زەمینلەرزەکەی تورکیا – سوریا: کارەساتێک لە چاوەڕوانی ڕوودانیدا!

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٦ی فێبریوەری ٢٠٢٣، زەمینلەرزەیەکی وێرانکەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەژاند، زەوی هەڵتەکاند و باڵەخانەکانی کردە داروپەردویەک. زەمینلەرزەکە بە گوڕی ٧.٨ پلە و ناوەندەکەی تەنها لە ڕۆژئاوای غازی عەنتاب لە ناوچەی ئەنادۆڵی تورکیا، بە بەهێزترین زەمینلەرزە کە لە سەردەمی مۆدێرن دا وڵاتەکەی گرتبێتەوە هەژمار ئەکرێت. کە بە بەهێزیی ١٣٠ بۆمبی ئەتۆمیی، تا دووری گرینلاند هەستی پێکرا.

زەمینلەرزەی یەکەم و ئەو ١٤٥ زەمینلەرزەیەی کە بە دوایدا هاتن لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و باکوری ڕۆژئاوای سوریا وێرانکاری گەورەی لێکەوتەوە و لانیکەم تا ئێستا شەش هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و بە دەیان هەزار کەسی تریش برینداربوون. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی وا مەزەندە ئەکات، تا ئەو کاتانەی داروپەرووەکان پاک ئەکرێنەوە، ڕەنگە ٢٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستدابێت.

وەک هەمیشە لەگەڵ ئەم جۆرە کارەساتانەدا، ڕەنگە دەستبەجێ لە پشتییەوە هۆکاری سەرچاوەیەکی سروشتی هەبن، بەڵام ئاستی مردن و ئازارەکان مرۆڤدروستکراون. قازانجخوازی، و گەندەڵی، و شەڕی ئیمپریالیستی لە پشتی گۆڕینی ڕووداوی بومەلەرزەکەوەن، کە لەمێژە چاوەڕوان ئەکرا، بۆ ڕووداو و کارەساتێکی تەواو تراژیدیایانە. چینی کرێکار ئەبێت بانگەوازە گاڵتەجاڕییەکانی ئەوەی پێی ئەوترێت ‘یەکێتی نەتەوەیی’ ڕەت بکاتەوە، و لەبری ئەوە پەنجە بۆ تاوانبارانی ڕاستەقینە ڕابکێشێت،هاوکات پێویستە خۆیان ڕێکبخەن تا کۆتایی بەو شێوازە خراپ و کوشندەیەی بەڕێوەبردن بهێنن.

“ئێمە بێ هیواین”

زەمینلەرزەکە لە هەمانی کاتدا لە هەردوو وڵاتی تورکیا و سوریا ڕوویدا. تورکیا بەرامبەر هەڵئاوسانی ئاسمانی و داڕمانی ئاستی ژیان و چڕبوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر مافە دیموکراسیەکانی خەڵک لەلایەن ڕژێمەوە بەرگەی گرتووە. لەم نێوەندەدا سوریا هێشتا لە هەزارەها برینی شەڕی ناوخۆ خوێنی لێئەچۆڕێت، کە پزیسکی ئاگری شەڕەکانیان لەلایەن ئیمپریالیزمەوە هەڵگیرسێنرا.

ڕۆژی دووشەممە، سۆشیال میدیا بە دیمەنەکانی وەک کۆتاییهاتنی جیهان کە خەڵک لە ماڵەکانیان هەڵدێن و لەپێناو ژیانیان ڕائەکەن، لەکاتێکدا بناغەکانی باڵەخانەکانی دەوروبەریان وەکو دار شقارتە بەسەر یەکدا ئەشکان. گرتە ڤیدیۆییەکانی داڕمانی شوقەی شەش نهۆمی لە پارێزگاکانی شانلیورفا، مەلاتیا، ئیسکەندەرون، و شارو شارۆچکە بێشومارەکانی تر بڵاوکرانەوە کە لە چرکەیەکدا دائەڕمێن، و ژمارەیەکی نادیار لە ژیان لەگەڵ خۆیان ئەبەن.

