان دەیانگوت ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی خێرا و ماوە کورت تەنها شتێک دەبێت کە پێویستە بۆ دامەزراندنی دیموکراسییەکی گەشەسەندوو، و هەروەها بەدیهاتنى ئاشتی و سەقامگیری بۆ هەموو ناوچەکە.

بلێر سەرمایەیەکی بەسوود بوو لەم کارەدا، کاروباری پیسی بە 'دۆسیە نابەجێکان' و، قسە زلەکانی سەبارەت بە "سیاسەتی ئەخلاقیی دەرەکی" و دۆزی ئەخلاقی مەسیحی داپۆشی.

بۆ ماوەیەک ئەمریکا و بەریتانیا هەوڵیاندا بڕیارێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تاوتوێ بکەن، بۆ ئەوەی بیرۆکەی شەڕ لە ناوخۆدا باشتر بفرۆشن ئەویش بە پێدانی پۆشاک و بەرگێکى 'یاسایی'. بەڵام ئەمە بە ناچاری ڕەتکرایەوە، و ئیمپریالیستەکانیش بە سادەیی پلانى داگیرکارییەکانیان بەبێ گوێدان بە هیچ شتێک دەستپێکرد.

هەندێکیش، لەوانەش هەندێک لە بەناو 'چەپ'ەکان، ئەمەیان وەک بنەمایەک بۆ دژایەتیکردنی شەڕەکە بەکارهێنا. بەڵام یاساییبوون و نەبوون تەنانەت بچووکترین شتى لە کارەکتەری ئیمپریالیستیی کۆنەپەرستانەى ئەمریکا نەگۆڕى.

نەتەوە یەکگرتووەکان ناوێکى دیکەى باشتر نییە جگە لە سەندیکای دزەکان نەبێت. مەبەست لێی بەرزڕاگرتنی 'ئاشتیی جیهانی' یان 'یاسای نێودەوڵەتی' نییە، بەڵکو دانوستانکردنە لە نێوان بەرژەوەندییەکانی گروپە نیشتمانییە کێبڕکێکارە سەرمایەدارەکاندا. بەڵام بەرژەوەندییە دژبەرەکانیان – ململانێی قازانج و دابەشبوونی جیهان – تەنیا لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسیارە لاوەکییەکاندا سنوورداریان دەکات. ئەمڕۆ هەموو ئەم بیانووانە وەک درۆ ئاشکرا بوون.

وەک عێراق نیشانی دەدات، ئیمپریالیستەکان شەڕ بۆ 'ئازادی' یان 'دیموکراسی' ناکەن، بەڵکو لەپێناو بەرگریکردن لە هەژموونی قۆرخکارییە نیشتمانییەکانیان، و برسێتیی بێکۆتاییە لەپێناو قازانجى خۆیاندا. ئەمەش پێویستی بە داگیرکردنی سەرچاوەکانی کەرەستەی خاو و بازاڕ و کایە و پانتاییە کاریگەرەکانى دیکە هەیە.

ئامانجەکە بەدیهات!"

لەشکرکێشییەکە لە ١٩ی ئازاری ٢٠٠٣ بە هەڵمەتێکی 'شۆکهێنەر' لەلایەن ئیمپریالیستەکانەوە دەستیپێکرد. ئەوەبوو لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا هێزەکانی سەدامیان لەناوبرد. تا ٩ی نیسان، بەغدا کەوت؛ و تا ٣٠ی نیسان قۆناغی داگیرکاری شەڕەکە بە تەواوبوو دانرا.

ڕۆژی دواتر، یەکی ئایار، جۆرج بوش لە لوتکەی کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگرەوە "ئامانجەکە بەدیهات"ی ڕاگەیاند. گوایە ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکان لە عێراق کۆتاییان هاتووە.

سوپای ئەمریکا بە خێرایی 'دەسەڵاتی کاتیی هاوپەیمانى (CPA)'ى کۆکردەوە، کە ئیدارەیەکی کۆلۆنیالی بوو و پشتى بە هێزە داگیرکەرەکانى پێشوو دەبەست. ئەمەش دەستێکی ئازادی بە ئیمپریالیزمی ئەمریکی بەخشی بۆ ئەوەی وڵات بەڕووی وەبەرهێناندا بکاتەوە، لەنێویاندا بە تایبەتیکردنی یەدەگی بەرفراوانی نەوتەکەی.