سەدان هەزار کەس لەناکاو بێ ماڵ و حاڵ بوون، لە کەشوهەوایەکی ساردو بەستەڵەکاویی ئەم زستانەدا، بە نائومێدیەوە هەوڵیان ئەدا شوێنی هاوڕێ و خزمە ونبووەکانیان بدۆزنەوە. پیاوێک لە شاری ئێلبستان، شارۆچکەیەکی نزیک ناوەندی زەمینلەرزەکە، ڤیدیۆیەکی داروپەردووی کەڵەکەبووی بڵاوکردەوە و هاوار ئەکات و دەڵێت: ئەمە شەقامی سەرەکیمان بوو. ئێمە بێ هیواین”. هەروەها ژمارەیەک شوێنی کەلەپوری ڕۆشنبیری کە جێگرەوەیان نییە، وێران بوون یان زیانیان پێگەیشتووە، لەوانە قەڵا مێژووییەکەی غازی عەنتاب.

باکوری ڕۆژئاوای سوریا کە شوێنی نیشتەجێبوونی سەدان هەزار پەنابەری ئاوارە ناوخۆییەکانە، قورسایی زەمینلەرزەکەی ئەو وڵاتەی گرتە ئەستۆ. تەواوی گوندەکان بە سادەیی بوونیان نەماوە، لەنێویاندا باسینا لە پارێزگای ئیدلب، کە ئێستا وێنە ئاسمانییەکان دەریئەخەن جگە لە کۆمەڵێک پاشماوە هیچی تر نییە.

دەیان ڤیدیۆی دڵتەزێنی خەڵک هەن کە باوک و دایک و خوشک و برا و منداڵە بچووکە مردووەکانیان لە باوەشدایە، یان هاواری ئازیزە گیرخواردووەکانیان ئەکەن کە لەناو داروپەردووەکاندا خنکاون. یەکێک لەو دیمەنە ڤیدیۆیانە پیاوێک نیشان ئەدات کە هاواری کوڕە بچووکەکەی ئەکات ، هەوڵ ئەدات ئارامی بکاتەوە، و هەمان کاتدا هانی ئەدات ‘شەهادەت بهێنێ’: سوێندێکی ئیسلامییە کە زۆرجار لەلایەن ئەوانەی لە مردن نزیک ئەبنەوە ئەیکەن.

لە شاری حەلەب تا ئێستا هەزاران قوربانی لە شارەکەدا تۆمارکراون کە خۆی پێشتر بەهۆی شەڕی ساڵانێکەوە تیایدا وێران ببوو. زۆربەی گەڕەکەکان تەنانەت پێش کارەساتەکەی ڕۆژی دووشەممە خۆیان بە تەواوی ڕووخاو و وێرانە بوون، و زۆربەی ژێرخانە زیانلێکەوتووەکان کە بە پێوە مابوون، بەهۆی زەمینلەرزەکەوە ئەوانیش کەوتن و تەخت بوون، لەنێویاندا باڵەخانە سەرەکییەکانی وەک نەخۆشخانەکان.

ڕزگاربووان بێ ئاو و کارەبان، لە کاتێکدا تیمە فەرمی و مەدەنییەکانی فریاگوزاریی لەوپەڕی کەشوهەوای سارد و بەستەڵەکاویی و بارانبارینی بەخوڕ هەوڵ ئەدەن تا خەڵکانێکی زیاتر لە ماڵە وێرانبووەکانیان دەربهێنن. زیانەکانی شەڕی ناوخۆ و بەردەوامی شەڕی نێوان حکومەت و گروپە یاخیبووەکان تەنها ناردنی هاوکاری بۆ لێقەوماوان قورستر ئەکات، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ژێر دەستی یاخیبووان لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا، کە چیتر ناتوانرێت لە تورکیاوە بەهۆی زیانەکانی سەر ڕێگاوبانەکان هاوکارییان پێبگات ، هەروەها حکومەتی سوریاش ئامادە نییە ڕێگە بدات تا کۆمەک و هاوکارییەکان لە باشوورەوە بگەنە ناوچە زیانلێکەوتووەکان.

هەروا ڕووداوێکی سادە نییە

ئاستی وێرانکاری کە بەهۆی زەمینلەرزەکەوە دروست بووە، تەنیا بەهۆی (گەورەیی نائاسایی)ەکەیەوە لێکنادرێتەوە. ئەوە ڕوونە کە کوشتاری شەڕی ناوخۆ، سوریای بە تایبەتی تووشی لاوازی کرد. بەڵام لە پرسی تورکیادا، بەشێکی سەرەکی تاوانەکە لە ئەستۆی ڕژێمدایە، لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتەکانی بیناسازیی قازانجخواز، کە هاوکارییان لە گەورەبوونی کارەساتێک کە چاوەڕێی ڕوودانی بوون، کردووە.