پاشان CPA بە بەکارهێنانی سیاسەتی دێرینی دابەشکردن و حوکمڕانیکردن، دەستی کرد بە سەپاندنی 'دیموکراسی'یەکی بەپەلە کۆکراوە بەسەر عێراقدا، کە لەسەر بنەمای دابەشکارییە نەتەوەیی و تائیفییە وروژاو و هەڵتۆقیوەکان بوو.

پاژنەی ئاسنینی ئیمپریالیزمی ئەمریکی بە خێرایی دەستی کرد بە سڕینەوەی ئامێری دەوڵەتی عێراق کە پێشتر پەککەوتەبوو. ئەوان بە فەرمانێک ئەوەی لە سوپای پێشووی عێراق مابووەوە تەسفیەیان کرد، هەروەها هەر کەسێک کە ئەندامی پێشووی حزبى بەعسی سەدام بووبێت، کارى حکومییان لێ قەدەغە کرد. زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لە شەوێکدا بێکار کران.

بەربەریەت و شەڕی ناوخۆ

بە دڵنیاییەوە ئۆپەراسیۆنێکی وەها لوتبەرزانەى تێکشکاندن و گرتن لێکەوتەى گەورەشى دەبێت.

دەوڵەتی بوکەڵەی دەستکردی ئەمریکا بە تەواوی لە دانیشتووان دابڕا بوو، و هەروەها لەلایەن یاخیبوونێکی چەکدارییشەوە دژایەتی دەکرا.

لە هەمان کاتدا، لەگەڵ لەناوچوونی دەوڵەتی پێشووی سەدام (و ١٠٠ هەزار سەربازەکەی کە بێکاربوون و توڕە بوون)، بۆشایییەکی گەورەی دەسەڵات ئاوەڵا بوو کە لە ئەنجامدا وڵاتەکە هەڵوەشایەوە و بووبە خێر بۆ میلیشیای چەکداری کێبڕکێکار.

وەک لە ڤێتنامدا، ئەمریکا ڕووبەڕووی سوپایەکی وەستاو نەبووەوە کە بتوانێت بیشکێنێت. لەبری ئەوە ڕووبەڕووی هێرشی لەناکاوی بچووک بچووک بووەوە، دوای ئەوە تاوانباران توانییان بەناو دانیشتووانێکی هاوسۆزی بەرفراواندا بتوێنەوە.

وەکو دۆشکە بەدەستێک کە کەوتبێتە گیانى ڕەوە لە زەردەواڵەیەک، وەک وەڵامی 'هاوپەیمانان' – کە بۆردومانی بێ جیاوازی، ئەشکەنجەدان و فسفۆری سپی لەخۆدەگرت– قوربانییەکی زۆری مەدەنی دروستکرد، ئەمەش عێراقی زیاتر وێران کرد و خاکەکەی بۆ کاردانەوەى زیاتر پیتاند.

لە ئەنجامدا، ئەمریکا بۆ ماوەی هەشت ساڵی داهاتوو لە شەڕی گەریلادا نوقم بوو.

بۆ ڕاگرتنی دەسەڵات، هاوپەیمانیی هاوسەنگی لە نێوان دابەشبوونی ئایینی و نیشتمانیدا دروستکرد. بەڵام بە ناچاری ئەمە گرژییەکانی زیاتر کرد، کە لە ساڵی ٢٠٠٦دا تەقییەوە و بوو بە شەڕی ناوخۆی تائیفی.

لە هەمان کاتدا بە دوورخستنەوەی سوپای سەدام لە دەسەڵات، تەواوی هاوسەنگیی هێزی ناوچەیی تێکچوو. سعودیە و وڵاتانی کەنداو دەستیان کرد بە دابینکردنی بودجە بۆ گروپە تووندڕەوە ئیسلامییە سوننەکان لە عێراق، ئەمەش وەک بەرپەرچدانەوەیەک بۆ پەرەسەندنی کاریگەرییەکانی ئێران.