ئەم زەمینلەرزەیە چاوەڕوانکراو بوو. تورکیا کەوتووەتە نێوان هێڵەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ ، و زۆر دەرگیری چالاکیی زەمینلەرزە ئەبێتەوە. جیۆلۆجی تورک ناچی گۆرور (Naci Görür) لە چاوپێکەوتنێکی ڕاستەوخۆدا لە تەلەفزیۆنی ئەمەریکا ئەڵێت: “هەموو زانایانی عەقڵانی جیۆلۆجی، بە منیشەوە، ئەیانگوت ئەم زەمینلەرزەیە ساڵانێک لەمەوبەر زەنگی هاتنی لێداوە”. “کەس گرنگی بە گوێگرتن وبە قسانەی ئێمە نەدا”

وڵاتەکە بەدرێژایی ساڵان تووشی کۆمەڵێک زەمینلەرزەی وێرانکەر بووە، لەوانە یەکێکیان لە ساڵی ١٩٩٩ کە ناوەندێکی زەمینلەرزە لە نزیک ئیزمیت (Izmit) لە پارێزگای کۆجایلی (Kocaeli) بوو کە نزیکەی ١٨ هەزار کەسی کوشت. ئەو کارەساتە تایبەتە ڕۆشنایی خستە سەر ئەو پراکتیزە بەربڵاوەی بەڵێندەرانی بیناسازی کە ڕێساکانی سەلامەتی هاولاتیان پشتگوێ ئەخەن، لە ئەنجامدا بێزاری و توڕەیی گشتی بەدوادا هات و حکومەتی ناچار کرد دەست بداتە دەستگیرکردنیان.

یەکێک لەو چەتانە بەناوی ڤەلی گۆجەر (Veli Gocer ) دوای سێ هەفتە لە خۆشاردنەوەی دەستگیرکرا، دوای چاوپێکەوتنە تەلەفۆنییەکان دانی بەوەدانا کە پێوانەکانی کەمکردنەوەی تێچووەکانی وەک تێکەڵکردنی لم و کۆنکرێتی گرتووە بەر. لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا ڕایگەیاند: “من بیناکار نیم، بەڵکو شاعیرم”. “ئەگەر تاوانبار بم پارە ئەدەم، بەڵام هەست بە هیچ تاوانبارییەک ناکەم. من بەداخەوەم بۆیان بەڵام من بەرپرسیار نیم لە مردنەکان.”

ئەم مشەخۆرە تایبەتە تەنها یەکێک بوو لە دەستەیەکی تەواو، کە سیستەمێکی بەرفراوانی گەندەڵییان لە کەرتی بیناسازی تورکیادا قۆرخ کردبوو، و بەهۆی ئەو هەزاران تەون و دەزوولەیەی کە سەرمایەدارانی کەرتی بیناسازیی بە دەوڵەتەوە ئەبەستەوە، حکومەت لەو کاتانەدا ئامادە نەبوو لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات. لەم نێوەندەدا، هەوڵە ناکارامەکانی ڕزگارکردن و فریاگوزاری بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشدارییان لە قەیرانێکی سیاسیدا کرد کە بە ڕووخانی حکومەتی DSP ی بولێنت ئەجەڤیت لە ساڵی ٢٠٠٢ کۆتایی هات.

دوابەدوای ئەم کارەساتە کە ئەکرا خۆی لێ‌لابدرێت، بەڵێنی چاکسازیی درا، و ڕێسای نوێ بۆ پاراستنی بیناکان لە زەمینلەرزە داڕێژران. بەڵام ئەم ڕێوشوێنانە جارێکی تر تێکدرانەوە، نەک تەنها بەهۆی گەندەڵی، بەڵکو بەهۆی سیاسەتی هۆشیارانەی حکومەتەوە.

بەپێی وتارێکی ڕۆژنامەی تۆرۆنتۆ ستار، یاسای لێبوردنی ناوچەگەری لە ساڵی ٢٠١٨ کە لەلایەن ڕژێمی ئەردۆغانەوە دەرچوو، مۆڵەت دراوە بەو بینایانەی کە ڕەنگە پابەند نەبوون بە مەرجە یاساییەکانی بیناسازیی – لە بەرامبەر ئەو پارەیەی کە دراوە بە حکومەت. ١٣ ملیۆن پێکهاتە لە ژێر ئەم سیستەمە بەرتیلدانە فەرمییە، یاسایی کران. وەک سەرۆکی لقی ئەستەنبوڵ لە یەکێتی ژوورەکانی ئەندازیاران و تەلارسازەکانی تورکیا، پرۆفیسۆر پێلین پینار گیریتلیئۆغڵو (Pelin Pinar Giritlioğlu ) ڕوونی ئەکاتەوە؛

“بەو یاسایانەی کە حکومەتی ناوەندی دەریکردن، سیستەمێکی مۆڵەتدانی ئارەزوومەندانە بۆ کۆمپانیاکانی بیناسازیی دروستکرا کە ئامانجە سەرەتاییەکانی پلانی شارنشینیی شێواند. دروستکردنی پێکهاتەکان لەسەر کاغەز یاسایی بوو بەڵام پڕ لە کەموکوڕی بوون کە سووتەمەنی ڕوودانی کارەساتەکانیان دابین ئەکرد”.

ئەم پرۆسەیە لە دوای هەوڵی کودەتا سەربازییەکەی ساڵی ٢٠١٦ دژی ئەردۆغان بە شێوەیەکی بەرفراوان خێراتر بوو (پاشخانی کۆدەتاکە تا ئێستاش بە تاریکی و ناڕوونی ماوەتەوە)، دوای ئەوە ژمارەیەکی زۆر لە باڵەخانەکانی دەوڵەت و زەوییە گشتیەکان بە تایبەت کران، و بەشێکی زۆریان بە سوپا دران، لەوانەیە بۆ کڕینی لایەنگری و دڵسۆزییان لە دژی کودەتاچییەکان بووبێت.

گیریتلیئۆغڵو ڕایگەیاند: “گۆڕانکاری سیاسەت بووە هۆی دروستبوونی سیستەمێکی ناڕێکخراو و ناشەفاف”. ئاماژەی بەوەشکرد کە، “کۆمپانیاکانی بیناسازیش توانیان بە ئارەزووی خۆیان بجوڵێن و هیچ پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانەوە”.

دەرئەنجامەکەی ئەوە بوو کە ئەو بیناو باڵەخانانەی کە ئەبوو تەواو پارێزراو و خۆڕاگر بن ، و لەلایەن بەرپرسانی دەوڵەتەوە پەسەندکرابوون (کە خۆیان ئەندامانی دەستە چەتەکان بوون)، تەواو داڕمان.

گیریتلیئۆغڵو ئاماژە بەوەش ئەکات: “باشووری ڕۆژهەڵات ئێستا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، لەنێویاندا بینا و باڵەخانە گشتییەکانی وەک نەخۆشخانە، بنکەی پۆلیس، قوتابخانە، بینای شارەوانی، پرد و فڕۆکەخانەکان، کە هەموویان لە دوای ساڵی 2007 دروستکراون”. “وە پێویستەو وا بڕیارە کە ئەم شوێنانە حاڵەتی ڕوودانی هەر کارەساتێکدا تەواو سەلامەت بن، ئەو شوێنانەن کە لە کارەساتەکاندا بۆ زیانلێکەوتووانی زەمینلەرزەکان ئەبێت فەراهەم بکرێن”

ئەردۆغان و ڕاکێتی (هەڵکشانی)بیناسازیی

دەستی خوێناوی ئەردۆغان لە هەموو ئەم سکانداڵەدایە. بە درێژایی ڕێگای لە سەردەمی سەرۆکایەتی لە شارەوانی ئەستەنبوڵ، و تەنانەت و بەتایبەتی وەک سەرۆکوەزیرانیش، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ پیشەسازی بیناسازی تورکیا پەرەپێداوە. ئەم کەرتە هێزێکی بزوێنەری سەرەکی بوو بۆ گەشەی ئابووریی بەرفراوان لە ساڵانی ٢٠٠٠ و ٢٠١٠دا، کە لە ڕێیەوە ئەردۆغان و ئاکەپە بەشێکی زۆری دەسەڵاتی خۆیان لەسەری بنیاتنا.