دوای پاشەکشەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١، عێراق وەک گۆڕەپانی شەڕی ئیسلامییە کۆنەپەرستەکان و زلهێزە ناوچەییە زەبەلاحەکان بەجێهێڵدرا.

جێگای سەرسوڕمانە کە قاعیدە پێش شەڕ پێگەیەکی لە عێراقدا نەبوو. بەڵام بە ئاسانی لەناو وێرانەکاندا ڕواو و پەرەی سەند و بوو بە خەلافەتی ئەهریمەنیی داعش.

مریشکەکان دیسانەوە دەهاتنەوە ماڵەوە بۆ ئەوەی هێلکە بۆ ئەمریکا بکەن. قاعیدە لە موجاهیدینەوە پەرەی سەندبوو، کە لەلایەن ئیمپریالیزمی ئەمریکاوە بۆ شەڕی سۆڤیەت لە ئەفغانستان پارەدار و ڕاهێنانی پێکرا. ئێستا مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە.

بۆ پاککردنەوەی پاشەڵەکەى خۆی، هاوپەیمانەکان جارێکیتر بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠٢٠ دەستوەردانی دووبارەیان کردەوە، هەرچەندە لە کۆتاییدا خاکی داعش تێکچوو و دابەشبوو، بەڵام ئەوە بوو داعش تاکو ئەو کات وەک پەتا بۆ سوریای دراوسێ بڵاوببوویەوە.

لێکەوتەکانى دواى جەنگ

تێچووەکانى داگیرکردنى عێراق لەلایەن ئەمریکاوە

بەگشتی مەزەندە دەکرێت کە جەنگەکە بە لایەنی کەمەوە 1.9 تریلیۆن دۆلاری ئەمریکی تێچووبێت، هەروەها گیانی 4614 سەربازیشی کرد بە قوربانى.

لە بەرامبەردا عێراق زیاتر لە یەک ملیۆن کوژراو، و 9.2 ملیۆن مرۆڤى ئاوارە کرد و ڕێژەی هەژاریی گەیاندە لە سەدا 25 و بێکاریی لە سەدا 14، و لەگەڵیشدا زۆربەی ژێرخانى عێراقى وێرانکرد.

بەڕێوبەرایەتیکردن بەسەر داروپەردووەکانى دواى جەنگدا هیچ نییە جگە لە بوکەڵەیەکە کە خزمەت بە ئەمریکا و ئێران دەکات، کە ئەم دووانەش لە دژە شۆڕشترین ئەو ڕژێمانەن کە لە سەر هەسارەکەمان بوونیان هەیە.

ئیمپریالیستەکان گێژاوێکی خوێناوییان بەرپاکردووە و ناویان ناوە 'دیموکراسی.' بۆیە سەیر نییە تەنانەت هەندێک نۆستالیژیا بۆ دیکتاتۆری دڕندەی سەدام حوسێن هەبێت کە لە ماوەی ٢٥ ساڵەی حوکمڕانیدا ٢٥٠ هەزار کەس یان تاڕادەیەک کەمتری کوشتبێت.

ئەمریکا و بەریتانیا بە هەوڵدان بە شێوەیەکى خۆفشکەرانە دەسەڵاتێکی ملکەچنەکراویان تێکشکاند ، وەک لە ئەفغانستاندا – بە هەردوو پێ خۆیان خستە نێو تەڵەی ورچەوە. دوور لە بونیادنانى ڕژێمێکی تەندروست، سندوقى پاندۆرای پڕ لە بەربەرییەت کردەوە و هەڵپچڕى، و خۆیان خستە نێو تەڵەى جەنگێکەوە کە شایەنى بردنەوە نییە.

هەڵەیەکی وەها تێچووی زۆر و درێژخایەنى دەبێت کە بە ئامانجی تاڵانکاری ئەنجامدرا، ئەمەش وایکرد لێکەوتە سیاسییەکانى بە ئەندازەیەکى بیر لێنەکراوە بێت.