تۆکی – Toki( بەڕێوەبەرایەتی نیشتەجێکردنی گشتی تورکیا)، ڕاستەوخۆ بە ئەرێنی وەڵامی ئەردۆغانی ئەدایەوە وەک سەرۆکوەزیران و لە ژێر دەسەڵاتی ئەودا فراوانتر بوو. لە لێکۆڵینەوەیەکی گەندەڵیی لە ساڵی 2014دا باس لەوە ئەکرا کە حکومەت مۆڵەتی بیناسازی خێراتر ئەکات. ڕێفەت گورکایناک (Refet Gurkaynak) ئەڵێت: “شێوازی کارکردنی سیستەمەکە ئەوەیە کە ئەگەر شارەوانی ئەستەنبوڵ بڵێت ناتوانیت لە شوێنێکدا بیناسازی بکەیت، ئەنقەرە ئەتوانێت ڕەتیبکاتەوە – ئەگەر تۆ بزنسمان بیت و بچیتە دەسەڵاتی ناوەندی، ئەوا زۆر مانای هەیە” ، ئابووریناس لە زانکۆی بیلکەنت لە ئەنقەرە.

لەو کاتەدا ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز ئاماژەی بە دوو بازرگانی پێشەنگی تورکیا (کە ناویان نەهێنراوە) دابوو، کە ئەیانوت بەرتیلدان “هەندێک جار پێویستە” تا بتوانرێت پڕۆژە گەورەکانی بیناسازی بەرەو پێشەوە بچن. نووسراوەکانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان کە دزەیان پێکرابوو بۆ ڕۆژنامەکانی تورکیا، عەلی ئاگائۆغڵو (Ali Agaoglu )، گەورە شارەزای بیناسازی (کە لەنێو ئەو کەسانەدا بوو کە بۆ لێپرسینەوە دەستگیرکرابوون) ئاماژەی بە ئەردۆغان وەک “سەرۆکی گەورە” دابوو.

بەگشتی، بە تەواوی ڕوونە کە ئەردۆغان و هاوڕێکانی هانی پشیلە قەڵەوەکانی بیناسازییان داوە تا قەڵەوتر بن، و بۆ ساڵانێک جێپێ‌ی خۆیان بۆ گرێبەستە قازانج بەخشەکان چەسپاندووە. وەک سەرۆک، یاسای دەرئەکرد تا بەملاو بەولای ڕێساکانی سەلامەتیدا بڕۆن تا لە داهاتوودا بتوانێت لە ڕووی سیاسییەوە سوود لە گەشەسەندنی ئابووریی وەربگرێت.

ئەو بینایانەی کە بەپێی ڕاسپاردە فەرمییەکان دروست ئەکرێن، تەنانەت لە کاتی زەمینلەرزە زۆر بەهێزەکانیشدا، پێویستە تاڕادەیەک بەرگریان لە داڕمان هەبێت. ئێستا ئەتوانرێت تێچووی مامەڵە چەقبەستووەکانی ئەردۆغان و ئاکەپە لەگەڵ گەورە قازانجخوازەکانی بیناسازیدا بە هەزاران تەرمی مردوو بژمێردرێت، کە لە ژێر شاخە کۆنکرێتییەکاندا نێژراون.

دووڕوویی

ئەمڕۆ ئەردۆغان باری نائاسایی بۆ ماوەی سێ مانگ لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان ڕاگەیاند. ئەمەش دەسەڵاتی نائاسایی بە حکومەتەکەی ئەبەخشێت، ڕاستەوخۆ دوای هێنانەکایەی زنجیرەیەک یاسا کە هەوڵی قەدەغەکردنی کاریگەرانەی پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی هەدەپە ئەدات لە پێش هەڵبژاردنە گشتییەکانی مانگی ئایاردا.