تا کاتی شەڕی ناوخۆی سوریا، ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا نەیتوانی وەک پێشوو دەستوەردان بکات و لە بەرەی ناوخۆدا ڕووبەڕووی شەکەتى و ماندوێتیی جەنگی بێئەندازە زەبەلاح بووەوە. پاڵپشتیی گشتی بۆ شەڕی عێراق داڕما، هەروەک چۆن درۆکان دەرکەوتن و تەرمەکان کەڵەکە بوون. ئەمەش سەرەتای کۆتایی هاتنی بوش و پارتی کرێکارانی نوێ بوو، کە هەردووکیان تەنها بەهۆی نەبوونی بەدیلێکەوە، تووند چنگیان لە دەسەڵات گیرکرد.

لە هەمووی گرنگتر، ئەم جەنگە سنووری ڕاستەقینەی هەژموونی ئەمریکای ئاشکرا کرد. هەرچەندە هێشتا زەبەلاحێکى بێهاوتایە لەسەر شانۆی جیهانی، بەڵام هێندە خۆى کێشکردووە کە ناتوانێت لە هەمان کاتدا ئیرادەی خۆی لە هەموو شوێنێکدا بسەپێنێت.

لە سەرانسەری جیهان و لە هەمووی گرنگتر لە ئۆکرانیا، ڕووبەڕووی زلهێزە ناوچەییە بوێرەکان دەبێتەوە، کە توانای هاوسەنگییان هەیە لە نێوان چەندین جەمسەری نەزمی جیهانی نوێ و قەیراناویدا.

هەرچەندە پاشەکشە بە ئەمریکا کراوە، بەڵام سودى لە هیچ کام لە وانەکان وەرنەگرتووە. ئەمڕۆ لە پێناوی ئامانجە کورتخایەنەکەیدا کە بریتییە لە لاوازکردنی ئیمپریالیزمی ڕووسیا، تۆوی بەربەرییەت و کاردانەوە دەچێنێت. بۆ نموونە، بە چەکدارکردن و ڕاهێنانکردنى بەردەوام بە نیمچە سەربازییە فاشیستەکان لە ئۆکرانیا، درەنگ یان زوو ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هێرشیان بکاتەوە سەر، وەک چۆن لەگەڵ موجاهیدەکاندا کردە.

بۆ بەریتانیا، ئەو کارە تەنیا یەکێک بوو لە زنجیرەیەک زەلیلکردن، کە لە قەیرانی سوێسەوە دەستی پێکرد، کە ڕەنگدانەوەی دابەزینی درێژخایەنی بوو لە ئیمپراتۆریەتی جیهانییەوە بۆ بێبایەخییەکەى.

عێراق دوا دەستێوەردانی جددی ئیمپریالیزمی بەریتانیا بوو. لە ئۆکرانیا ڕۆڵی کوتکەی چیواوایەکى درێژدادڕ دەگێڕێت کە بە شێوەیەکی شێتانە حەپەحەپێتى، کە تا ڕادەیەکی زۆر لەلایەن واشنتۆن و زلهێزەکانی دیکەوە پشتگوێ خراوە.

لەو کاتەوەى کە خودى سوپای بەریتانیا دۆخى خراپتر بووە، بە پلە کەمبووەکان و چەک و ئامێرە بەسەرچووەکانەوە، بە "هێزێکی فشۆڵ" لە "دۆخێکی ترسناک"دا ناوزەد کراوە. بە وتەی ژەنەراڵێکی ئەمریکی، "چیتر توانای بەرگری لە بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی نییە".

بزووتنەوە جەماوەرییەکان

چینی کرێکار، لە کاتێکدا هەموو ئەمانە دەگوزەرا، بێدەنگ دانیشت. پەرەسەندنی شەڕ یەکێک لە گەورەترین خۆئامادەکردنەکانى هەموو سەردەمەکانى وروژاند، کە ٥٥ ملیۆن کەس لە ئاستی جیهانییدا ڕژانە سەر شەقامەکان.

بەڵام ڕژانە سەر شەقامە بەرفراوانەکەى ئەم بزووتنەوەیە سەرچاوەی لاوازییش بوو. لە بەریتانیا، هاوپەیمانێتى بۆ وەستاندنی جەنگ، سەندیکاکان و سۆسیالیستەکانی لەگەڵ لیبڕاڵ و گروپە ئاینییەکاندا بەیەکەوە گرێدا، هەموو ئەمانە لە ژێر دروشمێکی بەتاڵدا کە مەبەست لێی نەترساندنی هیچ کامیان بوو: 'ئاشتى'.

بەڵام ناکرێ ئاشتی لەسەر بنەمای سەرمایەداری بوونى هەبێت. ئەگەر بزووتنەوەیەکی جەماوەریی چینی کرێکار، چینی دەسەڵاتدار لە چەک دانەماڵێت کە بەرژەوەندیی ماددی لەم سەربڕینە پچڕپچڕانەدا هەیە، ئەوا ئیمپریالیستەکان بە سادەیی پەنجەرەکانیان دادەخەن و بۆ ئەوەى ژاوەژاوی خۆپیشاندانەکان نەیەنەژوورەوە و بەردەوام دەبن لە تاڵانکارییەکانیان.

ساڵانى دواتر سەرهەڵدانی 'بەهاری عەرەبی' لە ساڵی ٢٠١١دا بەخۆوە بینی. ئەمەش بووبە هۆى ماتەوزەیەک بۆ جەماوەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ماناى گرتنەدەستى دەسەڵات.

ئەمە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە بوو کە بە تێپەڕین لە دابەشبوونە تائیفییەکانەوە، وەک ئاگری کێوی و ڕامنەکراو جیهانی عەرەبیی گرتەوە و ژمارەیەک دیکتاتۆری ڕوخاند و تەنانەت گەشتە ناو عێراقیش.

بەڵام بەبێ ئەوەی پارتێکی شۆڕشگێڕ بەرنامەیەکی سۆسیالیستی ڕوون بخاتەڕوو، دواجار ئەم ڕاپەڕینانە لە ڕێڕەوى خۆیان دەرچوون.

بە ناچاری، لە ساڵانی داهاتوودا، بزووتنەوە هاوشێوەکان سەریانهەڵدا، بەڵام لە ئاستێکی باڵاتردا، لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانی سەرمایەداریدا.

شۆڕشی سۆسیالیستی

شەڕی عێراق وەک وانەیەکی دڕندانە لەسەر دووڕوویی و کینیزمی ئیمپریالیزم دەچێتە مێژووەوە.

لە کاتێکدا ئیمپریالیستەکان هاوار دەکەن سەبارەت بە 'بەرگریکردن لە دیموکراسی'، و ڕێزگرتن لە 'سەروەری نەتەوەیی'، لە ڕاستیدا ئەوان تەنیا خەمی بەرژەوەندییە ڕووتەکانى خۆیانیان هەبوو-هەیە، بەبێ ئەوەی دوودڵییان هەبێت سەبارەت بە ئامرازەکان. بۆ گەشتن بە مەرامەکانیان

'گۆڕینی ڕژێم' ئەرکی سەربازانی ئەمریکی یان بەریتانی نییە، بەڵکو ئەرکی جەماوەری کرێکار و هەژارانە. بۆ کرێکارانی ڕۆژئاوا – دوژمنی سەرەکیمان لە ماڵەوەیە و لەناو خۆماندایە!

تەنیا بە دەرهێنانی دەسەڵاتە لە دەستی ئەو مشەخۆرانەی بەرپرسیارن لەم جەنگە خاچپەرستە ترسناکەدا، کە دەتوانرێت ئاشتییەکی ڕاستەقینە و بەردەوام بەدەستبهێنرێت.

شۆڕشی سۆسیالیستی لەجیاتی ئەوەی دۆزەخێک لەسەر زەوی دروست بکات، وەک چۆن ئیمپریالیزم لە سەرانسەری هەسارەکەدا هەیبووە، ڕێگا بۆ بەهەشتێک لەم جیهانەدا دەکاتەوە، بە دەستبەسەرداگرتنی ئەو سامانە فراوانانەی کە لە سایەى سەرمایەداریدا بەفیڕۆدراون و بەکارهێنانیان لە بەرژەوەندی مرۆڤایەتیدایە.

تەنیا لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانرێت دووبەرەکی و برینە قووڵەکانی عێراق ساڕێژ بکرێت و ڕەویەتیی ئەهریمەنیی ئیمپریالیزم بۆ یەکجارەکی و بۆ هەمیشە بنێژرێت و بنەبڕ بکرێت.