سەرۆک کۆمار چەند مانگێکە مانۆڕەکانی تا پشتگیری لە ئاکەپە بەهێزتر بکات دەستپێکردووە، لە کاتێکدا قەیرانێکی دڕندانەی تێچووی ژیان، لەنێویاندا ڕاگەیاندنی ژمارەیەکی نوێی خەرجییە گشتیەکان (لە وڵاتێکدا کە ڕێژەی هەڵئاوسانی فەرمی تیایدا ٦٤% زیاترە)، سەرکوتکردن لە دژی نەیارانی سیاسی، و زەبرلێدانی ڕق و کینەی شۆڤێنیانە دژ بە کەمینەی کورد و پەنابەرە سوورییەکانی تورکیا کە لە تورکیادا ئەژین.

ئەردۆغان لە ئێستاوە لە دۆخێکی لاوازدایە، و ئەوەش ئەزانێت. لەوانەیە هیوای ئەوە بخوازێت کە وەڵامێکی خێرا و یەکلاکەرەوە بقۆزرێتەوە بۆ دروستکردنی مەزاجێکی سیاسی سوودبەخشی وەک ‘یەکێتی نیشتمانیی’، کە یارمەتی بدات بۆ سەقامگیرکردنی پێگەی خۆی. هەروەها هێندە گاڵتەجاڕانەیە کە بیر لە بەکارهێنانی دەسەڵاتە نوێیەکانی ڕاگەیاندنی باری فریاگوزاریی بۆ زیاتر تێکشکان و لەتکردنی دوژمنە سیاسییەکانی ئەکاتەوە.

بەڵام ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارانە ئەبێت. خەڵک لە ئیستاوە لەوپەڕی نیگەرانیدان. ئەگەر ئاماژەیەک بەوە هەبێت کە ئەردۆغان ئەم کارەساتە بۆ دەستکەوتی سیاسی ئەقۆزێتەوە، یان هەر بەرپرسیارێتییەکی شەخسی بکەوێتە ئەستۆی خۆی یان پارتەکەی(ئاکەپە)، ئەوا ئەم کارەساتە ئەتوانێت لێکەوتەی سیاسی قووڵتری بەدوادا بێت.

وڵاتە ئیمپریالیستییەکان بە نمایشێکی قێزەونانەی هەڵڕشتنی فرمێسکی تیمساحانە بۆ قوربانییەکان بەشداربوون ، بە تایبەت لە پەیوەند بە سوریا: وڵاتێک کە دوای ساڵانێک لە شەڕی دۆزەخیی نێوخۆ و سزاکان لەسەر دەستی هەمان ئەم تیمساحانە، بێ بەرگری لە بەرامبەر ئەم زەمینلەرزەیەدا ماوەتەوە.

لە کاتێکدا تیمەکانی فریاگوزاریی لە زۆرێک لە گەلانی ڕۆژئاوا دەستبەجێ بەرەو تورکیا ڕۆیشتن، بەڵام چیرۆکێکی زۆر جیاوازتر لە سوریامان چاو لێیە، کە بەردەوامی شەڕ و دوژمنایەتی لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد بەو مانایەیە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕەتیئەکەنەوە پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فەرمیدا بگرن.

کاریگەرییە ترسناکەکانی ئەم کارەساتە کە ئەکرێت بەتەواوی ڕێگرییان لێبکرێت، بەڵگەیەکی تری شێتی و دڕندەیی سەرمایەدارییە، کە تێیدا مرۆڤە ئاساییەکان ڕاستەوخۆ لەلایەن فەرمانڕەوا کۆنەپەرستەکان و قازانجی بێشەرمانەی خوێنمژە بۆرژوازییەکانەوە سەرکوت ئەکرێن.

لەگەڵ هەڵچنبوونی کابووسەکان بەسەر یەکتردا، ئیتر ئەوە تەنها پرسی کاتە تا خەڵک چارەنووسی خۆیان بەدەستەوە بگرن. تاکە ڕێگای دەربازبوون، زەوتکردنی سامان و موڵکی ئەو سەرمایەدارانەیە کە ژێرخانی بنەڕەتی کۆمەڵگا دائەدۆشن(وەک بزنس چاو لێئەکەن)، لەگەڵیدا توڕدانی ئەو سیاسەتمەدارانەیە کە ئاسانکاری بۆ تاوانەکانیان ئەکەن، و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستانەیە کە گونجاو بێت بۆ نیشتەجێبوون و ژیانکردنی مرۆڤ.

سەرچاوە : لە بەرگری مارکسیزم‌دا