هێڵی کاتیی ڕووداوەکان

  • ١٩٩١-١٩٩٢: ئەمریکا جەنگى یەکەمی کەنداوى دژ بە عێراق دەستپێکرد.
  • ٣١ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨: ئەمریکا یاسای ڕزگاریی عێراقی دەرکرد و گۆڕینی ڕژێمی کردە سیاسەتی فەرمی.
  • ١٦-١٩ی کانوونی دووەمی ١٩٩٨: ئەمریکا و بەریتانیا عێراقیان بۆردومان کرد، بەڵام شەڕی تەواویان ڕاگرت.
  • ٢٠ی جەنیوەریی ٢٠٠١: جۆرج بوشی کوڕ هاتە سەر دەسەڵات، ئامادەکارییەکانی بۆ جەنگ سازکرد.
  • ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١: تیرۆریستانی سعودیە هێرشیان کردە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا. بوش 'جەنگی دژ بە تیرۆر' ڕادەگەیەنێت.
  • ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠١: ئەمریکا و بەریتانیا هێرشیان کردە سەر ئەفغانستان، تاڵیبانیان لە ماوەی دوو مانگدا دوورخستەوە.
  • جەنیوەرى ٢٠٠٢: بوش عێراقی بە بەشێک لە 'میحوەری خراپە' ناساند.
  • ١٥ی شوباتی ٢٠٠٣: خۆپیشاندانی دژە جەنگ لە ٦٠٠ شاری جیهان بەڕێوەچوو، لەنێویاندا ژمارەیەکی پێوانەیی ١.٥ - ٢ ملیۆن کەسى لە لەندەن تۆمارکرد.
  • 19ی ئازاری 2003: لەشکرکێشیی هاوپەیمان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دەستیپێکرد بۆ سەر عێراق.
  • ١٠ی نیسانی ٢٠٠٣: بەغدا کەوتە دەست ئەمریکییەکان.
  • 1ی ئایاری ٢٠٠٣: سەرۆک بوش 'ئامانجەکە بەدیهات'ی ڕاگەیاند.
  • ٢٣ی ئایاری ٢٠٠٣: دەسەڵاتی کاتیی هاوپەیمانان سوپای عێراق و دەوڵەتی بەعسی هەڵوەشاندەوە.
  • ٣١ی ئازاری ٢٠٠٤: یەکەم شەڕی فەلوجە دەستیپێکرد دوای بۆسەی بەڵێندەرانی ئەمریکی. یاخیبوون دەچێتە قۆناغێکى نوێوە.
  • ١٨ی نیسانی ٢٠٠٤: بڵاوبوونەوەی وێنەى دڕندەییەکانی ئەمریکا لە زیندانی ئەبوغرێب.
  • ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٤: دامەزراندنی قاعیدە لە عێراق.
  • ٣١ی ئازاری ٢٠٠٥: کۆمیسیۆنی هەواڵگریی عێراق بەو ئەنجامە گەیشتن کە 'هەواڵگری' پێش جەنگی ئەمریکا سەبارەت بە چەکی کۆمەڵکوژ درۆ بووە.
  • ٢٢ی شوباتی ٢٠٠٦: بۆردومانکردنی مزگەوتی ئەلعەسکەری، شەڕی ناوخۆی تائیفیی لێکەوتەوە.
  • ١٠ی جەنیوەرى ٢٠٠٧: سەرۆک بوش 'بەرزبوونەوەی ژمارەى هێزەکانى بۆ ٢٠ هەزارى دیکە ڕاگەیاند.
  • ٢٨ی ئایاری ٢٠٠٩: دواهەمین سەربازانی بەریتانیا عێراقیان بەجێهێشت.
  • ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١١: کشانەوەی کۆتایی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
  • حوزەیرانی 2014: داعش دەستی بەسەر موسڵ و تکریتدا گرت. شەڕی ناوخۆی نێوان حکومەت و داعش. ئەمریکا دەستوەردان دەکاتەوە.
  • کانوونی دووەمی ٢٠١٧: حکومەتی عێراق سەرکەوتنی بەسەر داعشدا ڕاگەیاند.